Saturday, April 18, 2020

ریسایکڵ recycle


لە [بەڕێوەبردن و رێکخستنی پاشماوەکان]دا چەند چەمک و زاراوەیەک هەن کە لە کوردیدا بەرامبەرەکەیان بۆ دانەنراوە. هەبۆیە بە ناچاری خەریکە واژە ئینگلسییەکان دەبنە باو و مەردم رۆژانە بەکاریان دەهێنن. یەکێک لەم وشانە واژەی [ریسایکڵ]ە. لە فارسیدا [بازیافت]یان بۆ بەکارهێناوە. ریسایکڵ واتە دووبارە سووڕانەوە یا خولانەوە. بەم مانایە کە شتێک یا کەرەستەیەک خولێک لە بەکارهێنرانی تەواو کردووە و پێش ئەوەی بە تەواوی بێکەڵک بێت و بە واتا زانستییەکە ببێتە زبڵ و پاشەرۆ، دەگۆڕدرێت بۆ شتێکی تر و شێوازێکی تر؛ و بۆ خولێک یا سووڕێکی تر بەکاردەهێنرێتەوە.
بۆ وێنە رۆژانە لە هەر شارێک سەدان تۆن کاغەز فڕێدەدرێت. ئەمانە کۆدەکرێنەوە و دەهاڕدرێن و دەکرێنە هەویر و جارێکی تر دەکرێنەوە کەرەستە و بۆ مەبەستی جیاواز وەک شانە هێلکە یا کارتۆنی پاراستن و هەڵگرتنی کەلوپەل و جارێکی تر دەخرێنەوە بازاڕ. واتە خولی پێشوویان کە بریتی بوو لە کتێب و دەفتەر تەواو کردووە و لە خولی دووەمدا بوون بە کەرەستەی هەڵگرتن و پاراستنی شتومەک. دوای ئەم خولەیش جارێکی تر کۆدەکرێنەوە و دەکرێنەوە هەویر و ئەمجارە لە ژێر پەستان و گوشارێکی زۆردا دەکرێن بە جۆرێک تەختە کە لە دروستکردنی خانوبەرە و زۆر شتی تردا لە جیاتی دار و چێو بەکاردەهێنرێت. بۆ جارێکی تر ئەم جۆرە تەختەیە کۆدەکرێتەوە و دەهاڕدرێت و لەگەڵ پاشەرۆی مریشک و پاشەرۆی زیندەندامی و کشتوکاڵی تێکەڵ دەکرێت و دەکرێتە [کۆمپۆست] واتە پەینی ئۆرگانیک؛ و بۆ چاککردنی زەوی و بەهێزکردنی رووەک بەکاردەهێنرێت.
من لای خۆمەوە سووڕپاتە یا خولپاتە بە واتای دووپاتە یا فرەپاتە بوونەوەی خولانەوە یا سووڕانەوە پێشنیار دەکەم لە بەرامبەر وشەی [ریسایکڵ] دا؛ و لەمەوبەدوا بەکاریدەهێنم.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...