Friday, October 20, 2023

شەفەق


(فَلا اُقْسِمُ‌ بِالشَّفَقِ‌. وَ اللَّیْلِ وَ ما وَسَقَ..) ئەمە ئایەتێکی قورئانە کە واژەی (شەفەق)ی کوردیی تێدا بەکارهێنراوە. شەفەق واتە زەرد و سووری بەیانی. بە تایبەتی رەنگە سوورەکەی پێش دەرکەوتنی خۆر. پیرەمێرد دەڵێ: وا رۆژ هەڵات لە بەندەنی بەرزی وەڵاتەوە، خوێنی شەهیدە رەنگی شەفەق شەوق ئەداتەوە. واتە رەنگی سووری شەفەق کە لە چیا و بەندەنی وەڵاتەوە دیارە، رەنگدانەوەی خوێنی شەهیدانە.
شەفەق عەربێنراوی (شەوەک)ە. هەم لە سۆرانی و هەم لە لەکی و لوڕی و کوردیی خوارین دا واژەی (شەوەکی)مان هەیە بە واتای بەیانیی زوو کە هێشتا خۆر هەڵنەهاتووە. ووشەکە لەمەوە سەرچاوەی گرتووە کە کاتێک دەڵێن شەوەکی، واتە هێشتا تاریکە و بە تەواوی نەبووەتە رۆژ. پیتی (و) گۆراوە بۆ (ف) و پیتی (ک)یش گۆڕاوە بۆ (ق). دیارە زۆر جار لە گۆیشە کوردییەکانی خۆمان دا دەنگی (و) دەگۆڕێت بۆ (ف)؛ مەرج نییە عەرەب ئەمەی گۆڕێبێت. بۆ وێنە سێو/سێف، کێو/کێف، هەتاو/ئافتاو، کەوتن/کەفتن و تاد.. هاوکات ئەم واژەیە بە شێوەی (شەبەق)یش هەیە و کە لێرەدا واتای تیشک، رووناکی یا ترووسکە دەدات. هەروەتر، بۆی هەیە ووشەی (شەوق)یش کورتکراوەی (شەبەق) بێت.
ئەم پەیڤە هەر بە ئەوەندە گۆڕانە نەوەستاوە و بووەتە فرمانیش لە ئایەتێکی قورئان دا هوتووە (وَ هُمْ مِنَ‌ السَّاعَةِ مُشْفِقُونَ‌). لێرەدا واتای مێهر و سۆز و خۆشەویستی و رێزی پێدراوە کە هەم لە کوردی و هەم لە فارسی و عەرەبیش دا بەکار دەهێنرێت. دیارە زۆربەی ئەوانەی لەسەر ئەم واژەیە شتیان نووسیوە، جەختیان کردووەتەوە کە واژەیەکی عەرەبییە. رەنگە هۆکاری ئەو دڵنیابوونەیان لە عەرەبی بوونی ئەم واژەیە هەر ئەمە بێت کە لەوانەیە نزیکەی دە جار لە قورئاندا بەکارهێنرابێت.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...