Wednesday, January 5, 2022

ئاوڕێک لە حزبەکانی رۆژهەڵات



جێی خۆیەتی لە ساڵیادی لەسێدارەدرانی پێشەوای بەرزی کوردستان و هاوڕێیانیدا کە رۆژی شەهیدانی کوردستانە بە کورتی ئاوڕێک لە دۆخی ناهەموار و نالەباری حیزبەکانی رۆژهەڵات بدرێتەوە؛ و پرسیار بکرێت گەلۆ هۆکارەکانی بە پاشکۆبوونیان و بێدەنگکرانیان چییە؟ لە کاتێکدا کە کوردانی رۆژهەڵات هیچ مافێکی قانوونییان لە باشوور نییە، بۆچی لەت و کوت و گرفتار بوون و هێز و دەرفەتی جووڵە و چالاکییان لێبڕاوە؟
پەنابردنی هێز و لایەنە کوردیەکانی رۆژهەڵات بۆ باشوور رابردوویەی دوور و درێژی هەیە. هەر لە دوای رووخانی کۆماری کوردستانەوە، هەر کام لە چالاک و هەڵسووڕاوانی سیاسی و حیزبی لە رۆژهەڵات هەستیان بە مەترسیی گیران و کوژران کردبێت یان بەهۆی گوشارەکانی حکومەتی ئێرانەوە هەراسان کرابێتن، ناوچەی خۆیان بەجێهێشتووە و روویان کردووەتە باشووری کوردستان و ئێراق. دیارە دۆخی ئێراق و باشووری کوردستانیش بەردەوام لە گۆڕانکاریدا بووە و کەم هەبووە کە جۆرێک شەر و ئاڵۆزی لەم هەرێمەدا لەئارادا نەبووبێت. هەموو جارێک هێز و لایەن یا تاکەکانی کوری رۆژهەڵات لە کاتێکدا کە لە ترسی مەرگ و تیاچوون رایانکردووە، لە باشوور بە جۆرێک و بە بەهانەیەکی تر بوونەتە قوربانیی ئەو شەڕ و ناکۆکییانەی ئەوێ.
لە سەردەمی ئەیلوولدا حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بە هەموو قورسایی خۆیەوە بە کادر و ئەندام و لایەنگرانی ئاشکرا و نهێنیی خۆیەوە دەکەوێتە خزمەتی پارتی دێمۆکراتی کورد-ئێراق و تەنانەت ئابوونەی ئەندامانی خۆیشی کۆدەکاتەوە و دەیداتە دەست پارتی دێمۆکرات تا جووڵانەوەی کوردی باشووری پێ تەسەل بکات و بتوانێت بەسەر کەند و کۆسپ و ناتەواوییە ئابووریەکانیدا زاڵ ببێت و سەرەنجام بەسەر ئێراقدا سەر بکەوێت. لە کاتێکدا کە پێشمەرگە و ئەندامانی خۆیان بۆ پارووە نانێک موحتاج بوون، تومەنی ئێرانی بە فەردە لە رێگەی ئەندامانی نهێنیی حیزبی دێمۆکراتەوە دەگەیەنرایە باشوور و تەسلیمی سەرکردایەتیی پارتی دەکرا.
لەم میانەدا بە هۆی بایەخنەدان و گرنگینەدانی رێبەرایەتیی حیزبی دێمۆکرات بە کادر و ئەندام و لایەنگرانی خۆی و تەرخان کردنی هەموو تواناکانی بۆ سەرکردایەتیی پارتی، لە نێو خۆیدا بەرەبەرە هوڵۆڵ دەبێت و کون و کەلەبەری تێدەکەوێت. هەر تاقم و دەستەیەک بە لایەکدا پەڕیوە دەبێ و بۆ دۆزینەوەی دەروویەکی رزگاربوون خۆی بە کەس و لایەنێکەوە هەڵدەواسێ. ئەگەر رووداوی شۆرشی ئێران نەهاتبایەتە پێشەوە ، بێگومان قوتاربوونی حیزبی دێمۆکرات لەو پرژ و بڵاوی و سەرلێشێواوییە ئاسان نەبوو، هەرچەندە دوکتۆر قاسملوو توانیبووی تاکە باڵێکی حیزب رێکبخاتەوە.
لە دەیەی هەشتاکان بەهۆی ئەوە کە هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵات ماوەیەک لە نێوخۆی رۆژهەڵات بوون و دوواتریش لە سنوورەکان جێگیربوون، توانیبوویان تا ئاستێکی باش سەربەخۆیی سیاسیی خۆیان بپارێزن و لە نێو هەموواندا حیزبی دێمۆکرات توانایەکی زۆر و زەوەندی هەبوو؛ تا ئاستێک کە ئەو سەردەمە وەک کاریگەرترین و تواناترین هێزی کوردی لەسەر ئاستی هەموو کوردستان هەژمار دەکرا. بەڵام ئەم دۆخە زۆری نەخایاند و لە دوای جەنگی کووەیت و راپەڕینی باشوور رۆژە تاڵ و رەشەکانی هێز و لایەنەکانی رۆژهەڵات دەستیان پێکردەوە.
دوای راپەڕین زۆری نەخایاند کە لەسەر داوای ئێران و سەرکردایەتیی پدک-ینک حیزبی دێمۆکرات لە سنوورەکان راماڵدرا و لە قووڵایی باشووردا نیشتەجێ کرا. ئیتر لەم رۆژە بە دوواوە حیزبی دێمۆکرات و هەموو لایەنەکانی دیکەی رۆژهەڵات رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر بۆ پدک و ینک دەستەمۆبوون و سەرەنجام سەربەخۆیی سیاسیی خۆیان بە تەواوی لەدەستدا؛ و چاویان بڕییە ئەو مووچە و بەراتەی مانگانە پدک یا ینک بە هەزار مەرج و منەتەوە پێیانیان دەبەخشن. هەر لەم سۆنگەیەشەوە، لەو کاتەوە کە لە کەمپەکانی قووڵایی باشوور نیشتەجێکران و سنوورەکانیان لێ قەدەغەکرا، زۆربەی هێزەکانیان بە کادری کۆن و نوێ و بە ئەزموون و بێ ئەزموونەوە وازیان لە حیزبایەتی هێنا و بۆ مەبەستی گەڕان بەدوای شوێنێکی ئارام و تەناهـ دا روویان کردە هەندەران. هەرچەند سەرژمێری و ئامارێک لەبەردەستدا نییە کە ژمارەی کادر و ئەندامانی ئەم حیزبانە لە هەندەران دەربخات، بەڵام بە دڵنیاییەوە چەندین بەرابەری ژمارەی ئێستای نێو کەمپەکان کادر و پێشمەرگەی رۆژهەڵات روویان کردووەتە هەندەران؛ و لەوێش هەروەک پێشوو بێبەرنامە و پلانێکی روون، چاوەڕوانن رۆژێک پەرجووئاسا رێژیمی کۆماری ئیسلامی بڕوات و ئەمان بگەڕێنەوە وڵات. ئەم هەموو کادر و پێشمەرگانەی نیشتەجێی هەندەران جگە لە ئەندامەتییە کلاسیکیەکە هیچ چەشنە رێکخستنێکیان لە نێودا نەکراوە. تەنیا دروشمدانی رۆژانە و ئابوونەی مانگانە بووەتە ئاڵقەی پەیوەندیی نێوان ئەوان و حیزبەکان.
لە راستیدا ئەم حیزبانە ئەگەر هیچ پلان و بەرنامەیەکی ستراتێژیان هەبووایە دەیانتوانی سوودی زۆر باش لەم هەموو کادر و پێشمەرگە کۆنەی هەندەران وەربگرن؛ هەروەک چۆن پێشتر پکک لە نێو کوردەکانی ئەڵمان و چەند وڵاتی تر دا کردوویەتی. هەم سوودی بەوان گەیاندووە؛ و هەم سوودی لەوان وەرگرتووە. لایەنەکانی رۆژهەڵاتیش بە هۆی ئەم هەموو ژمارە زۆرەی ئەندام و لایەنگرانیان دەیانتوانی سوودێکی زۆری دوولایەنە بەیەکتری بگەیەنن؛ کە لە دەرەنجامدا سوودەکە دەگەڕایەوە بۆ پێشخستنی جوڵانەوەی رۆژهەڵات. راستە دانیشتوویەکی ئەوروپا ناتوانێ چەک بکاتە شان و بڕواتە سەنگەرەوە بەڵام لە زۆر بواری ئابووری، دارایی، سیاسی و دیپڵۆماتیک و تاد.. دەکرێ توانای خۆی بخاتەگەڕ و خزمەت بە جووڵانەوە بکات. لەم میانەدا بواری دارایی و ئابووری زۆر گرنگن کە هیچکام لە لایەنەکانی رۆژهەڵات لە دوای نیشتەجێبوونیان لەکەمپەکان ئاوڕیان لێنەداوەتەوە و بایەخیان پێنەداوە.
ئەم حیزبانە دەیانتوانی بە هاوکاریی ئەندامە دڵسۆزەکانیان لە هەندەران کارێک بکەن چیتر منەتباری پدک و ینک نەبن و خۆیان ببنە خاوەن سەرچاوەی دارایی خۆیان. بزوووتنەوەی کوردی رۆژهەڵات تا کاتێک کە نەتوانێت لە رووی دارایی و ئابوورییەوە سەربەخۆ بێت، ناتوانێ خۆی لەژێر باری سیاسەتی پدک و ینک رزگار بکات و هەڵوێستی سەربەخۆی هەبێت. رزگاربوون لە ژێر باری ینک و پدک بۆ ئایندەیش سوود و قازانجێکی زۆری بۆ کوردی رۆژهەڵات هەیە؛ بەتایبەتی بۆ رەواندنەوەی تەوەهومی کوردایەتیی درۆیینە. بۆ ئەوەی چیتر گەلی ئێمە لە رۆژهەڵات ناچار نەبێ چەپڵە بۆ ئەم هەموو خیانەت و دزی و گەندەڵییە لێبدات کە لە باشوور لە ژێر ناوی کوردایەتیدا بەڕێوەدەچێت. سەربەخۆبوونی ئابووری و دارایی و وەستان لەسەر پێیی خۆ، هێز و ورەمان پێدەبەخشێ کە لە بەرامبەر ناهەقی و خیانەتی ستەمکار و خائیناندا بێدەنگ و بێهەڵوێست نەبین.

No comments:

Post a Comment