بڕوا ناکەم بە هەموو ماڵەکانی گەڕەکەکەمان بە قەد ماڵی ئێمە ئاوەتەماتە بخۆن. هەفتەیەک بەرلەوەی ئاوەتەماتەمان لێ ببڕێت، هاوسەرم هاواری لێ هەڵدەستێت و دەڵێ ئاوەتەماتەمان نەماوە، نازانم ئەمڕۆ چی لێبنيم؟! ئەگەر بڵێم خانم زڵفنجاوم بۆ لێنێ، کاتێ کە لێیدەنێت و دەیهێنێتە سەر خوان، سەیر دەکەم ئاوەتەماتەی تێکردووە. کە دەپرسم خانم ئەمە چییە بۆ منت لێناوە؟ شلەی ئاوەتەماتەیە یا زڵفنجاو؟ دەڵێ باشە زڵفنجاو چۆن بێ ئاوەتەماتە دەخورێت؟
قورئان بە هەقت بە ساحەبت، نازانم باوەڕم پێدەکەن یا نا، ئەو ژنەی من شلەی تەماتەی تەڕ و تازەی لێناوە، ئاوەتەماتەی تێکردووە!! دەی تۆخوا ئەوە چێشت لێنانە؟ خۆ بە ناشکوری نەبێ نایشوێرم بڵێم چيشتەکەت خۆش نییە؛ دەڵێ دەی باشە لەمەوبەدوا فەرموو خۆت چێشت لێبنێ و ئێمە دەیخۆین.
جا با بزانیت، لەم ماڵەی ئێمەدا دۆڵمە بێ ئاوەتەماتە دۆڵمە نییە؛ جەرگ و بەز سووردەکرێتەوە، پڕ دەکرێ لە ئاوەتەماتە. شۆرباوی نۆک بێ ئاوەتەماتە لێنانرێت… ماشێنە بە ئاوەتەماتە رەنگ دەکرێت؛ قارچک بەو بۆن و بەرامە خۆشەیەوە لە ئاوەتەماتە هەڵدەکێشرێت؛ ئاوەتەماتە بووەتە شێرپەنجە لە شیوپێژگەی ئێمەدا. ئەو رۆژە گوتم خانم خاس ئەگەر رۆژێک ئاوەتەماتە لە بازاڕ نەما تۆ چیدەکەیت؟ چیمان بۆ لێدەنێیت بیخۆین؟ گوتی هێندەیش دەست و پێ سپی نیم؛ دوو سندووق تەماتەی رزیوت بۆ دەکڕم و بۆت دەکەمە ئاوەتەماتە. هەمووی کاری سێ چوار ساتە.

No comments:
Post a Comment