Thursday, January 6, 2022

ئەقڵیەتی خێڵەکی و سیاسەتی شلەساوار


١٣\٥\٢٠٢١
هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی ئێراقەوە، ئەم وڵاتە ئارامی و ئاسوودەیی بەخۆیەوە نەدیوە. ئەو ساڵانەیش کە جەنگی ناوخۆیی نەبووە، یەک بەدوای یەکدا کوودەتای سەربازی لەم وڵاتەدا ئەنجام دراوە؛ و دووا کوودەتایش هی بەعسیەکان بوو کە دەسەڵاتی تا راددەیەک دێمۆکراتیکی قاسمیان لەناوبرد. دۆزی کورد لە ئێراقدا هەمیشە دۆزێکی زەق بووە و بەردەوام بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ حکومەت و لە هەمان کاتدا هۆکارێکیش بووە بۆ دەسوەردانی وڵاتانی دەوروبەر و زلهێز لە بارودۆخی ئەم وڵاتە. کوردیش لە کاتێکدا کە رووبەڕووی حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێراق بووەتەوە، هاوکات لە نێو خۆیشیدا بەردەوام ناڕێک و ناتەبا و رێکنەخراو بووە. بەتایبەتی لە کاتێکدا کە بزاوتێکی چەکداریی چواردە ساڵە لە دژی ئێراق بەڕێوەدەبات، بەشێک لە سەرکردەکانی لەگەڵ سەرۆکی حیزبەکە واتە مەلا مستەفای بارزانی ناکۆکی دەکەوێتە نێوانیانەوە و دڵساردی و نائومێدی لە نێو ریزەکانی خەباتدا پەرەپێدەدات. ئەو ناکۆکی و ناتەباییە هەرچەندە چەندین قۆناغی بڕیوە و زیاتر لە پەنجا ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوە، بەڵام تا ئێستایش ئاسەواری هەر ماوە؛ و رق و بوغز و کینەی دەیەی شەست تا ئەمڕۆیش دڵەکانی تەنیوە.

لەم پەنجا ساڵەدا چەندین وڵاتی دوژمنی ستراتیژیک و دوژمنی ئایدیۆلۆژیک ئاشت بوونەوە و گۆرانکارییان لە پەیوەندییەکانیاندا کرد. سنووری چەندین وڵات بە رووی نەیارەکانی پێشوویاندا کرانەوە؛ بەڵام رێبەرانی کورد لەسەر قسەی خۆیان سوور و پێداگر بوون و لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیدا بۆ یەکتریان دانەشکاند. ئەم خووە بێزراو و کرێتە، لە ئەقڵیەت و لۆژیکی خێڵەکیانەی دوواکەوتووی ئەوانەوە سەرچاوەی گرتووە. لە ئەقڵیەتی خێلەکیدا کاتێ کە سەرۆک خێڵ سوێند دەخوات کە فڵانکەس بکوژێت، پەشیمان بوونەوە نییە، و دەبێ بیکوژێت. کە سوێند دەخوات لەگەڵ کەسێک ئاشت نەبێتەوە، ئیتر مەحاڵە قسەی خۆی بشکێنێت.. بەڵام لە هەمان کاتدا سەرۆک خێڵ کاتێ کە دەسەڵاتی خۆی و خێزانەکەی لە مەترسیدا دەبینێت، بۆ بەرامبەرەکەی دەنوشتێتەوە کڕنووشی بۆ دەبات.. بۆ وێنە ساڵی ١٩٩٦ دەسەڵاتی خێڵەکیی کوردستان کاتێ کە هەستی کرد دەسەڵاتەکەی لە مەترسیدایە، بێدوودڵی و ڕاڕایی داوای لە سەددام حسێن کرد هێڵی ٣٦ ببەزێنێت و یەکێتی نیشتمانیی بۆ لە هەولێر دەربکات. دوواتر کاتێک کە مەترسیی ئەوەی هەبوو سەری رەش بگیرێت، داوای لە تورکیا کرد بیپارێزێت؛ و تورکیا تانک و فڕۆکەی نارد و یەکێتیی لە سەری رەش دوور خستەوە؛ بەڵام سەرۆک خێڵ سوێندی خواردبوو ئەو دەستە ببڕێت کە لەگەڵ جەلال تاڵەبانی تەوقە دەکات.
هەروەها لە دەیەی هەشتادا، کاتێک کە هەرکام لە یەکێتی و پارتی ئاوارەی ئێران بوبوون و هەستیان بە مەترسیی دەرەنجامەکانی ئاشتبوونەوەی ئێران-ئێراق دەکرد، سەرەڕای هەموو ناهەموارییەکانیش ئەقڵیەتی خێڵەکی ئامادە نەبوو دەسپێشخەری بکات و ئاستێک بۆ پەرتەوازەیی و ناکۆکییەکانیان دابنرێت. دیسان ئەوە مامجەلال بوو کە تەنیا بە سەردانێکی نیو سەعاتی بۆ لای ئیدریس بارزانی کۆتایی بە بەستەڵەکی نێوانیان هێنا.
ساڵی ٢٠١٧ یش هەموو دۆستانی کورد داوایان کرد کە ریفراندەم بەڕێوەنەچێت.. بەڵام سەرۆک فەرمووی (هندە حیساب بۆ قسەی یەک بەشەر ناکەم)! بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەمریکا هەڕەشەی لێبکردایە و بیزانیایە هەڕەشە لەسەر خانەوادەی خۆی هەیە و دەسەڵاتەکەی لەدەست دەردەچێت، هەرگیز لەسەر قسەکەی سوورنەدەبوو. هەر بۆیە گوتی یا سەردەکەوین یا سەرم دادەنێم! دیتمان کە نە سەرکەوت؛ و نە سەریشی دانا.. دوای چەند ساڵ خۆسەپاندن بەسەر کورسیی سەرۆکایەتیی هەرێمدا و هاتوهاواری ئۆپۆزسیۆن، تا دەرەنجامی کەللە رەقیەکەی خۆی نەدیت و لەلایەن وڵاتانی دۆستی کوردەوە بایکۆت نەکرا، ئامادە نەبوو واز لە سەرۆکایەتیش بهێنێت.
هەر لەم بارەیەوە ئەمڕۆ هاوڕێیەکم باسی پێشهاتێکی کرد کە پێش ئاشتبوونەوەی پارتی و یەکێتی روویدابوو. ئەو گوتی: مامجەلالی خوالێخۆشبوو لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یا مەکتەبی سیاسیدا باسی ئەوە دەکات کە یەکلایەنە بچنە سەری رەش و لەگەڵ پارتی ئاشت ببنەوە. نە کۆمیتەی سەرکردایەتی و نە مەکتەبی سیاسی لەگەڵ بۆچوونەکەی مامجەلالدا نابن. دەڵێن جەنابی مامجەلال شتی وا چۆن دەبێ؟ مامجەلال دەڵێ باشە من چی بکەم؟ من بەرپرسایەتیی مێژووییم لەسەر شانە! شەڕ دەبێ، من بەرپرسیارم! ئاشتی دەبێ، من بەرپرسیارم! خەڵک دەکوژرێت، من بەرپرسیارم! سەرکەوتن بێ یا شکست بێ، من بەرپرسیارم!... من چی بکەم؟! مامجەلال بە خۆی و پاسەوانێکەوە دەچێتە سەری رەش. بازگەکان یەک بەدوای یەکدا تێپەڕدەکات. هەواڵ دەدرێت بە مەسعوود بارزانی کە جەلال تاڵەبانی هاتووە. مەسعوود بارزانیش سوێندی خواردووە کە ئەو دەستە ببڕێت کە دەسێنە لەگەڵ جەلال تاڵەبانی بکات. ئەو کاتە حەمایل خانمی دایکی مەسعوود بارزانی لە ژیاندا مابوو. مامجەلال کە دەچێتە دیوەخانی بارزانی، پێش هەموو شتێک دەڵێت باش بزانن من نەهاتووم کێشە و گرفتی نێوان یەکێتی و پارتی چارە بکەم. ئارەزووی شلە ساواری دەستی حەمایل خان منی هێناوە بۆ ئێرە؛ هاتووم شلەساواری دەستی حەمایل خان بخۆم..

بێگومان حەمایل خان بە نەریتی خێڵەکی شلەساوار بۆ مامجەلال ئامادە دەکات و کوڕەکەیشی نەریتی خێڵەکی دەپارێزێت.. راستە، مامجەلال کەسێکی سکەڕۆ بوو، بەڵام مەبەستی سەرەکیی مامجەلال شکاندنی دیواری دوژمنایەتی و نزیکبوونەوە بوو دوای چەند ساڵ شەڕ و خوێنڕێژی و دوژمنایەتی نێوخۆیی. مامجەلال دەیزانی ئەقڵیەتی خێڵەکیی لایەنی بەرامبەر کۆسپی سەرەکییە لەبەردەم بارودۆخەکەدا؛ و تا خۆی لەم دیواری دوژمنایەتی و کەللە رەقییە نەگوزەرێت، رەوشی کوردستان ئاڵوگۆڕ بە خۆیەوە نابینێت و بارودۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە ناچێت. ئەم شلەساوارەی حەمایل خان بۆ مامجەلالی لێنا دەرگای دانیشتن و دانوستانی نێوان یەکێتی و پارتی و ئاشتبوونەوەی کردەوە و سەرەنجام گەیشتە پەیمانی ستراتێژیکی پەنجا ساڵەی نێوانیان؛ کە پارتی تا ئەمڕۆکەیش بە گرنگترین رێککەوتنی نێوان خۆی و یەکێتیی هەژمار دەکات.
ئێستایش وا زیاتر لە ساڵێکە هەرکام لە بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی بوون بە هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان. بارزانی وەک خووی خێڵەکیانەی خۆی سەرەتا ئامادەنەبوو هیچکامیان ببینێت و وەک کەسی یەکەمی حیزبێک کە پەیمانی پەنجا ساڵەی لەگەڵ واژۆ کردووە رەفتاریان لەگەڵ بکات. دوواتر بەهۆکاری خانەوادەیی و نەریتی خێڵەکیانەی خۆی دانی بە بافڵ تاڵەبانیدا نا؛ بەڵام تا ئێستا ئامادە نییە لەگەڵ لاهوور شێخ جەنگیدا دابنیشێت! ئەگەر خووڕەوشتی خێڵەکیانە نەبێت چۆن دەبێ پیاوێک لە تەمەنی سەروو هەفتا ساڵیدا کە هەموو تەمەنی خۆی لە سیاسەت و حیزبایەتیدا گوزەراندووە، ئەوەندە کەللە ڕەق بێت، ئامادە نەبێت لەگەڵ گەنجێک دابنیشێت کە سەرۆکی حیزبێکە دەسەڵاتی نیوەی هەرێمی کوردستانی لەدەستدایە؟!
بە هەموو پێوەر و لێکدانەوەیەک ئەم هەڵوێستەی بارزانی نەک نابێتە گیروگرفت بۆ لاهوور بەڵکوو بە پێچەوانەوە زۆر بە قازانجی ئەو دەشکێتەوە. ئەمە دەبێتە هۆی ئەوە کە نەیارەکانی بارزانی زیاتر لە لاهوور تاڵەبانی نزیک ببنەوە و پێگەی ئەو هەم لە یەکێتی نیشتمانیدا و هەم لە ئاستی جەماوەری هەرێمدا گەورەتر و بەهێزتر بێت.
لە کۆتاییدا دەڵێم هەرچەند سەرۆکەکانمان خێڵەکی بن، بەڵام پێویستە لەم سەردەم و چاخەدا، لە بیرکردنەوەیاندا کەمێک سەیری گەلانی دەوروبەر بکەن و بزگوڕێک لەوان دادڕن. عینادی و کەللەڕەقی کاری سیاسەتمەدار نییە؛ و تەنیا دۆڕانی لێدەکەوێتەوە. سیاسەتی شلەساواریش، مادەم لە بەرژەوەندیی گشتیدا بێت، لە گەورەیی ئەوان کەم ناکاتەوە.. لەبیرمان نەچێت، سیاسەتی شلەساوار دەتوانێت لە چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان پارتی و پەکەکە، پارتی و رۆژاڤا و حیزبەکانی رۆژهەڵات و پەژاکیشدا کاریگەر بێت.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...