Thursday, March 16, 2023

خەونم دیت


خەونم دیت.. لەو خەونەدا باڵم گرت.. فڕیم وەک قاز و قورینگان، وەک سی و مراوی و مەلە کۆچەرییەکان بەسەر زەریا و دەریاکاندا فڕیم. بەسەر چۆڵەوار و بیابانەکاندا فڕیم... لە دوورەوە دوندە بەرزەکانی زاگرۆسم بەدیکرد. شوێنپێی کەڵەکێوییەکانم بەدیکرد کە لەسەر پلەی زەردوما رژد و سەختەکانی کەوەرکۆ چاپ ببوو.. رەنگاڵەی چغانمەکەکانی داوێنی زاگرۆسم بەدیکردن وامزانی شەبەنگی سەوزەسیلی تاڤگەی نووژیانە بە لیسگی هەتاوی شەوسوو خۆی رازاندووەتەوە. بەسەر کێوە خوێیەکاندا رابردم و ئۆشترانکۆ، شاهۆ، بێستوون قەندیل، هەڵگورد و گارە و…م بە چاو ئەنگاوتن. لە خۆشییان بێ سڵەمینەوە لووری هەردی ووڵاتی کەونار بووم؛ تا کوچکەڕەشی رووگەکەی ماچ کەم؛ و هەفت گەڕ بەدەوری مەزاری پیرۆزی پێشەوادا بخولێمەوە؛ و بە سورمەی خاکەکەی چاوەکانم بڕێژم. تا بۆنی گوڵە رەنگاوڕەنگەکانی بەهاری زێد و نیشتمان بکەم.

هیچکەس دەزانێ ئەم وڵاتەی من، ئەم خەونەوارەی من چەند جۆر گوڵی جوان و رەنگاوڕەنگی لێدەڕوێت؟ کەس هەیە پەی بە نهێنیی رووانی ئەم هەموو چەشنە گوڵە بردبێت؟ کەس دەزانێ ئەم نیشتمانەی من بۆچی ساڵ دووازدە مانگ رەنگ و بۆنی گوڵاڵەی سووری لێنابڕێت؟ لەبن درەخت، لە سەر تاوێر، لەسەر لێوار و رۆخی کەنداڵ، لەسەر گرد و تەپە و ملە و باسک، لەمین بەردەڵان و رەقەنان؛ تەنانەت لەپاڵ بەڕەزای رەوەزەکانیشدا گوڵاڵەی سوور دەڕوێن. گوڵاڵەکانی زێدی من بە خوێن ئاودەدرێن و لە خوێن دەڕوێن و خوێنیان لێدەتکێ. بۆنیان هەمان بۆنی پرچی کچە گەریلایە کە خوناوەی ئارەقی شەکەتی تەڕی کردووە.
لەو خەونەم دا، بە هێواشی لە کەنار چۆمی ئاواژەرۆ، لە سەرینچاوەی زێی بچووک دابەزیم. ئەو زێیە کە پاشاوەکەی دەڕژێتە نێو رووباری شەرابەوە و شان بەشانی رووباری هەنگوین بەرەو وەڵاتی تراویلکەی بێپایان رێ دەپێون.
بەڵام مخابن، ئاواژەڕۆ وەک ئەوسا پڕ لە ماسی نەبوو؛ قڕژانگەکانی کەناری نەدەجووڵان و پەلپەل ببوون. گۆمیلکەی گەرماوەکانی قەراغ چۆمیش ووشک ببون و سەلکەتەشییان تێدا نەبوو. ئاواژەرۆ ئەوەندە کز و باریک و بنێس بوو، خەریک بوو خۆیشی لە تینووان دەخنکا. هەتا چاو هەتەر دەکا رووانیم بۆ دوور، یەک دانە ماسیگرە، یەک دانە سەرسەوز، بۆرچین، یەک دانە سوورەقانگم نەهاتە بەرچاو. جاران ئێرە پڕ بوو لەم مەلە جوانانە. شان و شەپیلکی ئاواژەرۆ هەموو دارستان و زەمەند بوو. خاڵە حەمە بە شووڵە شلک و ناسکەکانی ئەم دارستانە قەرتاڵە و سەوەتە و تریانەی دەچنی.
من لە یادمە ئاواژەرۆ سەرەبەهاران هەر لرفەی دەهات و دەیگوڕاند. هیچ پردێک خۆی لەبەر خوڕە و هاڕە و هاژەی رانەدەگرت. هیچ رێبوارێک زاتی نەبوو خۆی لە بواری ئاواژەرۆ بدات.. من ئێرە زۆر باش شارەزام. ئاواژەرۆ و لاوێن و کەڵوێ و گادەر و هەموو دەستە خۆشکەکانیان باش دەناسم. ماسی و قرژاڵ و کەمچەکوڵەکانی ناویشیان دەناسم، ئاوڕوونکەرەوەی مەنداوەکانیان دەناسم. لم و چەوی بنیان، خڕەبەردە قەوزەگرتووەکانیان، کانیلەی رۆخەکانیان زۆر باش دەناسم. هەرچەند دەیان ساڵە لێیان دوورم، بەڵام تۆماری بیری منداڵیم، وێنە و دەنگ و رەنگ و هەستی هەموویانی لە خۆیدا هەمباشتەکردووە. هەرگیز دەربەدەری و ئاوارەیی و دووری و نامۆیی نەیتوانیوە ئەمانە لە مێشمکدا بسڕێتەوە و لەبیرمیان بباتەوە.
بەڵام ئەفسووس..، با لەبیریشم نەچووبێتنەوە؛ تازە سوودی چییە؟ ئێستا کە ئەوان لە سەرەمەرگ دان، دیتنەوەیان بۆ من چ سوودێکی هەیە؟ خۆ تازە هاوڕێ و هاوتەمەنەکانیشم لە ژیاندا نەماون تا باسی ئەم چل و چوار ساڵ دوورییەیان بۆ بگێڕمەوە. کێ باوەڕم پێدەکات کە خوشکە بچووکەکەم، ئەوەیان کە دە ساڵ لە من بچووکترە لە ئاوارەیی لەدایکبوو، لە ئاوارەیی پێڕەوکە بوو، لە ئاوارەیی پێگەیشت و شووی کرد و کەزیی سپیشی هۆندەوە؟! زۆر باش لەبیرمە من خۆم نەنە ئاسکێیی دراوسێی ئاوارەییمانم بانگ کرد تا مامانی بۆ دایکم بکات. باوکم لە ماڵ نەبوو، پێشمەرگە بوو، ئێمە و دایکێکی تەنیا بووین لە ماڵێکی تەنیادا. لە راستیدا ئەگەر نەنە ئاسکێ نەبووایە مرێمی دایکم وەک مرێمی دایکی عیسا لە کاتی زاییماندا تەنیا بوو؛ کەس نەبوو گەڵای دارخورمایەکی بۆ ببکاتە سا و سێوەر. ئەگەر نەنە ئاسکێ نەبووایە کێ دەیزانی دایکم لەم زگە رزگاریی دەبو یا نا؟! دایکم هەرچەند تەنیابوو، وەک خۆی دەیگوت یەکتەن و یەکباڵ بوو؛ بەڵام لە مرێمی دایکی عیسا ئازاتر و بەجەرگتر بوو. زۆر جار بۆ تەنیایی خۆی دەگریا؛ هەندێک جار بێدەنگ و بڕێک جاریش بە دەنگی بەرز دەگریا و دەیلاواندەوە تا کڵ و کۆی ئاوری دەروونی دادەمرکا؛ ئینجا فرمێسکەکانی دەسڕییەوە و بە سەڵاواتێک دڵی خۆی دەدایەوە. زۆر باش لە بیرمە لەسەردەمی رەش و تاریکی پەهلەویدا، ئەو رۆژانەی بابم بۆ پەیداکردنی پارووە نانێک دەڕۆیشت بۆ تاران و ئابادان، شەوانە دایکم بە دزیی ئێمەوە بڕنووە درێژە قاچاغەکەی باوکمی دەردەهێنا و لە بن سەرینەکەی درێژی دەکرد، تا نەکا چەتە و پیاوخراپ بێنە سەرمان و زەفەرمان پێ بەرن. بەیانیانیش بەرلەوەی ئێمە لەخەو بێداربین بڕنووەکە وون دەبوو. ئەو رۆژەیشم باش باش لە یادە کە شکۆی برا بچووکم هات و گوتی تفەنگەکەی باوکم لەبن پێڕک دا شاردراوەتەوە، بەڵام لای هیچکەس مەیدرکێنە! دایکم کە زانیی ئێمە تفەنگەکەمان لە بن پێڕک دا دیتووە، بێ ئەوەی ئێمە ئاگادار بین، خێرایەک رایتەوڵاندبوو؛ لە جێیەکی تر شاردبوویەوە.
ئای چ هەڵەیەکم کرد کە گەڕامەوە ئێرە؟! ئیتر من لەمەوبەداوا چیرۆکی چل و چوار ساڵ دووری و دەربەدەریم لە کوێوە دەسپێبکەم و کێ هەیە گوێی لێبگرێ؟! بۆ کێ گرنگە کە بڵێم باوکم لە دووریی هەزاران کیلۆمەترەوە گۆڕغەریب بوو؛ نەمانتوانی تەنانەت بە لوێچێک خۆڵی ئەم زێد و نیشتمانە چاوەکانی گڵەبان کەین؟ ئەگەر بڵێم باوکم لە مەراقی دووریی نیشتمان و هاوەڵانی هەناسەی لێبڕا نەک بە دووکەڵی تووتن، کێ هەیە بروام پێبکا؟

ئای کە چەندە لەم گەڕانەوەیەم پەشیمانم! باشە بۆچی گەڕامەوە؟! ئێستا من چیبکەم؟ بوخچەی دڵم بۆ کێ واز کەم؟ کێ گوێ بۆ چیرۆکەکانم دەتەکێنێ؟ باشتر نەبوو بۆخۆم هەر لە دووریدا و لە دنیای ئەندێشە و خەوندا، لەگەڵ ئاواژەڕۆ بژیابام و وەک چیرۆکی ئادەم و حەوا بۆ منداڵەکانی خۆمم بگێڕایەتەوە؟ قەیچی ئەکا؟ منداڵەکانم هیچ ئاگایان لێ نییە. روودەکەمەوە هەندەران و پێیان ناڵێم چ قەوماوە. با هەر نەزانن. با جوانیەکانی زێدم بۆ ئەوان ببێتە راز و ئەفسانە؛ و بۆ منیش تاسە و مەراقێکی بێپایان و مەرگێکی لەگوین مەرگی بابم. با ئیتر وەک بابم بەتەما نەبم لاشەم بە خاک و خۆڵی وڵاتی پیرۆز بشاردرێتەوە و قوڕی سەر گۆڕیچەم بە ئاوی سەرینچاوەی بەهەشت بگیرێتەوە.


No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...