ئەمە زانستێکە لە حەوزە عیلمییەکانی ئیسلامیدا دەخوێنرێت.
مامۆستا لە خوێندکارەکانی پرسی: دوو کەس دەبنە مێوانتان. یەکیان پاک و خاوێنە و یەکیش دژوێن و چڵکن. من داوایان لێدەکەم بچنە حەمام و خۆیان بشۆن. ئینجا رووی کردە خوێندکارەکان و پرسیی: لاتان وایە کامیان خۆی دەشوات؟
وەڵامیان دایەوە: بە دڵنیاییەوە چڵکنەکە.
مامۆستا: نەخێر، پاکەکە خۆی دەشوات؛ چونکە خووی پێگرتووە. چڵکنەکە ئەگەر خۆی شوشتبایە دژوێن و چڵکن نەدەبوو.
مامۆستا: کەوابوو کێ خۆی دەشوات؟
خوێندکارەکان: کەسە خاوێنەکە.
مامۆستا: نەخێر، چڵکنەکە خۆی دەشوات؛ چونکە چڵکنە و پێویستیی بە خۆشۆردنە.
دیسان مامۆستا گوتی دەی باشە ئێستا بە دروستی پێم بڵێن کام میوان خۆی دەشوات؟
خوێندکارەکان یەکدەنگ گوتیان: چڵکنەکە.
مامۆستا گوتی نەخێر؛ هەردووکیان؛ چونکە خاوێنەکە خووی پێگرتووە و چڵکنەکەیش پێویستیی بە خۆشۆردنە.
ئەم جاریش مامۆستا پرسیی: دەی ئێستا کامیان خۆی دەشوات؟
خوێندکارەکان بە پەشۆکاوییەوە گوتیان: هەردووکیان. مامۆستا گوتی: نەخێر. هیچکامیان؛ خاوێنەکە پێویستیی پێ نییە و چڵکنەکەیش خووی پێنەگرتووە.
خوێندکارەکان دەستیان کرد بە رەخنە و گازندە لە مامۆستا و گوتیان هەرچی ئێمە دەیڵێین تۆ رەتی دەکەیتەوە و شتێکی تر دەڵێیت.
مامۆستا گوتی: بەمە دەڵێن سەفسەتە. واتە چیت بوێ و لە بەرژەوەندیت بێ، ئەو دەسەلمێنیت.
لە فارسییەوە کردمە کوردی

No comments:
Post a Comment