Friday, April 29, 2022

دلاوەر

ووتەیەکی پێشینان هەیە دەڵێ: لێم بووەتە دلاوەر، خێربەری شەڕ ئاوەر!

بابم بە رەحمەت بێ زۆر جار ئەم ووتەیەی بەکاردەهێنا. بەم شێوەیەش چیرۆکی ووتەکەی باس دەکرد:
کابرا بە خۆی و بە تاژییەکەوە چوو بۆ ڕاوی کەروێشک و رێوی. تاژییەکەی ئەوەندە خۆش دەویست، لە خۆشەویستییان ناوی لێنابوو دلاوەر. ئەو رۆژە زۆر ئەم شاخ و ئەو شاخ گەڕا تا دەمەو ئێوارە هیچی دەست نەکەوت. زۆر شەکەت و ماندوو بوو. لەو کاتەدا کە لە بیری ئەوەدا بوو بەرەو ئاوایی بگەڕێتەوە چاوی بە کەروێشکێک کەوت و خێرا دلاوەری خستە دوای کەروێشک.

ئیدی زۆر لەم شیو بۆ ئەو یاڵ و بۆ ئەو بن بەردە و ... بە دوای کەروێشک و تاژی دا رایکرد.. سوودی نەبوو. ئەوەندە ماندوو بوو تاقەتی لێبڕا؛ گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی و چاوەڕوان بوو تا دلاوەر بە کەروێشکەوە دەگەڕێتەوە.

خۆر ئاوا بوو، لەسەرما دەلەرزی.. هەر ئەوەندە سەری بەرزکردەوە بەرەو لاپاڵەکەی بەردەمی، دیتی دلاوەر شان بەشانی وورچێک بەرەو لای دێت. تومەز دلاوەر کەروێشکەکەی وون کردووە و لەگەڵ ئەو وورچە بووەتە برادەر!!
کابرا هەر لەجێی خۆی زراوی چوو، نەیزانی چی بکات؟ ئەوەندە سەرمای بوو هێزی راکردنیشی نەمابوو. تەنیا توانی ئەوەندە بڵێ:

بە خێڕ نەهاتی دلاوەر!
خێربەری شەڕ ئاوەر!

 



لە بێخەبەران، کەشکەک سەڵاوات!

ئەم ناونیشانەی سەرەوە ووتەیەکی پێشینیانە.
ئێستا هەندێک کەس کە ووتەکەیان بیستووە و لە واتای ووشەکان تێناگەن، لەجیاتی (کەشکەک) دەڵێن (تەشتێک) یا (کۆشێک) سڵاوات. ئەمە روون و ئاشکرایە سەڵاوات بە تەشت و کۆش ناپێورێ بەڵکوو بە ژمارەیە. دەڵێن سەڵاواتێک بنێرە.

کەشکە لە کوردیدا واتە پاچە، لوولاک، لوولاق یا ئەو بەشە لە قاچ کە دەکەوێتە خوار ئەژنۆ و سەروو گوێزنگ. جۆرێک چێشتی نەریتیی کوردی هەیە کە بە کوڵاندنی پاچەکانی بەرخ یا گیسک لە شلەی گەنمەکوتاو یا ساوار و بڕوێش دا دروسدەکرێت. بەم چێشتە دەڵێن کەشکەک. دیارە لە هەندێک ناوچە سەر و کەللەکەیش لە گەنمەکوتاو دا دەکوڵێنن و پێی دەڵێن کەشکەک. رەنگە لە هەندێک ناوچەی تردا نەک تەنیا پێکهاتەکانی بەڵکوو ناوەکەیشی جیاواز بێت. بەڵام بە گشتی وەها چێشتێکمان لە کوردەواری دا هەیە کە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم ووتە ناسراوەی سەرەوە.

مەبەستی ووتە کۆنەکەیش ئەمەیە کاتێک کەسێک ئاگاداری رووداوێک نییە؛ بە تەشەرەوە پێی دەڵێن لە بێخەبەران کەشکەک سەڵاوات! واتە فڵان کەس تۆ ئاگات لە هیچ نییە و تەنیا خەریکی خواردنی چێشتی خۆشی کەشکەکیت و سەڵاوات بۆ دیداری ئەو دەنێریت. لە راستیدا کەشکەک چشتێکی زۆر بەتام و چێژ و بەسوودە و رەنگە مێژووی هەزاران ساڵەی لەگەڵ کورد دا هەبێت.  دوای ئەوەی ئەم وێنەیەشم گرت، ئەم دەورییە کەشکەکەم هەموو نۆشی گیانم کر؛ بێ ئێوە ناخۆش.

Saturday, April 23, 2022

هێلکە


هێڵە، هێلکە، هێلک، هێکە، هێک، هاک، هاگ، خا، خای. لە رووی واژەڕەتناسییەوە ریشەیە ووشەکە بریتییە لە (ها) یا (خا). تا ئێستایش لە زار و زمانەکانی خوارووی کوردستان دا وەک لەکی و لوڕی و فەیلی دەڵێن (خا)؛ و بە هێلکە و ڕۆن دەڵێن خاگینە. ووشەی (خایە)ی فارسی لەمەوە وەرگیراوە. هەروەها ووشەی (هاگ)یش کە لەم ساڵانەی دوواییدا فارسەکان بە واتای تۆوی کارگ یا کەڕوو بەکاری دەهێنن هەمان (هاگ)ی خۆمانە کە لە کورمانجیی سەروودا بە مانای هێلکە دێت. 
لە زۆرێک لە چاند و فەرهەنگە جیاوازەکاندا هێمای ژیانەوە و زیندووبوونەوەیە. لە چینەوە بگرە تا دەگاتە کوردستان و ئەوروپا، هەموو ئەو تیرە و نەژاد و تەبار و گەل و نەتەوانە هەرکام بە شێوازی خۆی هێلکەی وەک هێمای درێژەدان بە ژیان سەیرکردووە.
لە کوردەواریدا یەکێک لە گرنگیەکانی هێلکە لە نەورۆزدا دەردەکەوێت. مەراسیمی هێلکەشکێنە و کێبەرکێی هێلکە لە نەورۆزدا بایەخ و گرنگییەکی زۆری هەبوو. دایکان لە چەند رۆژ پێش هاتنی نەورۆزەوە هێلکەیان بۆ منداڵەکانیان رەنگ دەکرد. هەروەها هێلکە وەک نەورۆزانە دەدرا بە منداڵان و نۆجوانان. لە نێو ئێزیدییەکانیش دا بە هەمان شێوە هێلکە رەنگاوڕەنگ دەکەن و وەک هێمای نوێبوونەوە و ژیانەوە دەیبەشنەوە.
یەکێک لە رێگاکانی پاراستنی هێلکە لە گەنین و بەسەرچوون بریتییە لە داپۆشین و هەڵگرتنی لە نێو خوێ دا. چینییەکان هێلکە لە خوێواوک دا هەڵدەگرن تا تەمەنی درێژ بێت و زوو نەگەنێت. بەڵام لە کوردەواری دا کووپەیەک یا توورەکەیەک پڕ دەکرێ لە خوێ و هێلکەکان دەکرێنە ژێر خوێیەکەوە. جاران منداڵان پێیان وابوو کە ئەو هێلکەیەی لە نێو خوێ دا هەڵدەگیرێت، توێکڵەکەی رەقتر دەبێت؛ هەربۆیە ئەو هێڵکانەیان بۆ هێلکەشکێن بەکاردەهێنا تا هێلکەی زیاتر ببەنەوە. دیارە ئەو هێلکەیە لە خوێدا دەپارێزرێت، تام و چێیژی دەگۆڕێت واتە خوێیەکە دزە دەکاتە نێوییەوە.

چینییەکان رێگایەکی تریان بۆ پاراستنی هێلکە هەبوو کە لە کوردەواریدا نەبووە، ئەویش بریتی بوو لە تێکەڵکردنی خوێ، خۆڵەمێشی دار یا خەڵووزی قەسەڵ، قسڵ و بەڵمی چەڵتووک و گڵ. دوای ئەوەی هەموویان لەگەڵ چا تێکەڵ دەکردن و گیراوەیەکیان لێدروست دەکرد، هێلکەکانیان پێ سواغ دەدان. بەم جۆرە بۆ ماوەیەکی درێژ دەیانتوانی هێلکەکان لە گەنین و پیسبوون بپارێزن. کاتێکیش لەجیاتی خۆڵەمێشی دار، خەڵووزی قەسەڵ بەکاردەهێنرێت، زەردێنە و سپێنەی هێلکەکان هەموو رەش دەبێت؛ ئەمەیش شێوازێکی جیاوازی ئامادەکردنی هێلکەیە لای چینییەکان.

 


بــــــاریــــــک

لە نووسینەوە و گێڕانەوەی مێژوو و رووداوە کۆنەکاندا زۆر جار تەنیا دۆزینەوەی یەک سەرەداو بەسە بۆ هەڵدانەوەی پەردەیەکی رەش و ئەستوور لەسەر دنیایەک زانیاریی شارراوە؛ و ساغ کردنەوەی مێژوویەکی فەوتاو یا چەواشەکراو.  

ساڵی ٢٠١٢ بابم کۆچی دوایی کرد. دوای چەند مانگێک کێلێکمان لای ژوور سەری چەقاند کە ناوی  باوکی و پێنج باپیریمان لەسەر نووسیبوو.  بابم ئەوسا کە لە ژیان دا بوو
ئەو ناوانەی بە ئێمە گوتبوو.  وێنەی گڵکۆ و کێلەکە گەیشتبوویەوە رۆژهەڵات و خزمەکانمان دیتبوویان.  زۆربەیان بە تەشەرەوە دەیانگوت ئەو هەموو  باپیرە چییە بە دوای یەکتریدا ریزتان کردووە؟  

لەو نێوەدا کوڕێکی گەنجی یەکێک لە ئامۆزاکانم بە ناوی ئومێد بە قووڵی سەرنجی دابوویە ئەم خاڵە و بۆی ببوو بە پرسیار؛ بۆچی تا ئێستا ناوی ئەوەندە باپیرەی خۆی نەزانیوە؟!  ئایا دەبێ ئەوانە کێ بووبن و چکارە بووبێتن؟  ماوەیەکی باش کەوتە پرسیار و گەڕان. سەرەتا پرسیارەکانی لە ئێمە کرد و هەرچی زانیمان و لە بابمانەوە بیستبوومان، پێمان گوت.  بابم هەرچەندە نەخوێندەوار بوو، بەڵام کەسێکی ووردۆز و ووردبین بوو.   پرسیاری زۆر دەکرد و لێکدانەوەی قوڵ و ووردیشی بۆ بابەتەکان هەبوو.  بەسەر مەسەلەکاندا بازی نەدەدا؛ هەربۆیە پڕ زانیاریی زارەکی بوو..

لە یەکێک لە کتێبەکانی کاک نەوشیروان دا نووسرابوو، سەردەمی عەبدولکەریم قاسم کێشەی گەورە لە نێوان عەشیرەتەکانی زێباری، سورچی و برادۆست لەگەڵ مەلا مستەفادا هەبوو. مەلا مستەفا لە سەرەتاوە دەیویست ئەوان لاواز بکات و خۆی جێگای ئەوان بگرێتەوە.  هەروەک دەبینین ئێستا سەرکەوتووە. بەڵام ئەو سەرۆک عەشیرەتانە ئەمەیان پێ قەبووڵ نەدەکرا. جارێکیان خدر ئاغای سورچی دەچێتە لای عەبدولکەریم و لە نارەزایەتییەکەی دا بە دژی بارزانی دەڵێ نە بارزانی عەشیرەتە و نە مەلا مستەفایش سەرۆک عەشیرەتە. من ئێستا ناوی دووازدە پشتی خۆمت پێدەڵێم؛ تۆ مەلا مستەفا بانگ بکە و لێی بپرسە بزانە ناوی چوار پشتی خۆی دەزانێ؟  ئەمە بۆ ئێمەیش بوو بە پرسیار؛ بابی ئێمە نەخوێندەوارە و بە هەتیوی گەورە بووە؛ چۆنە کە ناوی پێنج باپیری خۆی دەزانێ؟!

ئومێد بە لێبڕانەوە دواتر بازنەی لێکۆڵینەوەکانی فراوانتر کرد.  گەڕا بە دوای سەرچاوە نووسراوەکان و  ئەو کەسانەی تەمەنێکیان رابوواردووە و ئەوانەی کاریان لەسەر نووسینەوەی مێژووی هۆزەکان کردووە..  دوای چەند ساڵ کاری بەردەوام، سەرەنجام مێژووی هۆزێکی زیندوو کردەوە کە تەنیا لای تاک و تەرای بەتەمەنەکان ناوی مابوو.  ئەو توانیی تەنانەت چەند وێنەی باپیر و باپیرە گەورەیشمان لە چەند سەرچاوەی جیاوازەوە بدۆزێتەوە و ساغ بکاتەوە.  هۆزی باریک کە پێشتر و بەر لە هوروژمی هەنگاو بە هەنگاوی تورکەکان لە تەورێزەوە،  نیشتەجێی ناوچەی چۆمی مەجیدخان و دەشتی میاندوواو بوون، ئێستا پەرش و بڵاون و شتێکیان بە ناوی هۆز و تیرە و خێڵ لێ نەماوەتەوە. 

دوای نزیک بە ١٠ ساڵ ئێستا ئیتر بە ئومێد گیان دەڵێم دەستت خۆش بێ و ماندوو نەبیت!  ئێستا دڵنیا بووم کە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونەکانت راست و دروستن؛ هەرچەند مێژوو وەک خۆی سەداسەد روون نابێتەوە. 
ئەو کەسەی لە وێنەکاندا زووم کراوە باپیرمە؛ کە بە دەروێش رەحیمی  خەندەرەش ناوبانگی هەبووە و  ئەندامی کۆمەڵەی ژێکاف بوو و ناسناوی خەندەرەش بوو.

سەبارەت بە ووشەی کوڕ

شاخی کوڕەکاژاو
وێنەگر: یەعقووب حاجی عەلی باراوی
٢٠\١\٢٠٢٠

وەک لە چەند سەرچاوەیەک دا باس کراوە ووشەی (کوڕ) لە سومەری دا واتە (شاخ، کێو، کەژ، چیا)؛ و هەرچەند لە کوردیی ئەم سەردەمەدا بەم واتایە بەکار ناهێنرێت، بەڵام هێشتا ووشەکە لە برەو نەکەوتووە و وەک بەشێک لە ناوی شاخەکان ماوەتەوە. ئەوەی جێگەی داخە ئەمەیە کە هێشتا فەرهەنگێک یا ئەتڵەسێکمان نییە ناوی هەموو شاخ و دۆڵ و دەشت و شار و گوندەکانی کوردستانی تێدا کۆکرابێتەوە؛ هەربۆیە دەبێ چاوەڕوانی ئایندە بین و بزانین تا خێرخوایەک وەها کارێک دەکات، چەندەها ووشەمان دەفەوتێن و لە ناودەچن.
وەک ئاماژەی بۆ کرا ووشەی کوڕ لە ناوی کۆمەڵێک شاخ دا ماوەتەوە بێ ئەوەی رۆژێک هەستمان بەوە کردبێت کە واتای (شاخ) دەبەخشێت. نموونە:
کوڕەکاژاو، کوڕکوڕ، كوڕیس، تەپەکوڕە، کوڕەژار، کوڕەداوێ، کوڕەمێو، کوڕەی باڵامبۆ، کوڕەی میانە، کوڕەی مریەم، قەڵای کوڕێ .. دیارە کوڕەداوی و کوڕەمێو ئێستا ناوی گوندن لە نزیک سنوورەکانی باشوور-رۆژهەڵات، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە پێشتر ناوی یەکێک لە شاخەکانی دەوروبەری خۆیان بووبێتن. هەروەها تا سی چل ساڵێک لەمەوبەر کورمانجەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە موکریانییەکانیان دەگوت کوڕکوڕە. لە لایەکی ترەوە ئۆجەلان پێی وایە ووشەی کورد لە (کوڕ)ی سومەری و پاشگری (د) پێکهاتووە بە مانای شاخ نشین، چیانشین.


خوسرەودار


خۆڵنجان، قۆڵنجاڵ یا گاڵەنگاڵ، لە ناوچەی بەختیاریی خووزستان بە خوسرەودار ناسراوە. لە خێزانی زەنجەفیلیەکانە. ریشەیەکی کورمەیی (رایزم)ە و بەرامەی خۆشی هەیە. چوار چەشن هەن کە زۆر لە یەکتری دەچن بەڵام جیاوازن و هەرکامیان بۆن و بەرامە و چەشەی خۆی هەیە. بە هەموویان دەگوترێت خۆڵنجان، قوڵجناڵ یا گاڵەنگاڵ. هەرکامیان لە ووڵات و ناوچە و مەڵبەندێک باوە و ناسراوە؛ بەڵام بە گشتی لە خۆراکی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا وەک تایلەند، ڤیەتنام، ئەندۆنێزی و مالیزیدا بەکاردەهێنرێن. لە سەدەکانی ناوین دا بەکارهێنانی لە ئەوروپا زۆر باو بوو، بە گاڵینگەیڵ ناسرابوو.
لە رووەکزانیی نەژادی دا بۆ کردنەوەی ئارەزووی خواردن، لابردنی تەنگەنەفەسی و گرفت و ئاریشەکانی سک بەکارهێنراوە. لە بازاڕ دا لای بەقاڵە ئاسیاییەکان دەست دەکەوێ؛ چ بە شێوەی کورمەی تەڕ وتازە، ووشکراوە، لەتلەتکراو یا تۆز و هاڕدراو.

مەناقیب


وابزانم ساڵی ١٩٨٥ بوو پێویستیمان بە کڕینی کەرەستە و پێداویستییەکانی ددانسازی بوو. لە ئۆردوگای رۆمادی دەژیاین و چوونەدەر لە ئۆردووگا ئاسان نەبوو. کەرەستەکانیش تەنیا لە بەغدا دەست دەکەوتن. بابم هاوڕێیەکی تازەی پەیدا کردبوو بە ناوی خەلیفە عەسکەر. خەلیفەی شێخ عەبدولکەریمی کەسنەزان بوو. دیار بوو خەلیفە دەستی لەملا و لەولا دەڕۆیشت. بابم بابەتەکەی بۆ باسکردبوو ئەویش رۆژێکی دەسنیشان کرد کە لەگەڵ خۆی بمانباتە بەغدا.

لە رۆژی دیاریکراودا من و بابم و خەلیفە کەوتینە رێ بەرەو رومادی و لەوێش ترومبێلێکمان گرت بەرەو بەغدا. شوێنی مەبەستمان دۆزییەوە و هەموو پێداویستییەکانمان کڕی. دوایی چووین بۆ(باب الشیخ) کە مەرقەدی شێخ عەبدولقادری گەیلانی لەوێ بوو. زیارەتی ئەومان کرد و نوێژێکی سوننەتمان خوێند و پشوویەکمان دا. بابم پێشتر چەند جارێک زیارەتی مەرقەدی شێخ عەبدوڵقادری کردبوو، زۆر چیرۆک و بەسەرهاتی ئێوی بۆ ئێمە دەگێڕایەوە. منیش دووەم جارم بوو. زیارەتی مەرقەد و مەزاری ئیمامی عەلی و حوسێن چەندە بۆ ئەهلی شیعە گرنگە، زیارەتی غەوسی گەیلانیش بۆ کوردی سوننی، بەتایبەتی بۆ دەروێشەکان ئەوەندە بایەخ و گرنگیی هەیە. بەشێکی زۆر لە زیارەتکەرانی بارەگای شێخ عەبدولقادر کورد بوون؛ تەنانەت ئەو دوکاندار و دەسفرۆشانەیش کە لە دەوروبەری بارگاکە بوون زۆربەیان کورد بوون، بەڵام زۆریان دشداشەی عەرەبیان لەبەردابوو. یەکەمجار کە بابم چووبوو بۆ بەغدا و زیارەتی غەوسی کردبوو دەیگێڕایەوە کە چاوی بە کابرایەک کەوتبوو کە لە دەوروبەری ئەوێ دەسفرۆشی دەکرد، خەڵکی سابڵاخ بوو. بۆ باوکمی باس کردبوو کە ماوەی ٦٠ ساڵە سابڵاغی بەجێ هێشتووە و نیشتەجێی بەغدایە.
دوای پشوودانێکی کورت بابم گوتی با سەردانێکی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەرریس بکەین. هەر لە حەوشەی بارەگای شێخ عەبدولقادردا چەند حوجرە و هۆدەیەک هەبوون یەکێک لەوان حوجرەی مامۆستا بوو. چووین سڵاومان کرد و دەستی مامۆستامان ماچ کرد. پیاوێکی بەتەمەن، کز و لەڕ، باڵا ورد و زمان شیرین. زۆر بە رێزەوە بەخێرهاتنی کردین. بابم خۆی ناساند و پاشان گوتی مامۆستا زۆر پرسیاری مەناقیبی شێخ عەبدولقادری گەیلانیم کردووە لە هیچ کوێ دەستم نەکەوتووە؛ زانیومە ئەگەر لای جەنابت پەیدا نەبێ زەحمەتە لە شوێنی تر دەست بکەوێ. مامۆستا گوتی من نەمزانیوە مەناقیبی شێخ عەبدولقادر لە هیچ کوێ هەبێ.
مەناقیب بەو نووسراوەیە دەگوترێ کە لە پەسنی چاکە و دڵسۆزی و زانایی کەسێکدا بەشێوەی پەخشان یا هۆنراوە دەنووسرێت و ژیاننامەیەکە بەشێوەیەکی ئەدەبیی رەوان دایدەڕێژن. بابم لەبەرئەوەی پێشینەی دەروێشیی هەبوو، لەم ووردەکاریانەی دەزانی؛ و حەزی دەکرد ژیاننامەی گەورەپیاوان و پیاوچاکان بزانێت.

Wednesday, April 13, 2022

کوانتێتی و کواڵێتی



لە زوانی ئینگلسی دا واژەکانی (Quantity) و (Quality) مان هەیە کە هەردووکیان لە فرانسی وەرگیراون، ئەویش لە لاتینەوە وەرگیراوە، ئەویش دەگەڕێتەوە یونانی. هەردووکیان بە شێوەی جیاواز لە یەک ووشەی پرۆ هیندۆ ئەوروپای (کوو) وەرگیراون؛ کە ئەمڕۆ لە کوردیدا بە واتای چۆن، چاوا، چتەور و کوو دێت. یانی (کوو)ی هیندۆ ئەوروپایی کە ریشەی ( کوانتێتی و کوواڵێتی)یە ئێستا لە هەولێر وەک هەزاران ساڵ لەمەوبەری خۆی ماوەتەوە و بەکاردەهێنرێت.

هەربۆیە ئەگەریش لامان شەرم بێت بڵێین چۆنایەتی، با لە جیاتی (کواڵێتی) بڵێین کووایەتی.

 


Monday, April 11, 2022

(ملحق \ پسوند) یا پاشگری _اک

یەکێک لە نیشانەکانی توانایی و دەوڵەمەندیی زمان، هەبوونی پاشگر و پێشگر یا پاشبەند و پێشبەند یا پاشکۆ و پێشکۆیە. هەر زمانێک ژمارەی پاشگر و پێشگرەکانی زۆرتر بێ، دەتوانێ واژەی زیاتر بەرهەم بهێنێت و پتر هاوتەریب لەگەڵ داهێنراوە نوێیەکان دا گەشە بکات و بەرەو پێش بڕوات. هەر خودی ئەوە کە لە بەرامبەر واژەی (ملحق)ی عەرەبی و (پسوند)ی فارسی دا تا ئێستا سێ واژەی پاشگر، پاشبەند و پاشکۆمان هەیە، زۆر جێگەی تێڕامانە. ئەگەر بە ووردی توێژینەوەیەک سەبارەت بە ژمارەی دروستی پاشگرەکانی زمانی کوردی بکرێت، من دڵنیام ژمارەیان لە ٣٠٠ دانە تێدەپەڕێ. باوەڕ ناکەم هیچ زمانێک لە جیهاندا هەبێ ژمارەی پاشگرەکانی ئەوەندە زۆر بێ.

لێرەدا باسی پاشگری (اک) دەکەم کە لە زۆر واژەدا هاتووە و واتای تازەی پێیان بەخشیوە. پاشگرێکی کورت و رێک و رەوانە. بە دوای هەر سیفەت و ناو و فرمانێکەوە بلکێندرێت، وشەیەکی رند و جوان و واتاداری تازەی لێ دروست دەکات. نموونە:
- (خۆر\خوار) چاوگی فرمانی خواردن +اک = خۆراک، واتە شتێک کە شایانی خواردنە.
- (پۆش) چاوگی فرمانی پۆشین +اک = پۆشاک، واتە شتێک کە شایانی پۆشینە.
- (جڤ) چاوگی فرمانی جڤین +اک = جڤاک، واتە کۆمەڵێک کەس یا شت کە بەرەو یەکتری جڤاون یا جووڵاون.
- (مین) ناوە واتای وێنە دەدات +اک = میناک، واتە شتێک کە دەکرێتە نموونە.
- (خاش) سیفەتە بۆ بچووکی +اک = خاشاک، واتە ئەو شتە یا شتانەی کە قەبارەی راستینەی خۆیان لەدەستداوە و وورد بوون.
- (روون) یەکێکە لە رەنگەکان کە تیشک بە نێویدا تێدەپەڕێت +اک = رووناک، واتە پێچەوانەی تاریک.

Sunday, April 10, 2022

گونەشەیتان


زۆر جار کە لە کوردیزانێک پرسیار دەکرێت فڵان کەرەستە یا ئامێر ناوە کوردییەکەی چییە؟ لە وەڵام دا دەڵێت برا گیان ئەو ئامێرە داهێنراوی ئێمەی کورد نییە و لە کوردستانیش بەرهەم نەهاتووە؛ هەربۆیە لە زمانی کوردی دا ناوێکی دیاریکراوی نییە. لەبەر ئەم هۆیانە کاکی کوردیزان هانمان دەدات کە وشەیەکی عەرەبی، فارسی، تورکی یا هەر وشەیەکی تر کە بەهۆی زمانی سەردەستەوە بووەتە باو، بۆ ئەو ناوە بەکاربهێنین. ئیتر جارێکیش لە جاران ئەو کوردیزانە بیر لەوە ناکاتەوە یا نایەوێت بیر لەوە بکاتەوە کە ئەو کەرەستە و ئامێرە لەلایەن فارس و تورک و عەرەبیشەوە دانەهێنراوە؛ ئەی بۆچی ئەوان ناوی تایبەت بە خۆیانیان بۆ داناوە؟ بۆ وێنە (سەییارە، تەییارە، قیتاڕ، میروەحە، موبەرریدە، موجەممیدە، حاسیبە)، (خودرەو، هەواپەیما، بالگەرد، رایانە، گووشی، سامانە) و... ئەمانە هیچکامیان فارس و عەرەب لە داهێنانیان دا کەمترین رۆڵیان نەبووە؛ و وەک ئێمەی کورد بە ئامادەکراوی هاتووونەتە بەر دەستیان؛ کەچی بە فارسی و عەرەبی ناویان بۆ دەسنیشان کراوە و رۆژانەیش ناوەکان بەکار دەهێنن.

زمانی ئێمە زمانێکی دەوڵەمەند و توانایە ئەگەر بە شێوەیەک کە زانستی زمانزانی پەسەندی کردووە لە بواری ووشەسازی دا لەگەڵ زمانەکەمان رەفتار بکرێت، باوەڕ ناکەم هیچ ووشەیەک هەبێت کە نەتوانین لە زمانی کوردیدا بیدۆزینەوە یا دایبڕێژین و دایتاشین. زۆر جار مەرج نییە ووشەکان لەلایەن زمانزانەکانەوە دابڕێژرێن، مەردم خۆی لەبری ووشەیەک، لە هەر ناوچەیەک یەک یا چەند ووشە دروست دەکات و بەکاری دەهێنێت. ئەم جۆرە ووشانە نابێ نادیدە بگیرێن؛ ئەمانە زۆر گرنگتر و رەسەنترن لەوانەی زمانزانەکان دایاندەڕێژن. بۆ نموونە: لەم وێنەیەی سەرەوەدا کۆمەڵێک تەنی شێوە تۆپی رەنگاوڕەنگ هەن کە هەموومان دەزانین کورد داینەهێناون؛ کەچی چەندین ناویان لە زمانی کوردیدا هەیە و زمانزانەکانیش لە دروستکردنیاندا رۆڵیان نەبووە.


میزەڵان\میزڵدان
دەبدەبە
فوودانە
تیزان\تیزانگ
گونەشەیتان
شیشڵدان
پسدانە\پزدانە
پڤدانۆک
بەلبەلۆک




چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...