Wednesday, January 5, 2022

چەکی بایۆلۆژیک\زیندەزانی


بریتییە لە ریزەندامگەلی لە گوین نیتگ(ڤایرەس)ەکان، بەکتریاکان و کەڕووەکان یا ئەو ژەهرانەی بە مەبەست بەرهەمدەهێنرێن و بەکاردەهێنرێن تا ببنە هۆکاری بیماری و مەرگی مرۆڤەکان، ئاژەڵەکان و رووەکەکان.

ماددەکانی وەک ئەنتراکس و ژەهری بۆتولینوم و تاعوون دەکرێت دۆخێکی نەخۆشینیی سەخت بهێننە ئاراوە؛ و ببنە هۆی مردنی ژمارەیەکی زۆری مرۆڤەکان لە ماوەیەکی کورتدا؛ و کۆنترۆڵکردنیشی چەتوون و دژوارە.

شایانی باسە کە بەکتریای باسیلووس ئەنتراسیس، ژەهری بۆتیلینوم، نیتگی ڤاریۆڵا مەیجەر(ئاوڵۆکە)، بەکتریای فرانسیسێڵا تولارێنسیس، نیتگی ئیبۆڵا، بەکتریای یەرسینیا پێستیس، نیتگی ماربورگ، نیتگی بونیاڤایرەس و کەڕووی ئەفلاتۆکسین کوشندەترین چەکە زیندەزانیەکانن. لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی هەندێکیان زۆر ئاسانە و لە رووی داراییەوە تێچوویەکی زۆر کەمی دەوێت. هەروەها بۆی هەیە بڕێکی زۆر کەم لەم ماددانە زیانێکی زۆر گەورەی لێ بکەوێتەوە بۆ وێنە دەکرێت یەک گرام لە ژەهری بۆتولینوم بکرێتە ئاوەوە و پتر لە یەک میلیۆن کەس پێی بکوژرێت.

لە گەرمەی جەنگیی جیهانیی دووەمدا هاوپەیمانەکان سازیی ئەوتۆیان دامەزراند کە توانای بەرهەمهێنانی ئەنتراکس و باسیلۆسیس و بۆتولینومیان هەبوو بەڵام، پێش ئەوەی ناچار بن بەکاریان بهێنن، دوایی بە جەنگ هات.

جێی سەرنجە کە کۆڤەنسیۆنی چەکەمەنیی زیندەزانی\بایۆلۆژیی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەشەپێدان، بەرهەمهێنان، خواست، گواستنەوە، کەڵەکەکردن و بەکارهێنانی هەموو جۆرە چەکێکی زیندەزانی و ژەهراویی قەدەغە کردووە؛ و لەلایەن ١٨٣ وڵاتەوە واژۆ کراوە.

No comments:

Post a Comment