Sunday, May 21, 2023

خوشکل


 هەر کەس فارسی بزانێ ئەم واژەیەی بیستووە و دەزانێ کە واتای جوانی و قەشەنگی و بەژن ڕێکی دەدات. واتای (خۆش) ئاشکرایە بەڵام (کل) لە فارسیدا هیچ واتایەک نادات بەدەستەوە کە لەگەڵ (خوش) بگونجێت. هەربۆیە فارسەکان دەڵێن ووشەی (خوشکل) کورتکراوەی (خۆش+هەیکەل)ە.

لە لوریش دا ئەم واژەیە بەکاردەهێنرێت؛ بەڵام بە جیاوازییەکی زۆر کەمەوە. جیاوازییەکە تەنیا یەک پیتە. لەباتی خۆشکل لە لوڕیدا دەڵێن خۆشگل. هەرکەس لوڕییەکە ببینێ یا ببیستێ، بێ ئەملاوئەولا دەڵێ لە فارسییەکەیان وەرگرتووە؛ بەڵام بە ووردبوونەوە لە مانای خۆش+گل دەردەکەوێت کە (گل)ی لوڕی واتادارترە لە (کل)ی فارسی. گل جیا لەوە کە لە سۆرانی و جافی و ئەردەڵانی و هۆرامیدا واتای دانە، دەنک، تاک، قل، جار، چەل، کەڕەت، ژان، ئێش دەدات و چاوگی فرمانی گلان و گلێران و گلۆربوونەوەیە، لە لوڕیشدا واتای جوانی و ناسکی و خڕی دەدات.
خاڵێکی گرنگی تر کە دەکرێ وە سەلمێنەری ئەوە بێت خۆشگلی لوڕی واژە رەسەنەکەیە، ئەمەیە کە لە لوڕیدا پێچەوانەکەیشی هەیە. واتە لە بەرامبەر خۆشگل دا بەدگل هەیە بە واتای ناشیرینی و دزێوی.

No comments:

Post a Comment