Tuesday, April 25, 2023

رەئیس عەلی دڵواری

 

ساڵی ١٨٨٢ لە ئاوایی دڵوار سەر بە تەنگستان لە دایکبووە و لە تەمەن ی٣٣ ساڵیدا کوژراوە. ئەو لوڕە و بە رەچەڵەک لە لوڕەکانی نوورابادی مەمەسەنییە. دڵوار ئێستا بووە بە شارۆچکە و سەر بە شاری تەنگستانە لە ئوستانی بووشێر و دەکەوێتە نزیک لێوارەکانی کەنداو. لە سەردەمی جەنگی جیهانیی یەکەمدا کاتێک کە رووسەکان لە باکوورەوە و ئینگلیسەکان لە بەندەری بووشێرەوە دەیانەوێ پەلاماری ئێران بدەن، رەئیس عەلی لەسەر فەتوای مەلاکانی ناوچەکە بڕیاری رووبەڕوو بوونەوەی ئینگلیسەکان دەدات. ئەو هێشتا تەمەنی نەگەیشتبووە ٢٤ ساڵی کە وەک پێشەنگ و پشتیوانی سیستەمی مەرجداری بوو لە ناوچەکەدا. رەئیس عەلی وەک رێبەری سەرهەڵدانی باشوور لە ئێراندا ناسراوە. سەرهەڵدانی رەئیس عەلی هەفت ساڵی خایاند و ئامانجی ئەوە بوو کە ناوچەکانی تەنگستان و دەشتستان و بووشێر لە داگیرکاریی هێزە بێگانەکان بپارێزێت.

ئەو شەڕی گەریلایی لە دژی ئینگلیسەکان بەڕێوە دەبرد و توانیی بۆ ماوەی نۆ مانگ دەست بەسەر شاری بووشێردا بگرێت و بیپارێزێت.
شەوی ٣ سێپتەمبەری ١٩١٥ لەکاتی شەبەیخوون\پەلامارێکی شەوانەدا بۆ سەر هێزە بێگانەکان و دارودەستەکانیان، لە شوێنێک بە ناوی (تەنگەک سەفەر)دا لەدوواوە لەلایەن خائینێکەوە بە ناوی غوڵام حسێن تەنگەکی تەقەی لێکرا و کوژرا.


بی بی مەریەمی بەختیاری

 

بی بی مەریەمی بەختیاری ناسراو بە سەردار مەریەم، یەکێک بوو لەو ژنە ئازا و نەترس و هۆشیارانە کە سەدەیەک لەمەوبەر ژیاوە، فەرماندەیەکی ئازای لەشکری بووە. خوێندەوار بووە و هامنشینی رووناکبیران و وێژەوانانی سەردەمی خۆی بووە. پێش مردنی بیرەوەرییەکانی خۆی نووسیوە.

باسی رەنج و مەینەتییەکانی ژنانی کردووە و داوای کردووە کە ژنان وەک پیاوان لە بووارە جیاوازەکاندا رۆڵیان پێ بدرێت.
لە بەشێکد باسی باوکی دەکات کە لە سەردارە مەزنەکانی بەختیاری بوو. دەڵێ:
ساڵی ١٢٩٩ ناسرەددین شای قاجار لە سەربەخۆیی باوکم دەترسا و فەرمانی دا بە (ظل السلطان) کە کوڕی بوو و فەرمانڕەوای ئیسفەهان بوو، حسێن قوڵیخان بکوژێت چونکە چاوی بڕیوەتە تەختی پادشایەتی و دەیەوێ کۆتایی بە زنجیرەی قاجار بهێنێ و پادشایەتی بگوازێتەوە بۆ ئێڵی بەختیاری... باوکم موسڵمانێکی راستەقینە بوو، هەمیشە شەونوێژی دەکرد، چوار وەرزی ساڵ، هەموو دووشەممە و پێنجشەممان بەڕۆژوو دەبوو؛ و پارەی زۆری دەدا بە هەژار و نەداران.
رۆژێک هەواڵ هات کە ئێڵخانیان کوشتووە... لە نێو (چغاخۆر)دا بوو بە شیوەن. چغاخۆر پایتەختی بەختیارییان بوو. دە هەزار ژن پرچی خۆی بڕیبوو، دەتوانم بڵێم هەزار مەن قژ بڕدرابوو.


چرا

 


ساڵانی زوو کە هێشتا چرای لەمپا و فانۆس/لەوەنتەر پەیدا نەببوو، جگە لە چرا فتیلە/ پەتیلە کە دەفرێکی ساددە بوو رۆنی گەرچەکی تێدەکرا، چرایەکی تریش هەبوو کە پێیدەگوترا چراقووری.

چراقووری بۆ زۆر شوێن بەکاردەهێنرا کە چرافتیلە بۆی نەدەگونجا.
چراقووری بریتی بوو لە قۆری یا چادانێک لە گڵ یا کانزا دروستدەکرا. پڵیتە/پەتیلەیەک لە رێگەی لوولەی قۆرییەکەوە دەگەیشتە نێو رۆن گەرچەکەکەوە و دەیگەیاندە سەرەوە و لە لوولەکەوە ئاگر دەدرا.
گومان لەوەدا نییە کە مێژووی چراقووری کۆنترە لە مێژووی چا هەر بۆیە دەکرێ ووشەی قۆریش زۆر کۆنتر بێ لە چادان.
ئەم واژەیە لە گۆیشی لوڕیدا هێشتا ماوەتەوە و نەفەوتاوە؛ بەڵام لە سۆرانی و ئەوانی تردا نەمبیستووە.

کریدیت کارد


بیرۆکەی کریدیت کارد یەکەم جار لە رۆمانێکی ئێدوارد بێڵامی دا بەناوی (ئاوڕدانەوە) ئاماژەی بۆ کراوە کە ساڵی ١٨٨٧ چاپ و بڵاوکراوەتەوە. دوواتر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم دا بەشێوەی دراوی کانزایی و پاشان کاغەزی دروستکراوە.

کریدیت کارد بایەخ و ئیعتیبار و هورمێکی داراییە کە خاوەن پارەیەک یا دارایەک دەیدات بە کەسێکی تر کە لەو کاتەدا هیچ پارە و داراییەکی لەدەستی دا نییە. بەڵام کەسی دارا دڵنیایە لەوە کە پارە و داراییەکەی ناخورێت و لە کاتی خۆیدا پێی دەدرێتەوە. کەسی دارا لە بەرامبەر هەندێک سوود دا ئەو بڕە پارەیە دەداتە کەسی نەدار، نەک بە خۆڕایی.
سەرچاوەکان دەڵێن یەکەمین هورمی لەم بابەتە کە دەکرێ وەک کریدیت کاردی بەرایی بەناو بکرێت لە تاتەسواڵەتەکانی سوومەریدا باسی کراوە. دەوروبەری ٥٠٠٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەو بازرگانانەی لە دەوروبەری ووڵاتی سوومەر وەک (هاراپا)وە هاتوون بۆ کڕینی کەلوپەل، رێککەوتنی لەم بابەتەیان لەگەڵدا کراوە؛ واتە کەل و پەل و پێداویستییان پێدراوە تا بیبەن لە ووڵاتی خۆیان ووردی بکەنەوە و پاشان پارە و سوودەکەی بگەڕێننەوە بۆ سوومەر.


Sunday, April 23, 2023

مەشکە



مەشک، مەشکە، مەسکە وژاەیەکی کۆنە و لە زمانەکانی پەهلەوی و سامی و ئارامیدا هەیە.  کارم بەسەر ئەوەوە نییە کە لە واژەڕەتناسیی عەربی و فارسیدا چۆن لێکدراوەتەوە بەڵام وەک کوردێک دەتوانم بەم شێوەیەی خوارەوە بنەچەکەی وەدۆزم.

مەشکەی کوردی لە (مێش)ی کوردییەوە وەرگیراوە کە مانای (مەڕ) دەدات. (مێش)یش لە (مێ)وە وەرگیراوە.  تا ئێستایش لە زۆرێک لە ناوچە و گۆیشەکانی کوردیدا بە مەڕ دەڵێن (مێ)؛ هەروەکچۆن بە کۆمەڵێک مەڕیش دەگوترێت مێگەل.  وەک روون ئاشکرایە کە مەشک لە پێستی ئاژەڵ دروست دەکرێت، کەواتە زۆر ئاساییە ناوەکەی لە ناوی مەڕ وەرگیرابێت.

ئەم ووشەیە بەم شێوەیە هەنگاو بە هەنگاو گۆڕاوە: مێ > مێش > مێشک\مەشک> مەشکە.  لە لوڕی دا دەستەواژەی (مەشکە و مەلار) هەیە کە مەبەست لە (مەلار) ئەو سێپەک یا سێدارەیە کە مەشکەکەی پێوە هەڵدەواسرێت. 

متوو


متوو واژەیەکە لە لە هەندێک ناوچەی وەک باڵەکایەتی و سۆران و خۆشناوەتی بەکاردەهێنرێت. واتە خووگرتوو،. ئۆگر، هۆگر.  منداڵێک کە فێر کرابێت بە دووای دایکی یا باوکی بکەوێت، دەڵێن فڵانکەس منداڵەکەی متووی خۆی کردووە، یا دەڵێن منداڵەکە متووی دایکێتی. 

مت رەگی واژەکە پێکدەهێنێت و پاشگری (وو)ی چووەتەسەر. هاوڕیشەیە لەگەڵ (مەیت)ی ئینگلیسی؛ واتە هاوڕێ و هەروەها واتای جووتبوونیش دەدات لە ئاژەڵدا. کەواتە متوو واتە کەسێک کە خووی گرتووە بە نزیکبوونەوە و هاوڕێیەتی لەگەڵ کەسێکی تر یا شتێکی تردا.

Monday, April 10, 2023

ناو، نێو


واژەی (ناو) لە کورمانجیی خواروودا دوو واتەی هەیە یەکەم: ناوی شتێک یا کەسێک کە پێیدەناسرێتەوە و بەرامبەرەکەی لە عەرەبی و فارسی دا بریتییە لە (اسم). دووەم: دەروون یا هەندوڕی شتێک، بە عەرەبی و فارسی دەبێتە (داخل). لە موکریان دەنگی (ا)ی ووشەکە دەگۆڕێت بۆ (ێ) واتە دەبێتە (نێو). بەڵام واتاکەی ناگۆڕێت و هەمان ئەم دوو واتایەی سەرەوەی هەیە.

لە رابردوودا زۆر هەوەڵدراوە (ناو) و (نێو) بکرێن بە دوو ووشەی جیاواز؛ و هەرکامیان بە یەک واتا بەکاربهێنرێت. هەندێک کەس (ناو)یان بە واتای (اسم) بەکاردەهێنا و (نێو) بە واتەی (داخل)؛ هەندێک کەسیش پێچەوانەکەی.
بەڵام من لە هیچ شوێنێک نەمدیت لێکۆڵینەوەیەک یا شرۆڤەیەک بۆ ئەم دوو ووشەیە بکرێت و روون بکرێتەوە کە بنەمای ووشەکان چین؟ ئایا هەر یەک ووشەن و بەگوێرەی ناوچە و زارەکان گۆڕان لە دەنگە بزوێنەکەیدا دروست بووە، یا لە بنەڕەتدا دوو ووشەی جیاوازن و واتاکەیان گۆڕانی بەسەردا هاتووە؟
ئێمە بمانەوێ و نەمانەوێ زمانەکان پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و ووشە لە یەکتری وەردەگرن و بە یەکتری دەدەن. بە هەمان شێوە لە نێو زمانێکیشدا زار و شێوەزارەکان ئاڵوگۆڕی ووشە و دەنگ و ئەمانە لەگەڵ یەکتریدا دەکەن و کاریگەریی زۆریان بەسەر یەکترییەوە هەیە. لە فارسی و کوردیدا ووشەیەکمان هەیە بە واتەی (داخل) هەندوڕ یا دەروون کە بریتییە لە (میان). ئەم واژەیە سۆرانیەکان لە بەکارهێنانی خۆدەپارێزن بە بیانووی ئەوە کە فارسییە. لە راستیدا ئەم واژەیە وەک زۆرێک لە واژەکانی تر چەندە فارسییە، پتر کوردییە بەڵام بە هەر هۆکارێک بێ لە ناوچە سۆرانی ئاخێوەکاندا بەکارنەهێنراوە؛ ئەمەیش ئەوە ناگەیەنێت کە کوردی نییە.
ئەم ووشەیە لە لوڕیدا بریتییە لە (مین، من). لەر استیدا لوڕەکان زۆر زیاتر و باشتر و ووردتر لە فارسی ئەم ووشەیە بەکاردەهێنن. ئەگەر لە فارسیدا زۆرتر بە واتای (لە نێوان) دا بەکاردێت. لە لوڕیدا رێک بە واتای (داخل) و هەندوڕ بەکاردێت. بۆ وێنە: دْ مینْ دڵم، دْ مینْ دەسم. لە نێو دڵم دا، لە نێو دەستم دا.
بە بڕوای من ووشەی (نێو) لە بنەڕەتدا هەر هەمان (مین) ی لوڕی بووە و گۆڕانی بەسەردا هاتووە. گۆڕانی (و) بۆ (م) لە نێوان کورمانجیی خواروو و لوڕیدا زۆر ئاساییە. وەک ناو، چاو، هەویر، لە کوردیی خواروو و لوڕیدا دەبن بە نام، چەم، خەمیر. هەروەها پاش و پێش کردن بە بڕگەکانی ووشەیش زۆر ئاساییە. بۆ وێنە. تامەزرۆ\ تەمەرزوو، ئاشتەبا\ ئاوشتە، گۆچان\ چەوگان و تاد..
بەگوێرەی بۆچوونی من واژەی (مین، من) سەرەتا دەنگەکانی هەڵگەڕاوەتەوە و بووە بە (نیم) دوواتر دەنگی (م) سڕاوەتەوە و بووە بە (و) واتە (نیم) بووە بە (نیو یا نێو).بە هۆی ئەمەیش کە زۆر لەگەڵ (ناو) لەیەکترییەوە نزیک بوون و.. کە (ناو) بە هەردووک واتا بەکارهێنراوه.
ئاکام و مەبەستی نووسینەکە دەڵێ ئێمە دەتوانین لەبری ووشەی (اسم)ی عەرەبی و فارسی بڵێین (ناو) بەڵام لەجیاتی (داخل) بڵێین (نێو) یا (مین، من) یا (میان). هاوکات ئێمە دەتوانین لە واژەکانی (مین، من) وەک پێشگریش سوود وەربگرین. لێرەدا بە واتای (نێوان) یا (لەنێوان) بۆ سازکردنی واژەی تازە بەکاری بهێنین بۆ وێنە لە بەرامبەر واژەی (میزۆپۆتامیا) یا (بین النهرین)ی عەرەبی دەکرێت بڵێین (میناوان) یا (میندواوان)، واتە نێوان دوو ئاوان.

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...