Wednesday, January 5, 2022

سندووس

پەیکەری شاخەوانی ناسراو محەممەد هەوراز لە نەغەدە


شاری نەقەدە یانەغەدە مێژوویەکی کۆنی هەیە بەڵام ناوەکەی تورکییە و بەهۆی ئەوە کە حکومەتی ناوەندیی تاران هەمیشە پشتی تورکەکانی گرتووە بەهۆی شیعەبوونیانەوە، ناوی زۆرێک لە شار و گوند و ناوچە کوردنشینەکان کراون بە تورکی و تا ئێستایش ئەم سیاسەتە هەر بەردەوامە.
ئەم شارە پێشتر ناوی سندووس بوو. تورکەکان پێیاندەگوت سوڵدوز. ووشەی سوڵدزیش هی سەردەمی مەغۆلەکانە، واتە مەغۆلەکان ئەم ناویان لێناوە. سوڵدوز ناوی یەکێک لە هۆزە مەغۆلەکان بووە. بەهۆی ئەوە کە زمانی مەغۆلی و تورکی یەک ریشەن زۆرێک لە ووشەکانیشیان هاوواتان یا لە یەکترییەوە نزیکن.

بەڵام ووشەی سندووسی کوردی دەبێ لە سوڵدوزەوە هاتبێ یا بە پێچەوانەوە مەغۆلەکان بە هۆی نزیکیی فۆرمی ووشەکە لە سوڵدووزەوە ناوەکەیان بەو شێوەیە گۆڕیوە؟

ناوچەکە بەگشتی ناوچەیەکی سەرسەوز و پڕ ئاوە بەتایبەتی لە رابردوودا یەکێک بووە لە ناوچە بەپیتەکان. پێشتر ژمارەیەکی زۆر ئاسۆری و جوولەکە لەم شارە نیشتەجێ بوون، دوای هاتنی لێشاوی تورکەکان، بەرەبەرە ژمارەیان کەم بوویەوە تا بە یەکجاری کۆتاییان هات.

لە کوردیدا سندووس جۆرێک قوماشە کە لە ئاوریشمی تەنک و نەرم و ناسک دروستدەکرێت. لە سەردەمە کۆنەکاندا ناوبانگی هەبووە. لە قورئانیشدا هاتووە کە دەڵێ جلەکانیان لە سندوس و ئەستەبرەقی سەوزە. واتە بە گوێرەی قورئان ئەو ئاوریشمە تەنک و نەرمەی سندووسی پێدەگوترێت رەنگی سەوز بووە. گوایە لە بنەڕەتدا لە زمانی یونانی وەرگیراوە. باس لەوەیس دەکرێت کە رەنگە سندووس و دیبا هەر یەک بن تەنیا جیاوازی لە ووشەکان دا هەبێت.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...