هێڵە، هێلکە، هێلک، هێکە، هێک، هاک، هاگ، خا، خای. لە رووی واژەڕەتناسییەوە ریشەیە ووشەکە بریتییە لە (ها) یا (خا). تا ئێستایش لە زار و زمانەکانی خوارووی کوردستان دا وەک لەکی و لوڕی و فەیلی دەڵێن (خا)؛ و بە هێلکە و ڕۆن دەڵێن خاگینە. ووشەی (خایە)ی فارسی لەمەوە وەرگیراوە. هەروەها ووشەی (هاگ)یش کە لەم ساڵانەی دوواییدا فارسەکان بە واتای تۆوی کارگ یا کەڕوو بەکاری دەهێنن هەمان (هاگ)ی خۆمانە کە لە کورمانجیی سەروودا بە مانای هێلکە دێت.
لە زۆرێک لە چاند و فەرهەنگە جیاوازەکاندا هێمای ژیانەوە و زیندووبوونەوەیە. لە چینەوە بگرە تا دەگاتە کوردستان و ئەوروپا، هەموو ئەو تیرە و نەژاد و تەبار و گەل و نەتەوانە هەرکام بە شێوازی خۆی هێلکەی وەک هێمای درێژەدان بە ژیان سەیرکردووە.
لە کوردەواریدا یەکێک لە گرنگیەکانی هێلکە لە نەورۆزدا دەردەکەوێت. مەراسیمی هێلکەشکێنە و کێبەرکێی هێلکە لە نەورۆزدا بایەخ و گرنگییەکی زۆری هەبوو. دایکان لە چەند رۆژ پێش هاتنی نەورۆزەوە هێلکەیان بۆ منداڵەکانیان رەنگ دەکرد. هەروەها هێلکە وەک نەورۆزانە دەدرا بە منداڵان و نۆجوانان. لە نێو ئێزیدییەکانیش دا بە هەمان شێوە هێلکە رەنگاوڕەنگ دەکەن و وەک هێمای نوێبوونەوە و ژیانەوە دەیبەشنەوە.
یەکێک لە رێگاکانی پاراستنی هێلکە لە گەنین و بەسەرچوون بریتییە لە داپۆشین و هەڵگرتنی لە نێو خوێ دا. چینییەکان هێلکە لە خوێواوک دا هەڵدەگرن تا تەمەنی درێژ بێت و زوو نەگەنێت. بەڵام لە کوردەواری دا کووپەیەک یا توورەکەیەک پڕ دەکرێ لە خوێ و هێلکەکان دەکرێنە ژێر خوێیەکەوە. جاران منداڵان پێیان وابوو کە ئەو هێلکەیەی لە نێو خوێ دا هەڵدەگیرێت، توێکڵەکەی رەقتر دەبێت؛ هەربۆیە ئەو هێڵکانەیان بۆ هێلکەشکێن بەکاردەهێنا تا هێلکەی زیاتر ببەنەوە. دیارە ئەو هێلکەیە لە خوێدا دەپارێزرێت، تام و چێیژی دەگۆڕێت واتە خوێیەکە دزە دەکاتە نێوییەوە.
چینییەکان رێگایەکی تریان بۆ پاراستنی هێلکە هەبوو کە لە کوردەواریدا نەبووە، ئەویش بریتی بوو لە تێکەڵکردنی خوێ، خۆڵەمێشی دار یا خەڵووزی قەسەڵ، قسڵ و بەڵمی چەڵتووک و گڵ. دوای ئەوەی هەموویان لەگەڵ چا تێکەڵ دەکردن و گیراوەیەکیان لێدروست دەکرد، هێلکەکانیان پێ سواغ دەدان. بەم جۆرە بۆ ماوەیەکی درێژ دەیانتوانی هێلکەکان لە گەنین و پیسبوون بپارێزن. کاتێکیش لەجیاتی خۆڵەمێشی دار، خەڵووزی قەسەڵ بەکاردەهێنرێت، زەردێنە و سپێنەی هێلکەکان هەموو رەش دەبێت؛ ئەمەیش شێوازێکی جیاوازی ئامادەکردنی هێلکەیە لای چینییەکان.

No comments:
Post a Comment