Thursday, January 6, 2022

یەغنۆبی یا یەغنابی




لە رۆژاوای تاجیکستان دۆڵ\دەرە یەک هەیە ناسراوە بە دەرەی یەغنۆب یا یەغناب. کەوتووەتە نێوان دوو کێو بە ناوی زەرەفشان و حەسار. ناوچەیەکی سەختە و لە زستاندا بەفرێکی زۆری لێدەبارێت و دەبێتە هۆی رێبەندان و ناوچەکە لە دەوروبەری دادەبڕێت.
دانیشتوانی ئەم ناوچەیە بە زمانێک دەدوێن پێیدەگوترێت یەغنابی کە زۆر نزیکە لە زمانە ئێرانیەکانی وەک کوردی و فارسی. وا باوەڕ دەکرێت کە ئەم زمانە هەمان زمانی سوغدی بێت کە سەردەمانێکی کۆن هەبوو. هەربۆیە زۆر کەس پێیدەڵێن سوغدیی نوێ. ئەم زمانە ئەلفوبێی تایبەت بەخۆی نییە و بۆ یەکەم جار لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی رابردوو بەم زمانە نووسراوە.
ژمارەی ئاخێوەرانی یەغنۆبی لە نێوان دە هەزار تا بیست و پێنج هەزار کەسدایە.

پێشتر هەموویان نیشتەجێی دۆڵی یەغناب بوون بەڵام ساڵی ١٩٧١ پارتی کۆمونیستی تاجیکستان بە بیانووی ئەوە کە لە وەرزی زستاندا هەرەس و رنووی بەفر ناوچەکە بە رووی هاتوچۆدا دادەخات، خەڵکەکەی راگواست بۆ ناوچەکانی تر . دوای هەڵّوەشانی سۆڤیەت و سەربەخۆبوونی تاجیکستان دووبارە بەشێک لە یەغنۆبییەکان گەڕانەوە دەرەی یەغنۆب و ئێستا ژمارەی دانیشتوانی ئەوێ زۆر کەمە بەڵام توانیویانە پازدە گوند ئاوەدان بکەنەوە و زوانەکەی خۆیان و نەریتەکانیان بپارێزن. 

No comments:

Post a Comment