Sunday, April 28, 2024

فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یا درۆن

درۆن یا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان مێژوویەکی لانیکەم دووسەد ساڵەی هەیە.  سادەترین فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ساڵی ١٧٨٢ دوو برای فرانسەیی بە ناوەکانی ژۆزێف -میشێل مۆنتگۆڵفیەر و ژاک -ئێتیەن مۆنتگۆڵفیەر باڵۆنیان دروستکرد و بەرلەوەی سواری ببن، بەبێ سەرنشین هەڵیاندا و نیشاندیانەوە.  ئەمە وەک دەسپێکیک بۆ جڵەوکردنی فڕۆکەیەک بەبێ سەرنشین.  ساڵی ١٨٤٩ ووڵاتی ئۆتریش (نەمسا) بە باڵۆنی بێسەرنشین پەلاماری ئیتاڵیای دا و بۆمبارانی کرد.  دوواتریش لە سەردەمی شەڕی یەکەمی جیهانیدا، ساڵی ١٩١٧ لە بریتانیا و ساڵی ١٩١٨ لە ئەمریکا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دروست کرا کە بە شەپۆلی رادیۆ لە دوورەوە جڵەو دەکرا.  ئەمەی دووایی سەرەتای دروستکرانی درۆنی تازە بوو کە تەکنۆلۆجیای ئەلەکترۆنیی تێدا بەکارهێنرابوو.  بەڵام نەوەی تازەی درۆنەکان کە تەکنۆلۆجیای کۆمپیووتەریان تێدا بەکارهێنرا لە دەیەی هەفتا و هەشتای سەدەی رابردوودا بوو.

 واژەی (درۆن) کە لە زمانی ئینگلیسی دا بەم شێوەیە (drone) دەنووسرێت، ناوە زانستییەکەی (Unmanned aerial vehicle)ە بە واتای "گاریی بێسەرنشینی هەوایی". خودی واژەی (درۆن) لە دەنگی ئامرازەکەوە وەرگیراوە نەک لە کار و کردەوە و شێوە و قەبارەکەی. بە دەربڕێنێکی تر، ووشەی (درۆن) واتە شتێک کە ڤڕەڤڕ، ویزەویز یا گیزەگیزی لێوە دێت.

لە زووانی فارسیدا واژەی (درۆن) نەکراوەتە فارسی؛ بەڵکوو ناوە درێژەکە وەرگێڕدراوەتە سەر فارسی و رستەیەکی لێوە دروست بووە کە پاشان رستەکەیان لە پێنج پێت دا کورت کردووەتەوە؛ و بووە بە (پهپاد). رستەکە ئەمەیە (پرندە هدایت پزیر از راه دور). وەرگێڕدراوی رستە فارسییەکە ئەمەیە: باڵندە یا فڕۆکەی ئاراستەکراو لە دوور. لە عەربی دا ناویان ناوە (مسیرة) واتە رەوەک یا شتێک کە کاری رۆیشتنە.

من دوو ساڵ لەمەوبەر لە کیاستەیەکی فەیسبوک دا باسی ئەمەم کردووە و لام وایە وەرگێرانی واتای(درۆن)ی ئینگلیسی بە کوردی زۆر دژوار و چەتوون نییە، گرنگ ئەمەیە لەسەر ووشەیەک ساغ ببینەوە کە دەربڕی دەنگی کەرەستەکە بێت. لەپاڵ ڤڕەڤڕ، ویزەویز، گیزەگیز، هازەهاز، ڤنەڤن چی دەنگێکی ترمان هەیە کە گونجاوتر بێت بۆ دەربڕینی دەنگی ئەم کەرەستەیە. ئیتر پاشگرێک دەخرێتە سەر دەنگەکە و ناوی کەرەستەکە دەردەچێت. من لە نێو پاشگرە کوردییەکاندا گەڕام پاشگرێکم دەس نەکەوت لە پاشگری (ێنکە) گونجاتر بێت بۆ ئەم ناوە؛ هەربۆیە ئەو کاتە گوتم (ڤڕێنکە) ناوێکی گونجاوە، واتە شتێک کە ڤڕەی لێوە دێت. ئەمەیش لەسەر بنەمای ناوی (کزێنکە) کە جۆرە نانێکە لە هەویرێکی شل و ئاوەکی دروست دەکرێت کە دەخرێتە سەر ساج و کزەکزی لێوە دێت.


No comments:

Post a Comment