Friday, August 19, 2022

ئاو سەرچاوەی ژیانە

لەبەرئەوەی ئاو سەرچاوە و هۆکاری ژیان و بەردەوامبوونیەتی، پێویستە دەستی پێوە بگیرێت. بەفیڕۆ نەدرێت، بە تاڵان نەبردرێت، سەرچاوە سروشتییەکانی ئاو دەسکاری نەکرێن و تێک نەدرێن.
بە تایبەتی لە دوو دەیەی رابردوودا رێژیمەکانی ئێران و تورکیا گەورەترین زەبریان لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان داوە. جیا لەوە کە سروشتەکەیان شێواندووە و بەشێکی زۆر لە ناوچە مێژووییەکانی کوردستانیان لە ئاودا نقوم کردووە، رێڕەوەی ئاوەکانیشیان گۆڕیوە بەرەو دەرەوەی کوردستان; و بە ئاوی کوردستان ناوچە و مەڵبەندەکانی خۆیان ئاوەدان کردووەتەوە. لە زۆر ناوچەی کوردستان دا چەندین ئاوایی لەبەر بێ ئاوی چۆڵکراون یا مەردمەکە بێزار بوون و کەوتوونەتە تەنگانییەوە. رێژەیەکی زۆر دارستانە خۆڕسکەکانی ئەم ووڵاتە لەبەر بێ ئاوی ووشک بووە و رۆژ بە رۆژ رێژەی رووتانوەی زاگرۆس روو لە هەڵکشانەژمارەیەک یزۆر لە کانیاوەکان کوێر بوونەتەوە. فرەیەک لە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بە هۆی نەبوون یا کەمبوونی ئاوەوە لە ناوچەکە تۆراون و بەجێیان هێشتووە.
ئەم کارەی ئەم دوو دەوڵەتە لە بواری قانوونی نێونەتەوەییەوە ناڕەوا و دژە ژینگەییە. بەگوێرەی قانوونی نێونەتەوەیی ئەو سەرچاوە ئاوانەی سنووری دەوڵەتەکان دەبڕن، ناکرێ لە هیچ رەوشێکدا لاڕێ بکرێن یا ووشک بکرێن؛ کە ئێران و تورکیا کردوویانە. هەروەها بەگوێرەی قانوون و رێوشوێنە نێونەتەوەییەکان گەلانی بوومی\رەسەنی هەر ناوچە و مەڵبەندێک خاوەنی سەرەکیی ئاوی ناوچەی خۆیانن. ناکرێ بەبێ رەزامەندیی هیچ گەلێکی بوومی\رەسەن ئاوی ناوچەکەیان بدرێتە ناوچەیەکی تر. یا دەوڵەت نابێ بە هیچ شێوەیەک سەرچاوە ئاوییەکانی گەلانی بوومی دەسکاری بکات. ئەم سەرچاوە ئاوییانە بەشێکن لە نەریت، کەسایەتی، مێژوو و میتۆلۆژیی ئەم گەلە بوومییانە.
رەنگە کەسانی وا هەبن بۆ رەتکردنەوەی ئەم ووتانە بڵێن کورد بوومی نییە و لە فڵان و فیسار ناوچە و هەرێمەوە هاتووەتە زاگرۆس؛ بەڵام ئەم ووتەیە بە هیچ شێوەیەک ناپەژرێندرێت. لە کاتێکدا گەلی ماوری تەنیا نزیکەی ١٠٠٠ ساڵە لە دورگەکانی پۆڵینیزیاوە گەیشتوونەتە ووڵاتی نیوزیلەند، وەک گەلێکی بوومی هەژمار دەکرێت؛ و خاوەندارییەتیی خاک و ئاو و ئاسمانی ئەم ووڵاتە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە؛ هەرچەند ووڵاتەکە لە رووی سەروەریی قانوونی و بەڕێوەبردنەوە بە رێککەوتن دراوە بە شا و دەوڵەتی بریتانیا.
ئێمە وەک خەڵکانی زاگرۆس نشین کە خەڵکی بوومی\رەسەنی هەرێمەکەین و لانیکەم ٢٥٠٠ ساڵە لەم ووڵاتە نیشتەجێین، نابێ لەم مافەی خۆمان خۆش بین؛ و هەر وا سووک و ئاسان رێگە بدەین بەم دوو دەوڵەتە ستەمکارە هەم ژینگەمان تێک و پێک بدەن و هەم لە تینووان بمانخنکێنن.

خاوەندارێتیی خاک و ئاو بۆ دەوڵەت دەگەڕێتەوە یا بۆ خەڵکی بوومی؟

ئەو ووڵاتەی کە ئەمڕۆ پێی دەگوترێت ئێران لە سەردەمی رەزاخانەوە ناو و پۆشاکێکی تازەی بەبەردا کرا و لە (مەماملیکی مەحرووسەی قاجار)ەوە کرا بە دەوڵەتی ئێران.  دەوڵەت-نەتەوەی ئێران بە نرخی تواندنەوەی لوڕ و گیلەک و مازنی و تاتی و تالیش و.. و هەروەها بە نرخی قەدەغەکردنی زمان و پۆشاک و نەریتی کورد و بەلووچ و تورک و تاد.. بە پشتگیریی ئەوروپا و ئەمریکا دامەزرێندرا.   بەلای ئەمریکا و ئەوروپا وەک جیهانی خۆراوا و بە ناو ئازاد و دێمۆکراتیک و پابەندی مافەکانی مرۆڤ، گرنگ ئەوە بوو کە ئێران نەکەوێتە چوارچێوەی یەکێتی سۆڤیەتەوە و بە پێچەانەوە وەک دیوار و قەڵایەک بەکاربهێنرێت بۆ گەمارۆدانی سۆڤیەتی کۆمونیست.  لە پێناو ئەم ئامانجەدا هەموو پشتگیرییەکی خۆراوا بۆ دەوڵەت-نەتەوەی ئێران مسۆگەر کرا و لە نێو هەمان چوارچێوە سنوورییەکەی سەردەمی قاجاردا _کە دەوڵەتێکی کلاسیکی شێوە ئیمپراتۆری بوو_، دەوڵەت-نەتەوەیەکی یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک فەرهەنگ ئاواکرا.  تورکمان، تورکی ئازەری، کورد و عەرەب کاتێک کە بۆ پاراستنی کەسایەتیی نەژادی و نەتەوەیی خۆیان ئامادە نەبوون بچنە ژێر باری ئەم سیستمەوە، هەر کام لە ساڵ و  سەردەمێکدا بە پشتگیریی خۆراوا سەرکوت کران و لە خوێن گەوزێندران و ئاگر و ئاسنیان بەسەردا باراندرا.  پەلامار بۆ سەر هەر دوو حکومەتی دێمۆکراتیکی ئازەربایجان و کوردستان، سەرکوتی عەرەبەکانی ئەهواز و هەروەها خوێنڕێژییە بێبەزەییانەکەی لەشکری رەزاخان لە لوڕستان سەلمێنەری ئەم ووتانەن.


دەوڵەت-نەتەوەی ئێران هەر وەک دەسەڵاتی کلاسیکی قاجارەکان بەبێ پرس و را کردن بە خەڵکی بوومی و رەسەنی ووڵات، بە زەبری سەرکوت و تۆقاندن و دانانی قانوونی ستەمکارانە خۆی بەسەر گەلانی ناوچەکەدا سەپاند.   خاک و ئاوی گەلانی بوومی و رەسەنی ناوچەکەی لەسەر خۆی تاپۆ کرد و بە ناوی سەروەریی ووڵات هەموو ئەو مەردمە رەسەنەی لە خاک و ئاوی خۆی بێبەشکرد.  لە نێو ئەم گەلانەدا گەلی کورد\لوڕ یەکێکە لە کۆنترین مەردمی بوومی کە لە زنجیرە کێوی زاگرۆس نیشتەجێیە.  بەر لە کورد هیچکام لە فارس، تورک، عەرەب، جوو، ئاسۆر و ئەرمەنی کە هەرکام بە جۆرێک و لەسەردەمێکدا هاتوونەتە هەرێمەکە، نیشتەجێی ئەم خاکە نەبوون.  هەربۆیە بە هەموو پێوەرێکی قانوونی، جڤاکی، مێژوویی و زمانەوانی، کورد\لوڕ لە چوارچێووی ئێران دا مافی خاوەندارییەتیی خاک و ئاوی زاگرۆسی هەیە.  هەر لە سنووری ئاراسەوە تا دەگاتە سەر لێوارەکانی کەنداوی هورمز (فارس) بە خاک و ئاو و ئاسمانەکەیەوە هی کورد\لوڕە.  راستە دەوڵەت-نەتەوەی ئێران سەروەریی سیاسی و سیستەمی بەڕێوەبردنی ووڵاتەکەی _بە زاگرۆسەوە_ لە دەستدایە، بەڵام خاوەنی ئەم خاک و ئاوە کورد\لوڕە.  ئەم گەلە بوومییەی زاگرۆس هیچکاتێک ئەم خاک و ئاوەی بە دەوڵەتی ئێران نەفرۆشتووە.  دەوڵەت-نەتەوەی ئێران هیج بەڵگەیەکی قانوونیی لە دەست دا نییە بیسەلمێنێت بستێک لە خاکی زاگرۆس یا قومێک لە ئاوەکەی کڕیبێت.  هەرچی هەیە بە داگیرکردن و تاڵانکردن و خۆسەپاندن، لە خەڵکی بوومیی زاگرۆسی سەندووە.


لە دەیەی هەشتاکانی زایینیشەوە حکومەتی ئێران دەستی کردووە بە سازکردنی دەیان و سەدان بەنداو، و کەناڵ و تونێلی ئاوی.  لە رێگەی کەناڵ و تونێلەکانەوە ئاوی شاخ و پێدەشتەکانی زاگرۆس رادەگوێزێ بۆ تێراوکردن و پاراوکردنی دەشتە ووشک و شۆرەزارەکانی ناوچە فارسنشینەکان.  وەک دەبینین رۆژ بە رۆژ و ساڵ بە ساڵ خەڵکی زاگرۆسی پڕ بەفر و باران و کانی و رووبار تینووتر دەبن.  لە زۆرێک لە گوند و ئاواییە کورد\لورنشینەکان ئاوی خواردنەوە دەس ناکەوێ؛ بەڵام دەشت و شۆرەزارەکانی فارسنشین لە سایەی کەناڵ و تونێڵی ئاویی زاگرۆسەوە کراون بە باخ و بەهەشت؛ و لەوێوە میوە و سەوزی و دانەوێڵە بۆ زاگرۆسی بڕبڕەی پشتی مێژوو هاوردە دەکرێت.


کورت و پوخت، گەرەکە هەموو کەس و لایەنێک ئەم راستییە بزانێت کە گەلی ئێمە لە رۆژهەڵات لە چالاکوانی بووارەکانی ژینگەپارێزی، ئاژەڵپارێزی، وێژەیی، زمانەوانی، رۆشنبیرییەوە بگرە تا دەگاتە خەڵکی زەحمەتکێش و بازاڕی، حیزب و دەستە و لایەنە سیاسییەکان مافی ئەوەیان هەیە هەرکامەیان بەگوێرەی توانستی خۆی و لە چوارچێوەی چالاکی و هەڵسووڕانی خۆیدا لەسەر ئەم خاڵە گرنگە کار بکاتبە هەموویان دۆخێک بهێننە ئاراوە کە دەوڵەتی ئێران ناچار بکرێت واز لەم سیاسەتە دژە ژینگەییە بهێنێت؛ رێڕەوی سروشتیی جۆگە و رووبارەکان بگەڕێنێتەوە بۆ دۆخی پێشوویان؛ و  چیتر ئاوی بەفر و بارانی زاگرۆس لە خەڵکەکەی حەرام نەکات و رەوانەی ناوچەکانی تری نەکاتدەوڵەتی ئێران ئەگەر لە خەمی ناوچە ووشک و بێ ئاوەکاندایە، سنوورێکی دوور و درێژی بەسەر دەریادا هەیە، دەتوانێت وەک عەرەبستانی سەعوودی و ئیسراییل ئاوی دەریا شیرین بکات بۆ خەڵکی ناوچە بێ ئاوەکانوەک هەمووان ئاگادارن عەرەبستانی سەعوودی تا ئێستا ٢٧ بنکەی شیرین کردنی ئاوی دەریای دامەزراندووە و رۆژانە پتر لە سێ میلیۆن مەتر سێجا ئاوی شیرین بەرهەم دەهێنێت.  هەروەها ئیسرایل ساڵانە پتر لە ٥٠٠ میلیۆن مەتر سێجا ئاوی دەریا شیرین دەکاتشایانی باسە کە لە ساڵی ٢٠٢٠ زانایانی ئوسترالیایی شیرین کردنی ئاوی دەریایان زۆر ئاسان و سادە کردەوە؛ و توانیان بە دروسکردنی ئامێرێکی هەرزان و بچووک لە ماوەی سی خولەک دا ئاوی دەریا شیرین بکەنشیرین کردنی ئاوی دەریا بە بەراورد لەگەڵ ئەو هەموو پارەیەی لە پرۆژە ئاوییەکان خەرج دەکرێ، هەم تێچووی کەمتر دەبێت و هەم ژینگەیش تێکناچێت و مافی زاگرۆسنشینەکانیش ناخورێتخۆ ئەگەر دەوڵەت هەر سوور بێ لەسەر ئەم سیاسەتە، پێویستە لە بەرامبەردا رێککەوتنێک لەگەڵ زاگرۆس نشینەکاندا واژۆ بکرێت؛ بەجۆرێک کە بارتەقای ئاوەکە خزمەتگوزاریی دەرمان، تەندروستی، پەروەردەی خۆڕایی، ئاوەدانکردنەوە، هەلی کار و تاد.. بۆ ناوچەکە دابین بکرێت.

Monday, July 25, 2022

خودا

 

خودا ووشەیەکی سەدا سەد کوردییە و ووشەیەکی زۆر واتادارە. زۆر لە ناوەکانی تری خودا واتابەخشترە کە لە زمانە جیاوازەکان دا هەن. خودا واتە خوەدی، خێو، خاوەن، خودان. بە واتایەکی تر یانی خاوەنی هەموو جیهان و زیندەواران و ئاسمان و گەردوون.
ووشەی (گۆد)ی ئینگلیسی وەک دەڵێن ریشەیەکی نادیاری هەیە و هەندێکیش دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ سەر ریشەی پرۆتۆ هیندۆ ئەوروپایی. گوایە لە ووشەی (هوتا)ی سانسکریتەوە وەرگیراوە. دیارە گۆڕانی (خ) بۆ (هـ) یا (خ) بۆ (گ)، هەروەها گۆڕانی (د) بۆ (ت) لە نێوان زمانەکان دا زۆر ئاساییە و نموونەی زۆرە. بۆیە بە دڵنیاییەوە هەم (گۆد)ی ئینگلیسی و هەم (هوتا)ی سانسکریت، کە بۆ زمانەوانان واتا و رەگ و ریشەیان نادیارە، ریشەیان لە کوردی دایە و هەمان (خودا) یا (خاوەن)ی کوردییە. لە هەورامی دا جگە لە ووشەی (خوا) واژەی (هوما)یش هەر واتای خودا دەبەخشێت. دیارە گۆڕانی (هـ) بۆ (خ) و (م) بۆ (و) لە نێوان هۆرامی و سۆرانی دا زۆر ئاساییە. وەک هەویر/هەمیر، ناو/نام، زاوا/زاما و تاد..
ووشەی(دییو)شمان لە زوانی فرانسەیی دا هەیە کە وەک دەڵێن لە لاتینەوە وەرگیراوە و لە بنەرەت دا واتە درەخشان، ئاسمان، و بەهەشت. هەروەها هەندێک کەس لە کوردان لایان وایە لەگەڵ ووشەی (دێو)ی کوردی هاوڕیشەیە.
ووشەی (اللە)ی عەرەبی روون و ئاشکرایە کە لە (ئیل، ئیلۆ، ئیلۆهـ، ئیلۆهیم)ی سامی وەرگیراوە و بە ئەگەری زۆر (ال)ی سەرەتا هەمان (ال)ی نیشانەی ناوی ناسراوە لە زمانی عەرەبی دا. واتە ناوەکە خۆی بریتییە لە (ال الە) یا (ئەل ئیلاهـ). تەنانەت کاتێک قورئان یا بابەتێکی عەرەبیش وەردەگێڕن بۆ سەر زمانی ئینگلیس لەجیاتی (اللە) دەنووسن (دە گۆد) واتە (خوداکە). یانی ناوێکی ناسراوە. لە زمانی عیبری دا (ئیلۆهیم) واتە شکۆدار. (ئیل) لە بەشە جیاوازەکانی تەورات دا هاتووە بۆ زۆر مەبەست بەکارهاتووە. یەکێک لە واتاکانی بریتییە لە باوکی خوداکان.
ئەوەی گرنگە باسی بکرێت ئەمەیە کە تەنانەت ئەو جوولەکە و مەسیحیانەیش کە زمانی دایکیان عەرەبییە، بە خودای خۆیان دەڵێن (اللە) نەک (ئیل یا ئیلۆ و ئیلۆهیم).
دەڵێن خودای ئیبراهیم سەرەتا ناوی (یەهوە) بووە. ئەم ناوە لە زۆر زمان دا بە واتای جیاواز لێکدراوەتەوە. ئۆجەلان دەڵێ کاتێ پرسیاری خودا لە ئیبراهیم کرا، لە وەڵام دا بە کوردی گوتی (یە، هەوە) واتە ئەوە ئەوە یا ئەوە خۆیەتی. ئەم دوو ووشەیە کەوتە سەر زمانی جوولەکەکان و تا زەمانێکی دوور و درێژ هەر دەیانگوت (یەهوە) نەک (ئیل، ئیلۆ، ئیلۆهـ و ئیلۆهیم).


Saturday, July 23, 2022

ئەمڕۆ یا ئەوڕۆ


رۆژێک نووسراوەیەکی هاوڕێیەکم خوێندەوە و لە کۆتاییدا لە تێ بینییەکی کورت دا نووسیم خۆزگە لەجیاتی (ئەوڕۆ) ووشەی (ئەمڕۆ) ت بنووسیبایە.

لە وەڵام دا فەرمووی من کوردی دەنووسم نەک فارسی.(ئەمڕۆ) هەر هەمان (امروز)ی فارسییە.
لێرەدا بۆ ئەو هاوڕێ بەرێزە و هاوڕێیانی تریشم دەڵێم، یەکەم: فارسی و کوردی ئەوەندە لە یەکترییەوە نزیکن، ئەگەر نەڵێین خوشکن بە دڵنیاییەوە ئامۆزان. یان دەتوانم بڵێم فارسی فەرزەندی کوردییە. لەسەر ئەو باوەڕەم هەموو ووشەیەکی کوردی فارسی نییە؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە هەموو ووشەیەکی فارسی کوردییە.
واژەی (امروز)، فارس بەکاری دەهێنێ؛ بەڵام نازانێ بۆچی دەڵێ (امروز) و ناڵێ (این روز)؟؟ نازانێ (ام) هەمان (ئەم)ی کوردییە و لە رێگەی لوڕییەوە چووەتە نێو فارسییەوە. هەموو زار و شێوەزارەکانی لوڕی دەڵێن (ئیمروز یا ئەمرووز، یا ئەمرووژ؛ تەنانەت بەختیاری کە لە هەمووان نزیکترە لە فارسی دەڵێن (ئیمرووز). ئاخێوەری فارس نازانێ بۆچی دەڵێ (امشب) و ناڵێ (این شب)، بۆچی دەڵێ (امسال) و ناڵێ (این سال)؟!!
بەڵێ، واژەکانی ئەمڕۆ، ئەمشەو و ئەمساڵ کوردین نەک فارسی. کاتێک دەڵێی (ئەورۆ) واتە رۆژێک لەو رۆژانەی بەر لە ئەمڕۆ. بەڵام لە شێوەزاری موکریانی و زۆر ناوچەی تردا ووشەی (ئەم) نییە؛ لەباتی (ئەم)یش هەر دەڵێن (ئەو)؛ هەر بۆیە لەبری (ئەمڕۆ، ئەمشەو، ئەمساڵ) دەڵێن (ئەوڕۆ، ئەوشۆ، ئەوساڵ).

Sunday, July 17, 2022

برا تۆفیق

 

یەکێک لە شیرین هۆشەکانی ناوچەی پیرانشار بوو. وا بزانم لە ژیاندا نەماوە.

من لە نزیکەوە نەمدیتبوو بەڵام ئێمە کە ماڵمان لە گوندی (گەپڵەسەن) بوو، بنەماڵەی برا تۆفیقیش خەڵکی (درپکە) بوون؛ زۆر لە گوندی ئێمەوە دوور نەبوو.
دەیانگوت بە بنەچە خەڵکی گوندی (لێوژە) بوون لە دۆڵی شەهیدانی بناری قەندیل.
منداڵەکانی هاوتەمەنم یا گەورەکان کە باسی تۆفیقیان دەکرد، دەیاگوت هەمیشە دەچووە لای ئاسنگەر و وەستاکان تیر و کەوان و تەور و شتی سەیر و سەمەرەی چاک دەکرد و بە دەستییەوە بوو. هەرچەندە من نەمدیتبوو بەڵام لە خۆوە لێیدەترسام. لام وابوو لە هەر شوێنێ بمبینێ، پەلامارم دەدات.
دوواتر کە گەورەبووم و ئاوارە بووین لە زمانی خەڵکییەوە زۆر شتم سەبارەت بە کار و قسە خۆشەکانی برا تۆفیق دەبیست. دەیانگوت پێشمەرگەی زۆر خۆشدەویست و دووای ئەوەی کە شار و گوندەکانیش کەوتبوونەوە دەست رێژیم، برا تۆفیق لەسەر کوردایەتیی خۆی بەردەوام بوو. دیارە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بیرەوەریی جۆراوجۆریان لەگەڵ برا تۆفیق هەیە.
ئەگەر ماوە یادی بەخێر بێت و ئەگەریش کۆچی دوایی کردووە گیانی ئارام و ئاسوودە بێ.
وێنەکەم لە تەلەگرام وەرگرتووە
لاپەڕەی وێنە کۆنەکانی پیرانشار

پات


کۆمەڵێک واتای جیاوازی هەیە.

١- یەکسان بوون لە یاری و قومار دا.
٢- جار، چەل، گل. وەک دەڵێن دووپات و سێ پات..
٣- هەویر، هەویری سووتاو لە تەندووردا،ووردکەنان
پات لە زمانی فرانسەیی دا (pâte) هەر وەک (پات)ی کوردی دەخوێنرێتەوە و هەر هەمان واتای هەویر دەبەخشێت. لە کوردیی سۆرانی دا رەنگە بەشێوەی سەربەخۆ زۆر بەکارنەهێنرێت بەڵام وەک جووتواژە (نان و پات) یا (خوان و پات) یا (هەویر و پات) بەکار دەهێنرێ.
لە کورمانجی دا فرمانی (پاتن) هەیە کە واتای نان پێژان یا چێشت لێنان دەبەخشێت.

Thursday, July 14, 2022

وەستا، وەسا، هۆستا، هۆسا


لە زوانی پەهلەویدا وەک (ئۆستات) یا (وەستات) هەیە. واتە واژەیەکی کۆنە و کوردییە. بە واتای (مامۆستا، فێرکار، ئامۆچیار، کارزان، پیشەزان و..) هاتووە. ووشەی مامۆستا لەمەوە دروست بووە (مام+وەستا)؛ و پێشتر تەنیا بۆ پیاو بەکارهاتووە. ئەم ووشەیە لە فارسی دا بووە بە (ئۆستاد) و لە عەرەبیشدا بووە بە (استاذ). خوێندەوارەکانی ئێستامان لە باشوور ووشەی (مامۆستا) بەلایانەوە سووکە و عەرەبێنراوەکەیان بەلاوە بەرزتر و ماقووڵترە؛ بۆیە یەکتری وەک (ئوستاز) بانگ دەکەن؛ بەڵام بە دوکاندارێک یا عەرەبانەچییەک دەڵێن (وەستا). دیارە لەم ساڵانەی دواییدا (وەستا)یش کەم بووەتەوە، بۆ ئەوەی رەنگ و رووی عەرەبییەکەی تۆختر بکەنەوە بە ووشەی (حاجی) جێگەی وەستایان پڕ کردووەتەوە.


چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...