Wednesday, January 5, 2022

ئاوی باران و پەڵەی پاییز

 



ساڵ دووازدە مانگە و لە بەشێکی زۆری وڵاتی ئێمە نزیکەی شەش مانگی گەرما و بێ بارانییە. بەشێوەیەکی گشتی مانگێک و پازدە رۆژی پاییز، سێ مانگی زستان و مانگێک یا مانگێک و پازدە رۆژی بەهار بۆی هەیە باران ببارێت. دیارە لە ناوچە سارد و کوێستانەکان باران زیاترە؛ بەڵام ئەوەی مەترسیی ووشکەساڵی و بەبیابانبوون و داشۆرانی لێدەکرێت، ناوچە گەرم و دەشتەکانە؛ هەربۆیە مەبەستی سەرەکیی ئەم بابەتە ئەم ناوچانایە. کە دەڵێین نزیکەی شەش مانگ گەرمایە، مەرج نییە شەش مانگەکەی تر باران ببارێت؛ بەشێوەیەکی گشتی لە چەند دەیەی رابردوودا رێژەی بارانبارین زۆر دابەزیوە و زۆربەی ساڵان لە هەموو ناوچەکان پەڵە نادات.
دووای ئەوەی لە مانگی دووەم یا نیوەی مانگی سێیەمی بەهارەوە کۆتایی بە بارانبارین دێت. گیا بەخێڕایی زەرد و ووشک دەبێت. تا پازدە بیست رۆژێک لە پاییز تێدەپەڕێت، باران نابارێت. زەوی لەژێر تیشکی سووتێنەری هەتاودا شەقار شەقار دەبێت. بەهۆی بێئاوی و تینی گەرمی خۆرەوە، خاک ووشک و رەق دەبێت و دەبێتە یەکپارچە بەرد. نەک بێڵ، تەنانەت پاچ و کوڵینگیش بە سەخت و دژواری کار لە زەوی دەکات.
کاتێک کە بارانی پاییز دەستپێدەکات، چ درەنگ بێت، چ زوو، یەکەم و دووەم و رەنگە سێهەم بارانیش دڵۆپێک ئاو نەچێتە ژێڕ خاکەوە؛ چونکە بارانەکە بە خوڕدەبارێت و خاکەکەیش وەک بەرد رەق و ووشکە و توانای هەڵمژینی نییە. هەربۆیەیش جووتیار چاوەڕێی پەڵەیە؛ واتە چاوەڕوانە کە باران ئەوەندە ببارێت، بە ئەندازەی بستێک رۆبچێتە خوارەوە و خاک تەڕ بکات. ساڵانی پێشوو هەم بەهار درێژتر بوو، هەم پاییز؛ و هەم زووتریش پەڵەی دەدا. هۆکارەکەیش روونە، ئەو سەردەمە ووڵات سەوزتر بوو، دار و درەخت زۆرتر بوو؛ دارستان و لێڕەوارەکان وەک ئێستا نەڕووتابوونەوە. چۆم و رووبارەکان هەر هاژە و لرفەیان دەهات. هیچ گوند و ئاواییەک نەبوو کە خاوەنی چەندین کانی و کارێز و جۆگەی خۆی نەبێت.
ئێستا زۆربەی ساڵان، بەتایبەتی لە شارەکاندا بارینی کەمترین باران دەبێتە هۆی لافاو. چونکە شارەکان جگە لەوە کە خاکەکەیان رەق و ووشک دەبێت، زۆربەی کووچە و کۆڵان وشەقامەکانیان قیڕ و کۆنکرێتن. ئاو هەڵنامژن و یەکسەر ئاوەکە بەسەریاندا تێدەپەڕێت بەرەو زێرابەکان. لە ماوەی وەرزی گەرمایشدا کە تۆز و خۆڵ و زبڵ وخاشاک زۆرە، کون و ئاوەڕۆی زێرابەکان دەگیرێن، هەربۆیە ئاوی بارانەکان لەسەر جادە و شەقامەکان کۆدەبێتەوە و دەبێتە لافاو. هەرکە بوو بە لافاو دوو زیان دەگەیەنێت، یەکەم: زیان بە ماڵ و حاڵ خەڵکی دەگەیەنێت؛ دووەم: رێگا بۆ خۆی دەکاتەوە و بەهەدەر دەڕوات و بە هەر زەوییەکدا تێپەڕێت خاکەکەی سەرەوە کە خاکی کشتوکاڵییە لەگەڵ خۆی راماڵی دەدات و دەیبات؛ و خاکێکی سووری بێسوود دەهێڵێتەوە.
بۆ پێشگیری لە زیانەکانی بارانی بەخوڕ و بۆ سوودوەرگرتن لەو بڕە بارانەی ساڵانە دەبارێت، گرنگترین رێگا بریتییە لە روواندنی دار ودەوەن و بووژاندنەوەی دارستان و لێڕەوارەکان. تا رێژەی دار و دەوەن زیاتر بێت، خاک زیاتر بە نەرمی و نمناکی دەمێنێتەوە؛ و توانای هەڵمژینی زیاتر و خێراتری ئاوی بارانی دەبێت. کاتێک کە زیاتر و خێڕاتر ئاوەکە هەڵدەمژێت، کەواتە هەم پێشگیری لە رووداوی لافاو دەکرێت و هەم زووتریش پەڵەدەدات و مەترسیی ووشکەساڵی دوور دەکەوێتەوە.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...