لەو ساڵانەدا کە کۆڕی زانیاریی کورد لە ئێراق دامەزرا و چالاکیی هەبوو، کۆمەڵێکی زۆر ووشەی داڕشت و رۆنا و داتاشی. زۆریان باش و رێک و رەوان و واتادار بوون و شوێنی گونجاویان پڕکردەوە. زۆرێکیش لەوان ئەوەندە ناڕێک و ناتەواو بوون کە تا ئێستایش هیچکەس بەکاریان ناهێنێ، یا بە هەڵە بەکاریان دێنن؛ یانیش خودی ووشەکە بە هەڵە سازکراوە و مەبەست ناگەیەنێت. بۆ وێنە: پرس کە رەگی فرمانی پرسینە واتە سوئال؛ ئەی پرسیار یانی چی؟ رامیاری واتە سیاسەت؛ ئەی رام و رامیار یانی چی؟ تا ئێستا لە چ سەرچاوەیەکدا ووشەی رامیار بە واتای سیاسەتوان بەکارهاتووە؟ زانا واتە عالم ئەی زانیار یانی چی؟ جگە لە مامۆستا عەبدولکەریمی مودەریس کە پەرتووکێکی بە ناوی بنەماڵەی زانیاران داناوە، نەمدیوە هیچکەس ئەم ووشەیەی بە واتای زانا بەکارهێنابێت. زانست واتە عیلم ئەی زانیاری یانی چی؟ جاران کتێبی علووم کرابوو بە زانیاری، ئێستا ووشەی زانیاری بەواتای مەعلوومات بەکاردەهێنن. شارستانیەت واتە مەدەنیەت و حەزارەت؛ ئەی تا ئێستا یەک کوردی باشوور ووشەی شارستان ی بە واتا دروستەکەی خۆی بەکارهێناوە؟
لەم بابەتە دا چڕێژ دەخەمە سەر واژەی رامیاری و ووردتر شیتەڵی دەکەم. ئەم واژەیە لە زمانی ئینگلیسی و بە گشتی زمانە ئەوروپاییەکان دا دەبێتە (پۆڵەتیکس). ئەگەر رەگ و ریشەی واژەکە بهێنینە بەرچاومان دەبینین کە لە زمانی ئینگلیسی دا واتە (زانست و هونەری فەرمانڕەوایی). لە رێگەی زمنای فرانسەیی و لاتینەوە گەیشتووەتە زمانی ئینگلیسی. لە زووانی یۆنانی دا دەڵێن (پۆلیتیکۆس). لە واژەی (پۆلیتیس) واتە شارۆمەند و ئەمیش لە واژەی (پۆلیس) بە واتای شار وەرگیراوە. پێدەچێ ناوی پەرتووکەکەی ئەرەستۆ (تا پۆلیتیکا) واتە (کاروباری دەوڵەت) بووبێتە هۆی ئەوە کە لە زمانەکامی تردا ووشەکە دۆخی کۆی وەرگرتبێت و بووبێت بە (پۆڵیتیکس). تا ئێرە رەگ وریشەی واژەکەمان لە زمانە ئەوروپاییەکان دا رۆشن کردەوە.

No comments:
Post a Comment