Friday, March 15, 2024

پاشگر یا پاشکۆ یا پاشبەندی (او) یا (اوی)

ئەم پاشکۆیە لە رووانگەی زۆر کەسەوە یەک دانەیە بەڵام من لام وایە دووانە و دوو واتای جیاوازی هەیە؛ چونکە لە دوو واژەی جیاوازەوە سەرچاوەی گرتووە. یەکەمیان هەر هەمان (ئاو)ە کە لە ووشەکانی وەک: زووخاو، چاڵاو، کەنداو،بەفراو، زەرداو، پێشاو، خوێناو و تاد... دا هەیە. زووخای واتە زووخی تراو، تێکەڵ لەگەڵ ئاو. چاڵاو واتە چاڵی ئاو. کەنداو واتە کەندێک کە ئاوی تێدایە یا پێشی ئاوی گرتووە..
دووەمیان وەک ئاماژەی بۆ کرا لە بیچم دا هەر هەمان دەنگی (ئاو) دەدات بەڵام لە راستیدا (ئاڱ)ە نەک (ئاو). ئەگەر لێیشی وورد ببینەوە دەبینین دووەمەکەیان هەمیشە بە شێوەی (اڱی) لە واژەدا دێت نەک (او). ئەم دەنگە دەنگێکی زۆر کۆن و دێرینە و لە سۆرانی و موکریانی دا نییە. ئەگەریش پێشتر هەبووبێت، ئێستا نەماوە. بەڵام هێشتا لە زار و زمانەکانی باشووری زاگرۆس دا هەر ماوە و هەر زیندووە و هەر بەکاردەهێنرێت. ئەم دەنگە دەنگێکە لە نێوان (ی) و (گ) دا؛ یان باشتر وایە بڵێم لە نێوان (گ) و (غ) دا. دەنگێکە لە مەڵاشوودا و بە هۆی بەشی دوواوەی زمانەوە بێژە دەکرێت. ئەم دەنگە لەم ووشانەدا هەیە: ئاگراوی، بەفراوی، ژەهراوی، خەماوی، تەماوی، باراناوی، خۆڵاوی، تۆزاوی و تاد...
زۆر کەس بۆی بووەتە پرسیار بۆچی دەڵێن تۆزاوی لەکاتێکدا کە تۆز لە شوێنێک دەنیشێت، هیچ ئاوی لەگەڵدا نییە، تەنیا تۆزێکی ووشکە. یان دەڵێن فڵان خواردن ژەهراوییە لەکاتێکدا خواردنەکە ووشکە و تەڕ نەکراوە. یان دەڵێن رۆژێکی بەفراوی. ئەمەیش هەر زۆر هەڵەیە چونکە ئاو بەفر دەتوێنێتەوە یا لانیکەم شێوە و بیچمی دەگۆڕێت.
راستییەکە ئەمەیە کە ئەم ووشانە لە بنەڕەتدا دەبێ وەک ئاگراڱین، بەفراڱین، ژەهراڱین، خەماڱن، تەماڱین، بارانڱین، خۆڵاڱین، تۆزاڱین بێژە بکرێن.
ئەمەیش دەمانگەیەنێتە ئەم خاڵە گرنگە کە بڵێین پاشکۆی (گین)یش کە ئەمڕۆ لە فارسی دا زۆر بەکاردەهێنرێت ریشەکەی هەر لەم (ڱین)ە زاگرۆسییەوە وەرگرتووە و بۆی ماوەتەوە. ئەم (ڱین)ە لەراستیدا واتای (وێنە، وەک، وەکوو) دەبەخشێت.
دەربڕینی ئەم دەنگە بۆ سۆرانیزمانێک رەنگە ئاسان نەبێت بەڵام پێویستە جیاوازییەکە بزانێت و بڕازەنێت کە لە دەربڕیندا لانیکەم ئەگەریش ناتوانێت بڵێ (بەفراڱی) دەتوانێ بێژێت (بەفرایین). واتە دەنگەکە لە رەسەنایەتیی خۆی نزیکتر بکاتەوە.


بڕازە نێت = هەوڵ بدات


No comments:

Post a Comment

چووچ

چووچ یا چوچ لە واژەنامە کوردییەکاندا بە مانای سیرەتی منداڵی ساوا هاتووە.  سیرەت واژەیەکی پەرژینییە بە مانای ئەندامی نێرینەی مرۆڤ دێت.  بەڵام...