جاران نەخۆشییەک هەبوو لە کوردەواریدا پێیان دەگوت نێوک کەوتن کەسەکە ژانە زگی دەبوو، هەندێ جار تووشی رەوانی (زگچوون) دەبوو. دەیانگوت نێوکت کەوتووە. منداڵیش کە تووشی وەها دۆخێک دەهات دەیانگوت فرچکی کەوتووە. واتە بۆ منداڵ نەیاندەگوت نێوک دەیانگوت فرچک. من خۆم لەبیرمە دایکم جارێکیان بردمی بۆ لای پیرەژنێک کە کاتی خۆی نێوکمی بڕیبوو. پێی گوت کوڕەکەم فرچکی کەوتووە. ژنەکە ناوی نەنە ماهی بوو، دایکم گوتی ئەوە نەنکتە. ئەوە نێوکی تۆی بڕیوە.
نەنە ماهی لە پێش خۆی درێژ رایکێشام و دەسی بە زگم داهێناو ماوەیەک دایماڵی. پاشان سووڕاندمی بۆ سەر زگ و پشتمی داماڵی. ئەوسا چەند جارێک بە هەردوو دەست پێستی پشتمی گرت و هەڵیکێشا، هەر جارێک کرتە کرتی لێوە دەهات. پاشان هەر دوو پێیەکانمی گرت و سەرەوبن وەریسووڕاندم بە لاکەی تردا. لەو کاتەشدا کە ئاوا پشتمی دادەماڵی و پێستەکەی رادەکێشا دەیگوت:
فرچکە لەجێ، فرچکە لەجێ،
فرچکی رێوی بچێ لە جێ؛
فرچکی کوڕی من بێتەوە جێ.

No comments:
Post a Comment