ساڵی ١٨٥٨ی زایینی لە ناوچەی گەرمەسێری بەختیاری لەدایک بووە. ئەو ناوچەیە بە چغاخۆر (چیای خۆر) ناسراوە. لە گەورەپیاوە سیاسییە ناسراوەکانی سەردەمی قاجار بوو؛ و یەکێک بوو لە سەرکردەکانی ئێڵی بەختیاری. لە سەردەمی ژیانی ئەودا چوار پادشا لە ئێران هاتن و رۆیشتن. باوکی، واتە حسێن قوڵی خانی ئێلخانی لە گەورەپیاوەکانی سەردەمی قاجار و گەورەترین ئێڵخانی بەختیاری بوو، کە توانیی بە یەکخستنی تیرە و خێڵەکانی بەختیاری، هێز و پێگەیەکی بەرز بۆ خۆی لە و سەردەمەدا بەدەست بهێنێت. دایکی سەردار ئەسعەد، بیبی مێری جان نەوەی ئەلیاس خانی بەختیاری و کچی نەجەف خانی بەختیاری بوو. حسێن قوڵی خانی بەختیاری ماوەی سی ساڵ فەرمانداری ئێڵی بەختیاری بوو کە ئەوسا هەرکەس ئەم پلەیەی هەبووایە پێیان دەگوت ئێڵخان.
ئەو کوڕی چوارەمی حسێن قوڵی خانی ئێلخانی بوو کە لە دووای تۆپباران کردنی ئەنجومەنی شۆرای میللی بە فەرمانی محەممەد عەلی شا، بە پشتیوانی لە براکەی، نەجەف قوڵی خان سەمسامو لسەڵتەنە و ئامۆزاکەی ئیبراهیم خان زەرغامولسەڵتەنە، رووبەڕووی ئەم کردەیە بوویەوە و پاش رزگارکردنی ئیسفەهان بە دەستی سوارەی بەختیاری، لە رێگەی ئەراکەوە خۆی گەیاندە ناوچەی بەختیاری و خودی خۆی لە رزگارکردنی تاران و زیندووکردنەوەی سیستەمی مەرجداریدا فەرماندەیی سوارەکانی بەختیاریی کرد.
عەلی قوڵی خان لە سەردەمی گەنجی دا رووی کردە فێربوونی زمانی عەرەبی و فرانسی و مامۆستای تایبەتی بۆ تەرخان کرا. زمانی فارسی و سەرف و نەحو و مەنتق و بەدیع و بەیانی و سەربوردەکانی عەرەبی فێربوو… دوواتر لەگەڵ کچی یەکێ لە گەورەپیاوانی ئێڵی بەختیاری زەماوەندی کرد و سێ کوڕی لێی هەبوو کە یەکیان لە دووای مەرگی خۆی لەداییک بوو کە ناوی نرا سەردار ئەسعەدی سێیەم.
عەلی قوڵی خان دوای ئەوەی کە باوکی بە رەزامەندیی شای قاجار لەلایەن فەرمانڕەوای ئیسفەهانەوە دەرمانداو دەکرێ، خۆی و برایەکی ماوەی ساڵێک بەند دەکرێن؛ بەڵام بەندێکی وا کە لە تەواوی ماوەی ئەم یەک ساڵەدا رێگەی نەدراوە بچێتە حەمام یا سەر و ریشی بتاشێت. دوای ساڵێک کە ئازاد دەکرێت، مام و ئامۆزاکانی دەستیان بە سەر هەموو موڵک و ماڵەکاندا گرتووە و رێگەی پێنادەن بگەڕێتەوە. هەربۆیە دەچێتە ئیسفەهان و سەدری ئەعزەم دەیکات بە سەرۆکی فەوجی سوارە.
دووای کوژرانی ناسرەددین شا، دەکرێتە بەرپرسی ئاسایشی تاران و لەسەردەمی موزەفەرەددین شایشدا فەرماندەی سوارەی بەختیاری دەبێ بە ناسناوی سەرتیپی. ساڵی ١٩٠٠ی زایینی سەفەرێکی کورتی کرد بۆ هیندوستان و پاشان بۆ میسر و دوای چەند هەفتەیەک چوو بۆ مەککە و حیجاز و پاشان بۆ پاریس. دوو ساڵ لە شارە گرنگەکانی ئەوروپا ژیا. رەنگە یەکەم بڵاچەکانی چالاکییە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکانی لەم ڕێگەیە لە ژیانیدا لێیدرابێتن.
ساڵی ١٩٠٢ گەڕایەوە بۆ تاران و ماوەی ساڵێک لەوێ مایەوە. دوای مردنی برا گەورەکەی، ئەسفەندیار خان گەڕایەوە ناوچەی بەختیاری. لەم سەروبەندەدا کێشەی نێوان براکانی و ئامۆزاکانی پەرەی سەندبوو، هەربۆیە نێوبژایەتیی کرد و کێشەکەیانی یەکلا کردەوە و ئاشتی کردنەوە. ساڵی ١٩٠٣ بە پێشنیازی عەینوددەولە لەلایەن موزەفەرەددین شاوە ناسناوی (سەردار ئەسعەد)ی پێ بەخشرا و هاوکات بەرپرسی ئاسایشی لوڕستان بوو.
پاییزی ساڵی١٩٠٦ بۆ چارەسەری نەخۆشیی چاوی چووە فرانسە و لە پاریس بنەجێ بوو. دووای چارەسەری نەخۆشییەکەی، دەستی کرد بە وەرگێڕانی پەرتووکگەلی فرانسی و ئینگلیسی. لەوێوە سەفەرێکی کرد بۆ لەندەن و لەگەڵ کاربەدەستانی بریتانیا چاوپێکەوتنی هەبوو. لەم کاتەدا ئەنجومەنی شۆرای میللی لە تاران بۆمباران کرا. سەردار ئەسعەد لەبەرئەوەی باوکی لەلایەن قاجارەکانەوە کوژرابوو، بوو بە هاودەنگ و پشتیوانی لایەنگرانی سیستمەمی مەرجدرای. پاش ئەوەی گفتی هاوکاری و پشتیوانی لە ئینگلیسەکان وەردەگرێ لە رێگەی خووزستان و خوڕەمشارەوە و دەگەڕێتەوە ئێران.
پاشان لەگەڵ خانەکانی قەشقایی و شێخ خەزعەل وەک نوێنەری عەرەبەکان سوێندنامەیەک واژۆ دەکات. ئەو بۆ ئەوەی بەرەو تاران بڕوات، پێویستیی بەوە بوو کە پشتی خۆی قایم بکات و لەوە ئارخەیان بێ کە لە دوواوە زەبری لێ نادرێت. سوپایەکی سوارەی ٧٠٠ کەسیی لە بەختیارییەکان پێکهێنا؛ و بەرەو تاران کەوتە ڕێ. پێش ئەوەی بەرەو تاران بجووڵێت، نامەیەکی بۆ باڵوێزی ئۆتریش\نەمسا نووسی و تیایدا ئامانجی ئەم جووڵەیەی خۆی بەرەو تاران شرۆڤە کرد؛ و داوای لە دەوڵەتە گەورەکان کرد بەشێوەی لەشکری دەس نەکێشنە نێو ئێرانەوە. بەم جۆرە رۆژی ١٦\٧\١٩٠٩ شاری تاران کەوتە دەست بەختیارییان و شەڕ کۆتایی هات و کاتژمێر ٨:٣٠ی بەیانی، شا بە ٥٠٠ سەرباز و دار و دەستەی خۆیەوە پەنای بۆ باڵوێزخانەی رووسیا برد.
سەردار ئەسعەدی بەختیاری چەندین پەرتووکی بۆ سەر زووانی فارسی وەرگێڕاوە وەک: کچی فیرعەون، مێژووی حەمیدی - سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی، دیل گابریێل، روکامبول، ئەویندارانی پاریس، مادموازێل مارگرێت و تاد …. هەروەها پەرتووکێکی تایبەتی بە ناوی مێژووی بەختیاری نووسیوە کە بیرەوەرییەکانی خۆیشی تێدا نووسیوە و لەوێدا باسی ریشە و رەچەڵەکی خۆی دەکات. لە لاپەڕە ١٣٦ی ئەم پەرتووکەدا لەژێر سەردێری (رەچەڵەکی کوردان) دا نووسیوێتی: کورد پێکهاتووە لە چوار گرۆی سەرەکی؛ کە باشترینەکانیان بریتین لە: یەکەم کورمانج، دوویەم لوڕ، سێیەم کەڵهوڕ، چوارەم گۆران.
سەرەنجام ٢٣ ئۆکتۆبەری ١٩١٧ لە شاری تاران کۆچی دوایی کرد. تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ ئیسفەهان و لەوێ لە گۆڕستانی خانەوادەیی بەخاک سپێردرا.
یادی بەرز و شکۆدار بێ
لە ویکیپێدیام وەرگرتووە و وەرمگێڕاوە









