Wednesday, October 11, 2023

تووبا ئەزموودە یا ئازموودە

تووبا ئەزموودە


 لە دەوروبەری مەیدان/گۆرەپانی حەسەناباد کە دەکەوێتە سەر شەقامی حافز لە شاری تاران کۆڵانێک هەیە بە ناوی کۆڵانی تووبا. زۆربەی مەردم نازانن ئەم تووبایە کێیە؟!

زانیاریی سەبارەت بە ژیانی تووبا زۆر نییە. ئەوەندە روونە کە ئەو ناوی تووبا ئەزموودە یا ئازموودە بووە و کچی (میرزا حەسەن خانی سەرتیپ) بووە کە یەکێک لە پلەدارانی سەردەمی قاجار بووە. تووبا ساڵی ١٨٧٨ لە شاری تاران لەدایکبووە؛ لەلای باوکی فێری خوێنەواری بووە؛ و پاشان لای مامۆستای تایبەت، زمانی فارسی و چەند زمانی تر و زانستەکانی سەردەمی خۆی فێربووە. لە تەمەنی چواردە ساڵی دا دەدرێت بەشوو؛ بەڵام زوو لە شووەکەی جیادەبێتەوە کە تەمەنی زۆر لە خۆی زیاتر بووە.
بی بی خانمی ئەستەرابادی


وەک زۆربەی مێژووزانان کۆکن، سەردەمی قاجارەکان تاریکترین سەردەم بووە بۆ وێژە و نووسین لە ئێراندا. دەسەڵاتدارە قاجارەکان پتر بە دووای عەیش و نۆشی خۆیانەوە بوون و بایەخیان بە زانست و زانیاری و وێژە نەداوە. تووبا لەو سەردەمە تاریکەدا کەڵکەڵەی دامەزراندنی فێرگەی کچانە دەکەوێتە سەری و ساڵی ١٩٠٧ و لە تەمەنی٢٩ ساڵیدا قوتابخانەیەک دەکاتەوە بە ناوی (پەروەرش) بەڵام تەمەنی تەنیا چوار رۆژ دەبێت و کەسایەتی و لایەنە کۆنەپەرەستەکان کە دژی خوێندنی کچان بوون، دەرگای فێرگەکەی پێ دادەخەن. دوواتر بە هاوکاریی کەسانی رووناکبیر و وێژەوان و بەرنامەیەک دادەنێت و قوتابخانەیەک دەکاتەوە بە ناوی (نامووس) کە تیایدا وانەکانی ئەو سەردەمە دەڵێتەوە. بۆ پێشگیری لە پرۆپاگەندەی دژبەران، رێگەنادات هیچ مامۆستایەکی پیاو لەوێ وانە بڵێتەوە؛ جگە لە خۆی هیچ مامۆستایەکی ژنیش نەبووە؛ هەربۆیە خۆی تاکە مامۆستا دەبێت. دوواتر ئەو خوێندکارانەی لەژێر دەستی ئەم دا پێدەگەن دەبنە مامۆستای فێرگەی ناوەندی و وانە بە کچان دەڵێنەوە.
شایانی باسە کە ساڵێک پێش تووبا ئازموودەیش، بی بی خانمی ئەستەرابادی فێرگەیەکی تایبەتی بۆ کچان کردبوویەوە؛ کە لایەنە دواکەوتوو و کۆنەپەرەستەکان هەر زوو دەرگایان پێ داخستبوو. ئەمە لە کاتێکدا بوو کە چەند فێرگەیەکی تایبەتی کچان لە شاری تاران هەبوون لەلایەن بیانییەکانەوە دامەزرێندرابوون و بەڕێوەدەبردران بۆ کچانی مەسیحی و جوولەکە و..


No comments:

Post a Comment