Friday, January 15, 2021

سیاسەت/ رامیاری

 

لەو ساڵانەدا کە کۆڕی زانیاریی کورد لە ئێراق دامەزرا و چالاکیی هەبوو، کۆمەڵێکی زۆر ووشەی داڕشت و رۆنا و داتاشی. زۆریان باش و رێک و رەوان و واتادار بوون و شوێنی گونجاویان پڕکردەوە. زۆرێکیش لەوان ئەوەندە ناڕێک و ناتەواو بوون کە تا ئێستایش هیچکەس بەکاریان ناهێنێ، یا بە هەڵە بەکاریان دێنن؛ یانیش خودی ووشەکە بە هەڵە سازکراوە و مەبەست ناگەیەنێت. بۆ وێنە: پرس کە رەگی فرمانی پرسینە واتە سوئال؛ ئەی پرسیار یانی چی؟ رامیاری واتە سیاسەت؛ ئەی رام و رامیار یانی چی؟ تا ئێستا لە چ سەرچاوەیەکدا ووشەی رامیار بە واتای سیاسەتوان بەکارهاتووە؟ زانا واتە عالم ئەی زانیار یانی چی؟ جگە لە مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس کە پەرتووکێکی بە ناوی بنەماڵەی زانیاران داناوە، نەمدیوە هیچکەس ئەم ووشەیەی بە واتای زانا بەکارهێنابێت. زانست واتە عیلم ئەی زانیاری یانی چی؟ جاران کتێبی علووم کرابوو بە زانیاری، ئێستا ووشەی زانیاری بەواتای مەعلوومات بەکاردەهێنن. شارستانیەت واتە مەدەنیەت و حەزارەت؛ ئەی تا ئێستا یەک کوردی باشوور ووشەی شارستان ی بە واتا دروستەکەی خۆی بەکارهێناوە؟

لەم بابەتە دا چڕێژ دەخەمە سەر واژەی رامیاری و ووردتر شیتەڵی دەکەم. ئەم واژەیە لە زمانی ئینگلیسی و بە گشتی زمانە ئەوروپاییەکان دا دەبێتە (پۆڵەتیکس). ئەگەر رەگ و ریشەی واژەکە بهێنینە بەرچاومان دەبینین کە لە زمانی ئینگلیسی دا واتە (زانست و هونەری فەرمانڕەوایی). لە رێگەی زمنای فرانسەیی و لاتینەوە گەیشتووەتە زمانی ئینگلیسی. لە زووانی یۆنانی دا دەڵێن (پۆلیتیکۆس). لە واژەی (پۆلیتیس) واتە شارۆمەند و ئەمیش لە واژەی (پۆلیس) بە واتای شار وەرگیراوە. پێدەچێ ناوی پەرتووکەکەی ئەرەستۆ (تا پۆلیتیکا) واتە (کاروباری دەوڵەت) بووبێتە هۆی ئەوە کە لە زمانەکامی تردا ووشەکە دۆخی کۆی وەرگرتبێت و بووبێت بە (پۆڵیتیکس). تا ئێرە رەگ وریشەی واژەکەمان لە زمانە ئەوروپاییەکان دا رۆشن کردەوە.

وەک دەزانین لە زووانی عەرەبی دا لە هەمبەر (پۆڵیتێکس) پەیڤی (سیاسەت) دانراوە. ئەم واژەیە چووەتە نێو زمانەکانی فارسی و تورکی و زۆری ترەوە، بە کوردییشەوە. واژەی سیاسەتی عەرەبی لە (سَاسَ، يَسَاسُ، سَوْسٌ) وەرگیراوە. واتای رام کردن، دەستەمۆ کردن دەبەخشێت.  هەربۆیە (کۆڕی زانیاریی کورد) لە سەردەمی خۆی دا واژەی (رامیاری)یان وەک وەرگێڕدراوی واژەی (سیاسەت)ی عەرەبی پێشنیاز کردووە و تا ئێستایش برەوی هەیە؛ بەڵام بە ناتەواوی و شێواوی.
بۆ وێنە ئەگەر رامیاری واتای سیاسەت بێت، دەبێت رامیار واتای سیاسی/سیاسەتمەدار بگەیەنێت.  لێ لە هیچ سەرچاوە و دام و دەزگایەکی راگەیاندن یا پەروەردەدا بەم شێوەیە بەکار ناهێندرێت.

سەرچاوە



Tuesday, May 5, 2020

ئەتەم Germ


له‌ هه‌نبانه‌ بۆرینه‌دا نووسراوه‌؛ ئه‌ته‌م واته‌ گه‌رای وه‌گیان هاتوو. له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ ده‌بێ به‌رامبه‌ر بێت له‌گه‌ڵ وشه‌ی Germ ی ئینگلیسی. كه‌ له‌ فه‌رهه‌نگی زمانی ئینگلیسی دا نووسراوه‌: جێرم به‌هه‌ر پێكهاته‌ یا ساختارێك ده‌گوترێت كه‌ وه‌ك هێلكه‌یه‌كی پیتێنراو، ده‌كرێ ته‌نراوه‌ و ریشاڵی تازه‌ی لێوه‌ دربچێت و گه‌شه‌ بكات بۆ بوونه‌ به‌ ئه‌ندامێكی زیندوو.
له‌ ئینگلزیدا ناوی جێرم وه‌ك فرمانیش به‌كارده‌هێنرێت. هه‌م له‌ رووه‌كناسی و كه‌ڕووناسی دا بۆ كرانه‌وه‌ی تۆو - هه‌رچه‌نده‌ وشه‌ی ترمان هه‌یه‌ وه‌ك هه‌ڵاڵ دان، باسرغه‌ دان، چه‌كه‌ره‌ دان-؛ و هه‌م له‌ زینده‌ناسی و به‌كتریاناسی دا بۆ پیتان و وه‌گیانهاتنی هێلكه‌ و گه‌را به‌كارده‌هێنرێت.
من له‌ ساڵانی رابردوودا هه‌وڵێكی زۆرم دا كه‌ وشه‌یه‌كی كوردی به‌رامبه‌ر و ی ئینگلیزی به‌كاربهێنم بۆ بواری زینده‌ناسی و كه‌ڕووناسی به‌ڵام هیچم ده‌سنه‌كه‌وت.
سه‌ره‌نجام خۆم به‌و قه‌ناعه‌ته‌ گه‌یشتم وشه‌ی ئه‌ته‌م له‌بری Germ  به‌كاربهێنم و هه‌روه‌ها وشه‌كه‌یش بكه‌م به‌ فرمان و به‌رامبه‌ر به‌ Germinate به‌م شێوه‌ی خواره‌وه‌ به‌كاری بهێنم:
ئه‌ته‌م، ئه‌ته‌مان، ئه‌ته‌ماندن، ئه‌ته‌ما، ئه‌ته‌ماوه‌، ئه‌ته‌مابوو، ده‌ئه‌ته‌مێت، بئه‌ته‌مێنه‌، بئه‌ته‌مابوایه‌، ده‌ئه‌ته‌ما و هتد...

Saturday, April 18, 2020

ریسایکڵ recycle


لە [بەڕێوەبردن و رێکخستنی پاشماوەکان]دا چەند چەمک و زاراوەیەک هەن کە لە کوردیدا بەرامبەرەکەیان بۆ دانەنراوە. هەبۆیە بە ناچاری خەریکە واژە ئینگلسییەکان دەبنە باو و مەردم رۆژانە بەکاریان دەهێنن. یەکێک لەم وشانە واژەی [ریسایکڵ]ە. لە فارسیدا [بازیافت]یان بۆ بەکارهێناوە. ریسایکڵ واتە دووبارە سووڕانەوە یا خولانەوە. بەم مانایە کە شتێک یا کەرەستەیەک خولێک لە بەکارهێنرانی تەواو کردووە و پێش ئەوەی بە تەواوی بێکەڵک بێت و بە واتا زانستییەکە ببێتە زبڵ و پاشەرۆ، دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی تر و شێوازێکی تر؛ و بۆ خولێک یا سووڕێکی تر بەکاردەهێنرێتەوە.
بۆ وێنە رۆژانە لە هەر شارێک سەدان تۆن کاغەز فڕێدەدرێت. ئەمانە کۆدەکرێنەوە و دەهاڕدرێن و دەکرێنە هەویر و جارێکی تر دەکرێنەوە کەرەستە و بۆ مەبەستی جیاواز وەک شانە هێلکە یا کارتۆنی پاراستن و هەڵگرتنی کەلوپەل و جارێکی تر دەخرێنەوە بازاڕ. واتە خولی پێشوویان کە بریتی بوو لە کتێب و دەفتەر تەواو کردووە و لە خولی دووەمدا بوون بە کەرەستەی هەڵگرتن و پاراستنی شتومەک. دوای ئەم خولەیش جارێکی تر کۆدەکرێنەوە و دەکرێنەوە هەویر و ئەمجارە لە ژێر پەستان و گوشارێکی زۆردا دەکرێن بە جۆرێک تەختە کە لە دروستکردنی خانوبەرە و زۆر شتی تردا لە جیاتی دار و چێو بەکاردەهێنرێت. بۆ جارێکی تر ئەم جۆرە تەختەیە کۆدەکرێتەوە و دەهاڕدرێت و لەگەڵ پاشەرۆی مریشک و پاشەرۆی زیندەندامی و کشتوکاڵی تێکەڵ دەکرێت و دەکرێتە [کۆمپۆست] واتە پەینی ئۆرگانیک؛ و بۆ چاککردنی زەوی و بەهێزکردنی رووەک بەکاردەهێنرێت.
من لای خۆمەوە سووڕپاتە یا خولپاتە بە واتای دووپاتە یا فرەپاتە بوونەوەی خولانەوە یا سووڕانەوە پێشنیار دەکەم لە بەرامبەر وشەی [ریسایکڵ] دا؛ و لەمەوبەدوا بەکاریدەهێنم.

Wednesday, April 15, 2020

ووشەی کوردی و زمانی فارسی


بەشێکی زۆر لە پەیڤ و واژەکانی زمانی ئێمە بەناڕەوا دزراون.  زمانەوان و فەرهەنگ نووسانی فارس لە ئێمەیان دزیون و لە فەرهەنگی خۆیان دا جێگایان بۆ کردوونەتەوە.  ووشەکان بە راددەیەک دوورن لە زمانی فارسییەوە و بە راددەیەکیش کوردین کە کابرای فارس زمان ناتوانێ رەگ و ریشەیەک بۆ ووشەکان لە زمانی فارسیدا بدۆزێتەوە.  بە پێچەوانەوە ووشەکان بەراددەیەک کوردین کە هەرچەندە فارسەکان بەکاریان دەهێنن، بەڵام لە کوردێکی نەخوێندەوار بپرسە زۆر سووک و ئاسان رەگ و ریشەی ووشەکەت بۆ روون دەکاتەوە.  زۆرێک لەم ووشانە تۆزکاڵێک گۆڕانیان بەسەرداهێنراوە تا لە کوردیبوون دابشۆرێن.  هەندێکیشیان هەروەک خۆیان ماون؛ بەڵام لەبەرئەوەی ئێمە خۆمان هێندە بە سووک و کەم و بچووک دەزانین؛ و پێزانینمان لەسەر زمان و دیرۆک و فەرهەنگمان هێندە کەمە، ناوێڕین بڵێین فڵان یا فیسار ووشەیە هی ئێمەیە.  ئەوەندەیش وێرەکیمان نییە واژەکە لە پەیڤین و نووسینمان دا بەکاربێنین.
من ماوەی دە ساڵ دەبێ دەگەڕێم بە شوێن ووشەیەکی کوردیدا کە واتای [ سپۆر]ی ئینگلیسی بدات.  لەگەڵ زۆر کەسی زمانەوان و شارەزای بوواری کشتوکاڵی و زیندەزانی گفتوگۆ و راوێژم کرد.  هەموو پەرتووکەکانی زیندەزانی و ژیانزانی کە لە فێرگەکانی باشوور دەخوێندرێن، پەیدام کردن و بە ووردی سەرنجم لێدان.  چەند جارێک، چەند ووشەی جیاوازم داتاشی و لە نووسینەکانمدا بەکارم هێنا..
پاشان کەوتمە شوێن وشەی [هاگ] کە لە فارسیدا بەکاری دەهێنن لە بەرامبەر وشەی [سپۆر]ی ئینگلیسی.  سەرەنجام بۆم دەرکەوت ووشەی [هاگ]، واتە ئەو ووشەیەی کە فارسەکان بەکاری دەهێنن و نایشزانن لە چییەوە هاتووە، و واتای [ سپۆر]یان پێ بەخشیوە، هەمان [هێلکە]ی سۆرانییەکەی خۆمانە و لێمانیان دزیوە.  بەڵێ لە زمانی دەوڵەمەندی کوردی دا ووشەکانی [هێڵە، هێلک هێک، هێکە، هاک، هاگ، خا، خای] هەر هەموویان هاوواتای هێلکەن.

هەر بۆیە جارێکی دیکەیش دەڵێم هەموو واژەیەکی فارسی کوردییە؛ بەڵام هەموو کوردییەک فارسی نییە.
سپۆر لە زمانی ئینگلیسی دا بە تۆوێکی وردیلەی کەڕووەکان، قەوزەکان، رووەک و بەکتریاکان دەگوترێت کە بە چاو نابینرێت و تاکخانەییە و هەر کاتێک بکەوێتە شوێنێکی گونجاو و کەشوهەوای لەبار دەپیتێت و دەڕوێت.

Tuesday, April 14, 2020

کۆندەڵان



ساڵانی زوو، پێش ئەوەی ڤاکسینی دژی نەخۆشییە ڤایرەسییەکان بگاتە کوردستان، زۆربەی منداڵان بەم جۆرە نەخۆشی ڤایرەسیانە دەمردن.  سوورێژە یا سۆریکە یەکێک لەم نەخۆشییە بەربڵاوانە بوو کە لە وەرزی سەرمادا بڵاودەبوویەوە.  زۆر جار لەگەڵ سوورێژەدا کوان یا دومەڵێک لە سەروچاوی منداڵەکە دروست دەبوو؛ لە موکریان بە دومەڵەکەیان دەگوت کۆندەڵان.  دومەڵەکە گەورە دەبوو، سەری زەرد دەبوو، دووایی دەدڕا و کێم و هەوەکەی دەهاتە دەرەوە.

Friday, April 3, 2020

پەیڤێک سەبارەت بە فارسی

وەک دەزانین دەوروبەری سەدا هەفتای واژەکانی زمانی فارسی عەرەبین. سی لەسەدەکەی تری دابەش دەبێ بۆ سەر سێ بەش. یەکەمیان ئەو وشانەن کە لە سەردەمی دروستبوونی پەیوەندیی فرانسە لەگەڵ دەسەڵاتی قاجارەکان. ئەو کاتە فرانسە سوپای تازەباوی بۆ قاجارەکان دروستکرد لەم رێگەیەوە پەیوەندییان گەرم بوو؛ کە بووە هۆی ئەوە کە خوێندەوار و دەوڵەمەندەکانی قاجار سەردانی فرانسە و وڵاتانی تری ئەوروپا بکەن و واژەگەلی فرانسی بهێننە نێو زمانی فارسییەوە. تا ئێستایش کاریگەریی زمانی فرانسی لەسەر فارسی هەر ماوە و تەنانت فارسەکان وشەیگەلی ئینگلیسیش بە شێوازی فرانسەی دەخوێننەوە. بەشی دووەمی وشەکانی زمانی فارسی ئەو وشانەن کە لە تورکی ومەغۆلی وەرگیراون و هەندێ جار ئاڵوگۆڕێکی کەمیان بەسەرداهاتووە بەڵام نەتوانراوە لە فارسیدا بتوێنرێنەوە. زۆربەی ئەم ووشانە دەنگی [غ] و [ق]یان تێدایە. بەشی سێیەم ئەو پەیڤانەن کە لە کوردی و لوڕییەوە وەریانگرتووە. لەم بارەیەوە دەکرێ بڵێین بە راددەیەک واژەی لوڕی چووەتە نێو زمانی فارسییەوە کە ئەگەر بڵێین لوڕی دایکی زمانی فارسییە، زێدەڕۆییمان نەکردووە. ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت کە نەتەوەی فارس و لوڕ یەک بن، نەخێر بەڵکوو واتای ئەمەیە کە زمانی فارسی زمانێکی لە راددەبەدەر لاواز و ناتوانایە؛ و لە هەموو سەردەمەکاندا بە ئاسانی زمانی خۆیان فەرامۆش کردووە و زمانی دراوسێکانیان وەرگرتووە. بە ئەگەری زۆر، پێش موسڵمان بوونیان زمانەکەیان زۆر زیاتر لەژێڕ کاریگەریی لوڕی دابووە. کە دەڵێین لوڕی واتە دایکی زمانی کوردیی ئێستامان. بۆ سەلماندنی ئەم پەیڤەمان دەکرێ سەدان و هەزاران واژەی فارسی وەک نموونە لێرەدا باس بکەین کە کەسێکی فارسزمان تەنیا بەکارهێنانەکەیان دەزانێ، کاتێ واتای وشەکەی لێ بپرسیت، دادەمێنێت و نازانێ وشەکە لە چی پێکهاتووە بەڵام لە لوڕێک یا کوردێک بپرسیت، تەنانەت ئەگەر وشەکە لەم سەردەمەدا لە کوردی ولوڕیشدا بەکار نەهێنرێ، دەزانێ وشەک شیتەڵ بکات و مانا ئەسڵییەکەت پێ بڵێت. نموونە:

وشەی فارسی واتای فارسییەکە بناخەی وشەکە

قشنگ جوان قەد+شەنگ  (قەد و لاری جوان)
پرواز فڕین پەڕ+ واز (باڵی کراوە)








Wednesday, April 1, 2020

خان، خانوو، خانەدان ...



وەک لە یادمە چەند جارێ لە گرووپی فەرهەنگی ژین کە گرووپێک بوو لە فەیسبووک تەرخان کرابوو بۆ کۆکردنەوەی واژەگەلی کوردی، باس لە واژەڕتناسیی وشەی خان\خانم کراوە و بە چەندین بەڵگە و سەنەد و تاپۆ لەگەڵ ووشەی خانوو و خانەوادە و خانەدان لە یەکتریان شەتەک داون و کردوویانن بە مەغۆلی.

بە بڕوای من راستە لە رووی فۆرم و بیچمەوە ووشەکان لە یەکترییەوە نزیکن بەڵام ریشە و رەچەڵەکیان لێک جیایە؛ و ماقووڵ نییە ئێمە بە مێژوویەکی لانیکەم ٦٠٠٠ ساڵەوە، دەستەوئەژنۆ دامابین تا جەنابی چەنگیزخان لە کۆتایی هەزارەی یەکەمی زایینی دا دێت ووڵاتمان داگیر دەکات و لە ناسناوی خۆی ووشەی خانوومان بۆ دادەتاشێت و بەگزادەکانمان دەکاتە خانەدان.

من لام وایە ووشەی خانوو، خانەوادە و خانەدان ریشەیان لە یانەی هۆرامی و هانە یا هوونە یا یوونەی لوڕی دایە نەک خانی مەغۆلی .  راستە (خان یا خانم)ی مەغۆلی لە کوردی دا بەکار دەهێنرێن ەک ناونیشان بۆ پیاو یا ژنی گەورە و دەسەڵاتدار بەڵام ئەو (خان)ەی کە لە ووشەی خانەدان یا خانوو دا هەیە جیاوازە و لە بنەڕەتدا لە (هانە، یانە، هوونە، یوونە)ەوە سەرەچاوەی گرتووە.  دەکرێ بگوترێت کە واژەکان بەهۆی نزیکایەتیی بیچم و واتا و تێکەڵ کراون؛ بەڵام لە راستی دا لە یەکتری جیاوازن.


چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...