Wednesday, January 5, 2022

گرژییەکانی نێوان ئێران و ئازەربایجان


دوابەدوای شکستی ئەرمەنستان لە جەنگی ساڵی رابردوویدا لەگەڵ ئازەربایجان، بەشێک لە ناوچەی ناگۆرنۆقەرەباخ\ ئارتساخ کە لەژێر دەسەڵاتی ئەرمەنیەکان دا بوو، کەوتە ژێر دەسەڵاتی ئازەربایجان. ئەم ناوچەیە لە رووی ئابووری و بازرگانییەوە بۆ ئێران زۆر گرنگ بوو چونکە ئێرانی دەبەستەوە بە رووسیا و ئەوروپای رۆژهەڵاتەوە. بارهەڵگرە ئێرانیەکان لەم هێڵەوە بێ ئەوەی هیج باج و پیتاکێک بدەن ئازادانە هاتوچۆیان دەکرد و کەلوپەلیان هاوردە و هەناردە دەکرد.
دوای ئەوەی ئازەربایجان دەستی بەسەر ئەم ناوچەیەداگرت، بەرەبەرە گیروگرفتی بۆ بارهەڵگرە ئێرانیەکان سازکرد و تا سەرەنجام لە چەند هەفتەی رابردوودا کار گەیشتە ئاستێک کە کۆمەڵێک شۆفێر و بارهەڵگری ئێرانیی راگرت و لەوێ دەستبەسەری کردن.

گرژییەکان لەم خاڵەوە گەورەبوونەوە. ئازەربایجان بە فەرمی بە ئێرانی راگەیاند کە ئەگەر گەرەکێتی لەم هێڵەوە هاوردە و هەناردەی هەبێت پێویستە باج و پیتاک بە ئازەربایجان بدات. ئێرانیش لە بەرسڤی ئەم داواکارییەی ئازەربایجاندا رایگەیاند کە ئازەربایجان بووەتە مۆڵگەی ئیسراییل؛ و ئێران بەمە رازی نابێت. هەروەها دەستی کرد بە مانۆڤری لەشکری و نیشاندانی هێز لەسەر سنووری ئێران-ئازەربایجان.

لە وەڵامی ئێراندا، تورکیا پشتگیرییی ئازەربایجانی کرد و بڕیاریدا مانۆڤرێکی لەشکریی هاوبەش لە سەر سنووری ئێران-ئازەربایجان بەڕێوە ببەن. مانۆڤرە لەشکرییەکەی ئێران کە دەبووایە هەفتەیەک درێژەی هەبێت، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە سێ رۆژ دا وەستێنرا. ئەمەیش نیشانەی ئەوە بوو کە ئێران ویست یا ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە تەنگژەکە قووڵ ببێتەوە.

بابەتی هەبوونی ئیسراییل لە ئازەربایجان راستییەکی پەژرێندراوە و لە ڤیدیۆیەکدا ئیلهام عەلیێڤ بە دەوری درۆنێکی ئیسراییلیدا دەسووڕێتەوە و وەسفی دەکات. ئەمەیش ئەوە دەگەیەنێت کە ئازەربایجان دەیەوێت بە ئێران بڵێت کە ناچاریت داواکەم بپەژرێنیت ئەگینا لەم هێڵەوە هاتوچۆ ناکەیت.

شایانی باسە کە ئازەربایجان وڵاتێکە خاوەنی سیستمێکی دیکتاتۆریی دیسپۆتە و لە ژێر دەسەڵاتی تاکەکەسێکدایە؛ کە ئەویش لە باوکیەوە (هەیدەر عەیێڤ)ەو دەسەڵاتی بۆ ماوەتەوە. ئازەربایجان کە بە ناو وڵاتێکی کۆمارییە، ئیلهام عەلیێڤی سەرکۆمار هاوسەرەکەی خۆی کردووە بە جێگری سەرکۆمار. حیزبی سیاسیش هەن بەڵام هیچ حیزبێک ناتوانێت چاوەڕوانی گرتنە دەستی دەسەڵاتی هەبێت. هیچکام لە حیزبەکانیش بە راستڕۆ و چەپڕۆوە باس لە ئازادی و دێمۆکراسی ناکەن و لە هەمبەر دیکتاتۆریی عەلیێڤدا بێدەنگن.

ئازەربایجان دووەم وڵاتی شیعەی جیهانە و پتر لە سەدا نەوەدی دانیشتووانی شیعەن. بەهۆی شیعەبوونیان و بەهۆی ئەوە کە پێشتر بەشێک بووە لە ئێران، لە رووی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیەوە پەیوەندیی گەرمی لەگەڵ ئێران هەبووە. هەبوونی دوو ئوستانی ئازەربایجانی رۆژهەڵات و رۆژاوا لە ئێران کە ئازەرییە نەتەوەپەرەستەکان وەک ئازەربایجانی باشوور ناوی دەبەن، هەمیشە وەک هۆکارێکی تر بۆ هەبوونی پەیوەندیی گەرم لە نێوان ئەم دوو وڵاتەدا سەیرکراوە و بەکارهێنراوە.

هەروەها ئێرانیش هەمیشە هەوڵیداوە مەزەوی شیعە وەک کەرەستەیەکی بەهێز و کاریگەر بۆ کۆنترۆڵکردنی هزری تورکە ئازەربایجانیەکان بەکاربهێنێت. لە جەنگی ساڵی رابردووی نێوان دوو وڵاتی ئازەربایجان و ئەرمەنستاندا ئێران بەهۆی شیعەبوونەوە دەبوایە پشتگیریی ئازەربایجانی بکردایە کە نەیکرد. هەروەها بەهۆی ئەوە کە جەنگەکە لەسەر ئەو هێڵەی گواستنەوەی بوو کە ئێرانی بە ئەوروپاوە دەبەستەوە دەبوایە پشتگیری لە ئەرمەنستان بکات. هەر بۆیە هەڵوێستەکەی شەرمنانە و چەواشەکارانە بوو، هەروەک چۆن ئەمساڵیش لە هەمبەر تاڵیبان و موجاهیدانی پەنجشێر دا هەڵوێستێکی هەبوو کە بۆ خەڵکی ئێران چاوەڕواننەکراو بوو.

هەرچەندە هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئازەربایجان و ئێراندا ئەگەرێکی لاوازە و زیاتر پێدەچێت نیشاندانی هێز بێت بۆ ترساندنی یەکتری و سەرەنجام دانیشتن لەسەر مێزی دانوستاندن بەڵام ئەگەر بە هەر هۆکارێک جەنگ هەڵگیرسێت، کوردی رۆژهەڵات ناکرێت دەستە و ئەژنۆ دابنیشێت و تەماشاچی بێت. هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەم دوو وڵاتە کوردستان دەکات مەیدانی جەنگ. ئەگەر تورکیایش وەک بەڵێنیی داوە پشتگیریی ئازەربایجان بێت، کەواتە سنوورەکانی ئێران-تورکیایش کە هەمووی کوردستانە، بۆ ئێران نائارام و پڕمەترسی دەبن؛ و ئەگەری ئەوە دەبێت کە تورکیا لەوێوە پەلاماری ئێران بدات.

کەواتە کورد پێویستە لەسەر ئەم بابەتە وتووێژ و لێکۆڵینەوە بکات و سیناریۆکان پێشبینی بکات. بێدەنگ بوونی کورد لەکاتی هەڵگیرسانی جەنگدا بە واتای دۆڕاندن و لەدەستدانی گەل و خاکەکەی دێت. لە وەها دۆخێکدا کورد دەتوانێت زۆر شت بکات؛ کە گرنگترینیان بریتییە لە هەڵبژاردنی هێڵێکی سێهەم. نە دژایەتیی ئێران بکات و نە دژایەتیی ئازەربایجان؛ بەڵکوو دەست بە سەر ناوچەکانی خۆیدا بگرێت و جڤاک و کۆمەڵگەی خۆی رێکبخات و ئامادەی بکات بۆ خۆپاراستن لە دژی هەر لایەنێک کە هێرش بکات سەری.

No comments:

Post a Comment