هاوڕێیەکی سنەیی گوتی دەیەی هەشتاکانی زایینی لە بەندیخانەدا بووم. کۆمەڵێک هاوڕێ بووین لە بەندیخانەی ورمێ. هاوڕێکانم مەهابادی بوون. زۆر جار بە یەکتریمان رادەبوارد. یەکێک لە مەهابادییەکان کە باسی زمان و شێوەزاری مەهابادیم دەکرد، زوو تووڕە دەبوو. جارێکیان هەموو بەندییەکان خەوتبوون منیش خەیاڵ هەڵیگرتبووم و سیگارم بەبادەکرد، خەوم نەدەهات. ئەو سەری بەرزەوەکرد و بە شێوازێکی نەرم کە دیار بوو خەمم بۆ دەخوات گوتی فڵانی بۆ نانووی؟
منیش بە دەرفەتم زانی تووڕەی بکەم. گوتم. وەڵڵا نوونم نایێ! دوو جار دووپاتی کردەوە، هەر گوتم نوونم نایێ! گوتی ئەوە بە چ زمانيک قسە دەکەیت؟ لێت حاڵی نابم دەڵێی چی؟ منیش گوتم بۆ حاڵ نابی؟ ئێمە دەڵێین خەوم نایێ، ناخەوم! ئێوەیش دەڵێن نوونم نایێ، نانووم!
ئیتر هاوڕێکەم تووڕە بوو گوتی تۆخوا ئەوە زمانی بەشەرانە قسەی پێ دەکەی؟ ئەگەر پیاو بم جارێکی دی چاوت دەرپەڕێ خۆت تێناگەیەنم!
ووشەی نوستن هاوواتای خەوتنە بەڵام لە رووی ووشەڕەتناسییەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ووشە (خەو)ەوە نییە. لە سۆرانی و کورمانجی و هۆرامیش دا هاوتا و هاوڕیشەی نییە.
لە لوڕی دا ووشەی ئەنووس مان هەیە کە بە واتای خەوە؛ دیارە هەمان (نوستن)ی سۆرانییە کە لە لوڕیدا پێشگری (ئە) ی بۆ زیاد بووە. لە ووشەی ناشتایشدا هەمان پێشگر هەیە؛ واتە دەڵێن ئەناشتا.

No comments:
Post a Comment