Sunday, September 15, 2024

ئەددەی شێر


یەکێک لە رێبەرانی ئاسۆریی کاتۆلیکی مەسیحی بوو.  رۆژی سێی مارسی ساڵی ١٨٦٧ لە شەقڵاوە لەدابوو.  باوکی بە ناوی یاقوب کە قەشە بوو، لە منداڵییەوە ئەددەی فێری زمانی ئاسۆری و زانستەکانی دینی مەسیحی کرد... دوواتر چووە مووسڵ و درێژەی بە خوێندن دا و زمانەکانی سوریانی، تورکی، عەرەبی، فرانسەیی و لاتین فێربوو.  دووای نۆ ساڵ گەڕایەوە شەقڵاوە و خەریکی وانەبێژی بوو.  دوواتر وەک رێبەرێکی دینی چووە کەرکووک و لەوێ خووی دایە فێربوونی زمانەکانی کوردی، فارسی، عیبری، یۆنانی، ئەڵمانی و ئینگلیسی.

  ساڵی ١٩٠٢ وەک رێبەری دینی چووە شاری سێرتی باکووری کوردستان.  لەوێوە چووە ئەستەنبووڵ و لەگەڵ سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم دیداری کرد و پاشان چوو بۆ رۆما و چاوی بە پاپی رۆم کەوت.  ساڵی ١٩١٥ و لە کاتی کوشتاری مەسیحییەکاندا لەلایەن عوسمانییەکانەوە، ئەددەی شێر توانیی بە بەخشینی گوژمەیەکی زۆر دراو، ژیانی زۆرێک لە مەسیحییەکانی سێرت رزگار بکات.  پاشان خۆیشی ژیانی کەوتە مەترسییەوە و ماوەی ساڵێک لەلایەن یەکێک لە خانەدانە کوردەکانەوە پەنا درا.  سەرەنجام ٢١/٧/١٩١٥ لەلایەن تورکەکانەوە دەسگیر کرا و سەری بڕدرا.

ئەددەی شێر بەرهەمی نووسراوی جیاجیا هەیە و یەکێک لەوان دوو بەرگی مێژووی کلدۆ ئاشوورە.  هەروەها پەرتووکێک بە ناوی (زنجیرەی مێژووی کوردستان) بە زمانی فرانسەیی.  هەروەتر یەکێک لە کارە زمانەوانییەکانی ئەددەی شێر بریتییە لە واژەنامەیەک بە ناوی (واژە فارسیە عەرەبێندراوەکان) کە تیایدا سەدان ووشەی عەرەبیی شیکاریی کردووە و روونی کردووەتەوە کە لە بنەچەدا عەرەبی نین.  بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەمەیە کە  زۆرێک لەو واژانە کە فڕیان بە سەر فارسییەوە نییە و کوردین، هەر بە فارسیی هەژمار کردوون.  ئەم پەرتووکەی وەرگێڕدراوەتە سەر زووانی فارسی.


بۆ دابەزاندنی واژەنامەکەی سەردانی ئەم بەستەرەی تەلەگرام بکە


https://t.me/rojhellatinuwe/1931

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...