یەکێک لە شیرین هۆشەکانی ناوچەی پیرانشار بوو. وا بزانم لە ژیاندا نەماوە.
من لە نزیکەوە نەمدیتبوو بەڵام ئێمە کە ماڵمان لە گوندی (گەپڵەسەن) بوو، بنەماڵەی برا تۆفیقیش خەڵکی (درپکە) بوون؛ زۆر لە گوندی ئێمەوە دوور نەبوو.
دەیانگوت بە بنەچە خەڵکی گوندی (لێوژە) بوون لە دۆڵی شەهیدانی بناری قەندیل.
منداڵەکانی هاوتەمەنم یا گەورەکان کە باسی تۆفیقیان دەکرد، دەیاگوت هەمیشە دەچووە لای ئاسنگەر و وەستاکان تیر و کەوان و تەور و شتی سەیر و سەمەرەی چاک دەکرد و بە دەستییەوە بوو. هەرچەندە من نەمدیتبوو بەڵام لە خۆوە لێیدەترسام. لام وابوو لە هەر شوێنێ بمبینێ، پەلامارم دەدات.
دوواتر کە گەورەبووم و ئاوارە بووین لە زمانی خەڵکییەوە زۆر شتم سەبارەت بە کار و قسە خۆشەکانی برا تۆفیق دەبیست. دەیانگوت پێشمەرگەی زۆر خۆشدەویست و دووای ئەوەی کە شار و گوندەکانیش کەوتبوونەوە دەست رێژیم، برا تۆفیق لەسەر کوردایەتیی خۆی بەردەوام بوو. دیارە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بیرەوەریی جۆراوجۆریان لەگەڵ برا تۆفیق هەیە.
ئەگەر ماوە یادی بەخێر بێت و ئەگەریش کۆچی دوایی کردووە گیانی ئارام و ئاسوودە بێ.
وێنەکەم لە تەلەگرام وەرگرتووە
لاپەڕەی وێنە کۆنەکانی پیرانشار

No comments:
Post a Comment