Sunday, May 21, 2023

بیمار


لە کوردی دا بەشێوەی ویمار و وێماریش گۆ دەکرێت کە ووشە رەسەنەکەیە.  لە پەهلەویشدا هەر ویمار گوتراوە. لە فارسی دا چیرۆکێکی بۆ سازکراوە تا حەڵاڵی بکەن بۆ خۆیان.  گوایە لە سەردەمی ئەبو عەلی سینا دا بەهۆی هورووژمی مشکەوە پەتای وەبا/ تاعوون بڵاو بووەتەوە. ئەبوو عەلی سینا رایگەیاندووە کە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی مشکەکان دەبێ سوود لە مار وەربگرن.  ئینجا لەسەر رێگەی هاتوچۆی مارەکان جامی پڕ لە شەرابی ترێیان داناوە تا مارەکان لێی بخۆنەوە و بەم هۆیەوە ژەهریان زیاتر بێت.   لەو کاتەوە نیشانەی مار بووە بە هێمای تەندروستی و دەرمانی. هەر بەم هۆیەشەوە بەو کەسانەی کە زۆر نەخۆش دەبوون، دەگوترا بێ مار. واتە ماری نییە بۆیە نەخۆش بووە. ئیتر بەرەبەرە ووشەی بیمار بە واتای نەخۆش بەکارهات.

ناراستیی ئەم چیرۆکە زۆر روون و ئاشکرایە. مار بۆ کوشتنی مشک پێویستیی بە ژەهر نییە، مارێک کە یەک دڵۆپ ژەهریشی نەبێ هەر دوژمنی مشکە، چونکە دەیخوات نەک نێشی لێبدات و پێوەیبدات. ئینجا سەردەمی ئەبو عەلی سینا خۆ چاخەکانی پێش ئیسلام نییە. لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیسلامدا کێ دەیوێرا جامی شەراب لە دەستیدا بێ و لەسەر رێگا و بانان دایبنێ؟؟
بە بڕوای من ووشەی بیمار، ویمار، وێمار لە بنەرەتدا پێکهاتووە لە وەی+مار.
وەی واتا دەرد، ئێش، ژان، گل و ئازار. ماریش پاشکۆ\پاشبەندە. و لە زۆر واژەی تریشدا هەمانە؛ وەک: تیمار، دەمار، کۆمار، تۆمار، تامار، گەمار، خومار، دێمار. لە نەریتی شیوەنگێڕی دا لە باشووری رۆژهەڵات ژنان وەی دەکەن. بەتایبەتی لە نێو لوڕ و لەکەکان دا ژنان دەگریێن و هەردووک دەستیان بەرامبەر یەکتری بەشێوەی چەرخ دەسووڕێنن کە بەمە دەڵێن وەی کردن. هەروەها کەسێک بە بەرامبەرەکەی دەڵێ بێوەی بی! واتە بێ ژان و ئازار بیت.

No comments:

Post a Comment