Wednesday, January 5, 2022

خات



خات، خاد، قات، قاد، کات، ناوە زانستییەکەی بریتییە لە کاتا ئەدیوولیس. دەوەنێک یاخود درەختێکە دێر گەشەدەکات و بەگوێرەی خاک و ئاووهەوا باڵای لە یەک مەتر و چل سەنتیمەتر تا سێ مەتر بەرز دەبێت. لە درەختە گوڵڕسکەکانە و شوێنزاکەی ووڵاتی ئەتیووپییە. دەوەنێکی هەمیشە سەوزە و لە شوێنی رووتەن و ئاووهەوای ٥ تا ٣٩ پلەی سەدیدا دەڕوێێت. گەڵاکانی لە ٥ تا ١٠ سەنتیمەتر درێژ دەبن و لە ١ تا ٤ سەنتیمەتر پان دەبن. ماوەی هەفت تا هەشت ساڵ دەخایەنێت تا درەختێکی خات بە تەواوی پێدەگات و باڵای تەواو بەرز دەبێت.
ئەم درەختە جگە لە ئاو و هەتاو هیچ ئەرکێکی تری نییە. خات ماددەی قڵیایی کاتۆنین و کاتینی تێدایە کە ماددەیەکی چالاکیبەخشە و دەبێتە هۆی دڵخۆشی و شادمانی و هەروەها ئارەزووی خواردنیش ناهێڵێت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانی ساڵی ١٩٨٠ خاتی وەک خووپێگری پێشێلکار ناساند؛ بەم واتایە کە خواردن و بەکارهێنانی بە جۆرێکە کە زیان بە تاک و کەسانی دی دەگەیەنێت.


پێش چنینی گەڵاکانی خات، پێویستە ماوەی مانگێک ئاوێکی زۆر باش بدرێت تا چڵ و گەڵاکانی نەرم و پڕ ئاو بن. خاتی باش و سەرکەوتوو دەکرێت لە ساڵێکدا چوار جار گەڵاکانی بچنرێتەوە؛ واتە بەرهەمی زۆرە و سوودێکی زۆری بۆ وەرزێر هەیە. جاوینی گەڵای خات بەلای خەڵکی ئەو ناوچانەی ئەتیووپی شتێکی زۆر ئاساییە و مێژوویەکی کۆمەڵایەتیی هەزاران ساڵەی لە پشتەوەیە. بەکارهێنانی خات لە ئەتیووپی، جیبۆتی، سۆماڵ و یەمەن قانوونییە؛ بەڵام لە زۆرێک لە ووڵاتانی تر ناقانوونی و قاچاغە و سزای بۆ هەیە. خات بەشێوەی نەریتی لەو ووڵاتانەی بەکارهێنانی قانوونییە، بە تەڕ و تازەیی دەیجاون؛ بەتایبەتی پیاوان و گەنجان لە دەوری یەکتری کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە جاوینی.

دیارە کار لەسەر ئەوەیش کراوە کە ووشک بکرێتەوە و پاشان لەگەڵ ئاو تێکەڵ بکرێت بۆ بەکارهێنان. لەم دۆخەدا پێویستە لەژێر سێبەردا ووشکبکرێتەوە. سەرەڕای ئەمەیش کاتێک ووشک دەبێتەوە لە ماوەی ٤٨ هنگار دا زۆربەی ماددە پێویستیەکان بە هەوادا دەڕۆن ؛ هەر بۆیەوە لە کۆنەوە بە تەڕ و تازەیی بەکارهێنراوە.


 


No comments:

Post a Comment