Sunday, August 6, 2023

پارێزگا، پارێزگار

هەردووک واژەکان وەرگێڕدراوی [موحافەزە] و [موحافز] ی عەرەبین.
عەرەب وشەی [موحافەزە]ی لە بەرامبەر (پرۆڤنس)ی ئینگلیسی دا داناوە. کە هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە یەکترییەوە نییە. پرۆڤنسی ئینگلیسی لە فرانسی و فرانسییەکەیش لە [پرۆڤێنسیا]ی لاتین وەرگیراوە کە بەو شوێنانە گوتراوە کە لە دەرەوەی ئیتالیادا هەبوون و لە ژێر دەسەڵاتی رۆم دا بوون. مانای ووشەکە بە روونی دیار نییە بەڵام پێدەچێت بە مانای [ناوچە پێشتر داگیرکراوەکان] هاتبێت.
وەرگێڕانی ووشە لە زمانی عەرەبییەوە و دانانی وەک ووشەیەکی تازە بۆ کوردی، هەمیشە گرفت و ناڕوونی بە دوای خۆیدا هێناوە؛ چونکە رەگ و ریشەی زمانی ئێمە و عەرەبی یەکتری ناخوێننەوە.
لە فارسی دا [ئوستان] بەکاردەهێنن کە هی ساسانیەکانە و ئەو سەردەمانە وڵاتیان دابەشکردووە و هەرکام لە بەشەکانی ووڵات پێی گوتراوە ئوستان. زۆرێکیش لە نووسەر و مێژووزان و زمانەوان و وێژەوانانی کورد لەسەر بنەمای نووسراوەکانی تەبەری و مێژوونووسە ئیسلامییەکان، ساسانیەکان بە باپیرانی کورد دەزانن؛ بەڵام ئامادە نین لە زمانی ئەمڕۆمان دا سوود لە واژەکانی ساسانی وەربگرن. لە راستیدا ئەگەر ساسانیەکان کوردیش نەبن، فارسەکان چەندە مافیان بەسەر ئەوانەوە هەیە، ئێمەیش ئەوەندە مافمان بەسەریانەوە هەیە.
لەلایەکی ترەوە خودی وشەی [پارێزگار] هیچ مانایەکی نییە. ئەگەر لە سەر بنەمای رۆژگار و شەوگار دروسکراوە، هەڵەیە چونکە شەو و رۆژ کاتن نەک فرمان، تا پاشگری [گار]ی بۆ زیاد بکرێت. ئەگەریش لە سەر بنەمای [ئامۆژگاری] دروستکراوە، ئەوا دەبێ بڵێین کە [ئامۆژگاری] گۆڕڕاوی [ئامووزگار]ی فارسییە و لە فرمانی (ئامووختەن) وەرگیراوە و واتای فێرکەر یا مامۆستا دەدات و کوردی نییە.


No comments:

Post a Comment