Saturday, July 23, 2022

ئەمڕۆ یا ئەوڕۆ


رۆژێک نووسراوەیەکی هاوڕێیەکم خوێندەوە و لە کۆتاییدا لە تێ بینییەکی کورت دا نووسیم خۆزگە لەجیاتی (ئەوڕۆ) ووشەی (ئەمڕۆ) ت بنووسیبایە.

لە وەڵام دا فەرمووی من کوردی دەنووسم نەک فارسی.(ئەمڕۆ) هەر هەمان (امروز)ی فارسییە.
لێرەدا بۆ ئەو هاوڕێ بەرێزە و هاوڕێیانی تریشم دەڵێم، یەکەم: فارسی و کوردی ئەوەندە لە یەکترییەوە نزیکن، ئەگەر نەڵێین خوشکن بە دڵنیاییەوە ئامۆزان. یان دەتوانم بڵێم فارسی فەرزەندی کوردییە. لەسەر ئەو باوەڕەم هەموو ووشەیەکی کوردی فارسی نییە؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە هەموو ووشەیەکی فارسی کوردییە.
واژەی (امروز)، فارس بەکاری دەهێنێ؛ بەڵام نازانێ بۆچی دەڵێ (امروز) و ناڵێ (این روز)؟؟ نازانێ (ام) هەمان (ئەم)ی کوردییە و لە رێگەی لوڕییەوە چووەتە نێو فارسییەوە. هەموو زار و شێوەزارەکانی لوڕی دەڵێن (ئیمروز یا ئەمرووز، یا ئەمرووژ؛ تەنانەت بەختیاری کە لە هەمووان نزیکترە لە فارسی دەڵێن (ئیمرووز). ئاخێوەری فارس نازانێ بۆچی دەڵێ (امشب) و ناڵێ (این شب)، بۆچی دەڵێ (امسال) و ناڵێ (این سال)؟!!
بەڵێ، واژەکانی ئەمڕۆ، ئەمشەو و ئەمساڵ کوردین نەک فارسی. کاتێک دەڵێی (ئەورۆ) واتە رۆژێک لەو رۆژانەی بەر لە ئەمڕۆ. بەڵام لە شێوەزاری موکریانی و زۆر ناوچەی تردا ووشەی (ئەم) نییە؛ لەباتی (ئەم)یش هەر دەڵێن (ئەو)؛ هەر بۆیە لەبری (ئەمڕۆ، ئەمشەو، ئەمساڵ) دەڵێن (ئەوڕۆ، ئەوشۆ، ئەوساڵ).

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...