Tuesday, June 28, 2016

خەباتی چەکداریی حدکا، راسان یا تاسان؟


قادر کەریمی پشمەرگەی حدکا کە رۆژی ٢٤\٥\٢٠١٥ لە تکهەڵچوونکی نەخوازراودا لەگەڵ پکک شەهید بوو

لە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ دا کاک مستەفای هیجری سکرتێری حدکا رایگەیاند کەوا دەست دەکەنەوە بە خەباتی چەکداری و چیدی بە خاتری ئەزموونی باشووری کوردستان دەست لەسەر دەست دانانیش و جووڵانەوەی کوردی رۆژهەڵات چیتر ناکەنە قوربانیی ئەزموونی باشوور.  دوابەدوای ئەم راگەیاندنەی کاک مستەفا ئەندام و لایەنگرانی حدکا کردیان بە غەوغا.  لەلایەک هەرەشە لە کۆماری ئیسلامی، لەلایەک پلار لە ئەم حیزب و ئەو حیزب گرتن و تۆمەتبارکردنیان بە خائین و خۆبەدەستەوەدەر، لەلایەک خۆهەڵکیشان و جاوینەوەی دروشمە کۆنەکانی وەک تاکە سوار و تاکە رێبەری جووڵانەوەی رۆژهەڵات..

شایانی باسە کە هەموو ئەوانەی سەرەوە باسکران بە دوای کردەیەک دا هاتن کە ساڵی پێشتر بە رێکەوت روویدابوو.  ئەویش ئەو رووداوە دڵتەزێنە بوو کە لە نێوان پێشمەرگەکانی حدکا و گەریلاکانی پکک دا روویدا، کاتێک کە پێشمەرگەکانی حدکا ویستبوویان بگەڕێنەوە بۆ ئەودیوی رۆژهەڵات و لەگەڵ گەریلاکانی پکک تووشی جۆرێک لێکتێنەگەیشتن هاتبوون؛ کە بەداخەوە پێشمەرگەیەکی حدکا شەهید و چەندی دیکەش بریندار بوون.  هەروەک دەزانین سەرەنجام کێشەکە بە هەوڵی دڵسۆزانەی هەردووک لا، بە ئاشتیانە کۆتایی هات و بە دوای ئەمەدا هەرکام لە حدکا و حدک لە ناوچەکانی کێلەشین و هەڵگورد بنکەیان دانا.  

وەک هەمووان ئاگادارن بەشوێن تەنگژە و قەیرانە ئابووری و سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دا تا هەنووکەیش رەوشی ئەوێ رۆژ بە رۆژ ناجێگیرتر و ئاڵۆزتر دەبێت و کێشەکانی پتر لەسەر یەک کەڵەکە دەبن.  قەیرانەکان رۆژ بە رۆژ بەرفراوانتر دەبن.  هەر ئەمەش کارێکی کرد کە مووچەی حیزبەکانی رۆژهەڵات کە حکومەتی هەرێم بۆیانی دابین دەکرد ببڕێت و ئەم حیزبانەیش بکەونە رەوشێکی ناخۆش و تەنگاوییەوە.  یەک بە دوای یەکدا تەلەڤیزتۆنەکانیان داخست و رەوشی گوزەرانی پێشمەرگە و ئەندامانیان خراپ و خراپتر بوو. هەوڵیاندا بە بەشداریکردن لە شەڕی داعشدا بیسەلمێنن کە نەبوونەتە بار بەسەر شانی هەرێمەوە و مافی خۆیانە برسی نەکرێن و پشتگوێ نەخرێن، بەڵام کۆماری ئیسلامی لەوان وریاتر بوو، گوشاری خستە سەر حکومەتی هەرێم و ئەوانیش خێرا گەرآندنیانەوە بۆ جێگاکانی خۆیان.  ئیدی رەوشی ئابووریی هەرێم تا ئێستایش هەر بەرەو داتەپین و داڕمانی زیاترە و ئاسۆیەک دەربازبوون بەدیناکرێت، هەربۆیە سەرکردایەتیی حدکا بەم دەرەنجامە گەیشت کە ئەگەر هەر ئاوا دەستەوئەژنۆ دابنیشن، نانێک نابێت بیخۆن چ جای ئەوە پێشمەرگە بەخێو بکەن و خەبات درێژە پێبدەن.  بۆ ئەمەش تەنیا بژاردەیەک کە بیریان لێکردەوە رۆیشتن بوو بەرەو سنوورەکان.  سنوورەکان هەمیشە ئاوەدانن و کاروانچییەکان ساڵ دوازدە مانگ کەلوپەل و کاڵای جیاجیا دێنن و دەبەن.  حدکا ئەزموونی باشی لەم بوارەدا هەیە و ساڵانێکی زۆر ئەو سنوورانە سەرچاوەی یەکەمی دەرامەتی حدکا بوون.  هەروەها ئەگەر لە سنوورەکان بنەجێ بێت ئەوا هاتوچۆی بۆ نێوخۆی رۆژهەڵاتیش ئاسانتر دەبێت و کاریگەریشی لەسەر خەڵکانی دارا و دەوڵەمەند زیاتر دەبێت و بەمجۆرە دەتوانێت دەرامەتێکی باش کۆبکاتەوە.  هەروەک دیتمان لە هەنگاوی یەکەمدا لەگەڵ حدک دەرگیر بوون لەسەر ئەوەی کە چۆن گومرگ لە کاروانچییان وەربگرن. دیارە لەبەر ناسکیی بارودۆخەکە و تا راددەیەکیش بەخۆدا نەپەرمووان چارەسەرێکی مامناوەندییان هەڵبژراد و یەخەی یەکتریان بەردا.

لایەنێکی دیکەی بڕیاری خەباتی چەکدارانەی حدکا لە راستیدا گریمانەیی بوو.  واتە پێیانوابوو لە ئەگەری چوونەوەی هیزەکانیان بۆ رۆژهەڵات و  دروستبوونی ئاڵۆزی دا بێگومان کۆماری ئیسلامی بێدەنگ نابێت و گوشار دەخاتە سەر حکومەتی هەرێم.  حکومەتی هەرێمیش دیارە کە تەحەممولی گوشاری ئێران ناکات، هەربۆیە داوا لە حدکا دەکات کە ئەو جموجووڵە رابگرێت.  لەبەرامبەر وەها داوایەکی هەرێمدا حدکا دەتوانێت راشکاوانە بڵێت زۆر باشە جموجوڵمان رادەگرین بەڵام بەو مەرجە کە حکومەتی هەرێم وەک پێشوو پێمان رابگات و ژیانی ئەندام لایەنگرانمان دابین بکات.  لە دۆخێکی ئەوتۆیشدا حدکا داشی هەر سوار دەبێت و لە تەنگەتاوی قوتار دەبێت. 

کورت و کرمانجی، جموجووڵی حدکا لە سەرەتاوە هیچ پەیوەندیی بە راسان و هەستانەوە و راپەڕین و راچەنینەوە نەبوو، بەڵکوو جووڵەیەک بوو لەپێناو باشترکردنی دۆخی گوزەرانی خۆیان لە کەمپەکان دا، کەوا بۆ دوو ساڵ دەچێت هەموو جۆرە یارمەتی و هاوکارییەکی حکومەتی هەرێمیان لێبڕاوە.   دیارە ئەمەش مافی خۆیانە و ئەوانیش مرۆڤن و کوردن و هەقیان لەسەر کوردی باشوور هەیە و داوای ئەو هەقە هیچ میننەتێک هەڵناگرێت.  کەس ناتوانێت لەسەر ئەوە لۆمەیان بکات کە دەیانەوێت وەک مرۆڤ لە بەشێک لە وڵاتەکەی خۆیاندا بژین، بەڵام ئەوەی لۆمە هەڵدەگرێت و ناکرێت چاوپۆشیی لێبکرێت، بانگەواز و جاڕدانی خەباتی چەکدارییە بەبێ زەمینەسازی، بەبێ ئامادەکاریی پێشووتر، بەبێ کەرەستە و توانایی، بەبێ هەبوونی سەربەخۆیی بڕیاردان.  حیزبەکانی رۆژهەڵات تا کاتێک سەرکردایەتییەکەیان لەژێر سێبەری دەسەڵاتی پدک و ینک دا بن، سەربەخۆ نین و مافی بڕیاردانی سەربەخۆیان نییە.  لە راستیدا هەنگاوی یەکەمی راسانی حدکا دەبووایە لە گواستنەوەی سەرکردایەتییەکەیانەوە بۆ شوێنێکی تر دەستیپێکردبایە ئەگینا ئەم راسانە سەرەنجام بە تاسان کۆتایی دێت کە هیوادارم من هەڵە بم و ئەو رۆژە نەبینم.

حیزبی دێمۆکرات وەک پێشیان دەڵین، لە ئاش زۆری پێچووبوو، پێویست نەبوو لە رێگای گەڕانەوەدا پەلەی کردبایە.  دوا جار کە تەقەی چەکی پێشمەرگەی حدکا بیسترا وابزانم ساڵی ١٩٩٦ بوو، واتە بیست ساڵ لەمەوبەر؛ دەکرا ساڵێک دوو ساڵی تریش ددان بە جەرگی خۆیاندا بگرن تا بناخەیەکی تۆکمە و پتەو بۆ خەباتی ئاییندەیان دادەمەزرێنن.  دەبوایە سەرەتا نەخشە رێگایەکی دانابایە و لەسەر ئەو بنەمایە گفتوگۆ و راوێژی لەگەڵ لایەنەکانی تری رۆژهەڵاتیش بکردایە نەک دوای دەسبەکاربوون داوای پشتگیرییان لێبکات مەگەر نازانن لە دنیادا وا باوە کە پشتگیری لە کەسێک یا لایەنێک دەکرێت کە لە پێواژۆی ئەرک و راسپاردەکەیدا سەرکەوتوو بووبێت؛ سەرکەوتنی حدکا لەم کارەدا جارێ زۆر زۆری ماوە قسەی لێبکرێت چونکە یەکەم هانگاوی ناوە و بەداخەوە یەکەم هەنگاوەکەشی لەگەڵ ئەوەدا کە هیوای خستووەتە دەروونی زۆر کەسەوە بەڵام تژی بوو لە خەم و کەسەر و پەژارە..  پێویست بوو پێشتر چەندین کۆڕ و سیمینار و لێکۆڵینەوە لەم چوارچێوەیەدا ئەنجام درابایە و کەسانی هاوبیر و جیابیر بۆچوونی خۆیان لەم بارەیەوە بهێنایەت سەر زمان، هەروەک چۆن ساڵی رابردوو حدک باسێکی بە ناوی رۆژهەڵات تەوەری هێنایە گۆڕێ و ماوەیەکی باش قسەی سەر زمانان بوو و تا ئەندازەیەکیش دەوڵەمەند کرا، دەکرا ئەم راسانەی حدکایش کە ڤێرژنێکی رۆژهەڵات تەوەرییەکەیە، بە شێوازێکی لەم بابەتە دەستی پێکرابایە و کاری لەسەر کرابایە؛ پاشان هەنگاوی دیکەی بە دوادا هەڵگیرابایە.

لەلایەکی دیکەوە حدکا دەبووایە هەوڵ بدات لەم قاڵبە کلاسیکییەی خۆی بێتە دەرەوە و لە ئەزموونە هاوچەرخەکانی دەوروبەر کەڵکوەربگرێت.  دۆخی ئەمڕؤ زۆر جیاوازە لە دۆخی بیست ساڵ لەمەوبەر.  رێژیمی ئێران زۆر بەهیزتر بووە و زۆر بێپەردەتر و بێشەرمانەتر لە جاران دەس لە کاروباری وڵاتان وەردەدات. چەک و تەکنیکی شەڕ و تەکنۆلۆژی و بیرۆکەی  ئەهریمەنانەی تازە بەکاردەهێنێت.  بۆیە دەڵێم ئەزموونی باکوور و رۆژاوای کوردستان و ئەزموونی داعش و چەند ساڵ شەڕی نێوخۆیی ئێراق زۆر گرنگ بوون و دەبوایە کاریان لەسەر بکرابایە.  تیرۆریستانی جیاواز لە ئێراق و داعشیش لە ئێراق و سووریا سەرکەوتووانە کەڵکیان لە رەهۆڵ [تونێل] لێدان وەرگرتووە کە کوردی رۆژهەڵات پێویستە پەنای بۆ ببات و بیئەزموێت.  ئەزموونی سەرکەوتووی پێشمەرگەی سەڵت کە پکک بە سەرکەوتووانەترین شێوە کەڵکی لێوەرگرتووە، دەبوایە بکرێتە یەکێک لە مەرجەکانی وەرگرتنی پێشمەرگە بۆ خەبات و راسانەوەی ئەمجارە.  هەڵوەشاندنەوەی ساختاری هەرەمیی حیزب و داڕشتنەوەی بەشێوەی ئاسۆیی زۆربەی کێشە کۆن و تازە نێوخۆییەکانی ئەم حیزبەی چارەدەکرد و رێگای دەکردەوە لەبەردەم کەسان و لایەنانی تریش لە ئاییندەدا بۆ تێكەڵاوبوون و کارکردن پێکەوە، ئەگەر گرنگیی پێبدرابایە.  سازکردن و دامەزراندنی رێکخراوەگەلی [ئێن جی ئۆ] لە باشووری کوردستان و وڵاتانی دەرەوە بە مەبەستی جیاجیا و بۆ بەکارهێنانیان بە قازانجی حیزب و بزووتنەوە، کارێک بوو دەبوایە حیزب نرخ و وزەی بۆ تەرخان بکردبایە و ئامادەی بکردنایە بۆ قۆناخی ئاییندە.  بۆ نموونە رێکخراوگەلی پزیشکی و دەرمانی، فریاکەوتنی ئاوارە و لێقەوماوان، هاوکاریکردنی بێوەژن و منداڵانی بێسەرپەرەست و هتد.. مەگەر هێشتا بۆتان دەرنەکەوتووە کە بە سواڵ و سەدەقە شۆرش سەرناکەوێت؟  هەروەک نەتانتوانی درێژە بەکاری تاکە تەلەڤیزیۆنێک بدەن چونکە سەرچاوەیەکی دارایی تەرخانکراو و بەردەوامتان نەبوو ببێتە دەستەبەری خەرجییەکانی.  تەکنۆلۆژیای سەردەمیش  مەیدانێکی دیکە بوو کە دەبوایە حدکا پشتگوێی نەخات و بەکاری بهێنێت، هەروەک چۆن دوژمن بە باشترین شێوە بەکاری هێناوە.  بۆ ئەم مەبەستە دەبوایە تیمێکی تایبەتی لە گەنجانی زیت و وریا و شارەزا لە زانستی ئایتی و سایبەر سێکیورێتی پێکبهێنرێت، هەم بۆ دزینی زانیاری لە دوژمن و دیکۆدکردن و پەلاماردانی سایتەکانیان کە کاتی خۆی ئەلقاعیدە تێیدا سەرکەوتوو بوو؛ و لەو رێگایەوە میلیۆنان دۆڵاری بەدەستهێنا، هەم بۆ بەگوڕترکردن و خێراترکردن و کاریگەرترکردنی دەنگ و رەنگی حیزب و بزووتنەوە لەم مەیدانەدا.  ئەنتەرنێتی سەتەلایت سێرڤیسێکی زۆر گرنگە کە دەبوایە حیزب بەدەستی بهێنابایە بۆ بەکارهێنانی سەربەخۆ و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکوومەت.  هەر لەم بوارەدا فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ئێستا بەئاسانی و هەرزان دەسدەکەوێت گرنگیی تایبەتی هەیە کە پێشمەرگە دەتوانێت بەکاری بهێنێت. 

راگواستنی سەرکردایەتیی حیزب لە ژێر دەسەڵاتی پدک و ینک کارێکی چەتوون نییە بە چەند رێگایەک دەکرێت؛ بەڵام وێدەچێت کە حدکا هەر بیری لێنەکردبێتەوە و بە پێویستی نەزانیبێت لەکاتێکدا کە ئەمە دەبوایە یەکەم هەنگاو بووایە بەرەو سەربەخۆبوون و دەرچوون لەژێر هەژموونی و کاریگەرییە نەشیاو نەخوازراوەکانی هەرێم.  حیزب دەبوایە دابەشبکرێت بەسەر چەند رێکخراوی بچووکتردا و لە ژێر ناوی جیاوازدا و هەرکام لە مەیدانێکدا و لە شوێێکی جیاوازدا کاری خۆی بکردبایە.  لە راستیدا حیزب دەبوایە وەکوو تۆڕی ئەنتەرنێت بڵاوبکرێتەوە و سەرکردایەتیەکەی تەنیا ئەو کۆمەڵە خەڵکە نەبن کە لە کۆیە دانیشتوون.  هەروەک دەرکەوت کارکردن لەگەڵ پکک رەنگە ئاسان نەبێت بەڵام مەحاڵیش نییە.  پکک باش بێت یا خراپ، راست بێت یا هەڵە، چەتری خۆی بڵاوکردووەتەوە بە سەر هەموو پارچەکانی کوردستاندا، نکۆڵی لە هەبوونی پژاک ئاکامی ئەرێنیی بۆ حیزب بەدواوە نابێت.  لەم قۆناخەدا دانوستان و کارکردن لەگەڵ پژاک لە بەرژەوەندیی حیزب و گەلی رۆژهەڵاتە.  ئەگەر تەنیا بۆ تاقیکاریش بێت دەبوایە حدکا هەنگاوێک بەم ئاقارەدا رۆیشتبایە و جەمسەربەندیی نێوان پکک و پدک ی تێکشکاندبایە.  لەبیرمان نەچێت کە لە رووی هزر و بیرەوە پکک لە حدکا نزیکترە نەک پدک.  ئەو کۆمەڵگا یەکسان و بەرابەرەی کە سۆسیالیزمی دێمۆکراتیکی شەهیدی نەمر دوکتۆر قاسملوو دایدەمەزرێنێت لە بیروباوەڕی کۆنفیدرالیزمی دێمۆکراتیکی  ئۆجەلاندا رەنگی داوەتەوە نەک لە هێڵی عەشایری و ئاغا و رەعیەتیی پدک دا.  مەسەلەی داننان بە پژاک دا نابێت ببێتە مەسەلەی  کۆمەڵەی ساڵانی هەشتاکان کاتێک کە حدکا یەکێک لە مەرجەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەشەڕی براکوژی بریتی بوو لەوە کە [دەبێت کۆمەڵە وەک هێزێکی شۆرشگێڕ بمانناسێت].  دیتمان نە کۆمەڵە ئیعترافەکەی کرد، نە حیزبیش توانی بە شەڕ کۆتایی بە کۆمەڵە بێنێت؛ هەموو کێشەکە بە تیاچوونی کۆمەڵێک پێشمەرگەی دڵسۆزی ئەم نیشتمانە و سووتانی جەرگی دایکان  و شادبوونی دوژمن کۆتایی هات و بڕایەوە.

 لە کۆتاییدا بۆ جارێکی دی روو دەکەمە رێبەرایەتیی حدکا و دەڵێم: هیوادارم من هەڵە و بێئاگا بم و ئێوە هەموو ئامادەکاری و زەمینەسازییەکتان لە سێ چوار ساڵ لەمەوبەرەوە کردبێت بۆ ئەمڕۆ.. بەڵام ئەگەر نەتانکردووە، تکایە ئەزموونی تاڵی ساڵانی ١٩٦٨-١٩٦٩ دووبارە مەکەنەوە.  با جارێکی دی ئاوارە و موعینییەکان و ئەنجیری ئازەرەکان و نحۆ و شەریفزادەکان بێپەنا و بێ پشتیوان لە گۆشە و کەناری ئەم وڵاتە خوێنیان نەڕژێت و جەنازەیان بە دوای ماشێندا رانەکێشرێت و جەرگی دایکیان هەڵنەقرچێت.  خەباتی چەکداری و رزگارکردنی دووەم گەورەپارچەی کوردستان بە ئیحساسات و دروشمبازی و سینگ دەرپەڕاندن مەیسەر نابێت.


No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...