Monday, July 25, 2022

خودا

 

خودا ووشەیەکی سەدا سەد کوردییە و ووشەیەکی زۆر واتادارە. زۆر لە ناوەکانی تری خودا واتابەخشترە کە لە زمانە جیاوازەکان دا هەن. خودا واتە خوەدی، خێو، خاوەن، خودان. بە واتایەکی تر یانی خاوەنی هەموو جیهان و زیندەواران و ئاسمان و گەردوون.
ووشەی (گۆد)ی ئینگلیسی وەک دەڵێن ریشەیەکی نادیاری هەیە و هەندێکیش دەڵێن دەگەڕێتەوە بۆ سەر ریشەی پرۆتۆ هیندۆ ئەوروپایی. گوایە لە ووشەی (هوتا)ی سانسکریتەوە وەرگیراوە. دیارە گۆڕانی (خ) بۆ (هـ) یا (خ) بۆ (گ)، هەروەها گۆڕانی (د) بۆ (ت) لە نێوان زمانەکان دا زۆر ئاساییە و نموونەی زۆرە. بۆیە بە دڵنیاییەوە هەم (گۆد)ی ئینگلیسی و هەم (هوتا)ی سانسکریت، کە بۆ زمانەوانان واتا و رەگ و ریشەیان نادیارە، ریشەیان لە کوردی دایە و هەمان (خودا) یا (خاوەن)ی کوردییە. لە هەورامی دا جگە لە ووشەی (خوا) واژەی (هوما)یش هەر واتای خودا دەبەخشێت. دیارە گۆڕانی (هـ) بۆ (خ) و (م) بۆ (و) لە نێوان هۆرامی و سۆرانی دا زۆر ئاساییە. وەک هەویر/هەمیر، ناو/نام، زاوا/زاما و تاد..
ووشەی(دییو)شمان لە زوانی فرانسەیی دا هەیە کە وەک دەڵێن لە لاتینەوە وەرگیراوە و لە بنەرەت دا واتە درەخشان، ئاسمان، و بەهەشت. هەروەها هەندێک کەس لە کوردان لایان وایە لەگەڵ ووشەی (دێو)ی کوردی هاوڕیشەیە.
ووشەی (اللە)ی عەرەبی روون و ئاشکرایە کە لە (ئیل، ئیلۆ، ئیلۆهـ، ئیلۆهیم)ی سامی وەرگیراوە و بە ئەگەری زۆر (ال)ی سەرەتا هەمان (ال)ی نیشانەی ناوی ناسراوە لە زمانی عەرەبی دا. واتە ناوەکە خۆی بریتییە لە (ال الە) یا (ئەل ئیلاهـ). تەنانەت کاتێک قورئان یا بابەتێکی عەرەبیش وەردەگێڕن بۆ سەر زمانی ئینگلیس لەجیاتی (اللە) دەنووسن (دە گۆد) واتە (خوداکە). یانی ناوێکی ناسراوە. لە زمانی عیبری دا (ئیلۆهیم) واتە شکۆدار. (ئیل) لە بەشە جیاوازەکانی تەورات دا هاتووە بۆ زۆر مەبەست بەکارهاتووە. یەکێک لە واتاکانی بریتییە لە باوکی خوداکان.
ئەوەی گرنگە باسی بکرێت ئەمەیە کە تەنانەت ئەو جوولەکە و مەسیحیانەیش کە زمانی دایکیان عەرەبییە، بە خودای خۆیان دەڵێن (اللە) نەک (ئیل یا ئیلۆ و ئیلۆهیم).
دەڵێن خودای ئیبراهیم سەرەتا ناوی (یەهوە) بووە. ئەم ناوە لە زۆر زمان دا بە واتای جیاواز لێکدراوەتەوە. ئۆجەلان دەڵێ کاتێ پرسیاری خودا لە ئیبراهیم کرا، لە وەڵام دا بە کوردی گوتی (یە، هەوە) واتە ئەوە ئەوە یا ئەوە خۆیەتی. ئەم دوو ووشەیە کەوتە سەر زمانی جوولەکەکان و تا زەمانێکی دوور و درێژ هەر دەیانگوت (یەهوە) نەک (ئیل، ئیلۆ، ئیلۆهـ و ئیلۆهیم).


Saturday, July 23, 2022

ئەمڕۆ یا ئەوڕۆ


رۆژێک نووسراوەیەکی هاوڕێیەکم خوێندەوە و لە کۆتاییدا لە تێ بینییەکی کورت دا نووسیم خۆزگە لەجیاتی (ئەوڕۆ) ووشەی (ئەمڕۆ) ت بنووسیبایە.

لە وەڵام دا فەرمووی من کوردی دەنووسم نەک فارسی.(ئەمڕۆ) هەر هەمان (امروز)ی فارسییە.
لێرەدا بۆ ئەو هاوڕێ بەرێزە و هاوڕێیانی تریشم دەڵێم، یەکەم: فارسی و کوردی ئەوەندە لە یەکترییەوە نزیکن، ئەگەر نەڵێین خوشکن بە دڵنیاییەوە ئامۆزان. یان دەتوانم بڵێم فارسی فەرزەندی کوردییە. لەسەر ئەو باوەڕەم هەموو ووشەیەکی کوردی فارسی نییە؛ بەڵام بە دڵنیاییەوە هەموو ووشەیەکی فارسی کوردییە.
واژەی (امروز)، فارس بەکاری دەهێنێ؛ بەڵام نازانێ بۆچی دەڵێ (امروز) و ناڵێ (این روز)؟؟ نازانێ (ام) هەمان (ئەم)ی کوردییە و لە رێگەی لوڕییەوە چووەتە نێو فارسییەوە. هەموو زار و شێوەزارەکانی لوڕی دەڵێن (ئیمروز یا ئەمرووز، یا ئەمرووژ؛ تەنانەت بەختیاری کە لە هەمووان نزیکترە لە فارسی دەڵێن (ئیمرووز). ئاخێوەری فارس نازانێ بۆچی دەڵێ (امشب) و ناڵێ (این شب)، بۆچی دەڵێ (امسال) و ناڵێ (این سال)؟!!
بەڵێ، واژەکانی ئەمڕۆ، ئەمشەو و ئەمساڵ کوردین نەک فارسی. کاتێک دەڵێی (ئەورۆ) واتە رۆژێک لەو رۆژانەی بەر لە ئەمڕۆ. بەڵام لە شێوەزاری موکریانی و زۆر ناوچەی تردا ووشەی (ئەم) نییە؛ لەباتی (ئەم)یش هەر دەڵێن (ئەو)؛ هەر بۆیە لەبری (ئەمڕۆ، ئەمشەو، ئەمساڵ) دەڵێن (ئەوڕۆ، ئەوشۆ، ئەوساڵ).

Sunday, July 17, 2022

برا تۆفیق

 

یەکێک لە شیرین هۆشەکانی ناوچەی پیرانشار بوو. وا بزانم لە ژیاندا نەماوە.

من لە نزیکەوە نەمدیتبوو بەڵام ئێمە کە ماڵمان لە گوندی (گەپڵەسەن) بوو، بنەماڵەی برا تۆفیقیش خەڵکی (درپکە) بوون؛ زۆر لە گوندی ئێمەوە دوور نەبوو.
دەیانگوت بە بنەچە خەڵکی گوندی (لێوژە) بوون لە دۆڵی شەهیدانی بناری قەندیل.
منداڵەکانی هاوتەمەنم یا گەورەکان کە باسی تۆفیقیان دەکرد، دەیاگوت هەمیشە دەچووە لای ئاسنگەر و وەستاکان تیر و کەوان و تەور و شتی سەیر و سەمەرەی چاک دەکرد و بە دەستییەوە بوو. هەرچەندە من نەمدیتبوو بەڵام لە خۆوە لێیدەترسام. لام وابوو لە هەر شوێنێ بمبینێ، پەلامارم دەدات.
دوواتر کە گەورەبووم و ئاوارە بووین لە زمانی خەڵکییەوە زۆر شتم سەبارەت بە کار و قسە خۆشەکانی برا تۆفیق دەبیست. دەیانگوت پێشمەرگەی زۆر خۆشدەویست و دووای ئەوەی کە شار و گوندەکانیش کەوتبوونەوە دەست رێژیم، برا تۆفیق لەسەر کوردایەتیی خۆی بەردەوام بوو. دیارە زۆربەی خەڵکی ناوچەکە بیرەوەریی جۆراوجۆریان لەگەڵ برا تۆفیق هەیە.
ئەگەر ماوە یادی بەخێر بێت و ئەگەریش کۆچی دوایی کردووە گیانی ئارام و ئاسوودە بێ.
وێنەکەم لە تەلەگرام وەرگرتووە
لاپەڕەی وێنە کۆنەکانی پیرانشار

پات


کۆمەڵێک واتای جیاوازی هەیە.

١- یەکسان بوون لە یاری و قومار دا.
٢- جار، چەل، گل. وەک دەڵێن دووپات و سێ پات..
٣- هەویر، هەویری سووتاو لە تەندووردا،ووردکەنان
پات لە زمانی فرانسەیی دا (pâte) هەر وەک (پات)ی کوردی دەخوێنرێتەوە و هەر هەمان واتای هەویر دەبەخشێت. لە کوردیی سۆرانی دا رەنگە بەشێوەی سەربەخۆ زۆر بەکارنەهێنرێت بەڵام وەک جووتواژە (نان و پات) یا (خوان و پات) یا (هەویر و پات) بەکار دەهێنرێ.
لە کورمانجی دا فرمانی (پاتن) هەیە کە واتای نان پێژان یا چێشت لێنان دەبەخشێت.

Thursday, July 14, 2022

وەستا، وەسا، هۆستا، هۆسا


لە زوانی پەهلەویدا وەک (ئۆستات) یا (وەستات) هەیە. واتە واژەیەکی کۆنە و کوردییە. بە واتای (مامۆستا، فێرکار، ئامۆچیار، کارزان، پیشەزان و..) هاتووە. ووشەی مامۆستا لەمەوە دروست بووە (مام+وەستا)؛ و پێشتر تەنیا بۆ پیاو بەکارهاتووە. ئەم ووشەیە لە فارسی دا بووە بە (ئۆستاد) و لە عەرەبیشدا بووە بە (استاذ). خوێندەوارەکانی ئێستامان لە باشوور ووشەی (مامۆستا) بەلایانەوە سووکە و عەرەبێنراوەکەیان بەلاوە بەرزتر و ماقووڵترە؛ بۆیە یەکتری وەک (ئوستاز) بانگ دەکەن؛ بەڵام بە دوکاندارێک یا عەرەبانەچییەک دەڵێن (وەستا). دیارە لەم ساڵانەی دواییدا (وەستا)یش کەم بووەتەوە، بۆ ئەوەی رەنگ و رووی عەرەبییەکەی تۆختر بکەنەوە بە ووشەی (حاجی) جێگەی وەستایان پڕ کردووەتەوە.


سرۆ یا سروو

 

دەکرێ هەم وەک پاشکۆ لەگەڵ ووشە بەکار بهێنرێت؛ و هەم دەکرێ وەک واژەیەکی سەربەخۆ پاشکۆی بۆ دابنرێت بۆ دروسکردنی واژەی نوێ.

لە ووشەی (چەقەسرۆ)دا واتای (بێژەر) دەدات.
لە ووشەی (سروود) دا کە پاشکۆ (د)ی وەرگرتووە واتای گۆرانی و ئاواز دەدات.
لە زوانی فارسی دا (سرودن و سراییدن)یش هەیە واتە (سروود) وەک فرمان بەکار دەهێنرێت؛ بە واتای خوێندنەوەی هۆنراوە و گۆرانی چڕین.
لەوانەیە (چڕین) و (سراییدن)ی فارسی یەک ریشەیان هەبێت.


Wednesday, July 13, 2022

یا شێخ ئەمینی سندۆڵان!


بابم گێڕایەوە:
لە سەردەمی قاتی و قڕییەکەی جەنگی جیهانیی یەکەم نانی گەنم و جۆ دەسنەدەکەوت؛ و مەردم بەناچاری دانەوێڵەکانی تری وەک گەنمەشامی، نۆک، هەرزن و تەنانەت داڕوجانیان بە دەستاڕ دەهاڕی و دەیانکردە پەپۆڵە و دەیانخوارد. لەو ناوچانەی کە رووبەری تەختایی کەم بوو، دەرفەتی چاندنی گەنم و جۆ کەم بوو، خەڵک بارودۆخیان خراپتر بوو، چونکە پاشەکەوتی ئارد و گەنمیان زۆر کەم بوو. ئەوان پتر گەنمەشامی و هەرزنیان پاشەکەوت کردبوو؛ هەربۆیە پتر خواردنیان نانی هەرزن بوو.
یەکێک لە سیفەتە خراپەکانی خواردنی هەرزن ئەمە بوو کە لە ریخۆڵەی مرۆڤدا بە تەواوی هەرس نەدبوو، ئەوانەی چەند رۆژێک لە سەریەک دەیانخوارد تووشی گرفتی هەرس دەبوون و دەگیران (قەبز) دەبوون.
دەڵێن لەو سەروبەندە دا رۆژێک لەو قەندیلە کابرایەک بە رێبواری لە رۆژهەڵاتەوە دەیەوێ بڕوات بۆ ئەودیو. کاتی نیوەڕۆ دەبێ، دەگاتە دەوروبەری گوندی قەرناقەو. ئەو سەردەمە وا باو بوو، کەسی غەوارە و رێبوار و میوان کە خزم و ناسیاویان لە شوێنێک نەبووایە، کە دەچوونە ئاوەدانییەک، یەکسەر دەچوونە مزگەوت. کابرایش روودەکاتە مزگەوت و دەیەوێ دەسنوێژێک بشوات. تەماشا دەکات لەو دەوروبەرە لەبن هەر بنچکێک و هەر دارێک کەسێک هەڵترووشکاوە و سێنگێکی لەپێش خۆی داکوتاوە؛ و هەردوو دەستی بە سێنگەکەوە گرتووە و نەقە نەقێتی. شایانی باسە کە خەڵکی ئەو ناوچەیەی قەندیلەیش زۆربەیان موریدی شێخ ئەمینی سندۆڵان بوون.
کابرا کە گوێی هەڵخست و سەرنجی لە خەڵکەکەدا دیتی یەکێکیان کە ئەوەندە هەرزنی خواردبوو، رەوشی زۆر لەوانی تر خراپتر بوو، هاواری بۆ شێخ و مەشایەخ دەبرد، پڕ بە دەنگی خۆی دەنەقێنێ و هاوار دەکا، یا شێخ ئەمینی سندۆڵان!!!
# پەپۆڵە = جۆرێک لە کولێرەی ساددە و و سەرەتایییە، کاتێک ئاردێک پێزی نابێت و بۆ نان و کولێرە ناشێت، بۆ ئەوەی خەسار نەبێت و فڕێ نەدرێت دەیکەنە پەپۆڵە و دەیخۆن.
# داڕووجان = جۆرە دانەوێڵەیەکە لەگەڵ گەنم دەڕوێت. زۆر جار خەڵکی هەژار و نەدار بە ناچاری دەیانخوارد.
# سینگ = پاچلە، گڵمیخی چێو. دارێکی نزیکەی نیوگەز یا زیاتر لێک و لووس دەکرێت و سەرێکی تیژ دەکرێت بۆ داکوتان لەسەر زەوی. بۆ بەستنەوەی ئاژەڵ یا بەستنی رستەی چادر و دەوار و تاد..
# هەڵترووشکان = چینچک دان. ئەو حاڵەتەی کە مرۆڤ دادەنیشێ بۆ کاری سەراو.

ناشناڵ جیۆگرافیک سۆسایەتی



 ئەم نەخشە و زانیارییانە ساڵی ١٩٧٢ لەلایەن (ناشناڵ جیۆگرافیک سۆسایەتی)یەوە بڵاوکراوەتەوە؛ بە ناوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناڤین. لێرەدا باسی هەر کام لە فارس، کورد و لوڕی بە جیا کردووە.

خۆم ساڵی ١٩٩٩ لە هەولێر نەخشەیەکی هاوشێوەی ئەم نەخشەیەم دیت کە مامۆستایەکەم لە کەنەداوە لەگەڵ خۆی هێنابووی. لەو بەشەی کە باسی کورد دەکات نووسیبووی (War like people) واتە(خەڵکێکی شەڕخوازن). نازانم هەر ئەم نەخشەیە بوو کە ئێستا دەسکاری کرابێ، یا جیاواز بووە لەمە.

نارنج


وژاەیەکی کۆنە لە هەموو زمانە کوردی و ئێرانیەکان دا هەیە و هەندێ جار تۆزێک گۆڕانی بەسەردا دێت وەک نارەنج، نارنگ، نارەنگ، نیرەنگ و... لە سانسکریتیش دا وەک نارەنگ یا نارەنگوو باسی کراوە. ئەم ووشەیە هەر لە رێگای کوردی و فارسییەوە چووەتە نێو عەرەبییەوە و لەویشەوە و لە رێگەی ئەندەلوسەوە گەیشتووەتە زمانە ئەوروپاییەکان و بووە بە ئۆرەنج و ... گووایە لە بنەڕەت دا ووشەیەکی هیندییە. میوەکە خۆی وەک پرتەقاڵ و لیمۆ شوێنزاکەی چین و ئاسیای رۆژهەڵاتە. چێژ و مەزەی ترش و تاڵە. بەگوێرەی فەرهەنگە فارسییەکان دەنگی (ج) عەرەبێنراوی (گ)ە؛ هەروەها گووایە لە بنەڕەت دا ووشەکە هیندییە. بەڵام بە ووردبوونەوە لە ووشەکە و لە شێوازی ووشەسازیی کوردی، گومانێک لەوەدا نییە کە هەم کوردییە و هەم کاریگەریی عەرەبیشی بەسەرەوە نەبووە.

پرتەقاڵ جۆرە شیرینەکەی نارنجە؛ کە لە سەردەمی دەسەڵاتی ئیستعماریی پۆرتوگاڵ دا گەیشتە رۆژهەڵاتی ناوین. ئەو سەردەمە پۆرتوگاڵیەکان لە هەموو گۆشەیەکی جیهان موستەعمەرەیان هەبوو.  هەربۆیەیش لە زمانەکانی کوردی، فارسی، تورکی، عەرەبی، یونانی، بوڵغاری، گورجی و تەنانەت باشووری ئیتاڵیایش پێی دەڵێن پرتەقاڵ؛ بەڵام هەرکامیان بە شێوە دەربڕینی خۆیان.  پێشتر لە رێگەی عەرەبەکانەوە نارنج گەیشتبووە ئەندەلوس و لەوێوە بۆ هەموو ئەوروپا. هەربۆیە ناوەکەیان لە (نارنج)ەوە وەرگرتبوو کە عەرەبەکان لە (نارنگ)ی کوردی. فارسییان وەرگرتبوو.  نارنج\نارنگ لەبەر چێژە ترش و تاڵەکەی زیاتر بۆ دەرمان یا وەک عەتر بۆ بۆنەکەی بەکاردەهێنرا.

کاتێ لە رووی واژەڕەتناسییەوە ووشەکە شیتەڵ دەکرێت، دەردەکەوێ کە بەشی یەکەمی ووشەکە کە بریتییە لە (نار)، هەر هەمان ووشەی (هەنار، نار)ی کوردییە. (نج)یش پاشگرە و لە زۆر ووشەی تردا هەمانە. وەک (سەرنج، درنج، ماڵنج، کۆڵنج، پاڵنج).
بە گشتی دەکرێ بگوترێ کە (نارنج) واتای ئەو میوەیە کە لەشێوەی (نار/ هەنار) ە دەبەخشێت. رەنگە ئەگەر لە سەردەمی گەیشتنی (پرتەقاڵ) بە کوردستان دا زمانی کوردی ئەوەندە ژێردەستە نەبووایە، هەرگیز ناوی (پرتەقاڵ)مان پەسەند نەکردایە کە ناوی میللەت و ووڵاتێکی ئەوروپاییە؛ و هەر پێمان بوتایە نارنج یا ووشەیەکی هاوشێوەمان لە ووشەی (نارنج) بۆ دابڕێژایە.


نارنجیلە


 

ئەم میوەیە کە لە وێنەکەدایە، شوێنزاکەی بریتییە لە بەشی باکووری رۆژهەڵاتی ئەمریکای باشوور. بە ئینگلیسی پێی دەڵێن لۆلوو و ناوە زانستییەکەی سۆڵەینم کویتوەنزە. درەختێکە تا سێ مەتر بڵند دەبێت و زۆرتر حەزی لە سێبەرە. میوەکەی زۆر لە تەماتە دەچێت و لە پرتەقاڵ بچووکترە و ئاوەکەی سەوزە. گەڵاکەی هێلکەییە و تا ٤٥ سانتیمەتر درێژ دەبێ. میوەکەی خڕە و کوڵکنی مۆرە و دووای پێگەیشتن رەنگی دەگۆڕێت بۆ نارنجی. چێژ و مەزەی تێکەڵاوێکە لە رێواس و لیمۆ. ئەوەی سەرنجی منی راکێشا بۆ نووسینی ئەم چەند دێرە، ناوەکەیەتی. لە زمانی ئیسپانی دا پێی دەڵێن نارەنجیلە یا نارەنخیلە کە هەمان واتای نارنجیلەی کوردیی هەیە؛ واتە نارنجی بچووک.



ترنج، تورنج یا ترونج

 

ناوە زانستییەکەی سیتروس بێرگامیایە. ئەمەیش میوەیەکی نزیکە لە پرتەقاڵ و لیمۆ. شوێنزاکەی بە دروستی دیار نییە کوێیە؛ بەڵام لە ناوچەکانی مێدیتەرانە دەڕوێت. لە ئەوروپا بە بێرگامۆت ناسراوە کە ناوی شارێکە لە ئیتاڵیا. رەنگی سەوز یا زەردە؛ بەگوێرەی تەمەنی رەنگی دەگۆڕێت. بەرگەی بەستەڵەک و شەختەی بەهێز ناگرێت.
وا باوەڕ دەکرێت کە لە ئەنجامی لێکدانی لیمۆ و گرەیپفرووت بەرهەم هاتبێ. لە لیمۆ کەمتر ترشە و لە گرەیپفرووتیش کەمتر تاڵە. لە ئەوروپا بەرامەکەی لەگەڵ چا تێکەڵ دەکرێت.
نارنج و تورنج لە وێژەی کوردی دا پێکەوە بەکارهێنراون کە وا دیارە نرخ و ناوبانگیان هەبووە.
بە سەرنج دان بە ووشەی گرەیپفرووتی ئینگلیسی، گومان دەکەم کە (ترنج)ی کوردی پێکهاتبێ لە ترێ+نارنج.


ســـــا-


سا- یەکێکە لە پێشگر\پێشکۆ\پێشبەندەکانی زمانی کوردی. خۆی واتای ساف و لووس دەبەخشێت. هەر خۆیەتی کە چووەتە نێو
زوانی عەرەبی و فارسی و بووە بە (صاف).
بە سەرنج دا نلە ووشەکانی ساماڵ، ساکێو\ساکۆ و ساکەدەشت، بۆمان دەردەکەوێت کە هەبوونی (سا) لە پێش ئەم ووشانەوە واتای ساف و لووسی بە ووشەکان داوە.
سەرەتا بە بۆچوونی من ووشەی (ساماڵ) لە بنەڕەتدا (ساواڵ) بووە و دوواتر گۆڕاوە بۆ (ساماڵ)؛ چونکە ووشەی (ساو) یشمان هەیە کە رێک هاوواتای ساماڵە. کاتێک کە ئاسمان هەوری پێوە دیار نییە دەڵێن (ساوە) یا (ساماڵە). هەروەها واژەی (ساین) هەر بە واتای (ساف و لووس) دێت کە زۆر نزیکە لە ناوی شاری(ساینقەڵا) کە دەگوترێت ووشەیەکی تورکییە.
بە شاخێک کە هیچ دار و دەوەنی لێ نەڕوواوە و بووەتە رووتەن دەڵێن (ساکێو).

هەروەها بە دەشت و گۆڕاییەک کە هیچ گیا و رووەکی لێ نەڕوواوە دەڵێن (ساکەدەشت). رەنگە (کە) زیاتر وەک ئامرازێکی پەیوەندی لە نێوان (سا) و (دەشت) دا بەکارهێنرابێت.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...