Thursday, January 6, 2022

پێویستە لایەنەکانی رۆژهەڵات لە دەوری یەکتری گردببنەوە

 



هێز و لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی ئەگەر هیچ توانست و بڕستێکیان هەبووایە و ئەگەر هیچ کاریگەرییەکیان لەسەر گەلانی ئێران هەبووایە، تەمەنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی نەدەگەیشتە ٤٠ ساڵ. گەلانی ئێران ئەگەر بەم سیستمە دەسەڵاتدارییە رازی بوونایە، بۆچی دەنگیان دەدا بە چاکسازیخوازی\ و گۆڕانخوازانی وەک خاتەمی و ئەوانەی دوای ئەو؟! یان ئەو راپەڕین و کوشتار و گرتنانەی دوای هاتنەسەرکاری ئەحمەدینەژادیان بۆچی تووشی خۆیان دەکرد؟

هیچ گومان لەمەدا نییە کە زۆرینەی گەلانی ئێران دژی کۆماری ئیسلامین و لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ رووخاندنی ئەم رێژیمە؛ بەڵام ئەوەی کە پشتی گەلانی ئێرانی شکاندووە، نەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی شوێندانەر و توانایە کە بە بەرنامە و پلانێکی تۆکمە و گشتگیرەوە کۆمەڵانی خەڵکی لە دەوری خۆی بکاتەوە و رێکیان بخات.
دیارە بۆ ئێرانێکی فرەنەژاد و فرەئایین و فرەزمانی ٨٠ میلیۆنی ئاسان نییە لە دەوری کەسایەتییەک یا پارتییەک کۆببێتەوە؛ بەتایبەتی لەم سەردەمەدا کە زۆر جیاوازە لە سەدەی رابردوو، و مەردم چاوکراوەترە و باشتر و ئاسانتر و خێراتر دەستی بە کەرەستەکانی راگەیاندن و پەیوەندی دەگات. لە راستیشدا کەسایەتییەکی وا بەهێز و توانا چ لە ئاستی ئێران و چ لە ئاستی رۆژهەڵاتدا هەڵنەکەوتووە تا گەلانی ئێران متمانەی پێبکەن و شوێنی بکەون.
کوڕی شای گۆڕبەگۆڕ هەرچەندە کۆمەڵێک لایەنگری هەیە بەڵام لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا هەرگیز رۆژێک لە رۆژان سیاسەت و رێبازی تاوانکارانەی باوک و باپیریی رەخنەنەکردووە و یان لەباتی ئەوان داوای لێبوردنی لە گەلانی ئێران نەکردووە. بە وتەیەکی تر، کوڕی شا تەنیا و تەنیا دەیەوێت بە هەر رێگایەک بێ بگەڕێتەوە سەر دەسەڵات و درێژە بە حوکمی دیکتاتۆریی باوک باپیری بدات کە خۆیان بە سێبەری خودا لەسەر زەوی دادەنا.
لەلایەکی ترەوە رێکخراوی موجاهیدینی خەڵک کە رێکخراوێکی لەگوین کۆماری ئیسلامییە و دەیەوێ تەنیا وشەی دێمۆکراتیک بە ناوی کۆماری ئیسلامییەوە زیاد بکات، هەرچەندە هاشا لەوە ناکرێ کە رێکخراوێکی بەتەمەنە بەڵام بە ئەندازەی تەمەنەکەی کۆن و داڕزاوە و جگە لە سیستمی شیعەی دووازدە ئیمامی هیچ دیارییەکی بۆ گەلانی ئێران پێ نییە. ژنان لە سیستمی موجاهیدینی خەڵکیشدا هەر دەبێ هاوڵاتی پلە دوو بن. ئیدارەی وڵات هەروەک ئێستا ناوەندی دەبێ و هەروەک ئێستا گەلانی ئایری فارس و ئایری شیعە لەژێڕ ستەم و چەوسانەوەدا دەبن.
پێویستە حیزب و لایەنەکانی رۆژهەڵات لە جیاتی خۆ ماندووکردن بە کوڕی شا و موجاهیدینەوە یا کەوتنە شوێن پێی وردە حیزب و لایەنەکانی ترەوە، لە دەوری یەکتری کۆ ببنەوە. جیاوازییەکانی خۆیان کەمڕەنگ بکەنەوە و بخەنە لاوە.
ناوەندی هاوکاریی رۆژهەڵات هەرچەندە زیانی نەبووە بەڵام تا ئێستا هیچ سوودیشی نەبووە؛ وا باشە ئەم ناوەندە فراوانتر بکرێت و پژاک و کەسایەتی و رێکخراوەگەلی تریش بگرێتە خۆی. دوای ئەوە سوپایەکی یەکگرتوویش لە هەموو لایەنەکان پێکبهێنن. سوپا کاری خۆی بە جیا بکات و ئەوانیش وەک بەرەیەک یا ناوەندێکی سیاسی کاری خۆیان بەجیا بەڵام بە هەماهەنگی بکەن.
گرنگترین کاری ناوەند یا بەرە داڕشتن و دانانی بەرنامەیەک بێت بۆ ئایندەی ئێران؛ و وەک ئەڵترناتیڤ و جێگرەوەی کۆماری ئیسلامی روو بە گەلانی ئێران لێدوان بدات؛ و ئاستی تێکۆشانی خۆی لە چوارچێوەی بەرەما دێمۆکراتیکەکاندا بەرز بکاتەوە. گرنگیدان بە نرخ و بەها دێمۆکراتیکەکان، گرنگیدان بە پرسی ژنان، گرنگیدان بە پرسی کەمایەتییە ئایینی و نەژادی و زمانییەکان لە ئاستی ئێراندا بۆیە گرنگە چونکە نە کوڕی شا و نە موجاهیدینی خەڵک بڕوایان بەمانە نییە و هیچ پلانێکیان بۆ ئەمانە نییە؛ تەنانەت هاشا لە هەبوونی جیاوازیی نەژادی و زمانی و ئایینی دەکەن و پرسی ژنانیش دەبەستنەوە بە نەریتی خێڵەکی و فەرهەنگی و دینییەوە.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...