چەند رۆژێ لەمەوبەر سەیری ڤیدیۆیەکم کرد کە دیمانەیەک بوو لەگەڵ پزیشکێک بە ناوی دوکتۆر شوان عوسمان کە دەیگوت نامیلەکەیەکی داناوە سەبارەت بە (قەستەڕە). ئەو دەیگوت هەوڵیداوە لە بەرامبەر واژە بیانییەکاندا واژەی کوردی بەکاربهێنێت. وەک نموونە باسی لە یەک لەو واژانە کە کردوویەتی بە کوردی؛ ئەویش واژەی (قەستەرە یا قەثتەڕە)یە. دوکتۆر شوان دەڵێت ئەم ووشەیە عەرەبییە و حەزی نەکردووە ووشەی عەرەبی لە کوردیدا بەکاربهێنێت. هەربۆیە گەڕاوە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا واژەی (تاڵدان)ی دۆزیوەتەوە و بە واتای قەستەڕەی عەرەبی لە پەرتووکەکەیدا بەکاری هێناوە. دیارە، من لە ژێر ڤیدیۆکەدا کورتە سەرنجێکم بۆ نووسی. وا ئێستایش لێرە بە درێژی روونی دەکەمەوە کە هەڵەی ئەم پزیشکە بەڕێزە لە کوێدایە.
تاڵ دان یا تاڵ دایین فرمانە. کاتێک بە گەڵوان و مازووی هاڕدراو پێستی ئاژەڵ خۆش دەکرێت پێیدەڵێن تاڵ دان. کەواتە لە دەباغدان و خۆش کردنی پیستی ئاژەڵ، دوور و نزیک هیچ پەیوەندییەکی بە قەستەڕەو و شێوازی کارەکەیەوە نییە.
بەڵام واتای قەستەرە چییە؟ قەستەرە واژەیەکی عەرەبی نییە؛ بەڵام بە گۆڕینێکی زۆر ساددە عەرەبێندراوە. (کاثێتەر)ی ئینگلیسی کە بە رەچەڵەک یۆنانییە کراوەتە قەستەڕە یا قەثتەڕە. عەرەب وەک ئێمە نییە؛ کاتێک ووشە دەعەرەبێنێت، بەکاریشی دەهێنێت. ئێمە ١٠٠ ساڵە (ئۆتۆمۆبیل)مان کردووەتە (ترومبێل) کەچی پێمان شەرمە بەکاری بێنین.
کاثێتەری یۆنانی لەمێژە بە واتای هەڵچۆڕاندنی پێشاو لە میزڵدان بەکاردەهێنرێت. واتە کاتێک مارپێچێکی باریک دەکرێت بە میزەڕۆی مرۆڤدا تا پێشاو لە میزڵدان بهێنێتە دەرەوە، پێیدەگوترێت (کاثيتەرایزەیشن).
لەم ساڵانەی دوواییدا کە زانستی پزیشکی گەیشتە ئاستێک کە شاڕەگەکانی دڵ لە کاتی داخراندا لە رێگەی مارپێچێکی زۆر باریکەوە واز بکات، بەم کردە و پێواژۆیەیش گوترا (کاثیتەرایزەیشن). واتە ئەو مارپێچە زۆر باریکەی تەلێکی زۆر باریکتری تیادایە و لەرێگەی شاڕەگەوە دەگەنرێتە نێو دڵ بۆ وازکردنی رێڕەوی هاتوچۆی خوێن پێی دەگوترێت (کاثیتەر).

No comments:
Post a Comment