Friday, June 30, 2023

زمانی دەڕڕی


 بڕواننە بێگانەکان کە چەندە بۆ حاڵی خۆیان ژیرن!

فارسیی دەرری لە ناوی فارسیی (دەرەی پەنجشێر)ەوە هاتووە، کەچی کابرای نووسەری فارس دەڵێ (دەرری) واتە (دەربار). بەم مانایە کە ئەم زمانە زمانی دەربار و دەسەڵاتداران بووە. بەڵام وەڵامی ئەم پرسیارەیش ناداتەوە ئایا زمانێک کە زمانی کۆشکی شاهانە و دەسەڵاتداران بێ، چۆن و بۆچی لەسەدا هەشتای دەبێتە عەرەبی و ووشەکانی خۆی لە دەست دەدات؟؟
هەرێمەکانی دەرەی پەنجشێر و دەوروبەری کە دەکەونە باکووری رۆژهەڵاتی کابول، هەمووی فارس نشینە و بەم زمانە دەپەیڤن؛ هەربۆیەش ناوی نراوە فارسیی دەری. ئەم زمانە پێش ئەوەی بگاتە ئێرانی ئەمڕۆ و ناوی لێبنرێت فارسی، لەوێ سەریهەڵداوە؛ و زمانی خێڵەکانی ئەوێ بووە؛ کە هەندێکیان وەک هەزارەکان تەنانەت رەنگ و روخساریشیان دوورە لە رەنگ و روخساری زاگرۆسی و زیاتر لە مەغۆل و ئاسیاییەکانی رۆژهەڵات دەچن.


بەردنیگارەی بێستوون


ئەفسەر و پسپۆری بریتانیایی سێر هێنری راوڵنسن ساڵی ١٨٣٥ و ١٨٤٧ سەردانی ئێران دەکات و بە دژوارییەکی زۆر و بە خستنە مەترسیی ژیانی، کۆپییەک لە نووسراوەکەی کێوی بێستوون هەڵدەگریتەوە. تا ئەو کاتە هیچکەسێک نەیدەزانی ئەم نووسراوەیە بخوێنێتەوە. راوڵنسن کەمێک فارسیی زانیوە. ئەو دووای کۆششێکی زۆر و سوود وەرگرتن لە نووسراوەکانی بابل و پيرسپۆڵس دەتوانێت کۆدەکان بشکێنێت و کلیلی خويندنەوەی نووسراوەکان دەدۆزێتەوە. دڵنیا دەبێت کە ئەوە داریۆس (دارا)ی مەزنی هەخامەنشییە؛ و ئەو نووسراوەیەی بيستوون بە سێ زمانی فارسیی کۆن و بابلی و ئیلامی نووسراوە. ئەم کارە دوو ساڵی خایاند. بەڵام پيشتریش کەسانی وەک گیۆرگ فريدریک گرۆتفەندی ئەڵمانی و ئەنتوان ژان سانت مارتینی فرانسەیی کاری خويندنەوەی بەردەنووس ديرینەکانیان کردبوو و کلیلەکانیان دۆزیبوویەوە.

مەبەست لە نووسینی ئەم کورتە بابەتە تە ئەمەیە ئایا بۆچی ئەڵمانی و فرانسەیی و بریتانیایی لە ووڵاتی ئێمەدا دەتوانن زمانی هەزاران ساڵەی کۆنی ئێمە بدۆزنەوە و بیخوێننەوە لێی تێبگەن، بەڵام ئێمە ناتوانین ئەو نووسراوانە کە بە زمانی خۆمانن بخوێنینەوە؟

مەبەستی دووەمیشم ئەمە بوو کە بڵێم سەدان بەردەنووس و پارچەی بەنرخی نووسراوی ئیلامی لە ئێران و ووڵاتانی خۆراوادا لە مۆزەخانەکاندا هەمارکراون، ئەدی بۆچی دەڵێن هیچکەس ناتوانێت ئیلامی بخوێنیتەوە و لێی تێبگات؟؟ بۆچی ئەمەی بێستوون کە باسی داریوس دەکات، بە زمانی ئیلامییە و دەخوێنرێتەوە، بەڵام ئەو سەدان نووسراوەیەی تر ناخوێنرێنەوە؟؟


کۆکا


 کۆکا یا کۆکە یا کووکا جۆرێک خەپلەی نانە بە قەبارەی بچووک بۆ منداڵان دروست دەکرا. لە بیرمە کە منداڵ بووم جۆرێک بیسکویتی ئەستوور هەبوو کەمێک نەرم بوو وەک کولێرە، پێمان دەگوت کۆکە. هەروەها، بە زمانی منداڵان بە کولیچە و کێک و ئەمانە دەگوترێت ( ککە). هەروەتر، بە بیسکویتمان دەگوت (غوڕابی). چێشتێکیشمان هەیە بە ناوی (کووکی) کە لە ئارد و هێلکە و پونگە دروست دەکرێت؛ کە هەمان ووشەی (کووکی) لە ئینگلیسی دا هەیە بە جۆرێک غوڕابیی ئەستوور دەگوترێت.

ئەم ووشەی (کۆکا)یە هاوڕیشەیە لەگەڵ (کاکا)ی نۆروێژی کە (کەیک)ی ئینگلیسی لێ وەرگیراوە؛ و هەروەها ریشەی لە ئەڵمانی و هۆڵەندی دا هەیە. پێدەچێت (کووک)ی ئینگلیسیش کە واتای (پێژان) دەدات هەر هاوڕیشەی ئەمە بێت؛ کە لە (کۆکویر)ی لاتین وەرگیراوە.

سەگوەند


سەگوەند ناوی خێڵێک یا باشتر بڵێین هۆزيکی لوڕە. ئەنسکلۆپیدیای ئیرانیکا و عەلی ئەکبەری دێھخودا دەڵێن ئێڵێکی کوردە. کەیهانی فەرهەنگی دەڵێ ئێڵیکی لەکە و ئەدمۆندز دەڵێ ئێڵێکی لوڕە. شوێنی نیشتەجێ بوونیان دەکەوێتە باشووری ئوستانی کرماشان، ناوەڕاستی ئوستانی لوڕستان و باکووری ئوستانی خووزستان. سەگوەندەکان بە سیاسی و جەنگاوەری و سوارچاکی بەناوبانگن. ئەوان بە شێوەزاری باجەڵانی دەپەیڤن.

لە زووانی لوڕیدا دەڵێن (سیوەن\ سەیوەن)؛ بەڵام لە سەرچاوە فارسییەکان دا کە مێژووەکەیان زۆریش کۆن نییە، بە (سەگوەند) یا (سەکوەند) نووسراوە. بە دڵنیاییەوە فارسییەکە هەڵەیە، چونکە زۆر واژەی ترمان لە لوڕی و سۆرانی و لەکی دا هەیە کە لە دەربڕینە فارسییەکەیاندا دەنگی (گ)یان بۆ زیاد دەکرێت. بۆ وێنە واژەی (سەگ) بنەڕەتە لوڕییەکەی بریتییە لە (سە) بەڵام لە فارسیدا بووە بە (سەگ). تەنانەت لە کورمانجی و سۆرانیش دا وێڕای (سەگ)، (سە)یش بەکاردەهێنرێت.
لە هەندێک هاوڕێی لوڕم بیست کە گوایە (سەگوەند) لە ناوی کۆنی گەلی (سەکا)ییەوە هاتووە؛ بەڵام باوەڕم بەمە نییە؛ و ریشە و رەچەڵەکی ناوەکە ووشە لوڕییەکەیە نەک سەگوەند و سەکوەندی فارسی؛ بۆیە باوەڕ ناکەم پەیوەندییەک لە نێوان سەیوەن و سەکا دا هەبێ.
ئەم ئێڵە یەکێک بوون لەو ئێڵانەی پشتگیریی کەریمخانی زەندیان کرد و چوونە شیراز، کاتێک کە کەریمخان شیرازی کردە پایتەختی ئیران. لە دووای رووخانی دەسەڵاتی کەریمخان، شیرازیان بەجێ هێشت و گەڕانەوە ناوچەکانی خۆیان.
شایانی باسە کە جگە لە ناوی ئێڵی سەگوەند چەند ئێڵ و هۆزی تریش ناوی هاوشێوەی ئەمەیان هەیە وەک چەقەڵوەند، قەڵاوەند، جیجەوەند و تاد.. زۆر کەس ئەمانە دەکەنە بەڵگە بۆ ئەوەی بیسەلمێنن کە مەبەست لە سەگوەند، ووشەی سەگە؛ هەروەک چۆن مەبەست لە چەقەڵوەند، قەڵاوەند و جیجەوەندیش چەقەڵ و قاڵاو و جووجەڵەیە.
وێنە: کۆمەڵێک مەزنەپیاوی هۆزی سەگوەند\سەیوەن. رێکەوتەکەی نادیارە

پوختەیەک سەبارەت سەردار مەریەم

 

سەردار مەریەمی بەختیاری لە بیرەوەرییەکانی دا دەڵێت: ژن لە کۆمەڵگەی ئێراندا ستەمی زۆری لێدەکرێ. ئەو کە خۆی جارێک بە زۆر بە شوو درابوو، دەرد و ئازاری ژنانی جڤاکەکی بە ئێسک و پێستەوە هەست پێکردبو. سەرەڕای ئەوە کە لە خانەدانێکی باڵای لوڕ بوو بەڵام وەک ژن هەر چەوساوە و ژێردەستە بوو. باس لەوە دەکات کە بە تیابەتی لە ئێڵی بەختیاریدا هیچ مافێک بۆ ژن لەبەرچاو نەگیراوە. ژن کە لەلایەکەوە بە زۆر بە شوودەدرێت، لەو لایشەوە لە میرات و کەلەپووری باوانی بێبەش دەکرێت.

باوکی سەردار مەریەم لە و کەسایەتییە بەهێزانە بوو کە شای قاجار ترسی ئەوەی لێ هەبوو کە جێگەی بگرێتەوە و لە شایەتی لایبدات، هەر بۆیە بە فێڵ گرتی و کوشتی. سەردار مەریەم خوشکی سەردار ئەسعەدی بەختیاری بوو، هەروەها دایکی عەلیمەردان خان بوو کە ئەویش لە لایەن رەزا پەهلەوییەوە کوژرا.
گەورەیی سەردار مەریەم بە هۆی ئەوەوە نییە کە لە بنەماڵەیەکی خانەداندا لە دایکبووە و گەورە بووە، بەڵکوو کەسێکی رۆشنبیر و ووردبینیش بووە. لەو دەگمەن کەسانە بووە کە لە کۆمەڵگەیەکی رۆژهەڵاتی ناڤین دا بیرەوەرییەکانی خۆی بە دەستو پێنووسی خۆی نووسیوەتەوە.
چەند ساڵێک لەمەوە بەر پەرتووکی بیرەوەرییەکانی وەرگێڕدرواتە سەر زمانی ئینگلیسی و لە ئەفریقای باشوور بڵاوکراوەتەوە.

وەشانگەی ئانزان کە پەرتووکی بیرەوەرییەکانی سەردار مەریەمی بەختیاریی چاپ و بڵاوکردووەتەوە، لە پێشەکییەکەیدا دەڵێت، لە دوو سەدەی رابردوودا نووسینی بیرەوەری لە ئێراندا بووەتە باو؛ و ئەم شانازییەیش بەر بەختیارییەکان کەوتووە. دەڵێت حسێن قوڵیخانی ئێڵخانی گەورەی لوڕ لە یەکەم کەسەکان بووە لە ئێراندا کە بیرەوەری و یادداشتەکانی رۆژانەی خۆی نووسیوەتەوە. بە دوای ئەویشدا لە بنەماڵەکەیدا بووەتە نەریت و کوڕ و کچ و نەوەکانی هەمان کاریان کردووە. سەردار ئەسعەد و سەردار مەریەمیش کوڕ و کچی ئەو بوون.
سەردار مەریەم هەرچەندە خوێندەواریی کەم بووە، بەڵام زۆر شتی نووسیوە، کە نەدەبووایە بینووسێت. سەردار ئەسعەدیش باسی رەچەڵەکی لوڕی کردووە وەک دووەم گەورە ئێڵی کورد؛ و جێگەی هیچ نیگەرانی و دوودڵییەکی بۆ هیچ کەسێک نەهێشتووەتەوە.
پەرتووکی بیرەوەرییەکانی سەردار مەریەم کە خۆی بە فارسی نووسیوێتی، لەم بەستەرە دانراوە و دەتوانیت دایبەزێنیت.


باوەخۆشین و شاخۆشین


 لە ناوچەی دەربەندیخان گوندێک کە ئێستا کراوەتە ناحیە هەیە بە ناوی باوەخۆشین؛ شارەدێیەکی زۆر جوان و دڵنشینە.. زۆر گەڕام بە دوای مێژووەکەی دا هیچم دەس نەکەوت. بە بڕوای من دەبێ دوور یا نزیک پەیوەندییەکی هەبێت بە شاخۆشینی پیری مەزنی یارسانەوە. ناوی (باو) و (شا) هەردووکیان بۆ ناوی پیر و پیاوچکاان بەکاردەهێنرێن. بە دووری نازانم شاخۆشینی لوڕستانی گەیشتبێتە ئەو ناوچەیە.


بەردی گورز لەنگەر


 ئەم بەردە گەورەیە دەبینن کە لەسەر بەردێکی بچووک وەستاوە. ناسراوە بە بەردی (گورزلەنگەر). لە نزیک ئاوایی گورزلەنگەرە لە ئوستانی ئیلام. سەر بە شارەدێی کوڵکنی و شارۆچکەی ماژینە. دەڵێن تەمەنی ئەم بەردە ١٥٠ ساڵە، بەڵام ئاماژەیەک بە ئەندازە و بەرزییەکەی نەکراوە. شایانی باسە کە شارۆچکەی ماژین یا ماچین هەرچەندە شارۆچکەیەکی گەورە و ناسراو نییە؛ بەڵام لە ناوچەیەکی جوان و دڵگیر هەڵکەوتووە و شوێنێکی زۆر مێژووییە. تا ئێستا هیچ بوومەلەرزە و رووداوێکی سروشتی نەبووەتە هۆی جووڵاندنی ئەم بەردە.


ئەشکەوتی شاپوور


 

لەم وێنەیەدا پەیکەرێکی بەردین نیشان دەدرێت کە دەڵێن پەیکەری شاپووری یەکەم، دووەم شای ساسانییە؛ و هەفت مەتر بەرزە. ئەم پەیکەرە لە ئەشکەوتێکدایە کە لە بەرزایی ٧٠٠ مەتردایە بە قەدی شاخێکەوە لە نزیک شاری کاولبووی بیشاپوور لە ناوچەی کازروون و بووشێر. ئەم ناوچەیە سەر بە ئوستانی فارسە بەڵام لە کۆنەوە و تا ئێستایش لوڕنشینە. زارکی ئەشکەوتەکە نزیکە ٣٠ مەتر فراوانە. نازانم پێشتر چ ناوێکی هەبووە، بەڵام ئێستا ناویان لێناوە ئەشکەوتی شاپوور.


گاوکردن


 

ساڵانی زوو کە دەفر و کاسەی چینی/فەخفووری کەم و گران بوو، کاتێک چادان/قۆری دەشکا، دەیانبردە لای وەستا بۆ چاککردنەوە. وەستا چەسپێکی بەکاردەهێنا کە خۆی دروستی دەکرد و بریتی بوو لە هێلکە و قسڵ. بەڵام ئەوەندە بەس نەبوو؛ چونکە خۆی نەدەگرت و لە یەکتری جیادوبوویەوە. هەر بۆیە دووای لێدانی چەسپەکە بە هۆی تەلی تایبەتی مەفرەق و سیرمەواری کانزایی دەوران دەوری چادانەکە گاو دەکرا. بەم جۆرە قۆرییەکە تەمەنی دەبووە دوو بەرابەر. بەم کارەیان دەگوت گاوکردن.


پیاوە شەمییەکە


 ئەمە پەیکەرێکی گەورەیە لە مەفرەق/برۆنز دروست داڕێژراە. نێوەکەی بەتاڵە. بەرزییەکەی یەک مەتر و ٩٤ سانتیمەترە. بە بەراورد لەگەڵ لاشەکەی قەبارەی سەری بچووکە. لە گوندێکی سەر بە شاری ئیزە/ماڵەمیر دۆزراوەتەوە و لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئێر پارێزراوە. شاری ئیزە کە پێشتر پێی دەگوترا ماڵە میر شارێکە دەکەوێتە ئوستانی خووزستان و لە راستیداوەک پایتەختی ئێڵی بەختیاری هەژمار دەکرێت.

ئەو گوندەی کە ئەم پەیکەرەی لێ دۆزراوەتەە ناوی (شەمی)یە، هەر بۆیە پەیکەرەکەیش بە ناوی پیاوە شەمییەکە ناسراوە. دێرینناسە ئێرانییەکان لایان وایە ئەم پەیکەرە هی سەرکردەیەکی پارتەکان بووە بە ناوی سورینا.
بە بڕوای من کاتێک سەیری ئەم پەیکەرە دەکەیت بە روونی جل و جامەی بەختیارییەکان دێتە بەرچاوت. کڵاوەکەی هەمان کڵاونمەدی بەختیارییە. سمێڵی هەمان سمێڵی پیاوی بەختیارییە. چۆغەکەی بە هەمان شێوە هی بەختیارییە بەڵام کەمێک کورتترە. شڵوارەکەیشی بە هەمان شێوە هی بەختیارییەکانە کە دەلینگی لە رانکی کورمانجی گوشادترە.

خوونەگێ ئەژدەر


ئەم بەردنیگارە کە لە وێنەکەدا دیارە ئاسەوارێکی دێرینی ئیلامییە لە ئوستانی خووزستان و شاری ئیزە/ماڵەمیر. دکەوێتە دۆڵێکەوە کە ناسراوە بە تەنگەی نەورۆز و لە نزیک ئاواییەکە بە ناوی خونگێ ئەژدەر.

وەک زۆر لە ئاسەوارەکانی دیکەی ئیلامی بە دوواداچوونی زۆری بۆ نەکراوە و چەواشەیش کراوە. بەگ وێرەی چەواشەکارییەکە گوایە نیگاری ئەم چوار کەسەی لای راست لە سەردەمێکی جیاوازدا هەڵکەنراوە و پەیوەندیی بە ئەشکانییەکانەوە هەیە. تەنیا سوارەکەی لای راست پەیوەندیی بە ئیلامییەکانەوە هەیە.
شایانی باسە کە خوونەگ لە لوڕیی بەختیاریدا واتە نینۆک. هەروەها ئەژدەریش واتە ئەژدیهای ئاگرپژێن. ئەژدیهایەک کە ئاگر لە دەمی دێتە دەرەوە.

تاڤگەی چکان



تاڤگەیەکی جوان و دڵگیرە دەکەوێتە نزیک ئاوایی حسێناوا و دێقادی سەر بە شاری ئەلیگۆدەرزی لوڕستان. بەرزییەکەی ٣٠ مەترە و پانییەکەی ٤ مەترە و بەسەر دۆڵی چکان دا دەڕوانێت. ئەم تاڤگەیە دووای تەیکردنی مەودایەک بەرەوە لای دەشتی چکان لەگەڵ ئاوی کانیاوی (داسار) تێكەڵ دەبێت و رووباری چکان پێ دەهێنێت. رووباری چکانیش دووای تێپەڕاندنی مەودایەک تێکەڵی ئاوی (دێقادی)دەبێت و پاشان دەڕژێنە نێو رووباری (زەز)ەوە. لە وەرزی پاییزدا ئاوی تاڤگەکە بە تەواوی ووشک دەبێت، بەڵام لە سەرەتای بەهارەوە جارێکی تر هاژە و خوڕەی دەست پێدەکاتەوە.


کێوی تەمەندەر


کێوێکی سەختی زنجیرە کێوەکانی زاگرۆسە و چەند لووتکەیەکی بەرز و سەرکەشی هەیە. سەر بە شارەدێی بەربەروودی رۆژاوایە لە ئوستانی لوڕستان و نزیک شاری ئەلیگۆدەرز. یەکێک لە کوێستانە سەخت و بژوێن و دەوڵەمەندانە بوو کە زۆرترین ژمارەی ئاژەڵە کێوییەکانی زاگرۆسی لە خۆ گرتبوو، بەڵام بەهۆی پشتگوێ خرانی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە ساڵانە زۆرترین راو و شکاری لێدەکرا، هەربۆیە ئێستا مەترسی لە سەر قڕبوونی بەتەواویی ئاژەڵەکان هەیە و ژمارەیان زۆر دابەزیوە. زستان ناوچەیەکی کوێستانیی بەفرگرە و شوێنی زۆر لەباری هەیە بۆ یاریی سکی (خلیسکانە). بەرزترین لووتکەی تەمەندەر دەگاتە ٣٥٤٧ مەتر.

گردی کۆنە سۆفیان



 مەهناز شەریفی سەرپەرەستی دەستەی کنە و پشکنین لە دوو گردی کۆنە سۆفیان، سەر بە شاری شنۆ رایگەیاند کە وا پاشماوەی شارستانییەتی ٥ تا ٧ هەزار ساڵەیان لەم دوو گردە دا دۆزیوەتەوە. ئاسەوارەکان دەگەڕێنەوە بۆ چاخی مسین و بەردین. کۆنە سۆفیان گوندێکی کاولبووە لە نزیک گوندی سۆفیان لە دەشتی شاری شنۆ.


پێشکۆ/پێشبەندی (وەر)


ئەم پێشبەندە لە واژەکانی وەک وەرکەوتن، وەرگێران، وەرگەڕان، وەرچەرخان، وەرسووڕان و تاد.. دا هەیە. ئەمە هەم لە سۆرانیدا هەیە، هەم لە لوڕیدا. هەروەها لە فارسیشدا هەیە و بە شێوەی (بەر) گۆدەکرێت.

بە ئەگەری زۆر بنەچەی پێشکۆی (هەڵ)ە. وەک دەزانین پێشکۆی (هەڵ) لە سۆرانی و کورمانجی و کەڵهوریدا هەیە بەڵام لە لوڕی و فارسیدا نییە. لە فارسیدا زۆر ووشەی تازە بە یارمەتیی پێشکۆی (بەر) سازکراوە کە زۆر جوان و واتادارن. بەڵام لە کوردیدا زۆر بایەخی پێنەدراوە.
وەک لە تێڕامان لە ووشەکاندا دەردەکەوێت، ئەو ووشانەی ئەم پێشکۆیەیان هەیە، فرمانگەلێکن پەیوەستن بە جووڵەوە بۆیە دەکرێ لەگەڵ زۆر فرمانی تری هاوشێوە بەکاربهێنرێت و واژەی تازەی پێ دروست بکرێت.

چرا


چر ریشەی ووشەکەیە و (ا) پاشگر وەک لە زۆر ووشەی تری وەک بینا، رۆشنا، گۆیا، زانا، دانا، توانا و تاد.. هەیە.  واژەکانی چرا، چریسکە و چرەنگی لێوە دروست بووە. چریسکە واتە ئەو زیلکە ئاورەی لەکاتی سووتانی داردا بەرز دەبێتەوە و بە هەوادا دەڕوات. لە لوڕی دا دەبێتە چرەنگ.

ئەم زووانی کوردییە چەندە جوان و دێرین و رەسەنە!
چرا چووەتە نێو زمانی فارسی و لەودا بووە بە چراغ
لەوێوە چووەتە نێو سوریانی و بووە بە شراگ، یا شراق
لە سوریانییەوە چووەتە نێو عەرەبی و بووە بە سراج.

میرنەورۆز

 میر نەورۆز ناسراو بە رەند لوڕستانی هۆنەرێکی سەدەی نۆزدەهەمی لوڕە؛ کاریگەریی زۆری هەبووە لە سەر خەڵکی مەڵبەندەکانی لوڕستان، ئیلام و خووزستان. زۆربەی هۆنراوەکانی میر نەورۆز لەگەڵ گۆرانییەکانی لوری تێکەڵ کراون و بە ئاوازی جیاجیا دەگوترێنەوە. هیچ هۆنەرێکی لوڕ نییە کە لە هۆنینەوەی هۆنراوەدا لاسای میر نەورۆزی نەکردبێتەوە. میر نەورۆز جگە لە لوڕی هۆنراوی بە فارسیش هۆنیوەتەوە.

ساڵ و شوێنی لە دایکبوونی دیار نییە بەڵام لە دەشتی جایدەری پۆلدوختەر لە دایک بووە. بە هۆی ئەوە کە دەبێتە نەوەی شاهۆردیخان، دەبێ لە سەردەمی شا سلێمان دا واتە دوروبەری ساڵانی ١٦٩١- ١٦٩٣ لە دایک بووبێت. هەندێکیش لایان وایە کە سەردەمی شا تەهماسبی دووەم و لە بەرەبەری دەرکەوتنی نادر شا دا ژیاوە.
بە هەژاری و دەسکورتی ژیاوە؛ و زۆر لە هۆنراوەکانی سیاسین. لە هۆنراوەکانییەوە دەردەکەوێت کە سەفەری شیرازی کردووە و ژنی لەوێ خواستووە؛ هەرچەند دوواتر لە یەکتر جیابوونەتەوە.
میر نەورۆز لە ئاواییەکی سەر بە دێلوڕانی ئیلام کۆچی دووایی کردووە؛ و گڵکۆکەیشی هەر لەوێیە. گڵکۆکەی هیچ بایەخی پێنەدراوە بەڵام تا ئێستایش خەڵکی ناوچەی رێزی لێدەگرن.
دیوانی هۆنراوەکانی میر نەورۆز ساڵی ١٩٦٨ بە کردە و کۆشەی ئەسفەندیار غەزنەفەری ئەمڕایی کۆکرایەوە و چاپ کرا. دواتر و تا ساڵی ١٩٩١چوار جاری تر چاپ کرایەوە.

گردی دنخە

گردێکی مێژووییە لە نزیک گوندی دنخە کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری شنۆ لە رۆژهەڵات. رووباری گادەر بە پاڵیدا تێدەپەڕێت. یەکەم جار ساڵی ١٩٣٦ شوێنەوارناسانی ئینگلیس و ئێرانی ئەم گردەیان بە سەر کردووەتەوە و بە دنیایان ناساندووە. بەگوێرەی گوتەی شارەزا ئینگلیسەکان گردی دنخە تەمەنی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زایین. گۆڕێک لەوێدا دۆزراوەتەوە کە دوو لاشەی تێدا بووە یەکیان بە راکشاوی و یەکیش بە دانیشتوویی. خەنجەرێک لە ماددەی مەفرەق (برۆنز) و ئەڵقەیەکی ئاسنین لە ژێر سەریدا بوو.

ساڵی ١٩٦٩ ئەم وێنانە لە شوێنەکە گیراون، بەڵام ووردەکارییەکان تائێستایش شاردراونەتەوە.


سان رووسەم



بەردێکی زلە لە دە کیلۆمەتریی ئاوایی بۆژان لە دەوروبەری رووباری جزمان لە ناوچەی جەلالوەندی کرماشان هەڵکەوتووە. ئەم ناوچەیە لەک نشینە و دەکەوێتە ٦٤ کیلیۆمەتر لای باشووری کرماشان.

وەک دیارە سان هەمان سەنگ، بەرد، کوچک و کەڤرە و رووسەمیش ناوی رۆستەمە. ئەم بەردە لە شێوەی ژوورێک دا هەڵکۆڵراوە. دەرگایەکی هەیە بە بەرزیی یەک مەتر و پانیی ٧٥ سانتیمەتر. لە شوێن و ناوچەکانی تر کە تاق و ژوورە بەردینەکان لە دڵی شاخدا هەڵکەنراون بەڵام ئەمە جیاوازە. پارچە بەردێکی گەورەیە و کراوەتە ژوورێک.
خەڵکی ناوچەکە پێیان وایە ئەمە پەیوەندیی هەیە بە رۆستەمی زاڵەوە؛ هەروەک چۆن لە شانامەی لەکیش دا باسی ئەم ناوچەیە کراوە کە زۆر لە شەڕەکانی رۆستەم لێرە روویانداوە. شانامەی لەکی دەڵێ کەسێک بە ناوی زەڕعەلی ماوەیەک دەست بە سەر ئەم دۆڵەدا دەگرێت و ناهێڵێ مەردم هاتوچۆ بکەن بەڵام سەرەنجام رۆستەم شکستی دەدات و لەساوە زەڕعەلی دەبێتە خزمەتکاری رۆستەم.
پێدەچێت سان رووسەم وەک هەرەمەکانی میسر بۆ شاردنەوەی لاشەی کەسێک دروست کرابێت بەڵام لە راستیدا چۆڵە و لاشەی مردووی تێدا نییە.

تاراز



 ناوی کێوێکە لە ناوچەی بەختیاری. دەکەوێتە نێوان ئوستانەکانی خووزستان و چارماڵی بەختیاری. ٢٧٠٠ مەتر لە رووی دەریاوە بەرزە. وەرزی زستان بەفر دەیگرێت و جێگەی خلیسکانە و رابواردنی زستانەی خەڵکی دەوروبەرەکەیە.

بەناوبانگترین رووەکی ئەم کێوە بریتییە لە قەیتەران (پەڕسیاوش) کە لە خێزانی سەرەخسیەکانە.
تاراز لە فۆلکلۆری لوڕیدا جێگەی تایبەتی هەیە و لە زۆر گۆرانی و هۆنراوە و چیرۆکدا ناوی هەیە. ووشەی تاراز بۆ ناوی کوڕ زۆر شیرین و گونجاوە.

کڵاو خەسرەوی یا کڵاو خەسرەوانی


کڵاو بەشێکە لە پۆشاکی مرۆڤ. لە ناوچەکانی زاگرۆس و میزۆپۆتامیادا هیچ گەل و نەتەوە و نەژادێک نەبووە کە کڵاو بەشێک لە جلوبەرگەکەی پێک نەهێنابێت. کڵاوی لوڕەکان کە دەکرێ بگوترێت کۆنترین جۆری کڵاوە لە رۆژهەڵاتی ناڤیندا کە وەک خۆی ماوەتەوە، تا ئێستایش لای ئەوان گرنگ و بایەخمەندە. دیارە لای ئێزدییەکان و یارسانەکانیش کڵاوێکی هاوشێوە هەیە بە کەمێک جیاوازیی زۆر بچووکەوە.

لە نێو لوڕە بەختیارییەکان دا بە زۆری کڵاوی رەش یا قاوەیی پەسەندە، بەڵام لە مەڵبەندەکانی تر کڵاوی سپی بەکاردەهێنرێت. ئەم جۆرە کڵاوە لە مێژوودا بە کڵاوخەسرەوی یا خەسرەوانی ناسراوە؛ چونکە کڵاوێکی ئاسایی نەبووە کە بۆ خۆپاراستن لە سەرما و گەرما یا باران بەکارهێنرابێت، بەڵکوو کڵاوی تایبەتی پادشاکانی ساسانی بووە. سەردەمی ساسانییەکان بە پادشا و فەرمانرەواکان گوتراوە (خەسرەو) کە لە دوو واژە پێک هاتووە خاس+ رەو واتە کەسێک کە بە رێگەی چاکە و درووستی دا هەنگاو دەنێت و دەڕوات. هەڵبەت لە هیچ سەرچاوەیەکی فارسی دا ئەم واتایەی پێ نەدراوە و لە خۆیانەوە و بێ ووردبوونەوە لە رەگ و ریشەی ووشەکە وەسفیان کردووە.
فیردەوسی دەڵێ:
(چو من زین زرین نهم بر سیاه)
(بسر بر نهم خسروانی کلاه)
واتە: وەکچۆن زینی زێڕین دەنێمە سەر سیا (ناوی ئەسپی ئەسفەندیار بوو کە رەنگی رەش بوو)؛ لەسەر دەنێم خەسرەوانی کڵاو.
هەروەها نیزامیی گەنجەیی دەڵێ:
(به خـُسرو زادگان پشتت قوی باد)
(ســـرت زیــــر کلاه خـُســروی باد).
واتە: بە خەسرەوزادەکان پشتت قایم بێ؛ سەرت لە ژێر کڵاوی خەسرەوی بێ.
کڵاوی بەختیاریەکان سێ ئەندازەی جیاوازی هەیە. ئەندازەی گەورە، مامناوەندی و بچووک. تەنیا ئەندازە گەورە و مامناوەندییەکە پێی دەگوترێت کڵاو خەسرەوی. ئەم کڵاوە لە خوریی رەش یا قاوەیی دروست دەکرێت. زۆر جاریش لە مەرەزی بزن یا لە کوڵکی ووشتر دروست دەکرێت. وەستای تایبەت و کارامە بە ئاو ڕشاندن و کوتان و هەڵگڵۆفینێکی زۆر، خورییەکە دەکاتە لباد/نمەد/تاتک. دەبێ لباد/ نمەدەکە لە پێنج میلیمەتر ئەستوورتر نەبێت. لێوارەکانی توند و سفتتر بن لە بەشەکانی تری. بەشی تەپلەی کڵاوەکە سێ کونی بچووکی تێدایە بۆ ئەوەی هەواگۆڕکێ بکات و زۆر ئارەق نەکات. هەموو لایەکانی وەکیەکن و پاش و پێش و راست و چەپی نییە. زۆر جار پارچە قوماشێک لە دیوی ناوەوەی دەدرێت کە پێی دەڵێن ئاستەڕ .
لە کۆتاییدا دەڵێم سڵاو لە لوڕ و لوڕستان. دروود بۆ ئەو فەرهەنگە کۆن و رەسەنە کە مایەی شانازیمانە.