Tuesday, October 17, 2023

لارستان

 

ژێر هێڵە سوورەکە ناوچەی ئەچۆم نشینە

لارستان یەکێکە لە شارستانەکانی باشووری ئوستانی فارس کە ناوەندەکەی شاری (لار)ە. لە باشوور و رۆژهەڵاتەوە ئوستانی هورمزگانە، لە باشووری رۆژهەڵات لامرەد، لە رۆژاوا شاری خونج و لەباکوور شارەکانی جەهروم و داراب دەوریان داوە. ئەم شارە نزیکەی ٣٠٠ کیلۆمەتر لە ناوەندی ئوستانی فارس، واتە شاری شیرازەوە دوورە. شارۆچکەکانی ئێوز، خونج، بێیرم، جەویم، بناروێ، خۆر سەر بە شاری لارن. پێشتر بەندەر گەمبەروون (عەبباس)، بەندەرلەنگە، بەستەک، و زۆر ناوچەی تر بەشێک بوون لە لارستان. ئەم شارستانە بەهۆی فراوانی و زۆریی دانیشتوانییەوە گرنگی و بایەخێکی زۆری هەیە و فڕگەی نیونەتەوەیی هەیە. دوو زانکۆی هەیە و هەروەها بەستراوەتەوە بە هێڵاسنی سەرتاسەریی ئێرانەوە.
بابەتێک کە لێرەدا باسی لێوە دەکرێت و رەنگە زۆربەی مەردمی ئێمە لێی بێ ئاگا بێت، ئەمەیە کە دانیشتووانی رەسەنی لارستان نە زمانیان فارسییە و نە لە رووی باوەڕی دینییەوە شیعەن. ئەوان بە زمانێک دەدوێن کە پێی دەگوترێت زمانی لاری، یا ئەچمی/ئەچەمی/ئەچۆمی/ ئۆچمی/ئەتمی یا خودموونی. ئەم زمانە زمانێک نییە کە وەک کومزاری تێکەڵەیەک بێت لە عەرەبی و لوڕی یا فارسی؛ بەڵکوو مێژوویەکی دێرینی هەیە؛ و چەندین گۆیشی جیاوازی هەیە. جێی ئاماژەیە کە نابێ ناوی (لار) و (لارستان) لەگەڵ (مریشک و کەڵەشێری لاری) بەراوەرد بکرێت؛ چونکە نەژادی پەلەوەری لاری کە لە زۆر ناوچەی تری کوردستان پێی دەڵێن شامی لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ نەژادی مریشکێک لە مەڵبەندی (سند)ی پاکستان. وەک ئاماژەی بۆ کرا ئەم مەردمە شیعە نین؛ بەڵکوو موسڵمانی سوننین و پەیڕەوی مەزهەبی شافیعین. جیاوازیی دینی و زمانی بووەتە هۆی ئەوە کە ئەو هەستە توندەوتیژە نەتەوەگەراییە ئێرانییەی لای فارسەکان هەیە، لای ئەمان زۆر کز بێت. ئەچمییەکان لە وەڵاتانی عەرەبیی کەنداویش وەک کوەیت، ئیمارات، بەحرێن و قەتەر نیشتەجێن و رێزێکی زۆریان لێدەگیرێت و خۆشەویستن، بە پێچەوانەی ئێرانییەکانی تر کە دەچنە ئەم وەڵاتانە وەک نامۆ و غەوارە سەیر دەکرێن.
ئەم زووانەیش وەک هەر کام لە زار و زمانەکانی تری نێو چوارچێوەی دەەوڵەت نەتەوەی ئێران، پەیوەند دراوە بە زووانی فارسییەوە و بە ووتەی توێژەرانی فارس ئەم زمانە پاشماوەی زووانی فارسیی میانەیە. هەر خودی ئەو ناوەی کە ئەم زمانەی پێ ناسراوە کوردییە. دیارە مەبەستی ئەم نووسراوەیە ئەمە نییە کە بڵێت لارستانی کوردییە و مەردمەکەیشی کوردن؛ بەڵکوو مەبەست روونکردنەوەی بابەتەکەیە و زانیاری بەخشینە بە خوێنەری کوردزمان کە تا ئێستا ئاگاداری ئەم بابەتە نەبووە و نەیزانیوە کە گەلێک بە زووان و دینی جیاوازەوە لە داوێنی زاگرۆس و سەر لێوارەکانی کەنداو و لە ئوستانی فارس هەیە؛ کە نزیکایەتی و لێکچوونی زۆری لەگەڵ کورد دا هەیە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر کاک فەتتاحی رەیحانی لە رێگەی مەسنجەرەوە پەیامێکی کورتی نارد بۆم کە نووسیبووی سەردانی ئیماراتی عەرەبیی کردووە و لە شاری دوبەی کە جلوبەرگی کوردیی پۆشیوە، چەند کەسێکی ئێرانی دوواندوویانە و گفتوگۆیان لەگەڵیدا کردووە کە خۆیان وەک ئەچەمی ناساندووە. پاشان هەندێک خاڵی گرنگی لەو قسانەوە هەڵێنجاوە کە لە زمان ئەوانەوە بیستوویەتی. سپاسی کاک فەتتاح دەکەم کە گەورەیی نوواند و کۆمەڵێک زانیاریی زارەکیی لەوانەوە گواستەوە بۆ بەندە تا لەپێناو سوودی گشتی دا بیخەمە چوارچێوەی نووسینەوە.
زمانی ئەچۆمی کە بەشێوەی فەرمی لە ئێران دا بە ناوی زمانی (لاری) ناسێنراوە و لە ناوەندە زانستییەکانیشدا لەم دوواییانەدا بۆ قووتدان و تواندنەوەیان لە کوورەی فارسگەراییدا ناویان لێناوە (نیاپارسیک)، لە راستیدا لە کۆمەڵێک گۆیشی جیاواز پێکهاتووە. ئەوان لە رووی جۆگرافییەوە لە زۆرینەی مەڵبەندەکانی باشووری ئوستانی فارس، بەشێک لە ئوستانی هورمزگان و بەشێک لە ئوستانی بووشێر نیشتەجێن. لە هەر شار و شارۆچکەیەک و هەندێک جار لە هەر گوندێک گۆیشێکی تایبەت بە خۆیانیان هەیە. دەکرێت بەم جۆرە ناوی شار و شارۆچکە ئەچۆمی نشینەکان ریز بکەین: لار، گراش، بەستەک، ئێوز، خونج، فەداغ، خۆر، ئەسیر، لەتیفی، جەناح، ئێرەد، جەویم، بناروێ، شەرفوێ، دەهتەل، دەهفیش، بەراک، بیدشار، بەست قەڵات، بیغەرد، کوورە، لاغران، کاریان، بەلغان، چاتووس، بەریز، دیھکوێ، بەندەرلەنگە، گاوبەندی (پارسیان)، بەندەر خومێر، روویدەر، بەردستان، نەهەند، کوهیچ، گلار و تاد..
واژەی ئەچەمی/ئەچمی/ ئۆچمی، ئەتمی هەمان واژەی (ئەچم/دەچم)ی کوردییە. ئەوان لەبری ئەوەی بڵێن ئەڕۆم/دەڕۆم، دەڵێن ئەچۆم یا ئەچەم. ئەمەیش بۆ ئەو مەڵبەندە واژەیەکی نامۆیە چونکە نە فارسەکان و نە لوڕەکانی ئەم مەڵبەندانە فرمان (چوون) بەکارناهێنن. جارێکیان لە هاوڕێیەکی ئیلامیی خۆمم پرسی گوتم جیاوازیی نێوان کوردییەکەی ئێوە و لوڕییەکەی ناوچەی ئیلام چیە؟ گوتی هیچ! تەنیا ئەوان دەڵێن بڕۆ!، ئێمە دەڵێین بچۆ!. بە ووتەیەکی تر، ووشەی (چوون) لە ئیلام بۆ خوارەوە نییە؛ بەڵام لە ناوچەکانی خوارووی ئوستانی فارس هەیە و بەکاردەهێنرێت. شایانی باسە کە لە کوردەواریش دا ئەم شێوە ناولێنانە هەیە یا هەبووە وەک چۆن بە هۆرامییەکان دەگوترێت ماچۆ؛ یا بە زازاییەکان دەگورێت زازا لەبەرئەوەی پیتی (ز) زۆر بە کاردەهێنن. یان کورمانجەکانی مەڵبەندی ورمێ بە موکریانییەکانیان دەگوت (کوڕکوڕە) چونکە لە گفتوگۆدا بەزۆری ووشەی (کوڕە)یان بەکاردەهێنا. کاک فەتتاح رەیحانی لە پەیامە کورتەکەی دا دەڵێت یەکێک لەو کەسانەی لە دوبەی دیتم، پیاوێک بوو تەمەنی دەوروبەری ١٠٠ ساڵان بوو؛ سەبارەت بە ناوی (ئەچۆم) گوتوویەتی ووشەی (عەجەم) لە بنەچەدا لە(ئەچۆم)ی ئەوان وەگیراوە و دوواتر عەرەبەکان بە هەموو ئێرانییەکانیان گوتووە (عەجەم). چونکە عەرەبی لە زۆربەی واژە هاوردەکانیدا دەنگی عەرەبی زیاد دەکات و دەنگە بیانەکان دەگۆڕێت یا دەسڕێتەوە. لێرەیش دا دەنگی (چ)ی گۆڕیوە بۆ دەنگی (ج)؛ و دەنگی (ع)یشی بە سەرەتای واژەکەوە زیادکردووە. چەند نموونەیەک لە واژەکانی زمانی ئەچۆمی:
پەت = پەت و کوڵک
شەل = شەل، پەککەوتە
شول = سست
لەندەهۆر = لەندەهۆر
لینگ = لینگ، پێ، تاکی هەر جووتێک
آس = ئاش
آسەموو = ئاسەموو/ ئاسمان
پێت پێت = لەتلەت (لەت و پەت)
جەڕ = جەڕ و باس
دەرد = دەرد/نەخۆشی
ئۆ = یاو/تا
ئەشکۆم رویشت = زگچوون
هاو = ئاو
دۆدوو = ددان
زەردووک = زەردوویی
دەردەبەریکێ = دەردەباریکە
کۆک = کۆکە/کۆخە
ئسپؤل = سپڵ
کورک = کولک/دومەڵ
گوند = گون
پەش پەش = بەش بەش/ بڵاو.


No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...