Saturday, June 22, 2024

دورگەی زەرکۆ یا زڕکۆ

 

لە ١٤٠ کیلۆمەتریی باکووری رۆژاوای شاری ئەبووزەبی و لە کەنداودایە. دورگەیەکی بچووکی شێوە هێلکەیی هەیە کە تەنیا ١٦١ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە. رووبەرەکەی نزیکەی هەفت کیلۆمەتر و نیوە. لەلای باشووریەوە بە پانیی دوو مەتر دەسپێدەکات و تا دەگاتە ئەوپەڕی باکووری دەگاتە ٤٥٠ مەتر. هیچ چەشنە درەختێکی لێ ناڕوێ جگە لە چەند جۆرە گیا و دەوەنێکی بیابانی. لێوارەکانیشی لمین و بەردەڵانە.

ئەم دورگەیە سەر بە میرنشینی ئەبوزەبییە و وەک بەشێک لە خاکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی هەژمار کراوە. ئێران لە ساڵاانی رابردوودا باسی لەوە کردووە کە ئەم دورگەیە هی ئەوانە و کار دەکات بۆ وەرگرتنەوەی؛ بەڵام بە کردەوە تا ئێستا هیچی بۆ نەکردووە.
لەبەرئەوەی ئاوی خواردنەوەی نییە و پێشتریش نەیبووە، هەرگیز ئاوەدان نەکراوەتەوە؛ بەڵکوو تا ساڵی ١٩٧٨ پەناگەی جۆرێک باڵندە بوو کە بە (کۆرمۆرانت یا شاگ) ناسراوە. سەردەمانی زوو زۆر جار راوچییانی مرواری بۆ مانەوە و پشوودان و درێژەدان بە راو و شکاریان ئەم دورگەیەیان بەکاردەهێنا. لە ساڵی ١٩٧٨ بە دوواوە کە زانرا ئەم دورگەیە نەوتی هەیە، کۆمپانیای گەشەپێدانی زادکۆ دەستی کرد بە کاری هەڵکۆڵین و بنیاتنانی بنکە و دامەزراوە و پاڵێوگە لەم دورگەیەدا. ئێستا نزیکەی ١٠٠٠ کەس کە زۆربەیان کارمەند و کرێکار و بەڕێوەبەری ئەم کۆمپانیایەن لەوێ نیشتەجێن. فڕگەیەکی بچووکیشی تێدا ساز کراوە.
شایانی باسە کە ووڵاتی ئیمارات رۆژانە ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لەم دورگە بچووکە دەردەهێنێت. لەپاڵ ئەمەدا و لە نوێترین پێشهاتدا کۆمپانیای زادکۆ تێچووی توێژینەوە و وانستەی زیندەفرەجۆریی لەم دورگەیەدا گرتووەتە ئەستۆ؛ کە مەبەست لێی بایەخدانە بە سەرژمێری و نیگاداری لە زیندەوەرەکانی ئەوێ.

No comments:

Post a Comment