Friday, March 4, 2022

چۆن ببین بە هێز؟


ماوەیەکە لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوەیەک دا یا لە هەر باس و ووتارێک دا کە قسە لەوە دەکرێت بزووتنەوەی کورد چۆن ببێتە هێزێکی دیار و و دەوڵەتان وەک کارەکتەرێک لە پلان و گەڵاڵەکانیان دا لەبەرچاوی بگرن، پێشنیاز دەکرێت کە کورد خۆی بەهێز بکات.  پێشنیاز دەکرێت بۆ ئەوەی ببێتە هێز گەرەکە یەکگرتوو بێت.  تا کورد نەبێتە هێز، هیچکەس و لایەنێک حیسابی بۆ ناکات.  ئەمە راستییەکی نکۆڵی لێنەکراوە کە یەکگرتن کۆڵەکەی سەرەکییە بۆ بەهێزبوونی نەتەوەیەک.  بەڵام تۆ بڵێی یەکگرتن تاکە رێگا بێت؟   زۆر جار نەتەوەیەک یەکگرتوویش بووە بەڵام لە بەرامبەر هێزێک یا کۆمەڵێک هێز و لایەنی لە خۆی گەورەتر و بەهێزتر دا تێکشکاوە.  ئەمە دەریدەخات یەکگرتن هەرچەندە کە یەکێکە لە مەرجە سەرەکییەکانی سەرکەوتن بەڵام بە تەنیا بەس نییە.  بەتایبەتی بۆ نەتەوەی کورد کە دوژمنەکانی زۆر و بەهێزن و دۆستەکانیشی جێگەی متمانە نین؛ کۆمەڵێک هۆکار و کەرەستە هەن کە دەشێ بۆ مەبەستی بوون بە  هێز سوودیان لێوەربگرێ.


نەتەوەیەکی وەک کورد بەم پێکهاتە جیاواز و رەنگاوڕەنگە زمانی و نەریتی و دینییەوە کە هەیەتی، و هەروەها بەم رەوشە جۆگرافی-سیاسییە کە دوچاری کراوە و لە نێوان چوار دەوڵەت-نەتەوەدا خاک و میللەتەکەی پارچە پارچە کراوە؛ و بە سیاسەتی فاشیستانە و ستەمکارانە هەوڵی تواندنەوەی دراوە، یەکگرتن ئەگەر مەحاڵ نەبێت، زۆر دژوارە.  ئاخر یەکگرتن گەرەکە بنەما و بەرەماگەلێکی هاوبەشی هەبێ تا هەستی هاوبەشیان لەسەر رۆبنرێ؛ و ئەو هەستە هاوبەشە لە زەینی تاکەکانی کۆمەڵگە رەنگاوڕەنگ و لەت و کوت کراوەکەدا جێگەبگرێ.


لە سیاسەت و قانوون و کۆمەڵناسی دا دین زۆر گرنگە، کە بەداخەوە کورد لە دینێکی هاوبەش بێبەشە.  ئیدی لەم چاخ و سەردەمەیش دا دینی هاوبەشی بۆ دروست نابێ، چونکە سەردەمی دینسازی بەسەرچووە.  تەنانەت لە جەرگەی شارستانیەتە پێشکەوتووەکانی جیهانی ئەمڕۆ دا دین کاریگەریی خۆی لەسەر سیاسەت و شەڕ و ئاشتی دا لەدەست نەداوە.  ئەوە کە هەموو دنیای پرۆتێستانت و کاتۆلیک لەدژی رووسیای ئۆرتۆدۆکس یەکیان گرتووە، سەلمێنەری ئەم قسەیەیە.  تەنانەت جیهانی پرۆتستانت و کاتۆلیکییش لەنێو خۆیان دا جیاوازن و شێوازی هزرینیان جیاوازە و بەرژەوەندییەکانیان لە زۆر خاڵجدا یەکتری ناخوێننەوە.  ئەم دوو جیهانە بەزۆری لەو کاتانە دا یەکدەگرن، کە رووبەڕووی شارستانیەتەکانی تری وەک ئۆرتۆدۆکس و ئیسلام و چینی و.. دەبنەوە.  کەواتە  بابەتی دینی هاوبەش کە یەکێکە لەو مەرجە سەرەکییانەی دروستبوونی یەکێتیی نەتەوەیی ئاسان و مسۆگەر دەکات، لە نێو کورد دا نییە و لەمەوبەدوایش کە سەردەمی پێغەمبەرایەتی نەماوە، نابێت.  لە رووی زمانیشەوە رۆژ بە رۆژ بەهۆی دابڕان لە یەکترییەوە، بە هۆی سیاسەتە فاشیستیەکانی داگیرکەرانەوە و بە هۆی گڵۆباڵیزم و کاریگەرییە نەرێنییەکانی تەکنۆڵۆژیای تازەوە، پتر لە یەکتری دادەبڕێن؛ لەیەکتری بێگانە دەبن و تاک و کەرتە جیاوازەکانی میللەتی کورد بێشتر لە یەکتری دووردەکەونەوە.

تەکنۆلۆژیای سەردەمیش بە هۆی ئەوە کە دەوڵەت-نەتەوە دەتوانێت لە زۆر بووار دا پاوانی بکات بۆ خۆی، کوردی نەتەوەی بێدەوڵەت لێی بێبەشە و دەستی پێی نەگەیشتووە؛ تا لە بوواری لەشکری دا سوودی لێوەربگرێت.


چارە چییە؟

لە دووای جەنگی ساردەوە زۆرێک لە رووناکبیران و سیاسەتوانانی کورد فێربوون بڵێن (ئایدیۆلۆژی باوی نەماوە) یا (سەپاندنی یەک ئایدیۆلۆژی واتە دیکتاتۆری و ستەم).  بێ ئاگا لەوە کە لیبراڵیزمیش خۆی ئایدیۆلۆژییە، دێمۆکراسی و سۆسیالدێمۆکراسیش ئایدیۆلۆژین، پرۆتستانتیزمیش ئایدیۆلۆژییە. ناسیۆناڵیزم و نەتەوەخوازیش ئایدیۆلۆژییە. تەنانەت خودی ئەوە کە دەڵێن نابێ ئایدیلۆلۆژییەکی تایبەت ب ۆبەڕێوەبردنی کۆمەڵ و جڤاک پەیڕەوە بکرە، ئایدیۆلۆژییە... بۆچی خۆخستنە پاڵ ئەمانە ئاساییە بەڵام کۆبوونەوەی کورد لە دەوری ئایدیۆلۆژییەکی تایبەت بەخۆی، کە هەڵگری توخمەکانی ژیان و ژینگە و یەکسانیی جێندەری بێت، ستەمکاری و دیکتاتۆری و خۆسەپاندنە؟ بۆچی ئەو دێمۆکراسییە نوێنەرایەتییەی کە هێشتا لە ئەمریکای لانکەی دێمۆکراسی! دا لە سایەی دا رەشپێستێک و ئاسیاییەک دەچەوسێندرێنەوە، دەبێ کورد پەسەندی بکات، بەڵام دێمۆکراسییەکی رادیکاڵ  کە رەگ و ریشەی لە کۆمەڵگەکەی خۆی دایە و هەزاران ساڵە دایباپیرانی پەیڕەوی دەکەن، دەبێ بە بیانووی نابەجێ دژایەتی بکرێت و  و رەت بکرێتەوە؟ 


لە نەبوونی دینی هاوبەش دا، گردبوونەوە لە دەوری ئایدیۆلۆژییەکی هاوبەش دا کە نەک بۆ کورد بەڵکوو بۆ هەموو گەلانی جیهان و تەنانەت بۆ هەسارەکەیشمان مایەی خۆشبەختی و رزگاربوون لە نەمان و فەوتان دەبێت، ئەوپەڕی پێویستییە.  هەبوونی ئایدیۆلۆژی نیشانەی نەزانی و پەیڕەویکردنی دەروێشانە نییە؛ بەڵکوو غیرەت و شەهامەت و شانازی و گەورەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت.  سەرکەوتنی عەرەبە موسڵمانەکان و گەیشتنیان بە چین و ئیسپانیا بە هێزی چەک نەبوو.  پێغەمبەری ئیسلام بۆچوونە پێشکەوتنخوازەکانی خۆی لەگەڵ تانوپۆی فەرهەنگی عەربی دا لێکدا و دینێکی پێشکەوتووی لێ. سازکرد، ئەوسا توانیی کۆمەڵگەی عەرەبی رێکبخات و بیکاتە هێزێک کە بەسەر دوو ئیمپراتۆریی مەزنی رۆم و مید-فارس دا سەرکەوێت.   هیندییەکان تا لە دەوری بۆچوونە نەرم و ئاشتیخوازانە و جیانگرەوەکانی گاندی کۆنەبوونەوە، نەیانتوانی سەربەخۆیی بەدەست بێنن.  گاندی بۆچوونەکانی خۆی لە زمان و مێژوو و  فەرهەنگ و شارستانییەتی هیندی وەرگرتبوو؛ کە لە هەست و نەستی تاکی هیندی دا ریشەیان داکوتابوو.  تەنانەت دەستەواژەکانیشی لە زمانی هیندی وەردەگرت و بە هیندی بەکاری دەهێنان.  ئەو دەستەواژانەی هەموو داڕشتنەوە و لە قاڵبی نوێدا بە زمانێکی سەردەمیانە بە گوێی هیندییەکانی دا خوێند.  گاندی تاکی هیندیی تێگەیاند، سەرەتا هزری خۆی ئازاد بکات؛ ئەوسا هەنگاو بنێت بۆ ئازادکردنی نیشتمانی.  ئەو هەرگیز نەیویست تاکە سەربازێکی ئینگلیس بە دەستی هیندییەکان بکوژرێت، چونکە دژی ئینگلس نەبوو؛ بەڵکوو دژی سیاسەت و شێوازی بیرکردنەوەی ئینگلیس بوو.  کەواتە هەبوونی ئایدیۆلۆژییەکی پێشکەوتووی جیهانگرەوە یەکێکە لە مەرجەکانی یەکخستن و یەکگرتووکردنی کورد و بوونی کورد بە هێز .


ئایدیۆلۆژی چ سیاسی و فەلسەفی بێ و چ دینی یەکێکە لە کەرەستە نەرمەکان.  لە پاڵ ئەمە دا دەکرێ  کورد بیر لە کەرەستەگەلی تریش بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە هێزێکی حیساب بۆکراو.  ئێستا لە دوو بەشی باشوور و رۆژاڤا دا کورد خۆی ووڵاتی خۆی بەڕێوەدەبات و دەسەڵاتێکی بانتر نییە کە بەسەری دا سەپابێت.  بەشێکیش لە بزووتنەوەی شۆرشگێریی کورد لە شاخ و چیاکان جێگیرە و بە گوێرەی توانست و قەبارەی خۆی ناوچەگەلێکی لە سەختترین ناوچەکان خستووەتە ژێر رکێفی خۆیەوە.  ئەم ناوچە شاخاوییە سەختانە ناوچەگەلێکن کە تەنانەت بەهێزترین دەسەڵاتەکانی جیهانیش بۆ خۆپاراستن یا بۆ شاردنەوەی چەکە نهێنییەکانیان پەنایان بۆ دەبەن.  کەوابوو، کوردیش دەتوانێت ئەم ناوچە شاخاوییە سەختانە بەکاربهێنێت بۆ سازکردنی چەک و چەکدار کردنی  خۆی بە چەکگەلێک کە دوژمن لێی بپرینگێتەوە.  پێشینان گوتوویانە مشت لە درۆشە دەگەڕێتەوە!  کەسێک بە مشت پەلامارت بدات، تۆ بە درۆشە رووبەڕووی ببیتەوە بێگومان مشتەکە دەگەڕێتەوە دوواوە. 


سوپا و ئەرتەشێکی یەکگرتوو بۆ هەموو نەتەوە و گەلێک کە گەرەکی بێت خۆی لە فەوتان بپارێزێت، بەردی بناغەیە.  بەڵام جیاوازییە کۆمەڵایەتییەکانی کورد هەمیشە هۆکار بوون بۆ ئەوەی هەر میرێک و ئاغایەک و والییەک لە هەوایەک بخوێنێ و بە گوێرەی بەرژەوەندییە کەسینییەکانی خۆی رەفتار بکات.  لە سەردەمی تازەیش دا کە حیزبەکان جێگای ئاغا و میر و شێخەکانیان گرتووەتەوە، بە هەمان شێوە هەر حیزبێک خاوەنی هێزی چەکدار و دەزگا و دامەزراوە و رێکخستنی خۆیەتی؛ و بە گوێرەی بەرژەوەندیی خۆی بڕیار لەسەر شەڕ و ئاشتی و پەلامار و داکۆکی دەدات.  هەر خودی ئەزموونی  فرەسوپایی باشوور و تاکسوپایی رۆژاڤا لە رۆژگاری ئەمڕۆ دا باشترین وانەیە؛ و پێمان دەڵێ کە ئەگەر کورد بیەوێ سەرکەوتوو بێ پێویستە، پێویستە، پێویستە یەک سوپای یەکگرتووی هەبێ.  کە دەگوترێ یەک سوپا، مەرج نییە یەک سوپای وەک ئێران و تورکیا و ئەمریکا و رووسمان هەبێ؛ نەخێر دەشێ سوپایەکی وەک رۆژاڤای کوردستان هەبێ.  لەوێ سوپای عەرەبەکان، سوپای  سوریانیەکان و سوپای کوردان و سوپای ژنان، هەموویان لە ژێر یەک سەرکردایەتیی باڵا دا رێکخراون؛ و ئەم سەکردایەتییەیش دەسەڵاتی پتوونی بەسەر یەک بە یەکی ئەندام و بەشەکانی سوپا دا هەیە.  وەها سوپایەک بۆ کورد گونجاوە کە لە یەک کات دا هەم جیاوازییەکانی تێدا رەچاوکراوە و هەم یەکگرتووە و لە یەک سەرکردایەتییەوە فەرمان وەردەگرێت. 


تەکنۆلۆژیای سەردەم کە دەوڵەت-نەتەوەکان لە بوواری لەشکری دا ئەوپەڕی سوودیان لێوەرگرتووە، گەرەکە کوردیش بە هەر شێوەیەک بێ بەدەستی بهێنێ و کەڵکی لێوەربگرێ.  بەتاییەتی ڤڕێنکە (درۆن) چەکێکی زۆر کاریگەر و سەردەمیانەیە و پێویستە جۆرێک لە ڤڕێنکە دروستبکرێت و بەرهەم بهێنرێت کە جێگەی چەکە نەریتییەکانی پێشمەرگە و گەریلا بگرێتەوە.   وەک لەم چەند ساڵەی رابردوو دا دەرکەوتووە، کردەی ڤڕێنکە لەشکرییەکان هیچ قانوونێکی بۆ دانەنراوە و هەر دەوڵەت-نەتەوە و دەستە و کۆمەڵێک بە گوێرەی خواست و ویستی خۆی بۆ سیخوڕی، ئاگایی و پەلامار بەکاری دەهێنێ. حووسیەکانی یەمەن لە دژی عەرەبستان و ئیمارات بەکاریان هێناوە؛ پاکستان لە ئەفغانستان، ئێران لە باشووری کوردستان، تورکیا لە باشوور، رۆژاڤا و قەرەباغ و... بەکاریان هێناوە و هیچ بڕگەیەکی قانوونی نێونەتەوەیی نەیتوانیوە دەوڵەتان لەسەر ئەوە کۆک بکات تا لایەنی بەکارهێنەر سزا بدرێت.


بوواری دارایی یەکێکە لە گرنگترین ئەو بووارانە کە بڕبڕەی پشتی هەموو کۆمەڵگە و بزووتنەوەیەکە؛ هەربۆیە گەرەکە ئەوپەڕی گرینگی و بایەخی پێبدرێت.  لە ئاستی هەموو کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوین دا پارتییەک نەبووە کە لە رووی داراییەوە پشتی بە ووڵاتێکەوە نەبەستبێت و بەقەد پەکەکەیش دەوڵەمەند بێت.  ئەو شێوازەی پەکەکە لە بەڕێوەبردن و کارگێڕیی دارایی دا دایمەزراندووە و کاری لەسەر کردووە، لە مەیدانی کردەوە دا سەرکەوتووە.  پێویستە هەموو حیزب و لایەنەکانی تری کوردستان سوود لەم ئەزموونەی پەکەکە وەربگرن، تا بتوانن لە رووی داراییەوە سەربەخۆ بن و باکیان بە هاوکاری و دەسگیرۆیی ووڵاتانی دەوروبەر یا دوور و نزیک نەبێ.  هەر بزووتنەوەیەکی دژبەر بەتایبەتی کە چەکدار بێت، کاتێک کە سەربەخۆیی دارایی نەبێت، بە ناچار سەربەخۆیی سیاسیش لەدەست دەدات.


لە پێش جەنگی جیهانییەوە ووڵاتانی ئەوروپایی دەستیان کرد بە دروست کردنی کوورەگەلی ئەتۆمی و بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆم.  دوواتر چەند ووڵاتی تری وەک چین، هیندوستان، ئیسراییل و پاکستانیش ئەم بۆمبەیان دروست کرد.  بەر لە بۆمبی ئەتۆمیش جۆرەها چەکی کیمیایی و بایۆلۆژیک لەلایەن ئەم ووڵاتانەوە دروست کرابوو.  دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم کارێکی قورس و زانستێکی وورد و تێچوویەکی زۆر و رووبەرێکی زۆر و کاتێکی زۆر و تەناهیی دەوێ.  بەڵام دروست کردنی چەکی ژەهراوی و بایۆلۆژیک کە ناسراوە بە (چەکی ئەتۆمی دەوڵەتە هەژارەکان)، نە رووبەرێکی زۆری پێویستە، نە تێچوویەکی زۆر و نە کاتێکی زۆری دەوێت.  لێ بێگومان پێویستیی بە کۆمەڵێک زانای دڵسۆزی بایۆلۆژی و کیمیاییە لەگەڵ دەزگایەکی ئاسایشی نەتەوەیی کارامە و  دەسپاک.  تەنیا هۆکارێک کە ووڵاتە هەژارەکان یا گەشەسێنەکانی  لە بەرهەمهێنانی ئەم چەکە دا خۆدەپارێزن، بریتیە لە لایەنە قانوونییەکەی؛ چونکە بەگوێرەی کۆنڤەنسیۆنی قەدەغەکردنی چەکە بایۆلۆژی و ژەهراوییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، گەشەپێدان و بەرهەمهێنان و هەماشتەکردنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوی قەدەغە و ناقانوونییە.  ١٨٣ ووڵات ئەم قانوونەیان واژۆکردووە.  لێ، بزووتنەوەی کورد چ وەک دەسەڵاتی باشوور و رۆژاڤا، چ وەک حیزبە چەکدارەکانی رۆژهەڵات و باکوور ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان نین، تا پابەندی بڕیارەکانی ئەم رێکخراوەیە و لقەکانی بن.  نەتەوە یەکگرتووەکان رێکخراوی ئەو نەتەوانەیە کە خاوەنی دەوڵەتن.  کورد نزیکەی پتر لە سەد ساڵە خەبات و تێکۆشانی لەپێناو دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوەدایە و هێمان پێی نەگەییشتووە.  بە ووتەیەکی تر سیستمی هەنووکەیی جیهان رێگەی نەداوە میللەتێکی چل پەنجا میلیۆنی ببێتە خاوەنی قەوارەیەکی تایبەت بە خۆی وەک هەموو دەوڵەت-نەتەوەکانی تر.  هەربۆیە ئێستا کورد وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت ناسراوە.  دەوڵەتانی ئێران، ئێراق، تورکیا و سووریا کە ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکانن، لە راستی دا نوێنەری کورد نین؛ بەڵکوو نوێنەری نەتەوە و نەژادی تورک و فارس و عەرەبن. ئێمە لە رووی ئەکادێمیکیشەوە پاساومان هەیە بۆ بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە چەکە. بمانکەنە! ئەندامی نەتەوە-یەکگرتووەکان، تا پابەندی ڕیارەکانی بین. لە کاتێک دا کە ئێوە ئامادە نین ئێمە ببینە ئەندامی ئەم رێکخراوەیە، مافی ئەوەیشتان نییە بڕیارەکانی بەسەر ئێمە دا بسەپێنن.


کورد کە پەنا بۆ دروسکردن و هەمباشتەکردنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوی ببات، هیچ بە مەبەستی هێرشبردن و پەلاماردانی کەس و لایەنێک نییە؛ بەڵکوو وەک نەتەوەیەکی بێدەوڵەت کە هەمیشە لەژێر هەڕەشەی سڕانەوە و تووانەوەدایە، دەیەوێ ئەم چەکە بۆ پرینگاندنەوەی دوژمن و نەیارەکانی بەکاربهێنێت.  رابردووی نەتەوەی کورد نیشانی داوە کە ئەگەر لەسەر نەخشەی جیهانیش بسڕدرێتەوە، کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و بەناو مرۆڤایەتی باکی نییە؛ و  لەسەری نایەتە دەنگ.  وەکچۆن لە هەڵەبجە ٥٠٠٠ مرۆڤی کورد لە چەند هنگارێک دا بە چەکی کیمیایی کوژران و شارێک بە پتوونی کاولکرا.  لە چەندین کردەی لەشکریی ئێراقدا ١٨٢٠٠٠ مرۆڤی کورد زیندەبەچاڵ کران.  ٨٠٠٠ نێرینەی بارزانی بە هەمان شێوەی ئەنفالەکان کوژران یا زیندەبەچاڵ کران.  هەروەها دەوڵەتانی ئێران و تورکیایش هاوشێوەی رێژیمی ئێراق لە جەنگی دژی پێشمەرگە و گەریلای کوردستان دا دەیان جار چەکی کیمیاییان بەکارهێناوە و هەرگیز رۆژێک لە رۆژان نەتەوە یەکگرتووەکان نەک شەرمەزاری نەکردوون بەڵکوو باسیشی نەکردووە.  دەوڵەتی تورکیا بە بەرچاوی جیهانەوە چەکی فۆسفۆریی لە دژی رۆژاڤا بەکارهێنا و هیچ دەوڵەتێک متەقی لێوە نەهات. تەنانەت میدیای خۆراوا کە زمانحاڵ و داکۆکیکاری سیستمی دەوڵەت-نەتەوەیە، بۆ یەک جاریش رێگەی نەداوە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن ئێران و تورکیاوە بە گوێی گەلان و ئازادیخوازانی جیهان بگات.  بەڵام ئەگەر نەیارەکانی ئەم نەتەوەی کوردە بیانزانیبایە کە  کورد خاوەنی چەکی بایۆلۆژی و ژەهراوییە، هەرگیز ئەو هەڵە و شاشەتییەیان نەدەکرد و ئەو بوێرییەیان نەدەبوو ئەو سیاسەتە توند و تیژ و رەقە لە دژی کورد و کوردستان پەیڕەو بکەن.


ئاکام

کوردان وەک نەتەوەیەک کە خاوەنی چەند دین و مەزەوی جیاواز و چەندین زار و زمانی جیاوازن؛ و رۆژ لە دوای رۆژ زیاتر لە ژێر ستەم و ناهەقییەکانی ناوچەیی و هەرێمی و جیهانی دا خەریکە دەپلیشێنەوە.  بۆ رزگاربوون لەم دۆخە مەترسیدارە، جگە لە کۆبوونەوەیان لە دەوری یەک ئایدیۆلۆژی هیچ رێگەیەکی تریان نییە.   ئایدیۆلۆژییەک کە ئەمڕۆیان ببەستێتەوە بە رەگ و ریشەی هەزاران ساڵەیان; و سبەینێیان لەسەر بنەمای نەریت و شارستانیەتی کەوناری خۆیان، بە شێوازێکی زانستی و سەردەمیانە دابڕێژێتەوە و بنیات بنێتەوە.  ئایدیۆلۆژییەک کە بۆشایی دینێکی یەکگرتوویان بۆ پڕ بکاتەوە و لە هەمان کات دا جیهانگرەوە بێت و کراوە بێت بە رووی گەل و نەتەوە و دین و مەزەوە جیاوازەکانی تریش دا.  لە پاڵ ئەمەیش دا کۆکردنەوەی هەموو هێزە چەکدارەکانی کوردستان بە جیاوازیی بۆچوونە سیاسی و دینییەکانیانەوە لە ژێر چەتری یەک سوپای رزگاریخوازی دا، کە چەکدار کرابێ بە تەکنۆلۆژیای ڤڕێنکە (درۆن)، هەم پێویستییە و هەم ئەرکە.  هەروەسا، بەبێ بوونی سوپایەکی یەکگرتوو، هەرگیز مەترسیی شەڕ و لێکدانی نێوخۆیی لە نێو بزووتنەوەی رزگاریخوازیی کوردستان دا دووایی نایێت.  هەروەها کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی کارگێڕیی دارایی پەکەکە پێویستە بکرێتە ئەرک لەلایەن حیزب و لایەنەکانی ترەوە، بۆ ئەوەی هیچ لایەنێکی کوردستانی لە پێناو بەدەسهێنانی دراو دا سەربەخۆیی سیاسیی خۆی نەدۆڕێنێت.  هەروەتر خۆپڕچەک کردنی کوردان بە چەکی پێشکەوتووی هەرزان و ئاسانی خۆماڵی و دوور لە چاوی داگیرکەران و بێگانەکان، مەرجێکی گرنگی بوونیانە بە هێزی حیساب بۆکراو.  چونکە رابردوو سەلماندوویەتی کە  نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر نەتەوە بێدەوڵەتەکان نایەتە دەنگ؛ و ئەوە نەتەوە بێدەوڵەتەکان خۆیانن کە دەبێ بۆ پرینگاندنەوەی نەیارەکانیان چەکی پرینگێنەریان هەبێت.



Wednesday, March 2, 2022

جەنگی رووسیا-ئوکراین و چەند سەرنجێک


ئەمڕۆ پێنج رۆژ بەسەر هێرشی رووسیا بۆ سەر ووڵاتی ئوکراین دا تێپەڕیبۆ زۆربەی چاودێران و کارناسانی سیاسی روون و ئاشکرا بوو کە ئەمریکا و ئەوروپا سەرەڕای نیگەرانییان و سەرەڕای هەوڵەکانیان بۆ پێشگیری لە روودانی ئەو هێڕشە، هەڵوێستێکی توند بەرامبەر رووسیا نیشان نادەندوواتریش کە رووسیا فەرمانی هێرشەکەی دەرکرد،  ئەوروپا و ئەمریکا هەڵوێستیان زۆر نەرم بوو، چاوەڕوان بوون لە چەند هنگار(سەعات)ێکدا، یا ئەوپەڕەکەی لە یەک دوو رۆژ دا حکومەتی ئوکرانیا بکەوێت و بە خوێنڕێژییەکی کەم رووسیا ئامانجی خۆی لەم ووڵاتەدا بپێکێتلووتکەی هەڵوێستی ئەمریکا ئەمە بوو کە جۆ بایدن داوای کرد لە رووسیا کە ڤڵۆدیمیر زیلینسکی نەکوژێت! و پێشنیاریشی بە زیلینسکی کرد کە پەنا بۆ ئەمریکا ببات.  

بەڵام هەڵوێستی زیلینسکی کە بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و هەموو چاودێرانی سیاسی چاوەڕواننەکراو بوو، ئاراستەی یارییەکانی گۆڕی؛ و دەکرێ بگوترێ کە پێچەوانەی کردەوەخۆراوایش کاتێک بۆی دەرکەوت زیلینسکی پیاوی جەنگ و بەرخوەدانە، خێرا هەڵّوێستی خۆی گۆڕی؛ و ئەمجارە پێشنیاری هاوکاریی دەرمانی و چەک و تەقەمەنیی بە زیلینسکی کردئینجا یەک لە دووای یەک ووڵاتانی ئەندامی ناتۆ و ئەوروپا و بە گشتی خۆراوا لەگەڵ ژاپۆن، کۆریای باشوور، ئوسترالیا و نیوزیلەند هەڵوێستی دژ بە رووسیا و پشتگیرانەی خۆیان بۆ ئوکراین دەربڕیئێستا ئیدی زۆرینەیەکی بەرچاو لە ووڵاتانی جیهان چوونەتە بەرەی ناتۆوە لە دژی رووسیا؛ و لەم میانەدا ژمارەیەکی زۆر لە زلکۆمپانیاکانی ئایتی و خزمەتگوزارییە سایبرییەکانیش بەرەنگاری رووسیا وەستاون.

هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە هێرشی رووسیا بۆ سەر ئوکراین ستەمکارانە و ملهوڕانەیەئەو هۆکارانەی پووتین بۆ هێرشکردنە سەر ئوکراین باسیان دەکات تەنیا بەهانەن و بەسبەڵام نەریتی زلهێزەکانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وایە کە دەسەڵات و رێگەیان پێدەدرێت بە بەهانەی یاخیبوون هێرش بکەنە سەر هەر ووڵاتێک کە مەبەستیان بێت بیگۆڕنهەر بە گوێرەی ئەم نەریتە بوو کە ئەمریکا و فرانسە و بریتانیا لە چەندین ووڵاتی ئەوروپایی، ئەفریقایی و رۆژهەڵاتی ناویندا دەسوەردانیان کردووە و رێژیمەکانیان گۆڕیوندەکرا لە بابەتی ئوکراینیشدا ووڵاتانی خۆراوا بێدەنگی هەڵبژێرن، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ووڵاتانی ئینگلیززمان هەرگیز رووسیا بە هاوشانی خۆیان ناپەسەندنهەرچەند رووسیا خاوەنی هێزێکی زلی ناووکیە و لەم ساڵانەی دوواییشدا لە رووی تەکنۆلۆژیی نوێوە پێشکەوتنی بەرچاوی بەخۆیەوە دیوە، بەڵام ووڵاتانی ئینگلیز زمان ئامادە نین روووسیا وەک ئەندامێکی (کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی) وەربگرن و هەمیشە وەک نامۆ و غەوارە هەژماریان کردووە.

رووسیایش خۆی هەستی بەم رووانگە نادروستەی خۆراوا کردووەهەربۆیە دەیەوێ سنوورێک بۆ فراوانبوونی چوارچێوەی ناتۆ دابنێتلە سیاسەتی پەیوەندییە نێونەتەوەییەکاندا هەرگیز زلهێزەکان رێگە نادەن سنووری هاوبەشیان پێکەوە هەبێتبەتایبەتی کاتێک ئەو زلهێزانە وەک دژبەری یەکتری هەژماردەکرێن، یەک لە مەرجەکانی ئاسایشی نەتەوەیی هەردووک لایان بریتییە لە هەبوونی ناوچەی نیتار (buffer zone) لە نێوانیانداواتە پێویستە دەوڵەتێکی بێلایەن یا سەر بە یەکێک لە زلهێزەکان لە نێوانیاندا هەبێت تا ئەم دوو زلهێزە راستەخۆ بەریەک نەکەونوەک دەرکەوت ئامانجی پووتن لە هێرشکردنە سەر ئوکراین بریتی بوو لە چەکداماڵین لە ئوکراین و گۆڕینی رێژیمەکەی بە رێژیمێکی لە شێوەی بێلارووسیا؛ لێ دەسوەردانی خۆراوا پێدەچێت ئامانجەکە بگۆڕێت.

خۆراوا وەک بڕیاری داوە دەرمان و چەک و چۆڵ و کەرەستە و پێداوایستی سەربازی رەوانەی ئوکراین بکات؛ و هەروەها تەواوی دەزگاکانی راگەیاندنی جیهانیشی بۆ پێکانی مەبەستی خۆی رێکخستووەئەمەیش وا دەکات کە ئوکراینیەکان بتوانن جەنگەکە درێژە پێبدەن؛ و رەنگە ئەگەر رووسیا تەواوی ئوکراینیش داگیر بکات، هێشتا نەتوانێت کۆتایی بە جەنگ بهێنێت؛ و ئوکراینییەکان بەو هەموو پشتیوانییەی کە لە خۆراواوە پێیان دەدرێت، بە جەنگی پارتیزانی رووبەڕووی رووسیا ببنەوەدیارە ئوکراینیەکان مافی خۆیانە داکۆکی لە ئاو و خاک و سەروەریی ووڵات و دەوڵەتیان بکەن، بەڵام لە راستیدا ئەم پشتگیرییەی خۆراوا سەرەنجام سەری ئوکراینیەکان دەخوات؛ و دووا جار دەبێتە هۆی لەتبوونی ووڵاتەکەیان لە نێوان رووسیا و ئەوروپا-ناتۆ دایانی دەشێ بگوترێت کە زیلینسکی بۆ ریش دەچێ، بەڵام سمێڵیشی دەخاتە بانی.

Friday, February 11, 2022

گرفنچ یا سندان

وێنە: محەممەد بەهادین
شوێن: قۆپیی قەراخ
درەخت: دارەبەن
رێکەوت: ١٣\١٠\٢٠٢١
 بریتییە لە گەشە کردنی درەخت بە شێوەی ناڕێک و شێواو کە لە شێوەی گرێیەکی خڕ بە تەنیشت قەد یا لکی درەختەکەوە دەردەکەوێت.  لە زمانی ئینگلیسی دا پێی دەگوترێت (Burl, burr ).  نێوەکەی پڕە لە گرێی پووخگەلی متبوو.  


دروست بوونی سندان لە سەر درەخت دەشێ ئاکامی ئازار و نارەحەتییەک بێت کە لە هەبوونی زام و برین، هەوکردنی نیتگی یا هەوکردنی کەڕوویین تووشی درەختەکە دەبێت.  دارتاشەکان و هونەرمەندان لە گرفنج\سندان کەرەستە و کاری هونەرییی زۆر جوان و دەگمەن و گرانبەها ساز دەکەن.


زۆربەی سندانەکان لە بنی درەخت و لەسەر رەگەکانی دروست دەبن؛ و زۆر جار هیچ کەس هەستی پێ ناکات تا درەختەکە ووشک دەبێت و دەکەوێت.  قەبارەیەکی دیاریکراویان نییە و بە گوێرەی قەبارەی درەختەکە رەنگە تیرەی گرفنچەکە تا ٨ مەتر گەورە بێت.  هەندێک جار بە چەشنێک گەورە دەبێت کە بە دەوری درەختەکەدا دەسووڕێتەوە.








Wednesday, February 9, 2022

زراو \ زاور



ئەندامێکی لەشی مرۆڤە کە ماددەیەکی ئەسیدی تێدایە. تەکووزی لەش لە هەرس کردنی خۆراک دا ئەم ماددە ئەسیدییە بەکار دەهێنێت کە پێی دەگوترێت زەرداو.
زراو لە ئاخاوتنی رۆژانەیش دا بە واتای ترسی زۆر بەکاردەهێنرێت. نموونە: بوومەلێڵ بوو، بەفرێکی ئەستوور کەوتبوو، لە ناکاو گورگێک هاتە سەر رێگام، هەر بە جارێک زراوم چوو!
زراو لە لوڕیدا دەبێتە زەلە یا زەهلە. کە واتای غیرەت و بوێری دەدات. وەک دەڵێن (زەهلەم نەبی) واتە غیرەتم نەبوو یا نەموێرا. هەروەها لە سۆرانیدا زەهلە و زیلکیش بەکار دەهێنرێت وەک دەڵێن زەهلەم چوو! زیلکم چوو! یا زیلکم رژا! واتە زۆر زۆر ترسام. بەڵام خوێندەوارەکان چونکە لە رەگ و ریشەی ناگەن، لە نووسین دا بەکاری ناهێنن.
زەهلە یا زەلە دەشێ هاوڕیشە بێ لەگەڵ زەرە، زەردە، زەرداو ، زراو و زاور.

Tuesday, February 8, 2022

زەوەڕ، زمهەڕ، زەمهەڕ، زمهاڕ



زم یا زو\زەو واتە سارد و سەرما. هەڕ یا هار لە لوریدا واتە خواردن یا خۆراک؛ و ور\وەر لە هەورامیدا واتە خواردن.
وەک لە ووشەی زستان\ زمسان\ زوسان و ووشەی زوقم، زەمهەریر، زمکان، زەمبلە، زمبەلیلک، دا هەیە.
بەسەریەکەوە زمهەڕ یا زمهاڕ واتە خۆراکی زستان. پێشتر لام وابوو کە پاشگری هەڕ\هاڕ لە هاڕینەوە هاتووە بەڵام دوواتر کە چوومە بناوانی واتاکەیەوە، بۆم دەرکەوت ووشەکە رەگی لە لوری و هەورامیدایە. لە موکریان بەتایبەتی بەو گەنم و ئاردە کە بۆ زستان دەکرێتە نێو کەندوو یا چاڵەوە یا لە تەلیس دا هەماشتە دەکرێ، دەڵێن زمهەڕ یا زەوەڕ.
لەسەر ئەو باوەڕەم کە (زەمهەریر)یش هەر زمهەڕە و پاشگری (یر)ی بۆ زیادکراوە بە واتای ساردیبەخش یا سەرماهێنەر. پاشگری (یر) لە کۆمەڵێک ووشەی تریش دا هەیە.
خاڵێکی گرنگ لێرەدا ئەمەیە کە لەمەوبەدوا دەکرێ (هەڕ) بە واتای خۆراک وەک پاشگر لە سازکردن و رۆنانی ووشەدا بەکاربهێنین. بەتایبەتی لە بواری زانستی زیندەزانی و کەڕووزانیدا.

 



Tuesday, February 1, 2022

هەمبانە، هەموو، هەمار

 

زۆر گەڕام.. هەمانەی کوردیم دەسنەکەوت

..هەمانە، هەموونە، هەمبانە، هەمبوونە، هەنبانە

بە هەگبەیەک یا شێوە هەگبەیەکی چەرمین دەگوترێت کە لە هەزاران ساڵ لەمەوبەرەوە مرۆڤ بۆ پاراستن و هەڵگرتنی کەلوپەل و پێداویستییە گرنگ. بایەخدارەکانی بەکاری هانیوە.  ئەم ووشەیە لە زمانی فارسیش بە چەند شێوەیەک دەردبڕدرێت؛ و لە هەمووان دیارتر (انبان)ە.   لە زمانی کوردیدا ئەم ووشەیە بە تەنیا ماوەتەوە و فرمانی نییە؛ لە فارسیدا فرمانەکەیشی هەیە کە بریتییە لە (انباشتن).

(ئەنباشتەن)ی فارسی واتە کەڵەکەکردن، کۆکردنەوە لەسەریەک، لەسەریەک تۆپەڵکردن..

بە بڕوای من ووشەی هەمبانە\ هەنبانە\انبانە لەگەڵ ووشەی هەموو\هەمە و (انبوه)ی فارسی یەک ریشەیە.  هەربۆیە کاتێک دەگوترێت هەمباشتە یا ئەنباشتە واتە هەموو یا هەموو لەسەریەک.  تەنانەت لەسەر ئەو باوەڕەم کە ووشەی هەمار\هەمبار؛ئەمبار\عەمبار\ئەنباریش هەر کوردییە؛ و لەگەڵ هەمبانە\هەنبانە یەک رەگ و ریشەن؛  ئەمە لە کاتی گەردانکردندا باشتر رووندەبێتەوە.  هەرچەند ئێمە بۆ ئەم  ووشەی (انباشتن)ە دانەماوین، بەڵام ئەگەر بەکاری بهێنین لە زۆر رەوش و دۆخ دا یارمەتیدەری باش دەبێت.   لەبەرئەوەی کوردی زمانێکی توانا و بەهێزە، بۆی دژوار نییە کە لە ناوی هەمبانە فرمان دروست بکات و گەردانی بکات.

 دەکرێت لە جیاتی ووشەی (store)ی ئینگلیسی و (خەزن)ی عەرەبی بەکار بهێنرێت.  میننەتی هیچ کەس ناخەینە سەر شانی خۆمان؛ ووشەکە هی خۆمانە و زمانەکەیشمان دەتوانێت وەک فرمان گەردانی بکات.

نموونەیەک لە بەکارهێنانی:

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتە دەکەن. 

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان دەهەمبێرن. 

لێرەدایە کە دەردەکەوێت (انبار) کوردییە.  لە کوردیدا فرمانی (داشتن)مان هەیە کە بۆ ئاودان بەکاردەهێنرێت.  لە دەمی ئایندە\داهاتوودا ناگوترێت (ئاو دەداشتم ) بە ڵکوو دەگوترێت (ئاو دەدێرم)، یانی گۆڕانێکی گەورە بەسەر ووشەکەدا دێت.  لە ووشەی  (هەمباشتن)یشدا بە هەمان شێوە بۆ ئایندە\داهاتوو لەسەر شێوازی (ئووداشتن) فرمانەکە گەردان دەکرێت.  ئەمەیش دەریدەخات کە ووشەی ئەنبار یا هەمبار واتە (هەمبێر)کراو یا بە فارسی (انباشتە)کراو.

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتووە.

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان هەمباشتبوو.

- بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان دەهەمباشت.

بازرگانەکان کاڵا هاوردەکانیان بۆ چەند رۆژێک لە نزیک دەروازە سنووریەکان بهەمباشتایە.




چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...