Saturday, September 14, 2024

مەزےمووڼ


هاوڕێیەکی لوڕ ئەمەی گيڕایەوە. 

کابرایەکی پاپی هەبوو ناوی (محەممەد زەمان) بوو. پاپی ناوی تیرەیەکی لوڕە لە لوڕستان و خووزستان نیشتەجێن.  کورتەی ئەم ناوە درێژە لە لوڕیدا دەبێتە (مەزمووڼ). دووا پیتی (ڼ)یش ناخوێنرێتەوە.   کابرایەک بوو لەوەتەی هەبوو کەس ووشەیەکی راستی لێ نەبیستبوو. ئامۆزایەکی هەبوو ناوی عەوداڵ بوو.  پێی گوت وەرە بتبەمە مەشهەد، حەرەمی ئیمام رەزا بەڵکوو ئەو درۆیانە تەرخ بکەیت.  هەرچۆنێک بوو رێککەوتن و بردی.  کە چوونە ژووری حەرەمی ئیمام رەزا، عەوداڵ گوتی: ئیمام رەزا ئەوا مەزموونم هێناوە. یا ئەو درۆیانەی پێ تەرخ بکە، یا بیکوژە لە کۆڵ ئێمەی بکەوە، ئابڕووی ئێمەی بردووە بەم هەمکە درۆیانەی.  لە نێو حەرەمەکەدا شووشەیەکی ئەستوور هەیە کە دیوی ژنان و پیاوان لە یەکتری جیا دەکاتەوە.  عەوداڵ دیتی مەزمووڼ هەر دەست بە شووشەکەدا دەماڵێ. تومەز سەیری ژنەکان دەکات و چاوچەرانی دەکات.   لێی پرسی: ها مەش مەزمووڼ بۆ دەس بەو شووشەیەدا دەماڵیت؟ خێرە؟  مەزمووڼ گوتی:  کاکە چی بڵێم؟ جنسی ئەم شووشەیە رێک لەو شووشەیە کە لە ماڵەوە هەمانە.  عەوداڵیش بە هەرچی هێز و هرنگی لە قوڕگیدا بوو بەسەریدا گوڕاندی و گوتی: هەی سەگی سەگباب لە حەرەمی ئیمام رەزایشدا درۆ دەکەیت؟! خەریک بوو لە سەرو سەکوتی یەکتری بدەن. خەڵک چوونە نێوانیانەوە. مەزمووڼ هەتا مرد وازی لە درۆ نەهێنا.

No comments:

Post a Comment