Saturday, September 14, 2024

ئەبولقاسمی بەختیار


بە داخ و کەسەرم زانی هەر وا سووک و سادە بە نووسینی دوو سێ دێر ئەم کەڵەپیاوەی گەلەکەمان بناسێنم؛ هەربۆیە گەڕام بە دووای سەرچاوەکاندا و پوختەیەکی باش لە ژیننامەی دوکتۆر ئەبولقاسمی بەختیارم کۆ کردەوە و کردمە کوردی.


ئەبولقاسم بەختیاری خەڵکی ناوچەی بەختیاری بوو. ساڵی ١٨٧٢ لە ئاوایی چغاخۆر سەر بە شاری برووجەن لە ئوستانی چارماڵی بەختیاری لەدابوو.  ئەو هەفتەمین و دووا فەرزەندی باوکی بوو کە هاتنە دنیای ئەم بووە هۆی مەرگی دایکی.  باوکی، حاجی حەسەن خانی زەرغامی کەسێکی خانەدان بوو؛ بەڵام دەوڵەمەند نەبوو چونکە خووخدەی دەروێشانەی هەبوو.  پیشەی بریتی بوو لە سەرکاروانی کردن بۆ زیارەتکەرانی کەربەلا و نەجەف.  لەبەرئەوەی حاجی حەسەن خان بە مردنی هاوسەرەکەی زۆر زویر و نائومێد بوو بۆیە تا چەند رۆژ ناوی لە کوڕەکەی نەنا.  پاشان باپیرە بۆ دامرکاندنەوەی هەستی برینداری کوڕەکەی هەڵبەستێکی لە شانامە خوێندەوە؛ بەمجۆرە ناویان لە ساواکەیان نا ئەبولقاسم؛ واتە بە ناوی ئەبولقاسمی فیردەوسییان کرد.  ئەبولقاسم بە هەتیوی گەورە بوو.  ئەو سەردەمە لە ئێران پاشناو نەبوو.  بەڵام کاتێک کە گەورە بوو خۆی پاشناوی (بەختیار)ی بۆ خۆی هەڵبژارد.  لە تەمەنی پێنج ساڵیدا ناردیانە قوتابخانە کە ئەوسا پێیدەگوترا (مەکتەبخانە).  ساڵیک دوواتر باوکی کۆچی دوایی کرد و ئەویش نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات. هەربۆیە روویکردە کاری پینەدۆزی و دەسفرۆشی و چەرچێەتی و وەرزێری و ...  


ئەو زۆر هۆگری خوێندن و فێربوون بوو؛ سەرەڕای هەموو تەنگ و چەڵەمە و کەند و کۆسپێکی ژیان، بەردەوام هەوڵی فێربوون و خوێندنی دەدا.  هەرچەندە نەیتوانی قۆناغی سەرەتایی تێبپەڕێنیت بەڵام هەرچۆنێک بوو توانیی بە خۆپەروەردەکردن ببێتە مامۆستا و فێرکار کە ئەوسا پێی دەگوترا (مەکتەبداری). 


ئەو لە تەمەنی ٣٤ ساڵیدا شاری برووجەنی جێ هێشت و رووی کردە ئیسفەهان.  ئەو ماوەیە کە لە ئیسفەهان بوو لەگەڵ بیبی ماهـ بەگم خان هاوسەری مورتەزا قوڵیخانی سەمسام ئاشنا بوو؛ کە دووامین ئێلخانی بەختیار بوو.  لەگەڵ ئەوان رێککەوت کە بەرپرسایەتیی پەروەردە و فێرکردنی کوڕەکانیان بگرێتە ئەستۆ کە لە شاری تاران لە کۆلێژی ئەمریکایی ئەلبورز دەیانخوێند.  بەم جۆرە ئەبولقاسم ئیسفەهانی بەجێ ھێشت و گەیشتە تاران. 


ئەو کۆلیژە ئەمریکاییە لەلایەن سامۆییل مارتین جۆردنەوە بەڕێوەدەچوو کە هەم مامۆستا بوو هەم بانگخوازێکی مەسیحی بوو.  جۆردن هەموو رۆژێک لە پەنجەرەی ژووری کارەکەیەوە دەیدیت گەنجێکی چوارشانەی رێکوپێک چەند منداڵێک دەهێنێتە کۆلێژەکە و بەجێیان دەهێڵێت.  رۆژێکیان کە ئەو گەنجە هاوکاریی کارگوزاری کۆلێژەکەی کردبوو لە شکاندن و هەمارکردنی دار و ئێزنگدا بانگی کردە ژوورەکەی تا سپاسی بکات.  لە میانی گفتوگۆدا لێی دەپرسێت کە بۆچی درێژە بەخوێندن نادات.  لە وەڵامدا ئەبولقاسم دەڵێت لەبەر چوونەسەری تەمەنی و گرفتی دارایی و هەروەها هەبوونی سێ منداڵ بۆی ئەستەمە درێژە بەخوێندن بدات.   بەڵام جۆردن رازی دەبێت کە خۆی لەو دەرفەتەدا کە ئەبولقاسم چاوەڕێی منداڵەکانی مورتەزا قوڵیخانە، وانەی پێ بڵێتەوە.  بەم جۆرە لە تەمەنی ٣٩ ساڵیدا و لە ماوەی چەند ساڵێکدا قۆناغەکانی خوێندن دەبڕێت و دیپلؤم وەردەگرێت.  پاشان هەر بە هاوکاریی جۆردن کاروبارەکانی سەفەر بۆ ئەمریکای بۆ رێکدەخرێت و  دەچێتە ئەمریکا و لە زانکۆی سیراکیووس دەس دەکات بە خوێندن.  لەوێش زۆر کار و پیشەی جیاواز دەکات تا بتوانێت ژیانی خۆی بەڕێوە ببات و پارەی خوێندنەکەی دەربهێنێت.  سەرەنجام لە تەمەنی ٥٥ ساڵیدا وەک یەکەمین پزیشکی نەشتەرگەریی ئێرانی فێرنامەی پزیشکی وەردەگرێت.


ئەو لەو ساڵانەدا کە لە ئەمریکا دەژیا لەگەڵ ژنێک بە ناوی هێلێن جێفریز ئاشنا دەبێت و  ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت کە تەمەی ٢٢ ساڵ بوو. دووای چەند ساڵێک ژیان و کارکردن وەک پزیشک لە ئەمریکا، ساڵی ١٩٣١ و لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا لەگەڵ هێلین دەگەڕێنەوە بۆ ئێران.  ئەبولقاسم هەفت منداڵی لە هێلین بووە.  پاشان لە تەمەی هەفتا ساڵیدا لەگەڵ ژنێکی بەختیاری ژیانی هاوبەش پێکدەهێنێت کە لەویش دە منداڵی دەبێت. ( من وەک وەرگێڕی بابەتەکە باسی ژنهێنانەکانی ئەبولقاسمم کەمێک بۆ ناڕوونە.  لەلایەکەوە دەگوترێت بەر لەەوەی دەست بکات بە خوێندن لای جۆردن سێ منداڵی هەبووە؛ واتە ئەو کاتە ژنی هەبوو. لە  ئەمریکایش ژنێکی ئەمریکایی هێناوە. دوواتر لە تەمەنی هەفتا ساڵیشدا ژنێکی بەختیاریی هێناوە.  واتە سێ ژنی هەبووە، بەڵام هێلێن وەک ژنی یەکەمی و بیبی توورانی زەرغامی باسیان لێوەە دەکرێت).  لە شاری تاران نەخۆشخانەیەکی تایبەتی دەکاتەوە و هێلینیش یەکەمین فێرگەی پەرەستاری لە ئێراندا دەکاتەوە.  ئەبولقاسم و هێلێن یەکەم کەس بوون لە ئێراندا کە بۆ یەکەم جار خەڵکیان فێرکرد چۆن شیر پاستۆریزە بکەن.  سێ ساڵ دوای گەڕانەوەی بۆ ئێران بە هەوڵی ئەم و کۆمەڵێکی تر کۆلیژی پزیشکیی زانکۆی تاران دامەزرێندرا و لەوێدا بوو بە مامۆستا.  ساڵی ١٩٣٩ وەک سەرۆکی بەشی نەشتەرگەریی نەخۆشخانەی نەوتی ئێران -ئینگلیستان چووە خووزستان؛ تا تەمەنی ٩٠ ساڵی لە ناوچەکانی خوزستان و بەختیاری خزمەتی کرد.  شایانی باسە کە هێلینی هاوسەریشی چیرۆکی تایبەتی خۆی هەیە. ئەو لە پاداشتی ئەوە خزمەت و راژەیە بە خەڵکی ناوچەکانی بەختیاریی کرد، خەڵکی ناوچەکە و پاشان بەرپرسانی ناوچەکە شاخێکیان لە نزیک گوندی مەشایخ بە ناوی هێلینەوە کرد؛ کە ساڵی ٢٠٠٧ وەک ناوچەی پارێزراوی تۆمارکرا.


دوکتۆر ئەبولقاسم ساڵی ١٩٧١ لە تەمەنی  نزیک بە ١٠٠ ساڵیدا لەسەر وەسێتی خۆی لە تووسی  مەشهەد لە نزیک گڵکۆی فیردەوسی بەخاک سپێردرا.  دوواتر هێلینی ژنی و چەند لە منداڵەکانیشی هەر لەوێ نێژران.

No comments:

Post a Comment