Friday, November 3, 2023

نامەنووسییەکانی مەکماهۆن- حسێن

حسێن ئیبن عەلی ناسراو بە شەریفی مەککە


سێر ڤێنسنت ئارتەر هێنری مەکماهۆن، ئەفسەرێکی سپای هیندی بریتانیایی کە لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا وەک کۆمیسیۆنەری باڵا لە میسر کاری دەکرد. لە ماوەی ساڵێکدا چەند نامەیەکی لەگەڵ شەریف حسێن ئیبن عەلی ئاڵوگۆڕ کرد. حسێن ئیبن عەلی دەسەڵاتداری حیجاز بوو. لەلایەن عوسمانییەوە ناسناوی شەریفی مەککەی پێدرابوو. لەو سەردەمەدا، بریتانیا پلانی لێکهەڵوەشاندنی ئیمپراتۆریی عوسمانیی هەبوو. لە نامەکاندا مەکماهۆن پشتگریی شەریفی مەککەی کرد بۆ شۆرشکردن لە دژی عوسمانی و هەروەها پێیڕاگەیاند کە وا بریتانیا پشتگیریی دامەزراندنی دەوڵەتی عەرەبی دەکات.. ئەمە بووە هۆی ئەوە کە شەریفی مەککە ئێستایش وەک باوکی نەتەوەگەرایی عەرەبی سەیر بکرێت.
هەر ئەمە بوو کە حسێن بن عەلی سەربەخۆیی حیجازی راگەیاند و خۆی وەک خەلیفەی حیجاز راگەیاند. بەکردەوە شا بوو بەڵام ناسناوی شای بۆ خۆی پەسەند نەدەکرد. کوڕە گەورەکەی (عەبدوڵڵا) کرایە شای ئۆردۆن و کوڕەکەی تریشی (فەیسەڵ) کرایە شای ئێراق. کاتێک پرسی جوولەکە و دامەزراندنی دەوڵەتێک بۆ ئەوان لە فەلەستین لەلایەن بریتانیاوە پەسەند کرا، حسێن بن عەلی دژایەتیی کرد و پەسەندی نەکرد. ئەمەیش بووە هۆی ئەوە کە بریتانیا پشتی ئیبن سەعوود بگرێت بۆ شکستدانی ئیبن عەلی.
سێر ڤێنسنت ئارتەر هێنری

حسێن ئیبن عەلی لە خێڵی بەنوو قەتادە بوو کە تیرەیەکی هۆزی بەنوو هاشمی. ئیبن سەعوود کە ناوی عەبدولعەزیز بن عەبدوڕەحمان ئال سەعوود بوو، لە میرەکانی (نەجد) بوو کە لە مێژبوو دەیانەوێست دەسەڵاتی ناوچەکە بگرنە دەست خۆیان. ئەمان پەیوەندیی توندتۆڵیان لەگەڵ وەهابیزم هەبوو؛ بە پشتگریی بریتانیا توانیان دەسەڵات لە دەست حسێن بن عەلی دەربهێنن. بریتانیا حسێن بن عەلیی تاراند بۆ دورگەی قیبروس و تا نەخۆشیی تەنگی پێ هەڵچنی و لە مردن نزیک بوویەوە لەوێ بوو؛ ئینجا رایانگواست بۆ ئۆردۆن لای عەبدوڵڵای کوڕی و لەوێ مرد.
عەبدولعەزیز بن عەبدوڕەحمان ئال سەعوود بوو بە یەکەم شای ئەوێ و وەڵاتەکە بە ناوی شانشینی سەعوودی ناسێنرا.

No comments:

Post a Comment