زم یا زو\زەو واتە سارد و سەرما. هەڕ یا هار لە لوریدا واتە خواردن یا خۆراک؛ و ور\وەر لە هەورامیدا واتە خواردن.
وەک لە ووشەی زستان\ زمسان\ زوسان و ووشەی زوقم، زەمهەریر، زمکان، زەمبلە، زمبەلیلک، دا هەیە.
بەسەریەکەوە زمهەڕ یا زمهاڕ واتە خۆراکی زستان. پێشتر لام وابوو کە پاشگری هەڕ\هاڕ لە هاڕینەوە هاتووە بەڵام دوواتر کە چوومە بناوانی واتاکەیەوە، بۆم دەرکەوت ووشەکە رەگی لە لوری و هەورامیدایە. لە موکریان بەتایبەتی بەو گەنم و ئاردە کە بۆ زستان دەکرێتە نێو کەندوو یا چاڵەوە یا لە تەلیس دا هەماشتە دەکرێ، دەڵێن زمهەڕ یا زەوەڕ.
لەسەر ئەو باوەڕەم کە (زەمهەریر)یش هەر زمهەڕە و پاشگری (یر)ی بۆ زیادکراوە بە واتای ساردیبەخش یا سەرماهێنەر. پاشگری (یر) لە کۆمەڵێک ووشەی تریش دا هەیە.
خاڵێکی گرنگ لێرەدا ئەمەیە کە لەمەوبەدوا دەکرێ (هەڕ) بە واتای خۆراک وەک پاشگر لە سازکردن و رۆنانی ووشەدا بەکاربهێنین. بەتایبەتی لە بواری زانستی زیندەزانی و کەڕووزانیدا.
No comments:
Post a Comment