سەترە پۆشاکێکە لە هەموو ناوچەکانی لەک و لوڕنشین پیاوان دەیکەنەبەر. لە شانەوە تا سەروو ئەژنۆکان دادەپۆشێت و هەندێک جار ئێخە و بەرۆکی بە دوگمە دادەخرێت و شاڵیش لەسەر سەترە و لە ناوقەد دەبەسرێت.
لە ناوچەکانی تری وەک کرماشان، گەرمیان و جافەتی کەواسەڵتە یا کەوا و سەڵتە هەبوو کە رەنگە ئێستایش هەندێک بیپۆشن. لە ناوچەکانی تریش وەک موکریان کەواشۆڕە هەبوو؛ کە هەموویان لە شانەوە تا سەر ئەژنۆ یا خوارووتری دادەپۆشی. دیارە هەندێک جار ناوەکان تێکەڵ دەکرێن و لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەک دەگۆڕێن. بۆ وێنە لە هەندێک ناوچە کەواسەڵتە یەک ناوە بەڵام لە ناوچەیەکی تر کەوا خۆی جلکێکە و سەڵتەیەش یەکی ترە. یا کەواشۆرە لە هەندێک شوێن ناوی جلکێکە بەڵام لە شوێنگەلی تر کەوا جلکێکە و شۆڕەیش یەکێکی ترە.
بەڵام مەبەستی سەرەکیی من لە نووسینی ئەم کورتە نووسراوەیە ووشەکانی (سەترە) و (سەڵتە) بوو. ئەم دوو ووشەیە هەر یەکن بەڵام دەنگی (ر) ی لوڕی لە سۆرانییەکەدا بووە بە (ڵ) و پاش و پێشێکیش بە دەنگی (ت) کراوە. ووشەی سەترە دەبێ هەمان (ستر)ی عەرەبی بێت بە واتای پاراستن کە ئۆجەلانی مەزن دەڵێت لە بنەچەدا کوردییە و لە ووشەی ئەستێرەوە هاتووە. ئەمەیش بابەتێکی قووڵی مێژوویی- فەلسەفی -زمانەوانییە.

No comments:
Post a Comment