Sunday, July 17, 2022

برا تۆفیق

 

یەکێک لە شیرین هۆشەکانی ناوچەی پیرانشار بوو. وا بزانم لە ژیاندا نەماوە.

من لە نزیکەوە نەمدیتبوو بەڵام ئێمە کە ماڵمان لە گوندی (گەپڵەسەن) بوو، بنەماڵەی برا تۆفیقیش خەڵکی (درپکە) بوون؛ زۆر لە گوندی ئێمەوە دوور نەبوو.
دەیانگوت بە بنەچە خەڵکی گوندی (لێوژە) بوون لە دۆڵی شەهیدانی بناری قەندیل.
منداڵەکانی هاوتەمەنم یا گەورەکان کە باسی تۆفیقیان دەکرد، دەیاگوت هەمیشە دەچووە لای ئاسنگەر و وەستاکان تیر و کەوان و تەور و شتی سەیر و سەمەرەی چاک دەکرد و بە دەستییەوە بوو. هەرچەندە من نەمدیتبوو بەڵام لە خۆوە لێیدەترسام. لام وابوو لە هەر شوێنێ بمبینێ، پەلامارم دەدات.
دوواتر کە گەورەبووم و ئاوارە بووین لە زمانی خەڵکییەوە زۆر شتم سەبارەت بە کار و قسە خۆشەکانی برا تۆفیق دەبیست. دەیانگوت پێشمەرگەی زۆر خۆشدەویست و دووای ئەوەی کە شار و گوندەکانیش کەوتبوونەوە دەست رێژیم، برا تۆفیق لەسەر کوردایەتیی خۆی بەردەوام بوو. دیارە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بیرەوەریی جۆراوجۆریان لەگەڵ برا تۆفیق هەیە.
ئەگەر ماوە یادی بەخێر بێت و ئەگەریش کۆچی دوایی کردووە گیانی ئارام و ئاسوودە بێ.
وێنەکەم لە تەلەگرام وەرگرتووە
لاپەڕەی وێنە کۆنەکانی پیرانشار

پات


کۆمەڵێک واتای جیاوازی هەیە.

١- یەکسان بوون لە یاری و قومار دا.
٢- جار، چەل، گل. وەک دەڵێن دووپات و سێ پات..
٣- هەویر، هەویری سووتاو لە تەندووردا،ووردکەنان
پات لە زمانی فرانسەیی دا (pâte) هەر وەک (پات)ی کوردی دەخوێنرێتەوە و هەر هەمان واتای هەویر دەبەخشێت. لە کوردیی سۆرانی دا رەنگە بەشێوەی سەربەخۆ زۆر بەکارنەهێنرێت بەڵام وەک جووتواژە (نان و پات) یا (خوان و پات) یا (هەویر و پات) بەکار دەهێنرێ.
لە کورمانجی دا فرمانی (پاتن) هەیە کە واتای نان پێژان یا چێشت لێنان دەبەخشێت.

Thursday, July 14, 2022

وەستا، وەسا، هۆستا، هۆسا


لە زوانی پەهلەویدا وەک (ئۆستات) یا (وەستات) هەیە. واتە واژەیەکی کۆنە و کوردییە. بە واتای (مامۆستا، فێرکار، ئامۆچیار، کارزان، پیشەزان و..) هاتووە. ووشەی مامۆستا لەمەوە دروست بووە (مام+وەستا)؛ و پێشتر تەنیا بۆ پیاو بەکارهاتووە. ئەم ووشەیە لە فارسی دا بووە بە (ئۆستاد) و لە عەرەبیشدا بووە بە (استاذ). خوێندەوارەکانی ئێستامان لە باشوور ووشەی (مامۆستا) بەلایانەوە سووکە و عەرەبێنراوەکەیان بەلاوە بەرزتر و ماقووڵترە؛ بۆیە یەکتری وەک (ئوستاز) بانگ دەکەن؛ بەڵام بە دوکاندارێک یا عەرەبانەچییەک دەڵێن (وەستا). دیارە لەم ساڵانەی دواییدا (وەستا)یش کەم بووەتەوە، بۆ ئەوەی رەنگ و رووی عەرەبییەکەی تۆختر بکەنەوە بە ووشەی (حاجی) جێگەی وەستایان پڕ کردووەتەوە.


سرۆ یا سروو

 

دەکرێ هەم وەک پاشکۆ لەگەڵ ووشە بەکار بهێنرێت؛ و هەم دەکرێ وەک واژەیەکی سەربەخۆ پاشکۆی بۆ دابنرێت بۆ دروسکردنی واژەی نوێ.

لە ووشەی (چەقەسرۆ)دا واتای (بێژەر) دەدات.
لە ووشەی (سروود) دا کە پاشکۆ (د)ی وەرگرتووە واتای گۆرانی و ئاواز دەدات.
لە زوانی فارسی دا (سرودن و سراییدن)یش هەیە واتە (سروود) وەک فرمان بەکار دەهێنرێت؛ بە واتای خوێندنەوەی هۆنراوە و گۆرانی چڕین.
لەوانەیە (چڕین) و (سراییدن)ی فارسی یەک ریشەیان هەبێت.


Wednesday, July 13, 2022

یا شێخ ئەمینی سندۆڵان!


بابم گێڕایەوە:
لە سەردەمی قاتی و قڕییەکەی جەنگی جیهانیی یەکەم نانی گەنم و جۆ دەسنەدەکەوت؛ و مەردم بەناچاری دانەوێڵەکانی تری وەک گەنمەشامی، نۆک، هەرزن و تەنانەت داڕوجانیان بە دەستاڕ دەهاڕی و دەیانکردە پەپۆڵە و دەیانخوارد. لەو ناوچانەی کە رووبەری تەختایی کەم بوو، دەرفەتی چاندنی گەنم و جۆ کەم بوو، خەڵک بارودۆخیان خراپتر بوو، چونکە پاشەکەوتی ئارد و گەنمیان زۆر کەم بوو. ئەوان پتر گەنمەشامی و هەرزنیان پاشەکەوت کردبوو؛ هەربۆیە پتر خواردنیان نانی هەرزن بوو.
یەکێک لە سیفەتە خراپەکانی خواردنی هەرزن ئەمە بوو کە لە ریخۆڵەی مرۆڤدا بە تەواوی هەرس نەدبوو، ئەوانەی چەند رۆژێک لە سەریەک دەیانخوارد تووشی گرفتی هەرس دەبوون و دەگیران (قەبز) دەبوون.
دەڵێن لەو سەروبەندە دا رۆژێک لەو قەندیلە کابرایەک بە رێبواری لە رۆژهەڵاتەوە دەیەوێ بڕوات بۆ ئەودیو. کاتی نیوەڕۆ دەبێ، دەگاتە دەوروبەری گوندی قەرناقەو. ئەو سەردەمە وا باو بوو، کەسی غەوارە و رێبوار و میوان کە خزم و ناسیاویان لە شوێنێک نەبووایە، کە دەچوونە ئاوەدانییەک، یەکسەر دەچوونە مزگەوت. کابرایش روودەکاتە مزگەوت و دەیەوێ دەسنوێژێک بشوات. تەماشا دەکات لەو دەوروبەرە لەبن هەر بنچکێک و هەر دارێک کەسێک هەڵترووشکاوە و سێنگێکی لەپێش خۆی داکوتاوە؛ و هەردوو دەستی بە سێنگەکەوە گرتووە و نەقە نەقێتی. شایانی باسە کە خەڵکی ئەو ناوچەیەی قەندیلەیش زۆربەیان موریدی شێخ ئەمینی سندۆڵان بوون.
کابرا کە گوێی هەڵخست و سەرنجی لە خەڵکەکەدا دیتی یەکێکیان کە ئەوەندە هەرزنی خواردبوو، رەوشی زۆر لەوانی تر خراپتر بوو، هاواری بۆ شێخ و مەشایەخ دەبرد، پڕ بە دەنگی خۆی دەنەقێنێ و هاوار دەکا، یا شێخ ئەمینی سندۆڵان!!!
# پەپۆڵە = جۆرێک لە کولێرەی ساددە و و سەرەتایییە، کاتێک ئاردێک پێزی نابێت و بۆ نان و کولێرە ناشێت، بۆ ئەوەی خەسار نەبێت و فڕێ نەدرێت دەیکەنە پەپۆڵە و دەیخۆن.
# داڕووجان = جۆرە دانەوێڵەیەکە لەگەڵ گەنم دەڕوێت. زۆر جار خەڵکی هەژار و نەدار بە ناچاری دەیانخوارد.
# سینگ = پاچلە، گڵمیخی چێو. دارێکی نزیکەی نیوگەز یا زیاتر لێک و لووس دەکرێت و سەرێکی تیژ دەکرێت بۆ داکوتان لەسەر زەوی. بۆ بەستنەوەی ئاژەڵ یا بەستنی رستەی چادر و دەوار و تاد..
# هەڵترووشکان = چینچک دان. ئەو حاڵەتەی کە مرۆڤ دادەنیشێ بۆ کاری سەراو.

ناشناڵ جیۆگرافیک سۆسایەتی



 ئەم نەخشە و زانیارییانە ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن (ناشناڵ جیۆگرافیک سۆسایەتی)یەوە بڵاوکراوەتەوە؛ بە ناوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناڤین. لێرەدا باسی هەر کام لە فارس، کورد و لوڕی بە جیا کردووە.

خۆم ساڵی ١٩٩٩ لە هەولێر نەخشەیەکی هاوشێوەی ئەم نەخشەیەم دیت کە مامۆستایەکەم لە کەنەداوە لەگەڵ خۆی هێنابووی. لەو بەشەی کە باسی کورد دەکات نووسیبووی (War like people) واتە(خەڵکێکی شەڕخوازن). نازانم هەر ئەم نەخشەیە بوو کە ئێستا دەسکاری کرابێ، یا جیاواز بووە لەمە.

نارنج


وژاەیەکی کۆنە لە هەموو زمانە کوردی و ئێرانیەکان دا هەیە و هەندێ جار تۆزێک گۆڕانی بەسەردا دێت وەک نارەنج، نارنگ، نارەنگ، نیرەنگ و... لە سانسکریتیش دا وەک نارەنگ یا نارەنگوو باسی کراوە. ئەم ووشەیە هەر لە رێگای کوردی و فارسییەوە چووەتە نێو عەرەبییەوە و لەویشەوە و لە رێگەی ئەندەلوسەوە گەیشتووەتە زمانە ئەوروپاییەکان و بووە بە ئۆرەنج و ... گووایە لە بنەڕەت دا ووشەیەکی هیندییە. میوەکە خۆی وەک پرتەقاڵ و لیمۆ شوێنزاکەی چین و ئاسیای رۆژهەڵاتە. چێژ و مەزەی ترش و تاڵە. بەگوێرەی فەرهەنگە فارسییەکان دەنگی (ج) عەرەبێنراوی (گ)ە؛ هەروەها گووایە لە بنەڕەت دا ووشەکە هیندییە. بەڵام بە ووردبوونەوە لە ووشەکە و لە شێوازی ووشەسازیی کوردی، گومانێک لەوەدا نییە کە هەم کوردییە و هەم کاریگەریی عەرەبیشی بەسەرەوە نەبووە.

پرتەقاڵ جۆرە شیرینەکەی نارنجە؛ کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیستعماریی پۆرتوگاڵ دا گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوین. ئەو سەردەمە پۆرتوگاڵیەکان لە هەموو گۆشەیەکی جیهان موستەعمەرەیان هەبوو.  هەربۆیەیش لە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، یونانی، بوڵغاری، گورجی و تەنانەت باشووری ئیتاڵیایش پێی دەڵێن پرتەقاڵ؛ بەڵام هەرکامیان بە شێوە دەربڕینی خۆیان.  پێشتر لە رێگەی عەرەبەکانەوە نارنج گەیشتبووە ئەندەلوس و لەوێوە بۆ هەموو ئەوروپا. هەربۆیە ناوەکەیان لە (نارنج)ەوە وەرگرتبوو کە عەرەبەکان لە (نارنگ)ی کوردی. فارسییان وەرگرتبوو.  نارنج\نارنگ لەبەر چێژە ترش و تاڵەکەی زیاتر بۆ دەرمان یا وەک عەتر بۆ بۆنەکەی بەکاردەهێنرا.

کاتێ لە رووی واژەڕەتناسییەوە ووشەکە شیتەڵ دەکرێت، دەردەکەوێ کە بەشی یەکەمی ووشەکە کە بریتییە لە (نار)، هەر هەمان ووشەی (هەنار، نار)ی کوردییە. (نج)یش پاشگرە و لە زۆر ووشەی تردا هەمانە. وەک (سەرنج، درنج، ماڵنج، کۆڵنج، پاڵنج).
بە گشتی دەکرێ بگوترێ کە (نارنج) واتای ئەو میوەیە کە لەشێوەی (نار/ هەنار) ە دەبەخشێت. رەنگە ئەگەر لە سەردەمی گەیشتنی (پرتەقاڵ) بە کوردستان دا زمانی کوردی ئەوەندە ژێردەستە نەبووایە، هەرگیز ناوی (پرتەقاڵ)مان پەسەند نەکردایە کە ناوی میللەت و ووڵاتێکی ئەوروپاییە؛ و هەر پێمان بوتایە نارنج یا ووشەیەکی هاوشێوەمان لە ووشەی (نارنج) بۆ دابڕێژایە.


چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...