Thursday, January 6, 2022

سەبارەت بە دۆخی پەنابەرانی رۆژهەڵات لە باشوور




تا ٢٠٠١ دەرفەتێک هەبوو بۆ پەنابەرانی کوردی رۆژهەڵات کە لە باشوور بە هاوکاریی کۆمیساریای بەرزی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان بگەیەنرێنە وڵاتی سێهەم و مافی نیشتەنەی هەمیشەییان پێبدرێت. بەڵام لەو ساڵە بەدوواوە نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بەم کارەی هێنا و ئەو پەنابەرانەی دەمێک بوو لەوێ چاوەڕوانبوون کارێکیان بۆ بکرێت، بەناچار بەشێکیان لەرێگەی تورکیاوە رۆیشتن و بەشێکیشیان لەوێ مانەوە و بەیەکجاری نیشتەنەبوون. ئیتر لە ٢٠٠١ بەدوواوە، دوای هەر رووداوێکی سیاسی کە لە ئێران و رۆژهەڵات هاتووەتە پێش وەک ئاڵۆزییەکانی دوای هەڵبژاردنەکان یا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان، هەر جارە کۆمەڵێک خەڵک دەربەدەر بوون و بەناچار پەنایان بۆ باشوور هێناوە و داوای پەنابەرییان کردووە...
هەرچەند بۆ من روون نییە ژمارەی ئەم پەنابەر و پەناخوازانە ئێستا چەندە، بەڵام وەک باسدەکرێت ژمارەیان لە هەزاران تێپەڕیوە و لە بارودۆخێکی زۆر نالەباردا ژیان بەسەردەبەن. بەشێک لەوان وەک پەنابەر وەرگیراون؛ بەڵام هیچ مافێکیان پێنەدراوە کە پەنابەر دەبێ هەیبێت. بەشێکی زۆریشیان هیچ وەڵامێکیان نەدراوەتەوە و مافی پەنابەرییان پێنەدراوە و لەوێ سەرگەردان ماون. کەسێکیش کە مافی پەنابەریی پێنەدرێت بێگومان مافی ژیان و کارکردنیشی پێنادرێت. ئەوانەی وەک پەنابەریش وەرگیراون منداڵەکانیان ناتوانن وەک منداڵانی باشوور لە خوێندنی خۆڕایی بەهرەمەند بن، چونکە لە ئێران خوێندوویانە. بەگشتی رەوشی ئەم پەنابەر و پەناخوازانە لەوپەڕی خراپیدایە و هەربۆیە بە ناچاری دەستیانداوەتە نارەزایی دەربڕین و داوای هاوکاری و بەدنگەوە هاتن لە حکومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەن.
بێگومان لە رووی قانوونییەوە حکومەتی هەرێم بەرپرسی یەکەمە لە حاڵ و وەزعیان؛ یا رێگەیان پێنەدات و دەریان بکات، یا دەبێ مافی پەنابەرییان پێبدات و کاتێکیش وەک پەنابەر وەریاندەگرێت، پێویستە ئەو مافانەیان پێبدات کە پەنابەرێک هەیەتی. ناڵێم بەخێویان بکات، بەڵکوو رێگریان نەبێت لە کارکردن و بەڕێوەبردنی ژیانی خۆیاندا. یان لە کەمپی دیاریکراودا چاودێرییان بکات وەک ئەوەی بۆ پەنابەرانی سوننە و رۆژاڤا و ئێزیدییەکان دەیکات، یا ئازادیان بکات؛ یا نەتەوە یەکگرتووەکان ناچار بکات شوێنی مانەوەیان بۆ دابین بکات. ئەگەر بە دابینکردنی خێوەت کەمپێکیان لە نزیک شارێک بۆ دروستبکەن، گەورەترین هاوکارییە بۆ ئەوان.
لێرەدا پێویستە باسێکیش لە حیزبەکانی رۆژهەڵات بکرێت و پێیان بگوترێت کە ئێوەیش لە بەرامبەر ئەم پەنابەر و پەناخوازانەدا کەم تا زۆر بەرپرسن. ناکرێ ئێوە وەک کۆمەڵێک حیزبی نشتەجێ لە باشوور خۆتان بە خاوەنی هەموو رۆژهەڵات بزانن و لە بەرامبەر کەسێکی رۆژهەڵاتیدا کە لێیدەقەومێت و دەربەدەر دەبێت بێدەنگ بن و گوێی خۆتانی لێ کەڕ بکەن. ئەگەر ناتوانن لە بوواری داراییشدا هاوکارییان بکەن یا ناتوانن خوێندن بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن، یا ناتوانن کەمپیان بۆ دابین بکەن، بەڵام دڵنیام دەتوانن قسەی خێریان بۆ بکەن و لەلای حکومەتی هەرێم و نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لە داواکانیان بکەن؛ بەڵکوو ئەم پشتگیرییەتان تۆزێک کاریگەریی هەبێت لەسەر حکومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان و کەمێک دڵیان نەرم بکات.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...