Monday, December 15, 2025

چووچ


چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام لە لوڕیی باشووردا بە درەختێک دەگوترێت کە چڵ و پەلە باریکەکانی دەکرێتە فڵچە بۆ شۆردنی ددان. بە عەرەبی (شجرة الاراک)ی پێدەگوترێت؛ بە فارسییش پتر وەک درەختی (میسواک) ناسراوە.  لە ناوچەکانی لوڕستانی باشوور، ئەو ناوچانەی کە بە (لارستان) ناسراوە و دەکەونە باشووری شیراز دەڕوێت.  ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (Salvadora persica).

هێژمۆنی


 ئەم واژەیە لە ئینگلیسی دا وەک هێجیمانی بێژە دەکرێت. عەرەب عەرەباندوویەتی و کردوویەتی بە (هەیمەنە). فارس هەر هەمان واژە بە شێوەی دەربڕینی فرانسەیی بەکاردەهێنێ کە بریتییە لە (هێژمۆنی). کوردیش فرانسەییەکەی لە رێگەی فارسییەوە وەرگرتووە و وەک هێژمۆنی یا هەژموونی بەکاریدەهێنێت. ووشەکە لە (هێگیمۆنیا)ی یۆنانییەوە وەرگیراوە. لە یۆنانی دا واتە هێز، دەسەڵات، دەسڕۆیشتوویی، سەروەری، رێبەری. بۆ وێنە بە واتای هێز و رێبەری کردنی دەوڵەت -شارێک بەسەر دەوڵەتشارێکی تردا بەکارهێنراوە. (هێگیمۆنیا) لە فرمانی (هێگیستای) وەرگیراوە بە مانای رێبەریکردن. گومان دەکرێت کە (هێگیستای) لە واژەی (ساگ - ئیۆ)ی پرۆ هیندۆ ئەوروپایی وەرگیرابێ؛ بە واتای شۆپاندن، شوێنهەڵگرتن، سۆراخکردن.

بە بڕوای من رەگی ئەم واژەیە (هێز) ی کوردییە کە هەم لە مانادا و هەم لە بیچمدا لەتەک یونانییەکە یەک دەگرنەوە. وەک دەبینین رەگی ووشەکە لە یۆنانیدا بریتییە لە (هێگ). گۆڕانی دەنگی (ز) بۆ (گ) لە نێوان کوردی و زووانە ئەوروپاییەکاندا زۆر ئاساییە و نموونەمان زۆرە. وەک ماگنا = مەزن. گۆڵد = زەرد. بڕوام وایە لە کوردیدا ووشەی هێز لەگەڵ پاشوەندی (مانە) کە دەبێتە (هێزمانە) بەکاربهێنرێت واتای کتومتی (هێگیمۆنیا)ی یۆنانی و ئەوروپایی دەدات بە ریشە و بیچمی کوردییەوە.

بڵێسە



واژەکانی بڵێسە، بڵاچە، بلاز و بلیز لە سۆرانی و لوڕیدا هاوڕیشەن لەگەڵ (Blitz) و (Blaze)ی ئینگلیسی. واژە ئینگلیسییەکە ئێستا زۆرتر بە واتای خێرا بەکاردەهێنرێت بەڵام لە بنەڕەتدا مانای پەلاماردانی دەستوبرد یا تێڕۆهاتنی هەبووە. ووشەکە لە ئەڵمانیدا بریتییە لە (Blitzkrieg) بە واتای پەلاماردانی خێرا و دەستوبرد و لە واژەی ئەڵمانیی ناوینی (Blicze) وەرگیراوە؛ بە واتای ترووسکەدان. ئەمیش لە ئەڵمانیی کۆن وەرگیراوە.
ئەگەر سەرنج بدەین ریشەی کوردییەکە و ئەڵمانییەکە هەر یەکن تەنانەت ووشەی (لەز)ی کورمانجیش کە واتای خێرا و دەستوبرد دەدات، بۆی هەیە هاوڕیشەی ئەم ووشەیە بێت.

شیلاجیت


 

ماددەیەکە لە بەرزەڵانەکان لە کەلێنی تاوێر و ئەشکەوتەکان دەردەفیچقێ و بە بەردەکانەوە دەنووسێت و ووشک دەبێت. رەنگی قاوەیی تۆخ یا رەشە. ماددەیەکی تاویانۆکە واتە لە ئاودا دەتوێتەوە. لە کۆنەوە وەک دەرمانی نەریتی بەکارهێنراوە هەرچەندە هیچ سەرچاوەیەکی زانستی نەیپەسەندووە. لە کوردستان بەیتاڵ و دەرمانگەرەکان بۆ هەڵبەستنەوەی شکستی بەکاریانهێناوە. شیلاجیت دووای تواندنەوە لە ئاودا، دەپاڵێورێت و دەکوڵێنرێت و ئینجا لەبەر خۆر ووشک دەکرێتەوە و بە ووشکی هەڵدەگیرێت. شیلاجیت، مۆمیا یامۆمنایی یا موملایشی پێدەگوترێت.




Sunday, December 14, 2025

ئادەم



زۆرینە بڕوا دەکەن کە ئەم ناوە واژەیەکی زمانە سامییەکانە؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە ئارەوی نییە هەرچەندە سەرچاوە ئیسلامییەکان دەڵێن لە (ادیم الارض)ەوە هاتووە. لە عیبریدا ئەدم، ئەدەم، ئەدەمە واتە خاک، زەوی. لە ئەکەدیدا ئادەموو یانی خوێن. لە زووانی کەنعانیدا ئادەم یانی مرۆڤ. لە سانسکریتدا ئەدەم یانی رامکردن و جڵەوکردن لە ئاڤێستادا ئایودامەن یا ئەیودامەن هەیە بە واتای یەکەم ئافرێنراو؛ گوایە پەیوەندیی هەیە بە ناوی ئادەمەوە..
من لام وایە ئادەم لە ووشەی ئاد بە واتای ئەو یا ئادا/ئاڏای کوردییەوە وەگیراوە بە مانای دایک یا داپیر؛ و پاشوەندی (م)ی وەرگرتووە. لێرەدا ئادەمی پیاو وەک رێز پلەی بەرزی لە ئاستی دایکدا پێدراوە. پێدەچێ واژەکە زۆر زۆر کۆن بێت و ئەو سەردەمە هاتبێتە کایەوە کە ژن پێگەی بەرەو لاوازی چووە و پیاو بەسەریدا زاڵ بووە وەک سەردەمی سومەری
پاشوەندی (م) لە زۆر واژەی تری کوردیدا هەیە بۆ وێنە.
قەڵەم، ئارەوی نییە بریتییە لە کەل +ەم. خزم بریتییە لە خێز +م. مەردم بریتییە لە مێرد/مەرد + م. گەرم بریتییە لە گڕ +م و تاد..

Saturday, December 13, 2025

قەڵەم

 

واژەی قەڵەم لە بنەرێتدا عەرەبی نییە و بە گۆڕینی پیتی (ک) بۆ (ق) عەرەبێندراوە. لە زمانی سانسکریت دا واژەی (کەلەمە) هەیە بە مانای قەدی گیا یا قامیش. لە زووانی کوردیدا واژەی (کەل)مان هەیە بە مانای پارچە چڵ و پەلی دار و دەوەن. هەندێ جار وەک (کەڵ)یش بێژە دەکرێت. رەنگە (لک) و (کەل) هەڵگەڕاوەی یەکتری بن؛ جا کامەیان کۆنترە ئەمە بابەتێکی ترە. کەل وەک زۆر ووشەی تر پاشوەندی (م یا ەم)ی وەرگرتووە و بووە بە (کەلەم). پاشان ووشەکە چووەتە نێو زمانەکانی ترەوە و بووە بە (قەلەم).



Wednesday, September 18, 2024

شڕواڵ


 

شڕواڵ، شەڕواڵ، سرواڵ، سربال، شلوار، شاڵوار، شەڵوار، شەواڵ، شواڵ..

ریشە و بنەچەکەی بریتییە لە (شاڵ). (شاڵ) لە کوردی دا زۆر واتای هەیە. بۆ وێنە، پشتێن، سەرپۆش، قوماشی مەرەز، پشتێنی سەیید، چۆغە، قوماش بە گشتی و.. (وار) پاشوەندە، لە دەیان ووشەدا هەمانە وەک نوشتەوار، زیندەوار، گردەوار، دەستەوار و .. بە گشتی شاڵوار واتە شتێک لەشێوەی شاڵ یا دروستکراو لە شاڵ.
شاڵ+وار چووەتە نێو زمانەکانی فارسی، تورکی و عارەبییەوە و بە گوێرەی زمان و شێوەزارە جیاوازەکان گۆڕانی بەسەردا هاتووە و لە بیچمی جیاجیادا خۆی دیتووەتەوە. تەنانەت لە هەندێک بارودۆخ دا ئاڵوگۆڕ بەسەر واتاکەیشی دا هاتووە.

Sunday, September 15, 2024

قاویتی لوڕی

 هاوڕێم مامۆستا عەلی کوردعەلیوەند بەم جۆرە باسی دروسکردنی کرد.


قەزوانی وورد و ناسک لەبەر خۆر ووشک دەکرێتەوە و پاشان لەسەر ساج بۆدەدرێت و وورد وورد بە جۆنی دەهاڕدرێت. دووایی گەنم دەکرێتە نێو شیرەوە و پاش خووسان و نەرمبوونی، لەبەر خۆر ووشک دەکرێتەوە کە پێیدەڵێن گەنمەشیر. پاشان بۆدەدرێت و لە بە جۆنی وورد دەکرێت. ئینجا هەرکام لە قەزوان و گەنمەشیرەکە تێکەڵ دەکرێن؛ زافەران و گوڵاو و تەنانەت لە هەندێ ناوچە زەردەچێوەیشی تێدەکرێت و دۆشاویان لێدەدرێت و بە دەس هەڵدەشێلدرێن تا جوان یەکدەگرن. لە دووا هەنگاودا سەلک سەلک دەکرێت و ئامادە دەبێت بۆ خواردن.

کول



کول لەم ووشانەی خوارەوەدا واتە ئێش و ژان. 

کول و کەسەر، کول و کۆڤان، کولەمەرگی، دەرد و کول، دەم کولی، کولانەوە، کولاندنەوە.  

رەنگە کول لەگەڵ گل دا هاوڕیشە بێت کە ئەمیش مانای ئێش و ژانە.

دۆزرانەوەی بۆمبێکی تەمەن ٦٠ ساڵی


دوێنێ رەسانەگەلی ئێرانی ڤیدیۆیەکیان بڵاو کردەوە کە لە کاتی هەڵکەندنی هێڵی لوولەی گاز  لە ئوستانی فارس بۆمبێکیان دۆزیوەتەوە کە هی شەڕی ساڵی ١٣٤٢ (١٩٦٣) و نەتەقیوە.  لە گۆر نووچەگەهانی ئیرنا،  بۆمبەکە لە ئاوایی ئەمیر ئەییوب رۆستەم و لە قووڵایی یەک مەتردا دۆزراوەتەوە؛ و هەرێنە ئەمڕۆکە تیمێکی تایبەتی پووچەڵکردنەوەی بۆمب بچنە شوێنەکە و پووچەڵی بکەنەوە. 

شایانی باسە کە ساڵی ١٣٤٢ (١٩٦٣)  حەمەڕەزا شای گۆڕکراو لە سەروبەندی چاکسازیی زەویوزاردا و لەو کاتەدا کە دەیوست چەک لە هۆزەکان دابماڵێت رووبەڕووی بەرخۆدان و بەرهەڵستیەکی بەبڕشت بوویەوە لە ناوچەکانی فارس و بۆیرەمەد.  ئەمەیش وای کرد کە زۆر بێبەزەییانە هێرشێکی هەمەلایەنە و بە هەموو جۆرە چەکێک بکاتە سەر جەماوەری ئەو ناوچانە؛ و کوشتارێکی زۆری بێبەزەییانە بکات. کە دوواتر لە مێژووی تازەی ئەم وەڵاتەدا بە (شەڕی گوجستان) ناسرا.

چاپ


تەمەنی واژەی چاپ رەنگە ٧٠٠ تا ١٠٠٠ ساڵ بێت.  لە گۆر سەرچاوەکان، ساڵی ١٢٩٥ی زایینی ئێلخانی مەغۆل گیخاتو خان کە فەرمانڕەوای ئێران بوو، بە چاولێکەری لە کوبلای خانی مەغۆل کە ئەویش فەڕمانڕەوای چین بوو، پارەی کاغەزی دروست کرد.  نزیکەی بیست ساڵێک پێشتر کوبلای خان پارەیەکی لە چین دروست کردبوو بە ناوی (چاو) کە زۆر بە باشی کاروبارە دارایی و بازاڕوانییەکانی ئەوێی راییکردبوو.  گیخاتوو خانیش لاسای ئەوی ئەوی کردەوە و لە شاری تەورێز بنکەیەکی بۆ دروس کردنی چاو دامەزراند کە ناوی لێنرا چاوخانە.  چاو پارچەیەکی کاغەزی یا چەرمی بوو لە دیوێکی ناوی گیخاتووخانی لەسەر نووسرا بوو، هەروەها دەستەواژەی (لا الە الا اللە، و محمد رسول اللە(ی بە زمانی چینی لەسەر نووسراوبوو.   لە دیوەکەی تری نووسرابوو بە فەرمانی شای جیهان ساڵی ٦٩٣ ئەم چاوە رەوایەتی پێدراوە و هەرکەس ساختەکاریی تێدا بکات بە ماڵ و منداڵەوە سزا دەدرێت و هەموو داراییەکەی لێدەسەنرێت. گوایە ووشەی چاپ و چاپخانە لە چاو و چاوخانەوە لەوساوە دروست بوون.

 

لە گۆر چەند سەرچاوەیەکی تر پێش ئەم سەردەمەیش ووشەی چاپ هەبووە و شان بە شانی ووشەی تەبع (طبع)ی عەرەبی بەکارهێنراوە.  لە بنەڕەتدا لە واژەی (چەهاپ، چەهاپا، چەهاپەخانە، چەهاپاتی، چەهاپتا)ی هیندییەوە وەرگیراوە.  ئەو نووسەر و گەڕیدە ئێرانییانەی پەرتووک و بڵاڤۆکی چاپکراوی میسر و عوسمانییان دیتبوو بەم کارەیان دەگوت تەبع؛ بەڵام ئەوانەی لە هیندوستان دیتبوویان، پێیان دەگوت چاپ.  چونکە هەر کام لە میسر و عوسمانی و هیندوستان پێش ئێران پەرتووکیان تێدا چاپ دەکرا.  چاپ لە زمانی هیندی دا بە مۆر یا مۆرکردن دەڵێن.  زۆر پێش ئەو سەردەمانە لە هیندوستان قوماشیان بە قاڵبی لە چێو هەڵکەنراو مۆر دەکرد و بە رەنگی جیاجیا دەیانڕازاندەوە؛ بەم کارەیان دەگوت(چەهاپانیا( یا (چەهاپارە).  ئەم کارە هاوشێوەی دروسکردنی پارە بوو.  ئیتر ئەم ووشەیە بە کەمێک گۆڕان لە واتا و بێژەکردن دا بووە بە چاپی ئێستامان.

یەزیدی کوڕی معاویە


 تا ئێستا زانیوتە یەزیدی کوڕی معاوییەی کوڕی ئەبوسوفیان شاعیر بووە؟

(الا یا ایها الساقی ادر کاسا و ناولها)ی حافزی شیرازی لە یەکێک لە هۆنراوەکانی یەزید وەرگیراوە. هەربۆیە حافز لەسەردەمی خۆیدا لەلایەن مەلاکانەوە زۆر دژایەتی کراوە. تەنانەت تا سەردەمی پەهلەوی چەندین جار بە فەتوای مەلاکان گڵکۆکەی تێکدراوە. بە بڕوای هەندێک لە حافز ناسان، حافز بە مەرگی ئاسایی خۆی نەمردووە و بەهۆی بیروباوەڕەکەیەوە و بە فەتوای مەلا بناژۆکان کوژراوە.


ئەمە هۆنراوەکەی یەزیدە:


انا المسموم ما عندى بتریاق و لا راقى

أدر کأسا و ناولها الا یا ایها الساقى‏.

کاڤیار


ئەم رۆژانە لە دەزگا رەسانەییەکانی باشوور ووشەی (کاڤیار)م بیست کە مەبەست لێی گەرای ماسییە. 

واژەکە لە تورکیی عوسمانیدا (خاڤیار) بووە و وەک خۆی گوازراوەتەوە بۆ فارسی کە بە (خاویار) دەینووسن چونکە پیتی (ڤ) لە فارسی دا نییە. 

لە رێگەی فارسییەوە گوازراوەتەوە بۆ زووانە ئەوروپاییەکان و بووە بە کاڤیار و.. لە رۆژهەڵاتیش هەموو کورد دەڵێن (خاویار) بەڵام رەسانەگەلی باشوور شێوە ئەوروپاییەکەی فێری خەڵکی دەکەن و دەڵێن (کاڤیار). 

ریشە و بنەچەی کاڤیار لە راستیدا (خا)ی کوردییە. خا واتە هێلکە. خاگینە واتە هێلکەوڕۆن. (خایە) واتە (باتوو/گون) کە ئێستا لە فارسی دا بەکاردەهێنرێت. بەشێوی (هاگ، هێگ)یش هەیە کە بە واتای تۆوی کارگ و هەندێ رووەک بەکاردەهێنرێت.  خاویار یا خایار یا خاڏار، خاوار واتە شتێک کە لەشێوەی خا یا هێلکەیە.

خورمای قەسر


قەسری شیرین یەکێک لەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی کوردستانە کە زۆرترین خورمای لێ  بەرهەم دەهێنرێت. رووبەری ٩٠٠ هیکتار لە خاکی ئەم ناوچەیە کراوەتە باغی خورما و یازدە جۆر خورمای جیاوازی لێ بەرهەم دەهێنرێت.  ئەمساڵ هەرێنە کە فێستیڤاڵێکی تایبەت بە بەرهەمی خورما لە قەسری شیرین ساز بکرێت و لە ئێستاوە ئامادەکاریی بۆ کراوە.   شارەزایانی کشتوکاڵی دەڵێن ساڵانە نزیکەی ٢٠٠٠ تۆن خورما لەم ناوچەیەی رۆژهەڵات دێتە بەرهەم.

ئیبراهیم خانی نادری کێ بوو؟

ئیبراهیم نادری کوڕی باوکێک بە ناوی فەیزوڵڵا نادری فەیلی و دایکێک بە ناوی نوقرە بوو. ( لە پەرتووکەکەی کاک فاڕووق فەرهاد دا بە هەڵە ناوی دایکی بە فەرەقە نووسراوە. ) بە گوێرەی وەڵاتینامە ئێرانییەکەی ٦/٤/١٩٢١ی هەتاوی لە خانەقین لەدابووە.  وەڵاتینامە ئێرانییەکەی ساڵی ١٩٣٠ لە سنە بۆ دەرچووە.  خوێندنی قوتابخانەی لە خانەقین تا پۆلی یازدە تەواو کردووە. 

ئەو جیا لە زوانی داڵگیی خۆی فارسی، عەرەبی، و ئینگلیسیشی زانیوە. 

ساڵی ١٩٣٨ لە زانکۆی ئەفسەریی تاران دەرچووە و دوواتر زۆر بەرپرسایەتیی گرنگی لەشکریی لە ناوچە جیاوازەکانی ئێراندا پێدراوە. دوو پەرتووکی لە بوواری لەشکریدا نووسیوە کە هەر ئەو سەردەمە زانکۆ بڕیاری داوە چاپیان بکات و لە ساڵی یەکەمی زانکۆدا بە خوێندکاران بگوتريتەوە.  

پلەی سەروانی بەدەس هێناوە و بووەتە مامۆستای زانکۆی ئەفسەری. 

ساڵی ١٩٤٥ لەسەر داوای خۆی واز لە کاری لەشکری دەهێنێت و روو دەکاتە نووسین و سیاسەت.  سەبارەت بە گرفتی گەورەی سیاسیی ئەوسای ئێران واتە کۆماری کوردستان و ئازەربایجان و رێچارەیان بابەت دەنووسێت. یەکەم جار ساڵی ١٩٤٦ دەچێتە مەهاباد کە کۆمار تیایدا دامەزرابوو و کورد تیایدا دەسەڵاتدار بوو.  لەوێ پێشوازیی گەرمی لێدەکرێت و وەک خەڵکی کرماشان دەناسرێت.  هەر ئەوسا وەک جێگری فەرمانگەی فەرهەنگیی کۆماری کوردستان دەسنیشان دەکرێت. ( کاک فارووق نووسیوێتی سەرۆکی گشتی فەرهەنگی کۆماری کوردستان بووە بەڵام من شتێکی ئەوتۆم لە پەرتووکەکەدا نەهاتە بەر چاو. ). 

ئیبراهیم خان چەند بابەتێکی بەپێزی بە کوردی و فارسی لە رۆژنامەی کوردستانی زمانحاڵی کۆمار دا چاپ و بڵاو دەبێتەوە.  ئەو بابەتگەلی مێژوویی لە کوردی و عەرەبییەوە وەرگێڕاوەتە سەر فارسی و لە بڵاوکراوە فارسییەکانی تاراندا بڵاوی کردووەتەوە. 

دوای رووخانی کۆماری کوردستان ماوەی دوو ساڵێک زیندانی دەکرێت؛ و پاش ئازاد کرانی، پەڕیوەی باشوور دەبێت. لە رێگەی بەغداوە و بە پاسپۆرتێکی ئێرانی کە پێدەچێت ساختە بووبێت، دەچێتە سووریا و لە کۆمپانیای لوولە نەوتی ئێراق ـ سووریا وەک دیلمانج وەردەگیرێت. ئەو سەردەمە سووریای تازە دامەزراو پێویستیی بە ئەفسەری راهێنەر و راوێژکاری لەشکری دەبێت و خەڵکی بیانیش دادەمەزرێنێ؛ هەربۆیە لەوێ کاری دەسدەکەوێت و بە پلەی سەروان دادەمەزرێت. دواتر بە هەمان شێوە دەچێتە عەرەبستانی سەعوودیش و لەوێش وەک کارمەندی پلەی یەکی  هێڵاسنی حکومەتی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو کار دەکات. 

ئەو کاتە کە لە شام بووە ژینی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی دەوڵەمەند بە ناوی هەنە پێکدەهێنێت؛ و دوو کچی لەم ژنە هەبووە بە ناوەکانی نەسرین و نەرمین کە ئێستا لە تورکیان.  پێشتریش لەبەرئەوەی تاقانە بووە دایک و باوکی لە تەمەنی شازدە هەڤدە ساڵیدا ژنێکی بۆ دێنن بە ناوی سەڵتەنە کە لەویش کوڕێکی بە ناوی محەممەد هەبووە کە مردووە و کچێکیشی هەبووە بە ناوی مەهیندۆخت.

رۆژنامەی (القبس) رۆژی ٢٦/٢/١٩٥٦ لە نووچەیەکدا نووسیی کە بەهۆی برووسکەوە فڕۆکەیەکی سووریا لە ئاسمان دوولەت بووە و تەنیا سەرنشینێکی کە ژنێکی کارگوزار بووە پەرجووئاسا رستاوە. سەرنشینەکانی تر بە تیمی فڕۆکەوانیشەوە (کە ژمارەیان ١٩ کەس بوو) هەموویان کوژراون.  ئیبراهیمی نادری یەکێک بوو لە سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیە پێشتر دوای تەواوبوونی کارەکەی لە عەرەبستانی سەعوودی و گەڕابوویەوە بۆ سووریا و لەم سەفەرەدا کە لە حەلەبەوە دەچوو بۆ شام تووشی ئەم رووداوە ماتەمینە بوو.  (شایانی باسە کە  رووداوی تێکشکانی فڕۆکەکە رۆژی ٢٤/٢/١٩٥٦  روویداوە. شایانی باسە کە جۆری فڕۆکەکە داکۆتا بووە و رۆژنامەی الاخبار نووسیبووی فڕۆکەکە لە قامیشلوو بەرەو شام فڕیوە). 


سەرچاوە:

پەرتووکی: برایم نادری، نووسەر، وەرگێڕ و سەرۆکی گشتی فەرهەنگی کۆماری کوردستان

ئامادەکردنی: فاڕووق فەرهاد 

ساڵی ٢٠٢١

ئوستوورە


لە فارسی و عەرەبیدا بە (اسطورە) دەنووسرێت.   ماناکەی بریتییە لە چیرۆک و داستانی خەیاڵی کە ئێمە لە کوردیدا واژەی ئەفسانەی بۆ بەکاردەهێنین.  زۆربەی ئوستوورەکان لەسەر بنەمای راستین بەڵام لە دريژەدا کراون بە خەیاڵی. ووشەی ئوستوورە نە عەرەبییە و نە فارسی؛ لە هەموو زووانە ئەوروپاییەکاندا بە شێوەی جیاجیا هەیە. لە فرانسەیی کۆندا گوتراوە ئیستوار یا ئیستۆری. لە لاتین دا بریتییە لە هیستۆریا کە راستەوخۆ و بێ دەسکاری لە یۆنانی وەریگرتووە.  لە هەموو زمانە ئەورپاییەکان دا واتای چیرۆک، بەسەرهات، رووداو و .. دەدات.  ریشەی یونانییەکەیش لە وەید -تۆر ی هیندۆ -ئەوروپایی کۆندایە. 

بە بڕوای من رەگ و ریشە و ماکەی ئەم واژەیە بریتیە لە (ویت)ی کوردی بە واتای گوتراو.

رۆ


 رووانسەر، سیروان، دووروود، دوورۆ

رووانسەر: پێکهاتووە لە رۆ +ان + سەر. واتە سەرچاوەی رووباران.  ئەم رووبارەیش بریتییە لە رووباری خوەرەسوو کە لە نزیک ئەم شارەوە سەرچاوەدەگرێت.


سیروان: پێکهاتووە لە سێ +رۆ +ان.  واتە سێ رووبار.  ئاوەکانی گاوەرۆ، قشڵاخ و ژاوەرۆ و چەند ئاوێکی تر یەکدەگرن رووباری سیروان پێکدەهێنن.


دووروود: ناوی شارێکە لە ئوستانی لوڕستان.  هاوکات دوورۆیش ناوی گوندێکە لە هۆرامان. دوورۆی هۆرامان بە ناوی شێخانی نەقشبەندییەوە بەناوبانگە.  هەرکام لەم دووانە بە هۆی هەبوونی دوو ئاو لە نزیکیانەوە ناوەیان لێنراوە.


ڤیبووتی


لە هیندوستان پاشەڕۆی مانگا دەسووتێنن و دووای ساردبوونەوە کە خۆمان پێی دەڵێین خۆڵەکەوە یا خۆڵەمێش یا مشکی جوان دەیهاڕن و ئاڵەبێژی دەکەن؛ پێی دەڵێن ڤیبووتی کە لای ئەوان تۆزێکی پیرۆزە. وەک بەشێک لە نەریتە دینییەکانیان پەنجەیان لە ڤیبووتی دەدەن و سێ هێڵی ئاسۆیی بە هەنیە یان هەر بەشێکی تری لەشیان دا دەهێنن.

بەردەگۆڕ یا بەردەگاور


لە گەرمەی گفتوگۆمان دا لەگەڵ هاوڕێیەکی لوڕ، گوتی دەزانم کورد و لوڕ یەکن و لوڕ بەشێکە لە کورد، بەڵام ترسی من ئەمەیە کە ئێمە بە لک و خۆتان بە بنەچە هەژمار بکەن؛ من دڵنیام کە ئێمە بنەچەین.  لوڕ یەکەم جار زاگرۆسی ئاوەدان کردووەتەوە و پەلی هاویشتووە بۆ ناوچەکانی تر و هۆبە و تیرە و خێڵی جیاوازتری لێکەوتووەتەوە.  لە رووی نەژادیشەوە ئێستا ئەوەی زۆرتر بە پاکی و پەتی ماوەتەوە لوڕە؛ کە بە هۆکاری جۆگرافیایی لەتەک تورک و ئەرمەن و قەوقازی و عەرەب و ئاسۆریدا تێکەڵ نەبووە..


ئەم ووتەیەی هاوڕێ لوڕەکەم راستیی زۆری تێدایە و من وەک خۆم رەتی ناکەمەوە و دەیپەسەندم.  هەبوونی ئیلامی و کاسییەکان لە جەرگەی زاگرۆس دا و لە پێش مادەکان گەواهیی زۆر راستی دەدات.  بە ووتەی مێژووزانان، ئیلامی و کاسییەکان ئاریایی نەبوون؛ بەڵکوو نەژادی رەسەنی زاگرۆسی بوون.  شارستانییەتی کاسی و ئیلامی شتێکە کە نابێ بکەوێتە ژێر سێبەری مادەکانەوە و پەراوێز بخرێت.  نزیکی و هاوسنووریی ئیلامییەکان لەگەڵ سوومەر بایەخی زۆری هەیە و لەیەکچوونەکانیان لەبارەی دین و نەریتەوە بۆی هەیە بەڵگەی یەکبوونیان بداتە دەستەوە.


ئەم ناوچانەی کە لە کۆندا پێیان گوتراوە ئیلام، سەرەڕای تێپەڕینی هەزاران ساڵ و سەرەڕای ئەو هەموو تاڵانی و کاولکارییەی بە دەستی بێگانە و خۆماڵی تێیاندا ئەنجام دراوە، هێشتا پڕن لە ئاسەواری کۆنی سەرسوڕمێن.  یەکێک لەوانە بریتییە لە بەردەگۆڕ یا بەردەگاور.  تەنیا لە ناوچەکانی بەختیاری پتر لە ٣٠٠ بەردەگۆڕ تۆمار کراون کە هەموویان هی سەردەمانی ماد و کاسی و ئیلامین؛ ئەمە جگە لەوانەی کە لە ناوچەکانی تر هەن؛ کە بەگوێرەی راستییە مێژووییەکان سنووری دەسەڵاتی ئیلام ئوستانی فارسی ئێستایشی گرتووتەوە.  نەخشی رۆستەم کە یەکێکە لە شوێنەوارە مێژووییەکانی ئوستانی فارس، هیچ پەیوەندیی بە فارسەوە نییە بەڵکوو هی ئیلامییەکانە.


تا ئێستا رۆشن نییە ئەم بەردەگۆرانە بە چی مەبەستێک کەندراون؛ بەڵام گوایە بەهۆی زەردەشتی بوونی خەڵکەکەوە، باوەڕیان وا بووە کە لاشەی مرۆڤ لە دوای مردن ناکرێ لە خاک دا هەڵبگیرێت چونکە پیسی دەکات؛ خاکیش بەلای زەردەشتییەکانەوە یەکێک لە چوار توخمە پیرۆزەکان بووە.  لەلایەکی ترەوە کە باسی زەردەشتی بوونی ئیلامییەکان دەکرێت، خودی زەردەشتیش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.  ئایا زەردەشت کە ٦٠٠ ساڵ پێش زایین ژیاوە، چۆن دینەکەی لە سەردەمی سومەریدا بڵاو بووەتەوە کە کەمتەمەنترین سەردەمی سومەری دەکاتە ٢٠٠٠ ساڵ پێش زایین؟!

گوڵوەنی


گوڵوەنی، هەوری، سرکەیی، هێراتی، سەردەمانی کۆن لە ئاوریشم دروسدەکرا. لە کوردەواریدا پیاو و ژن بەکاریان دەهێنا. ئێستایش لە باشووری رۆژهەڵات واتە کرماشان، ئیلام، خۆرموا، خووزستان، کۊگلۆ و بۆیرەمەد، بووشێر و باشووری ئوستانی فارس  ژن و پیاو بەکاری دەهێنن.  راستە لە کوردەواریدا بەشێوەی بەربڵاو بەکاردەهێنرێ بەڵام تایبەت بە ئێمە نییە، تورک و عەرەب و فارس و زۆر گەل و نەتەوەی تریش بەکاریانهێناوە و دەهێنن. 


هەندێک باس لەوە دەکەن کە مێژووی دروست کرانی گوڵوەنی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر و گوایە بە وتەی دیاکۆنۆڤ بەڵگەی وا لە مادەکانەوە جیماوە کە نیشانی دەدات مێزەر و سەرپۆشی گوڵداریان بەستووە.  زۆر کۆشام تا بزانم لە کوێ دروسدەکرێت، بەڵام زانیارییەکی ووردم دەسنەکەوت.  دیارە لە ئازەربایجانیش جۆرێک گوڵوەنی هەیە و هەر لەوێش دروسدەکرێت کە نەخش و رەنگەکانی جیاوازە و بە تورکی پێی دەڵێن کەلاغایی.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...