Wednesday, January 5, 2022

کورتە پەیڤێک سەبارەت بە مێژوو

 



ئەو ساڵانەی کە منداڵ بووم و دوواتریش کە گەنج بووم نووسراوە و کتێبەکانی مێژووم دەخوێندەوە کە سەبارەت بە کورد دەیانگوت کورد لە نەژادی ئاریاییە و کاتی خۆی لە ناوچەکانی قەفقازەوە شۆڕبوونەتەوە بۆ ئەم ناوچەیەی کە ئێستا لێی نیشتەجێیە. دیارە ئەم شتانەم بە بابم دەگوت، ئەویش هەمان شتی لە خوێندەوارەکان و لە رادیۆکانەوە دەبیست. بەڵام هەموو جارێک بابم دەیگوت ئەمە درۆیە و و فری بەسەر راستییەوە نییە! دەیگوت باشە ئەگەر عەرەب لە عەرەبستانەوە هاتبن، تورک لە مەغۆلستانەوە هاتبن، کورد و فارس لە ئەوروپاوە هاتبن بۆ ئێرە، ئەی باشە ئەم وڵاتە کە ئاسەواری دە پازدە هەزار ساڵ کۆنی تێدا دۆزراوەتەوە، پێش ئەم میللەتانە کێ لەسەر ئەم خاکە ژیاوە؟ چیان بەسەرهاتووە و بۆ کوێ چوون؟ ئاسمان هەڵیکێشاون یا ئەرز قووتی داون؟


ئێستا ئیدی لەگەڵ چوونە سەری تەمەن و خوێندنەوەی ووردتر و زیاتری مێژوو، منیش باوەڕم بە بۆچوونەکانی بابم هێناوە. منیش دڵنیام لەوە کە لە بەرەبەیانی مێژووەوە دایباپیرانی ئێمەی کورد لەسەر ئەم خاکە، لەم زاگرۆس و تۆرۆس و میزۆپۆتامیایە ژیاون و بناغەی شارستانیەتەکانیان دامەزراندووە.

وێنەکە نیگارکێشێکی ئەڵمانی ساڵی ١٩١٨ کێشاوێتی کە بەسەرهاتی کۆمەڵێک سەربازی رووسە لە کاتێکدا کە لە کوردستان دەیانەوێ بەسەر پردێکدا بپەڕنەوە، کوردەکان کەمینیان بۆ داناون و لێیان دەدەن.


No comments:

Post a Comment