Tuesday, July 25, 2023

جوودی کووهـ لە دڵفان

 


لە تەورات دا هاتووە کە کەشتییەکەی نۆح رۆژی ١٧ی مانگی ٧ لەسەر کێوی (جوودی) نیشتە سەر خاک. ئەمڕۆ ئەو رۆژەیە بەڵام کەس نازانێ چ ساڵێک بوو. ئەسڵەن رێژەی راستی و ناڕاستیی خودی چیرۆکەکەیش بۆ هیچ کەس رۆشن نییە.

هەر بەم بۆنەیەوە ئەم ڤیدیۆیەتان پێشکەش دەکەم کە لە ناوچەی دڵفانی لوڕستان گیراوە. لەوێش کێویک هەیە بەناوی (جوودی کوو) و لە داوێنی کێوەکە مەزارێک هەیە بەناوی مەزاری نۆح پێغەمبەر. سەر کێوەکەیش ناوی (سەر کەشتی)یە.
خەڵکی ناوچەکە لەسەر ئەو باوەڕەن کە کەشتییەکەی نۆح لەسەر ئەو کێوە گیرساوەتەوە. شایانی باسە کە دڵفان سەر بە خۆرمووایە بەڵام مەردمەکەی بە لەکی دەدوێن.

واژەی نوستن


هاوڕێیەکی سنەیی گوتی دەیەی هەشتاکانی زایینی لە بەندیخانەدا بووم. کۆمەڵێک هاوڕێ بووین لە بەندیخانەی ورمێ. هاوڕێکانم مەهابادی بوون. زۆر جار بە یەکتریمان رادەبوارد. یەکێک لە مەهابادییەکان کە باسی زمان و شێوەزاری مەهابادیم دەکرد، زوو تووڕە دەبوو. جارێکیان هەموو بەندییەکان خەوتبوون منیش خەیاڵ هەڵیگرتبووم و سیگارم بەبادەکرد، خەوم نەدەهات. ئەو سەری بەرزەوەکرد و بە شێوازێکی نەرم کە دیار بوو خەمم بۆ دەخوات گوتی فڵانی بۆ نانووی؟

منیش بە دەرفەتم زانی تووڕەی بکەم. گوتم. وەڵڵا نوونم نایێ! دوو جار دووپاتی کردەوە، هەر گوتم نوونم نایێ! گوتی ئەوە بە چ زمانيک قسە دەکەیت؟ لێت حاڵی نابم دەڵێی چی؟ منیش گوتم بۆ حاڵ نابی؟ ئێمە دەڵێین خەوم نایێ، ناخەوم! ئێوەیش دەڵێن نوونم نایێ، نانووم!
ئیتر هاوڕێکەم تووڕە بوو گوتی تۆخوا ئەوە زمانی بەشەرانە قسەی پێ دەکەی؟ ئەگەر پیاو بم جارێکی دی چاوت دەرپەڕێ خۆت تێناگەیەنم!
ووشەی نوستن هاوواتای خەوتنە بەڵام لە رووی ووشەڕەتناسییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ووشە (خەو)ەوە نییە. لە سۆرانی و کورمانجی و هۆرامیش دا هاوتا و هاوڕیشەی نییە.
لە لوڕی دا ووشەی ئەنووس مان هەیە کە بە واتای خەوە؛ دیارە هەمان (نوستن)ی سۆرانییە کە لە لوڕیدا پێشگری (ئە) ی بۆ زیاد بووە. لە ووشەی ناشتایشدا هەمان پێشگر هەیە؛ واتە دەڵێن ئەناشتا.


کێوی گەڕین

یەکێکە لە کێوە سەختەکانی زاگرۆس دەکەوێتە ئوستانەکانی هەمەدان و لوڕستان؛ و نێوان شارەکانی وەروگرد(بروجرد)، ئەلەشتەر و
نیاوەند (نەهاوەند)ەوە. لە چەند لووتکەیەکی بەرز پێکهاتووە کە بەرزترینیان لووتکەی وەڵاشە و بەرزییەکەی ٣٦٣٠ مەترە.

دەڵێن لەسەردەمی هێرشی عەرەبە موسڵمانەکان دا بۆ شاری نیاوەند، چل منداڵی نۆجوانیان بردە سەر یەکێک لە لووتکەکان و سەریان بڕین؛ بەگوێرەی نەریتی عەرەبەکان ئەم جۆرە کارە دەبوو بە هۆی ئەوە کە بۆ تا هەتایە خەڵکی ئەو شارە سەر بەرز نەکەنەوە و دژایەتییان نەکەن.


چیناوی

 


لە ناوچەی بەهبەهوو (بێهبەهان) کە ناوەندی ئوستانی خووزستانە بە کەسی ترسناک و ناشیرین دەڵێن چیناوی. گوایە لە سەردەمانی کۆن کەسێکی باڵابەرزی چوارشانەی ناشیرین کە وەک خەڵکی چین چاوی بادامی بووە لە ئاوەکانی کەنداوەوە پەیدا دەبێت کە مەردم لایان وابووە لە چینەوە گەیشتووەتە ئەوێ بۆیە ناویان لێناوە چیناوی بە واتای چینییەک کە لە ئاوەوە هاتووەتە دەرێ. لە رووانگەی خەڵکەکەوە روخساری زۆر ناشیرین بووە؛ هەربۆیە تا ئێستایش بە کەسانی ناشیرین و زل و کەتە دەڵێن چیناوی.

شایانی باسە کە نزیک بە تەواوی خەڵکی شاری بەهبەهوو بە لوڕی دەدوێن و گۆیشی تایبەتی خۆیانیان هەیە. لە شاری بەهبەهوو دوو مەزارگەی زۆر کۆن هەیە کە پێیان دەڵێن بەشیر و نەزیر. گوایە دوو لە پێغەمبەرانی جوولەکەن. تا ئێستایش مەردم دەچن بۆ زیارەتیان.
ناوی بەهبەهوو لە واژەی (بەهوو)ی لوڕی وەگیراوە بە واتای کۆشک یا قەسر. پێشتر شارێک لە نزیک ئەم شوێنە هەبوو بەناوی ئەرجان، دووای کاولبوونی ئەرجان کۆمەڵێک کۆشک و بەهووی جوان لەم شوێنە سازکران هەربۆیە دوواتر بە بەهبەهوو ناسرا.

Wednesday, July 5, 2023

شوان یا چۆپان


شوان، شڤان، شبان، شەبان، چۆپان، چووپان. شۆ + وان یا چۆ +وان. لە کوردی دا ووشەی (شەک)یشمان هەیە کە بێگومان (شە) هەمان (شۆ)یە و پاشگری (ک)ی خراوەتە سەر. ووشەی (چۆ)یش لە ووشەی چۆدار یا چێوداریش دا هەیە. بەو کەسە دەڵێن ک ئاژەڵ دەکڕێت و دەفرۆشێت. (چۆ) بە تەنیاییش بۆ دەنگدانی کەر و ئێستر بەکار دەهێنرێت. لە هەر سێک نموونەدا (چۆ) واتای ئاژەڵ دەدات.

لە زمانی دێرینی سۆمەری دا شۆپ واتە مەڕ. کە ئەمڕۆ لە زمانی ئینگلیسی دا بووە بە (شیپ) و لە ئەڵمانی دا بووەتە (شاف). لەسەر بنەمای سۆمەرییەکە دەکرێت بڵێین (شوان) دەنگی (پی) قووت دراوە و پاشگری (وان)ی خراوەتە سەر؛ هەروەها (چۆپان)یش دەنگی (شە)ی گۆراوە بۆ (چ) و پاشگری (ان)ی خراوەتە سەر.

بە گوێرەی ووشەی کوردییەکان شوان/چۆپان واتە ئاژەڵوان وەک دارەوان، باغەوان، ئاشەوان.
هەروەها چۆدار یا چێودار واتە ئاژەڵدار. هەروەتر رەنگە ووشەی (چێڵ)یش پەیوەندیی بە (چۆ)وە هەبێت و لەوە وەرگیرابێت.
جێگای سەرنجە کە گۆڕانی دەنگی (ش) بۆ (چ) لە نێوان زمان و گۆیشە زاگرۆسی و ئێرانییەکان دا شتێکی ئاساییە؛ بەڵام گۆڕانی (و) بۆ (ڵ) رەنگە زۆر باو نەبێت.




Friday, June 30, 2023

زمانی دەڕڕی


 بڕواننە بێگانەکان کە چەندە بۆ حاڵی خۆیان ژیرن!

فارسیی دەرری لە ناوی فارسیی (دەرەی پەنجشێر)ەوە هاتووە، کەچی کابرای نووسەری فارس دەڵێ (دەرری) واتە (دەربار). بەم مانایە کە ئەم زمانە زمانی دەربار و دەسەڵاتداران بووە. بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارەیش ناداتەوە ئایا زمانێک کە زمانی کۆشکی شاهانە و دەسەڵاتداران بێ، چۆن و بۆچی لەسەدا هەشتای دەبێتە عەرەبی و ووشەکانی خۆی لە دەست دەدات؟؟
هەرێمەکانی دەرەی پەنجشێر و دەوروبەری کە دەکەونە باکووری رۆژهەڵاتی کابول، هەمووی فارس نشینە و بەم زمانە دەپەیڤن؛ هەربۆیەش ناوی نراوە فارسیی دەری. ئەم زمانە پێش ئەوەی بگاتە ئێرانی ئەمڕۆ و ناوی لێبنرێت فارسی، لەوێ سەریهەڵداوە؛ و زمانی خێڵەکانی ئەوێ بووە؛ کە هەندێکیان وەک هەزارەکان تەنانەت رەنگ و روخساریشیان دوورە لە رەنگ و روخساری زاگرۆسی و زیاتر لە مەغۆل و ئاسیاییەکانی رۆژهەڵات دەچن.


بەردنیگارەی بێستوون


ئەفسەر و پسپۆری بریتانیایی سێر هێنری راوڵنسن ساڵی ١٨٣٥ و ١٨٤٧ سەردانی ئێران دەکات و بە دژوارییەکی زۆر و بە خستنە مەترسیی ژیانی، کۆپییەک لە نووسراوەکەی کێوی بێستوون هەڵدەگریتەوە. تا ئەو کاتە هیچکەسێک نەیدەزانی ئەم نووسراوەیە بخوێنێتەوە. راوڵنسن کەمێک فارسیی زانیوە. ئەو دووای کۆششێکی زۆر و سوود وەرگرتن لە نووسراوەکانی بابل و پيرسپۆڵس دەتوانێت کۆدەکان بشکێنێت و کلیلی خويندنەوەی نووسراوەکان دەدۆزێتەوە. دڵنیا دەبێت کە ئەوە داریۆس (دارا)ی مەزنی هەخامەنشییە؛ و ئەو نووسراوەیەی بيستوون بە سێ زمانی فارسیی کۆن و بابلی و ئیلامی نووسراوە. ئەم کارە دوو ساڵی خایاند. بەڵام پيشتریش کەسانی وەک گیۆرگ فريدریک گرۆتفەندی ئەڵمانی و ئەنتوان ژان سانت مارتینی فرانسەیی کاری خويندنەوەی بەردەنووس ديرینەکانیان کردبوو و کلیلەکانیان دۆزیبوویەوە.

مەبەست لە نووسینی ئەم کورتە بابەتە تە ئەمەیە ئایا بۆچی ئەڵمانی و فرانسەیی و بریتانیایی لە ووڵاتی ئێمەدا دەتوانن زمانی هەزاران ساڵەی کۆنی ئێمە بدۆزنەوە و بیخوێننەوە لێی تێبگەن، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو نووسراوانە کە بە زمانی خۆمانن بخوێنینەوە؟

مەبەستی دووەمیشم ئەمە بوو کە بڵێم سەدان بەردەنووس و پارچەی بەنرخی نووسراوی ئیلامی لە ئێران و ووڵاتانی خۆراوادا لە مۆزەخانەکاندا هەمارکراون، ئەدی بۆچی دەڵێن هیچکەس ناتوانێت ئیلامی بخوێنیتەوە و لێی تێبگات؟؟ بۆچی ئەمەی بێستوون کە باسی داریوس دەکات، بە زمانی ئیلامییە و دەخوێنرێتەوە، بەڵام ئەو سەدان نووسراوەیەی تر ناخوێنرێنەوە؟؟


چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...