Friday, August 19, 2022

ئاو سەرچاوەی ژیانە

لەبەرئەوەی ئاو سەرچاوە و هۆکاری ژیان و بەردەوامبوونیەتی، پێویستە دەستی پێوە بگیرێت. بەفیڕۆ نەدرێت، بە تاڵان نەبردرێت، سەرچاوە سروشتییەکانی ئاو دەسکاری نەکرێن و تێک نەدرێن.
بە تایبەتی لە دوو دەیەی رابردوودا رێژیمەکانی ئێران و تورکیا گەورەترین زەبریان لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان داوە. جیا لەوە کە سروشتەکەیان شێواندووە و بەشێکی زۆر لە ناوچە مێژووییەکانی کوردستانیان لە ئاودا نقوم کردووە، رێڕەوەی ئاوەکانیشیان گۆڕیوە بەرەو دەرەوەی کوردستان; و بە ئاوی کوردستان ناوچە و مەڵبەندەکانی خۆیان ئاوەدان کردووەتەوە. لە زۆر ناوچەی کوردستان دا چەندین ئاوایی لەبەر بێ ئاوی چۆڵکراون یا مەردمەکە بێزار بوون و کەوتوونەتە تەنگانییەوە. رێژەیەکی زۆر دارستانە خۆڕسکەکانی ئەم ووڵاتە لەبەر بێ ئاوی ووشک بووە و رۆژ بە رۆژ رێژەی رووتانوەی زاگرۆس روو لە هەڵکشانەژمارەیەک یزۆر لە کانیاوەکان کوێر بوونەتەوە. فرەیەک لە ئاژەڵ و باڵندە کێوییەکان بە هۆی نەبوون یا کەمبوونی ئاوەوە لە ناوچەکە تۆراون و بەجێیان هێشتووە.
ئەم کارەی ئەم دوو دەوڵەتە لە بواری قانوونی نێونەتەوەییەوە ناڕەوا و دژە ژینگەییە. بەگوێرەی قانوونی نێونەتەوەیی ئەو سەرچاوە ئاوانەی سنووری دەوڵەتەکان دەبڕن، ناکرێ لە هیچ رەوشێکدا لاڕێ بکرێن یا ووشک بکرێن؛ کە ئێران و تورکیا کردوویانە. هەروەها بەگوێرەی قانوون و رێوشوێنە نێونەتەوەییەکان گەلانی بوومی\رەسەنی هەر ناوچە و مەڵبەندێک خاوەنی سەرەکیی ئاوی ناوچەی خۆیانن. ناکرێ بەبێ رەزامەندیی هیچ گەلێکی بوومی\رەسەن ئاوی ناوچەکەیان بدرێتە ناوچەیەکی تر. یا دەوڵەت نابێ بە هیچ شێوەیەک سەرچاوە ئاوییەکانی گەلانی بوومی دەسکاری بکات. ئەم سەرچاوە ئاوییانە بەشێکن لە نەریت، کەسایەتی، مێژوو و میتۆلۆژیی ئەم گەلە بوومییانە.
رەنگە کەسانی وا هەبن بۆ رەتکردنەوەی ئەم ووتانە بڵێن کورد بوومی نییە و لە فڵان و فیسار ناوچە و هەرێمەوە هاتووەتە زاگرۆس؛ بەڵام ئەم ووتەیە بە هیچ شێوەیەک ناپەژرێندرێت. لە کاتێکدا گەلی ماوری تەنیا نزیکەی ١٠٠٠ ساڵە لە دورگەکانی پۆڵینیزیاوە گەیشتوونەتە ووڵاتی نیوزیلەند، وەک گەلێکی بوومی هەژمار دەکرێت؛ و خاوەندارییەتیی خاک و ئاو و ئاسمانی ئەم ووڵاتە بۆ ئەوان دەگەڕێتەوە؛ هەرچەند ووڵاتەکە لە رووی سەروەریی قانوونی و بەڕێوەبردنەوە بە رێککەوتن دراوە بە شا و دەوڵەتی بریتانیا.
ئێمە وەک خەڵکانی زاگرۆس نشین کە خەڵکی بوومی\رەسەنی هەرێمەکەین و لانیکەم ٢٥٠٠ ساڵە لەم ووڵاتە نیشتەجێین، نابێ لەم مافەی خۆمان خۆش بین؛ و هەر وا سووک و ئاسان رێگە بدەین بەم دوو دەوڵەتە ستەمکارە هەم ژینگەمان تێک و پێک بدەن و هەم لە تینووان بمانخنکێنن.

No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...